Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
شکستی ئەمن‌و ئاسایش لە کوردستان!

شکستی ئەمن‌و ئاسایش لە کوردستان!

Closed
by August 27, 2012 گشتی

 

 

حەمە غەفور

hamagafur@gmail.com

 

لە سەدەی ٢١داو لە ووڵاتێک کە فەرمانڕەواو دەسەڵاتدارەکانی زیاد لە هەر جێگایەکی تری جیهان بانگەشە بۆ بەرقەراربوونی ئەمن‌و ئاسایش ئەکەن تیایدا، وە دەسەڵاتدارانی زیاد لە هەر حکومەت‌و  فەرمانڕەواییەکی دیکە بانگەشە بۆ سەروەری یاساو دادو دادوەری ئەکەن تێیدا، بەڵام خەڵکی ئێمەو کۆمەڵگای کوردستان شاهیدی ئەم کارەسات‌و دراما مرۆییەین کە سێ ئەندامی خێزانێک بە تراژیدی ترین شێواز ژیانیان لێ سەنراوە!!

ماوەیەکی زۆر نییە بەر لەئێستا لە شاری هەولێر کێشەی نێوان کۆمەڵێک کاسبکاری ناوبازاڕی ئەو شارە لەسەر (چەند دەسکە کەرەوزێک) پەرەی سەندو چەند کەسێکی تێدا کوژران!

مرۆڤایەتی بۆچی لەنێو لیتاوی نائارامی‌و هەڕەشەی بەردەوامدا بۆ سەر ژیانی نەوەکانی ئەبێت ژیان‌و مێژووی تۆمار بکا!!

لێرە لە کوردستان ئەگەر بەقەد نووکە دەرزیەک دەسەڵاتداران ڕێزو بەها دائەنێن بۆ ئینسان‌و بۆ هاوڵاتیان، دەسبەجێ دوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە پێویستە شکستی خۆیان ڕاگەیەنن‌و دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵی سەرۆکایەتیەکان ببینین!!

چۆن ئەکرێ‌و چۆن پەسەند ئەکرێ لەم ڕۆژگارەدا تاوانی بەکۆمەڵی لەم چەشنە پێش بێت! چۆن کەسانێکی قینلەدڵ‌و ویژدانمردوو وە دڵڕەش ئەتوانن وە ڕێگا بەخۆیان ئەدەن‌و چاوقایمیی وەها بەرجەستە ئەبێتەوە لایان کە تاوانی لەم چەشنە ئەنجام  بدەن!!؟؟

ئەم تاوانە گەورەیە پێمان ئەڵێ؛ هیچ یاسایەک بەواتای یاسای دادو پاراستنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی لەئارادا نییە!! ئەوەی هەیە جگە بەرجەستەبوونی کەلەپوورو دەسەڵاتی بنەماڵەکان، جگە لە بانگەشەیەکی پووچی فریوکاریی ئەحزابی کوردی هیچی تر نییە!

لێرە لە کوردستان لە سایەی ئەم دەسەڵاتە خێڵەکی‌و بنەماڵەییەدا زۆر سادەو ئاسان هەر کێشەو دەعواو دەمەقاڵەیەک لەجیاتی گەڕانەوەی بۆ یاساو دادپەروەری، ئەتوانێ بگۆڕێت بۆ تەنگژەو قەیرانی کۆمەڵایەتی‌و کارەسات‌و تراژیدیای لێبکەوێتەوە!!

ئیتر لەم ووڵاتە کامەیە یاسا، کامەیە سەروەی یاساکان‌و کامەیە ئەمن‌و ئارامی‌و کوا لە کوێیە دادپەروەری!!؟؟

ئەم ڕووداوانە پێمان ئەڵێن؛ کۆمەڵگای کوردستان چارەنووسی لە دەستێکی ڕاستگۆو ئەمیندا نییە بۆیە تاوان‌و کارەساتی وەهای تێدا ئەنجام ئەدرێ‌و تراژیدیای جەرگبڕی ئاوهای لێئەکەوێتەوە. خەڵکی کوردستان نابێت هەروا چاوەڕوان بمێننەوە، پێویستە بیر لە ئاییندەی خۆیان‌و چارەنووسی نەوەکانیان‌و مێژووی کۆمەڵگاکەیان بکەنەوە.

کوردستان‌و خەڵکەکەی دەبێ بێنەمەیدان بۆ ئەوەی خۆیان یاساکان دابنێن‌و یاساکانیش سەروەر کەن. خەڵک خۆی ئەتوانێ سنوور بۆ ئەم بۆشاییەی یاساو دادپەروەری دابنێ‌و لەجێگای دەسەڵاتی حزبی بنەماڵەکان دەسەڵاتێکی سکۆلارو مۆدێرن‌و شارستانی دامەزرێنن. هەتا ئەمن‌و ئاسایش‌ بەرقەرار بکرێ‌و دادپەروەری کۆمەڵایەتی جێگیربکرێت. هەتا هاوڵاتیان شەوان بێترس سەربنێنەوەو لە ماڵ‌و حاڵی خۆیاندا نەبنە سووتەمەنی‌و ئەکتەری درامای ڕاچڵەکێنەر!!

 

٢٦ئاب٢٠١٢

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.