شیعر له‌وپه‌ڕی بێ كه‌سیدا
زه‌مه‌نێكی دورودرێژه له‌نێو مرۆڤایه‌تیدا شتێك په‌یدابووه به‌ناوی نووسین، ڕۆژگارێكی له‌مێژه شتێك په‌یدا بووه به‌ناوی ئه‌ده‌ب، كه‌تیایدا جیهانێكی مه‌زنی خولقاندوه و چه‌ندان دارستانی جیاواز و زورگی به‌رفراوانی لێبۆته‌وه و گه‌وره‌تره و پڕبایه‌ختره له‌دونیای ژاوه‌ژاوی ئاسایی، لێره‌دا جیهانێك بوونی هه‌یه كه ته‌واوی ڕه‌هه‌ند و به‌ها جوانه‌كانی مرۆڤ هه‌ستیپێده‌كرێت، جیهانێك كه‌ڕه‌نگه هاوشێوه‌ی نه‌بێت، یان ڕه‌نگه هه‌وڵدان بۆ جێهێشتن و پێشدانه‌وه‌ی ئه‌م جیهانه بمانگه‌یه‌نێته پله‌ی مه‌حاڵ و ئاشنای نائومێدییه ڕه‌شه‌كانمان بكات… به‌ڵام هه‌ر خودی ئه‌م جیهانه نه‌وه‌ك وه‌ك دونیایه‌كی دیكه ته‌ماشابكرێت به‌ڵكو بۆته گه‌وره‌ترین هه‌گبه‌ی ئاسووده‌یی بۆ ڕۆح و خودێتیمان، بۆته شوێنگه‌یه‌كی ئارام تا ڕۆح و خانه‌كانی مێشكمان له‌سایه‌یدا هه‌ست به‌ئاسوده‌یی بكه‌ن یاخود له‌ڕێگه و دیدگا و ده‌لاقه‌كانی ئه‌و شوێنگه‌یه‌وه ده‌توانرێت چه‌ندان ده‌ڤه‌ر و مه‌مله‌كه‌تی دیكه‌ی پێڕێكبخرێت كه‌ڕه‌نگه ئه‌م تێڕوانین و گریمانانه لای زۆربه‌مان جۆرێك له دڵنیایی تێدابێت، به‌ڵام گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی گشتگیر و واقیعیانه بڕوانینه دۆخی ئه‌و چه‌مكه‌ی كه چواندمان به دونیایه‌كی ته‌واو بێخه‌وش ئه‌وا ڕه‌نگه نه‌ك هه‌ر تووشی گومان ببین به‌ڵكو ئه‌و تێڕوانین و گریمانانه‌ی باسمانلێوه‌كرد جۆرێك له نالۆژیكی تیادا به‌دیاربكه‌وێت، بۆیه له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه ده‌كرێت ناوبنرێت (دیدگا واقیعیانه‌كه) ئه‌و دیدگایه واده‌كات لای هه‌ندێكی دیكه تێڕوانین و ڕای جیاوازیان له‌سه‌ری هه‌بێت چونكه له‌ڕاستیدا ئه‌وانه‌ی له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه ده‌ڕواننه ئه‌م چه‌مكه به‌گشتی و شیعر به‌تایبه‌تی مرۆڤگه‌لێكن له‌نێوان ساده‌یی و ئه‌ده‌بدۆستیدا ده‌ژین… ئه‌م چه‌مكه له‌لای ئه‌م به‌شه‌ی باسمانكرد نه‌بۆته جۆرێك له فۆڕم به‌ڵكو به بیرێكی ساده‌ییه‌وه ته‌ماشای ده‌كه‌ن، یاخود له‌نێو بیر و ئه‌ندێشه‌یاندا جێگایه‌كیان بۆ نادۆزرێته‌وه كه شیاوی ئه‌و چه‌مكه گرنگه‌ی ژیان بێت، به‌ڵكو گه‌ر به‌ته‌واوی دژی نه‌بن ئه‌وا ده‌كرێت بڵێین په‌راوێزیانخستووه، كه‌خودی ئه‌م په‌راوێزخستنه‌ش له‌چه‌ند هۆكارێكی نه‌زۆكه‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه، یان بڕێ جار ده‌كرێت ئه‌وان ڕاستبن، چونكه دروستبوونی ئه‌و ئاڵۆزییه وایكردووه گومانبكرێت له تێكسته مه‌زنه‌كانیش.
له‌هه‌مووی گنگتر ئه‌وه‌یه كه ئاماژه‌ی بۆبكه‌ین و بتوانین زیاتر و زیاتر بیكه‌ینه كانگای ئاسووده‌ییه‌كان و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سروشتی ژیان، شۆڕبوونه‌وه‌ی ته‌واوه به‌نێو ئه‌و چه‌مكه‌دا، چونكه بێگومان به‌شێكی زۆر له مرۆڤه‌كان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی شتێك هه‌یه پێیده‌ڵێن (ڕۆح)، ئالێره‌دایه ئه‌ده‌ب وه‌ك چه‌مكێكی هاوڕێ له‌گه‌ڵ ڕۆح‌دا بوونی ده‌بێَت، ئالێره‌دا ته‌واوی گریمانه‌كانی سه‌ره‌وه جێگه‌ی دڵخۆشی ده‌بن و په‌یوه‌ست ده‌بن به ژیانی مرۆڤه‌وه، بۆیه نادروسته ئه‌ده‌ب به دیدێكی ساكار و ساناوه ته‌ماشابكرێت یان به‌و تێڕوانینه‌ی كه یه‌كلانه‌بۆته‌وه و خاڵی نێوه‌ندی گرتووه وێنا بكرێت، بۆیه گه‌رڕونتربڵێین ده‌كرێت له‌ڕێگه‌ی جیهانبینی و خۆهه‌ڵواسینی خه‌یاڵه‌كانی واقیع به‌م چه‌مكه‌وه بگه‌ینه جیهانێكی باشتر له‌وه‌ی كه‌هه‌یه، یاخود به‌رفراوانی و هیومانیزم له‌ته‌واوی ئه‌م چه‌مكه‌دا وایكردووه به‌كاربهێنرێت بۆئه‌وه‌ی مرۆڤ له دڕنده‌یه‌كی هه‌ڵبژێردراوه‌وه بێته بوونه‌وه‌رێكی نیان و هێمن تا له چاوێكی دیكه‌وه بڕوانێته به‌هاكانی مرۆڤ و دۆزینه‌وه‌ی شاڕێگاكانی به‌ختیاری.
ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێدا كورته‌گۆیه‌ك بوو له‌سه‌ر شێواز و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌ده‌ب به‌شێوه‌یه‌كی گشتی كه‌خۆی له‌خۆیدا دابه‌ش بووه به‌سه‌ر چه‌ند ڕێچكه و قۆتابخانه‌ی جیاجیادا، وه له‌هه‌ركامێكیانه‌وه بدوێین زۆرێك له ناكۆكی ڕوپۆشكرا و هاوبه‌شی ڕووت هه‌ستپێده‌كه‌ین، كه‌بوونه‌ته هۆی به‌جیهانی بوونی خودی چه‌مكه‌كه و تێڕوانینه‌كانیش له‌سه‌ری، بۆیه له دۆخێكی وه‌هادا و له باسێكی له‌م شێوه‌یه‌وه كه‌واتای نوسینه‌كه‌مان ئامانجداره به گه‌یشتن به كۆمه‌ڵێك ده‌ره‌نجام ئه‌وا ئه‌ستمه به‌ته‌واوی گشت جیاكاری و جیاوازییه‌كان ڕونكه‌ینه‌وه.
له‌وه‌ها هه‌لومه‌رجێكدا گه‌ر هه‌ڵوێسته‌یه‌ك له‌سه‌ر ئێستای ئه‌ده‌ب بكه‌ین له‌م نیشتیمانه‌دا، تووشی گێژبوونێكی ڕاسته‌وخۆ ده‌بین، یان گه‌ربێت و به‌رگه‌ش بگرین ئه‌وا هه‌رهیچ نه‌بێت كه‌مێك دڵگرانمان ده‌كات، به‌هۆی ئه‌و جه‌نجاڵی و ئاڵۆزییه‌ی له‌م ناوچه‌یه‌دا په‌یدا بووه، ئاڵۆزییه‌ك كه‌وه‌ك خۆره‌یه‌كی هه‌نووكه‌یی سه‌ریهه‌ڵداوه تا داهاتووش له‌ناوبه‌رێت، ئه‌ویش ئه‌و به‌ربڵاوییه‌یه كه‌له‌نێو ئه‌و چه‌مكه‌دا دروستبووه كه له‌سه‌ره‌وه باسمانكرد، به‌ڵام له‌هه‌مووی گشتگیرتر جیهانی شیعره كه‌له ئێستادا شتێك هه‌یه به‌ناوی (قه‌سیده) یان (تێكستی واڵا) كه‌خودی ئه‌م كایه‌یه زۆر جوانه و زۆر ئاساییه هه‌ركه‌سێك بێت و به‌شێوازه هه‌مه چه‌شنه‌كانیه‌وه ئه‌سپی خۆی تاوبات، زۆر باش ده‌بێت كه خودی ئه‌م به‌شه له‌ئه‌ده‌بدا به‌رفراوانی زیاتر به‌خۆیه‌وه ببینێت، جێگه‌ی دڵخۆشییه كه وابكه‌ین له‌م به‌شه‌ی ئه‌ده‌ب گه‌شه‌بكات و بگاته ئاستی ئه‌ده‌بیاتی ده‌رودراوسێكانمان، به‌ڵام به‌مه‌رجێك زیان نه‌گات به ئه‌سڵ و بنه‌ڕه‌تی ئه‌و جیهانه و كارێك نه‌كه‌ین كه شیعر له‌سایه‌یدا توشی داڕمان و پوكانه‌وه بێت… هه‌رچه‌نده له‌دوای دروستبوونی (ڕوانگه) و ئه‌و جیله‌ی له‌و كاته‌وه هاتوونه‌ته نێو فه‌زاكه‌وه، جیهانی ئه‌ده‌ب و به‌تایبه‌ت شیعر و له‌نێویدا (تێكستی واڵا) به‌شێوه‌یه‌كی زۆر باش بونیاتی بنه‌ڕه‌تی ئه‌و ته‌لارانه‌ی شیعر دراوه كه‌ده‌كرێت بڵێین به‌ڕاستی جێگه‌ی شانازین بۆ ئێستا و بۆ داهاتووش وه بۆ ته‌واوی ڕۆژگاره یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی ئاینده، به‌ڵام گه‌ربێت و هه‌ڵوێسته‌یه‌كی خێرا له‌سه‌ر ئه‌م باره هه‌نووكه‌ییه‌ی شیعر بكه‌ین له‌ڕوی چۆنایه‌تییه‌وه ئه‌وا ده‌گه‌ینه خاڵی زۆر ناباش و گه‌لێك خه‌مناك… چونكه له‌سایه‌ی ئه‌م به‌رفراونی و ئه‌م به‌ربڵاوییه‌ی له نووسیندا هه‌یه وایكردووه له‌ژێر زۆر مۆدێل و زۆر ناوی بێ واتادا شیعر توشی ئاڵۆزی و په‌رته‌وازه‌یی بكرێت كه‌خودی ئه‌م گرفتاریه‌ش زۆر هۆكاری لۆژیكی له‌پشته‌وه‌یه یان به‌جۆرێك له جۆره‌كان ده‌كرێت ئه‌وه‌ش نه‌شارینه‌وه كه هۆكاری گێلانه‌ش بوونی هه‌یه وه‌ك”ته‌واو مامه‌ڵه نه‌كردن له‌گه‌ڵ شیعردا و تێنه‌گه‌یشتنی ته‌واو له‌به‌رامبه‌ریدا..هتد”، ئه‌م ئاڵۆزییه‌ی كه‌له دونیای شیعردا دروست بووه و وه‌ك مۆدێلێكی بێ پره‌نسیپ هاتۆته نێو دونیای ئه‌ده‌به‌وه، ئه‌م شته كه‌پێیده‌ڵێن قه‌سیده و له ڕه‌سه‌نایه‌تی خۆیدا جیهانێكی جوانه و دووره له شێوه‌كاره‌كانی دیكه‌ی شیعره وه، به‌ڵام هه‌ندێك یان به‌شێكی زۆر له‌م شاعیره تووڕانه‌ی نیشتیمان بێ هیچ گوێدانه دوودڵیه‌ك له‌به‌رامبه‌ر نه‌وه‌كانی ئاینده‌دا و له‌به‌رامبه‌ر مێژوودا و له‌به‌رامبه‌ر ئاڵۆزكردنی دونیاكه‌دا سه‌رقاڵی كاری خۆیانن له‌كێڵگه‌كانی ئه‌ده‌بدا و بێباكن له مێژوو، بێباكن له ئێستا و له داهاتووش، هه‌رئه‌م بێباكیه‌یه وایكردووه ڕۆژ به‌ڕۆژ ئه‌م دیارده‌یه پێگه‌ی خۆی به‌هێزتر بكات، كه‌وا واخه‌ریكه ده‌شبێته ڕه‌سه‌ن بوون و جۆرێك له چه‌مكی نوێی ئه‌ده‌ب.
قه‌سیده له‌م ده‌ڤه‌ری بێباكییه‌ی ئێمه‌دا بۆته لاستیك و به‌هه‌موولایه‌كی دا ده‌به‌ن و چۆنیان پێخۆش بێت وایلێده‌كه‌ن، لێره‌دا پێویسته بپرسین قه‌سیده به‌نیسبه‌ت ئه‌م هه‌ڵبه‌سڤانانه‌وه ئه‌وه‌یه كه‌ده‌ینووسن؟ یان ئه‌و قسه و باسه سۆزئامێزانه‌یه كه‌ده‌یكه‌ن؟ یان ئه‌و ڕێبازانه‌یه كه وڕێنه‌كانیش نایانگرێته‌وه، یاخود گه‌ر بپرسین قه‌سیده‌كانیان ناوی خۆیانیان له‌سه‌ر لابه‌ین خۆیان ده‌یناسنه‌وه؟
دواجار ئێمه‌ی ئه‌ده‌بدۆست و كرێكار له‌نێو كێڵگه‌كانی ئه‌ده‌بدا به‌رپرسیارین له هه‌موو تێكستێكی ئه‌ده‌بی كه‌دێته به‌رهه‌م و به‌پرسارین له ئێستا‌و ئاینده و مێژوو، چونكه ئه‌وه ئێستای ئێمه‌یه نه‌مانتوانیوه وه‌ك شاعیرێكی نوێی خاوه‌ن بیر له داهێنان و زیاده‌خوازی له شیعردا و جیهانێكی پڕ له سه‌ركه‌شی و داهێنان و پڕ له پاكی و بێخه‌وشی له ده‌قێكدا فه‌راهه‌م بكه‌ین، كه‌بێته داینه‌مۆ بۆ نه‌وه‌یه‌كی دیكه و ڕوناكی ڕێگاكانی دوورگه‌ی شیعر.
ئایا ئه‌مه‌ی نووسیمان هه‌موو ئه‌م نیشتیمانه ده‌گرێته‌وه به هه‌موولایه‌كه‌وه؟ یان له‌كاتێكدا هه‌موومان به‌رپرسیارن؟ یان ئه‌وه‌ی شتێك نیه به‌مانای ئاڵۆزی له شعر دا؟ چونكه ئێستا ده‌بێته مێژوو بۆ هه‌مووان چ به‌ڕوی داهێنه‌رانه‌وه چ به‌ڕوی ئاڵۆزییه‌وه، بۆیه كه‌وابوو شتێك نامێنێته‌وه بترسین لێی چونكه مێژوو زۆر له ئێمه بێباكتره تا بتوانین كاره‌كانامان ڕوپۆشكه‌ین بۆ خه‌ڵه‌تاندنی گشت لایه‌ك.
دواجار ده‌گه‌ینه ئه‌و هاوكێشه‌یه‌ی له‌م نیشتیمانه‌دا له‌نێو ئه‌م فه‌زا گه‌وره و فراوانه‌ی ئه‌ده‌بدا فه‌وزایه‌كی بێ شومار له نابووتی و جیهانێكی گه‌لێك گه‌وره له‌تاریكی بوونی هه‌یه كه‌ده‌كرێت زیاتر نه‌ڕوات و بوه‌ستێنرێت تا نه‌بێته فۆڕمێكی تازه و نوێ له‌جیهانی ئه‌ده‌بدا و نه‌بێته شه‌قامێكی شل و شۆڵ و ئاڵۆز تائه‌وه‌ی نه‌بینه هۆی له‌خشته‌بردنی شیعر و قه‌سیده!!.
گۆران ڕه‌ئوف
تێبینی: ئه‌م وتاره له ژماره (254)ی ره‌خنه‌ی چاودێردا، بڵاوكراوه‌ته‌وه.