Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
شیعری جیهانی … و/ لە ئینگلیزی یەوە: ئازاد ئەحمەد

شیعری جیهانی … و/ لە ئینگلیزی یەوە: ئازاد ئەحمەد

Closed

 

 

 

 


 من و بۆرخیس 

شاعیرو چیرۆکنووسی ئەرجەنتینی

خۆرخێ لویس بۆرخیس

Jorge Luis Borges (1899-1986)

 

رووداوەکان بەسەر ئەویدی دا دێن، کە ناوی بۆرخیسە. من لە شەقامەکانی بۆینس ئایرس دا پیاسە ئەکەم و بۆ ساتێك ئەوەستم، رەنگە لەبەر ئەوە بێ کە ڕاهاتووم، ئەڕوانمە تاقی هۆڵ و، شیشەکانی دەروازەیەك. من لەڕێی نامەوە بۆرخیس ئەناسم، ناوەکەی لە لیستی پرۆفیسۆرەکان یاخود فەرهەنگی بایۆگرافی دا ئەبینم. من حەزم لە کاتژمێری لم و نەخشەو چاپەمەنیی سەدەی هەژدەهەم و تامی قاوەو پەخشانەکانی ستیڤنسنە. ئەویش هەمان شت، بەڵام بێهودە، وەکو ئەکتەرێك تەمسیل بکات وایە. رەنگە زیادەڕۆیی بکەم گەر بڵێم پەیوەندیمان دوژمنکارانەیە؛ من ئەژیم، بەر بۆ ژیان بەرەڵا ئەکەم، تاکو بۆرخیس بەدەوام بێ لە ئەدەب، ئەدەبەکەی پاساوی منە. بۆ من ئەستەم نی یە دانی پیا بنێم کە ئەو هەندێ لاپەڕەی گرنگی ئەنجامداوە، بەڵام ئەم لاپەڕانەی ئەو رزگارم ناکەن. رەنگە لەبەر ئەوە بێ کە شتی باش موڵکی کەس نی یە، تەنانەت موڵکی ئەویش نی یە، بەڵکو موڵکی زمان و کەلەپوورە. سەرباری ئەوەش، من مەحکومی نەمانم بۆ هەتایە، تەنیا ساتێکی من لەودا ئەمێنێتەوە. من هێدی هێدی هەموو شتێک بەو ئەسپێرم، گەرچی تەواو ئاگاداری بەدڕەوشتیی ئەوم لە کاری ساختەکاری و قەبەکردنی شتەکان. سپینۆزا ئەیزانی هەموو شتەکان تامەزرۆی ئەوەن ببن بە خۆیان، بەرد ئەیەوێ بۆ هەتایە ببێتە بەرد، پڵینگ بە پڵینگ. منیش هەر لە بۆرخیس دا ئەمێنمەوە، نەك لە خۆمدا (گەر راست بێ من کەسێك بم)، بەڵام من لە کتێبەکانی ئەودا کەمتر خۆم ئەناسمەوە وەك لە کتێبی کەسانی دی، یان لە یاریکردن بە ژێ یەکانی گیتارێك. ساڵانێك لەمەوبەر، هەوڵم دا خۆمی لێ رزگار بکەم، لە ئەفسانەی گەڕەکەکانی قەراغ شارەوە رۆیشتم بۆ گەمەکردن لەگەڵ زەمەن و ئەبەدییەت، بەڵام ئێستا ئەم گەمانە موڵکی بۆرخیسن، من ئەبێ بیر لە شتی دی بکەمەوە. بەم جۆرە، ژیانم بۆتە هەڵاتن، هەموو شتێکم لەدەست چووە، هەموو شتێك هی بیرچوونەوەیە، یان هی ئەوە.

من نازانم کاممان ئەم لاپەڕەیەی نووسیوە. 

 

miro_114627063.jpg

وێستگەی تونێل

شاعیری چێکی: میرۆسڵاڤ هۆڵوب

Miroslav Holub (1923 – 1998)

 

 

ئەم ئێوارەیە، مستەر هاوەرد. تی. لویس-ی بێ ئەدرێس، خەمبارو شەکەت، بە پاڵتۆیەکی کەوەو شەپقەیەکی قاوەیی، لەکاتێکا بڕیاری دا هێڵی شەمەندەفەری “برووکڵاین – مانهاتن کەنارسی ڵاین” بگرێتەبەر، لەدوا وێستگەی هێڵی “8 ئەڤینیوو”دا، تووشی پیاوێکی پاڵتۆ کەوەو شەپقە قاوەیی هات. روخساری خەمبارو شەکەتی هەمان روخساری مستەر هاوەرد. تی. لویس بوو. لەهەمان کات دا، لای بەربەستی ئەوسەری پلاتفۆرمە چۆڵەکەدا، پیاوێکی پاڵتۆ کەوەو شەپقە قاوەیی، بە ڕوویەکی خەمناكەوە وەستابوو. روخساری هەمان روخساری مستەر هاوەرد. تی. لویس، دەبەنگانە ئەیڕوانی یە خوار ئەو پەیژە پیس و پۆخڵەی، پیاوێکی شەپقە قاوەیی لێ وەستابوو، خەمبارو شەکەت، روخساری وەك روخساری مستەر هاوەرد. تی. لویس. 

پاشان، لەتوێی تەختە رزیوەکانی دەرگایەکی بازنەیی دا ژنێك دەرکەوت، شەکەت و خەمناك، بێ ئەدرێس، بە جانتایەکی دەستی و شەپقەیەکی قاوەیی، روخساری وەکو روخساری هەموو پیاوان، بێگومان بە مستەر هاوەرد. تی. لویسیشەوە. هەروەها ترپەی پێی دوورو، ترپەی پێی نزیك،  دڕدۆنگ و خنکاو، ترپەی پێی ئەو تارماییانەی چەماونەتەوە لەبەر خەم، رەنگ هەڵبزڕکاو لەبەر تیشك، ترپەی پێی مستەر هاوەرد. تی. لویس بوون. ترپەی پێ، لە ئەدرەسێکی نادیارەوە بۆ ئەدرەسێکی نادیار. جاروباریش، دەرگا بازنەییەکە دیسان، بە جووڵەیەکی خێرا، ئەسووڕایەوە، وەك ئەوەی سەرێك بکەوێتە ناو سەبەتەیەك. یاخود لەودیو بەربەستەکەوە تارماییەکی بێ جێندەرو بێ ئەدرێس دەرئەکەوێ. بەڵام، وەکی دی، کوتومت لە مستەر هاوەرد. تێ. لویس ئەچوو. ترپەی پێ ئەبیسترا، سەر، تەختەداری دەرگا بازنەییەکە، مەودا، تیشك، تونێل؛ بە دەنگێکی بەرزەوە بووی وەڕس، هەموو لووش کرانە ناو تابلۆی “8 ئەڤینیو”، “8 ئەڤینیو”، “8 ئەڤینیو”. 

کاتێ شەمەندەفەر رۆی، بایەکی گەڕۆك لاپەڕەکانی رۆژنامەیەکی پەرتوبڵاو کردەوە، کە تیایدا راپۆرتێك لەسەر پیاوێکی بێ ئەدرێس، بێ چارەنووس، بێ ناسنامەی، پاڵتۆ کەوەو شەپقە قاوەیی، خەمبارو شەکەت، بڵاو کرابۆوە.    

 

 

 


10 شت لە گیرفانی جادووگەرێك دا دۆزرایەوە

eya_673256374.jpg

شاعیری بەریتانی: ئییەن ماکمیڵن  

Ian McMillan (1956-) 

 

شەوێکی دەیجوور                                                                    

هەندێ وشە، کە کەس بۆی حینجە ناکرێ   

پەرداخێکی پڕ لە ئاو                                     

فیلێکی زەبەلاح                                                                   

یەلەگێکی چنراو بە داوی جاڵجاڵۆکە                

دەستەسڕێک بەقەد پارکێکی ئۆتۆمۆبیل          

لیستەی حیسابی دوکانی کەلوپەلی جادووگەری                 

سەتڵێکی پڕ لە ئەستێرەو هەسارە                 

تا لەگەڵ شەوی دەیجووردا تێکەڵ بکرێ                  

کیسەیەکی پڕ لە نەعنای تەلیسماوی کە بۆ هەتایە بیمژی

کەروێشکێك ئەپڕخێنێ. 

 

 

 

واشەری سپرینگ

ayvor_636816956.jpg

شاعیری سکۆتی: ئایڤۆر کەتڵەر

Ivor Cutler (1923 -2006)

 

حەز ئەکەم ببم بە هەڵٶ، بەڵام نەك مشکی نەکوڵاوو، باڵندەی بچووكی بە دەنووك هەلا بووی ژێر چڕنووکەکانم بخۆم، ئەو دەنووکەی بە بوڕغی و نەت و واشەری سپرینگ بە روومەتمەوە بەستراوە.

 

 

سەرچارەکان:

شیعرەکەی بۆرخیس:

The ECCO Anthology of International Poetry – Edited by Ilya 

Kaminsky and Susan Harris of Words Without Borders – New York 2010


شیعرەکەی میرۆسلاڤ هۆڵوب:

Miroslav Holub – Although –Translated into English by Ian and Jarmila Milner – London 1971

 

شیعرەکەی ماکمیڵن:

The Works – Chosen by Paul Cookson – London 2000

 

 

شیعرەکەی ئایڤۆر کەتڵەر:

Ivor Cutler – Is That Your Flap, Jack? – Arc Publications –  Lancashire 2000

 

تێبینی: وەرگێڕانە ئینگلیزییەکەی شیعرەکەی بۆرخیسم لەگەڵ وەرگێڕانە عەرەبی و تورکییەکەیدا بەراورد کردووە.

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.