Skip to Content

Tuesday, March 19th, 2024
شیشڵدانە سپی یەکە!…. ن/جەلال قادر

شیشڵدانە سپی یەکە!…. ن/جەلال قادر

Closed
by January 1, 2014 چیرۆک

 

 

 

 

 

شەوانی زستان لە خێزانە هەژارەکەمان مێوە و چەرەزاد نەبوو تا دایکمان خوانەمان بۆ بڕازێنێتەوە. بەلکو بەدیار زۆپاکەوە  چاوەڕوانی برژاندنی پیازمان دەکرد، کە بۆنی  ژووورەکەی پردەکرد.

شەوێکیان  باوکم بڕێک شیشلدانی ڕەنگاوڕەنگی لەگیرفانی شەڕوالەکەی دەرهێنا و یەک بە دوای یەک فووی تێدەکردو هەلیدەدایە ئاسمان ، ئێمەش پێشئەوەی زۆر بەرزبێتەوە خۆمان بۆ شیشلدانەکان هەلدەدا تا بەر کاریتەی ژوورەکە نەکەوێت وبتەقێتەوە.

شیشیلەدانێکی  سوور بەر من کەوت وشیشلدانێکی شین بەر براکەم کەوت و خوشکەکەشم سێ  چوارشیشلدانی زەرد وسەوزو پەمبە وسپی لەباوەش بوو.

 پێش هەموو شت دایکم شیشیلدانە سپییەکەی پڕ لە با کرد وخستییە کۆشی برا بچووکەکەم کە ئەوکات تەمەنی پێنج شەش مانگێک دەبوو، هەمیشە دەم بەخەندە و پێکەنین و خەپە و گەش وجوان بوو. بەلام هەردەم دەبوایە لە باوەشمان بکردایە… شەوانیش گرینۆک بوو مەمکی دایکمی لەدەم نەبوایە خەوی لێنەدەکەوت!.

براگەورەکەم کە چەند سالێک لەمن گەورەتربوو خەریکبوو شەوەکەمان لێتال بکات، چونکە داوای شیشلدانە سوورەکەی  دەکرد و دەیگووت : بە شیشڵدانە شینەکەم بیگۆڕەوە.

 منیش بە  تووڕەییەوە ووتم : شیشلدانی خۆمە و نایدەم بەکەس. 

   سەڕەرای ئەوەی دایک و باوکم لێم پاڕانەوە و هەموو ڕەنگەکانی تریان لەبەردەمم دانا هەر ووتم نەخێر نایگۆڕمەوە.

براکەم شیشلدانە سوورەکەی لەدەستم ڕاپچلەکاند و کەوتە بەر زۆپاکە و تەقی. خەریکبوو بدەم لە پڕمەی گریان، خوشکەکەم وتی : بە خوای چابوو، لە کۆڵ ڕەنگی سوور بووینەوە. وەرن پێکەوە یاری بە شیشڵدانەکانیتر  بکەین.

 پاش کەمێک یاری کردن بە هەموو ڕەنگەکان زۆری نەبرد یەک لە دوای یەک شیشلدانەکان تەقین.

لە دواجار شیشیلدانە سپی یەکە بە تاقی تەنیا مابوەوە کە بە دەستی برا بچکۆلانەکەم بوو، هەموومان چاومان تێ بڕیبوو نەماندەزانی کە چۆن و بە چ فێلێک لێی بسێنین.

 دایکم دەیگووت کوڕم لێیگەرێن ، وا خافلاوە… ئێوە یاریی خۆتان کرد ئیتر بەسە!.

خوشکەکەم وتی : من لە باوەشی دەکەم ئێوەش شیشلدانەکەی لێبدزن.

خوشکەکەم کۆرپەکەی کردە باوەشی، ئێمەش دەستمان برد بە قسەی خۆش و گورانی وتنەوە : بەبە بچکۆڵە …مەگری مەگری بەرخۆڵە.

پلانەکەمان سەری نەگرت و کۆرپەکە  چاوی لە شیشلدانەکە نە دەچرووکاند. هەر کە لەدەستیمان ڕادەپچڕکاند دەیقیژاند. ناچار ئەو شەوە کۆلمان داو شیشلدانە سپی یەکە لەباوەش برا بچووکەکەم مایەوە. 

بەم جۆرە شەویکی خۆشمان بردە سەروهەریەک  لە لایەک قاچ بە قەد قاچ یەکەوە خەو بردمانییەوە.

لەگەل تاریک ولێلی بەریبەیان لەخەو هەلسام، باوکم مالی جێهێشتبوو چوو بوو بۆ کرێکاری. دایکم لە شیرینی خەودا بوو. خوشک و براکەشم خەونیان دەبینی!.

لە نێوان دایکم و دیوارەکە شیشلدانە سپی یەکەم بینی بەرزونزم دەبوەوە. بە ئاسپایی چووم بۆ لایەوە.

برا بچکۆلانەکەم بوو لە برسانە گرێی شیشلدانەکەی دەمژی .  

 زەردەخەنەیەکم بۆ کرد و دەستم بەسەریدا هێنا.

 ئەویش بە دەستە نەرم و ناسکەکەی تووند شیشلدانە سپی یەکەی لە باوەش گرت و بە چاوە گەشەکەی کە پڕ لە مهرەبانی بوو ، بە گخە گخێک وەلامی دامەوە!.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.