شیوه‌نی ئیسلامییه‌کانی کوردستان بۆ غه‌زه…تاهیر ڕه‌حیم
شیوه‌نی ئیسلامییه‌کانی کوردستان بۆ غه‌زه
تاهیر ڕه‌حیم محه‌مه‌د له سووره‌تی مائیده ئایه‌تی 64 (وَأَلْقَيْنَا بَيْنَهُمُ الْعَدَاوَةَ وَالْبَغْضَاء إِلَى يَوْمِ الْقِيَامَةِ ) به‌ناوی خواوه ده‌ڵێ (دوژمنایه‌تیمان خسته ناو یه‌هوودییه‌کانه‌وه، تاوه‌کوو رۆژی قیامه‌ت). واتا یه‌هوودییه‌کان به‌رده‌وام شه‌ڕ و ئاژاوه له‌ناو خۆیاندا ده‌که‌ن، وه هه‌ر کاتێک له‌گه‌ڵ یه‌کتر ئاشت ببنه‌وه، خوای محه‌مه‌د دووباره له ناویاندا فیتنه‌یی ده‌کات و ده‌بێته‌وه به شه‌ڕیان! به‌ڵام له ڕاستیدا موسڵمانه‌کان زیاتر له هه‌موو که‌س له ناو خۆیاندا شه‌ڕ و ئاژاوه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌کتر هه‌یه و یه‌هوودییه‌کانیش له هه‌موو که‌س زیاتر له‌ناو خۆیاندا یه‌کێتییان هه‌یه محه‌مه‌د ڕاستی نه‌فه‌رموو 1
جه‌نگی نێوان ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل و بزووتنه‌وه‌ی تیرۆریزمی (حه‌ماس) له زه‌ره‌ی خه‌ڵکی فه‌له‌ستینه، که بوونه‌ته قوربانی سیاسه‌تی ناوچه‌که، حه‌ماس ئه‌م جه‌نگه له جیاتی هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی تیرۆریزمی سووریا و ئێران ده‌کات.
شیوه‌نی ئیسلامییه‌کانی کوردستانیش بۆ غه‌ززه، له دڵسۆزییان بۆ مناڵانی فه‌له‌ستین نییه، یان به‌ره‌یه‌کی دژه جه‌نگ بن به‌ڵکوو له‌و په‌نده کوردییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه که ده‌ڵێ (ته‌یری گول عاشق به داری زه‌قنه‌بووته).
جیهانی ئیسلامی عه‌ره‌بی به لێشاو ڕژاونه‌ته سه‌ر جاده‌کان، نه‌ک دژ به جه‌نگ وه‌کوو وڵاتانی ئه‌ورووپی، به‌ڵکوو پاڵپشت بۆ بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس واتا درێژه‌دان به جه‌نگ، گه‌ر ئیسلام خه‌می مناڵانی غه‌زه بخۆن، ئه‌وه مناڵانی خۆیان به چه‌ک و رۆکێتی کارتۆنییه‌وه ناهێننه سه‌ر جاده‌کان بۆ خۆپێشاندان، ئیسلام ئه‌گه‌ر که‌مێک رێزی بۆ مناڵ هه‌بێت ئه‌و کاره ناکات. ئیسلام که ڕۆحی شۆڤێنیزمی عه‌ره‌به، به قه‌ده‌ر تاڵه موویه‌ک رێز بۆ نه‌ته‌وه‌کانی تر دانانێن، زیاتر له نیو ملیۆن خه‌ڵکی دارفۆریان له سوودان له ژن و مناڵ و پیر کوشت، ئاهێکیان هه‌ڵنه‌کێشا، چونکه پێیان وایه، هه‌موو نه‌ته‌وه‌کان ده‌بێت خزمه‌ت به عه‌ره‌ب بکه‌ن، چونکه محه‌مه‌د عاره‌به و قورئانیش به عاره‌بی نووسراوه، هه‌روه‌ها دادگاییکردنیش لای خوا! به زمانی عاره‌بییه، محه‌مه‌دیش به عه‌ره‌به‌کان له سووره‌تی العمران ئایه‌تی 110ده‌ڵێ: ( كُنتُمْ خَيرَ أُمَّةٍ أُخْرِجَت لِلنَّاسِ) واتا، ئێوه چاکترین نه‌ته‌وه‌ن.
ئیسلامییه‌کانی کوردستان ڕیکلام بۆ حه‌ماس ده‌که‌ن، له کاتێکدا هه‌ر چه‌ند مانگێک پێش ئیستا (اسماعیل هنیه) سووکایه‌تی به پێشمه‌رگه‌ی کوردستان کرد، به چه‌ته و دز ناویانی برد. احمد یاسینی تیرۆریزم سه‌رکرده‌ی پێشووی حه‌ماس له که‌ناڵی جه‌زیره وتی، سه‌دام حوسێن موسڵمانه و ئه‌رکی موسڵمانه پشتگیری بکات، هه‌روه‌ها حه‌ماسی تیرۆریزم به شێوه‌یه‌کی فه‌رمی سێ رۆژ ماته‌مینی بۆ دیکتاتۆر سه‌ددام و کوڕه‌کانی دانا.
چه‌ند پرسیارێکمان بۆ ئیسلامه‌کانی کوردستان هه‌یه. ئایا سه‌د و هه‌شتا و دوو هه‌زار خه‌ڵکی کوردستان ئه‌نفال کران، مرۆڤ نه‌بوون؟ زۆربه‌یان مناڵ و ژن نه‌بوون؟ بۆ یه‌کێتی زانایانی ئیسلام نه‌ک ناڕه‌زایی، ئاهێکیشیان هه‌ڵنه‌کێشا؟ هه‌شت هه‌زار بارزانی کاتێک ئه‌نفال کران، مرۆڤ نه‌بوون؟ پێنج هه‌زار خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه به کیمیاوی له‌ناوبران مرۆڤ نه‌بوون؟ به هه‌زاره‌ها خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان کۆمه‌ڵکوژی له شاره‌کانی سنه و مه‌هاباد و مه‌ریوان به ده‌ستی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی له‌ناوبران، مرۆڤ نه‌بوون؟ زیاتر له چوار هه‌زار گوندی باکووری کوردستان وێران کران، وه هه‌زاره‌ها کوردیان له سێداره دا، مرۆڤ نه‌بوون؟ به هه‌زاره‌ها کوردی ڕۆژئاوا کوژران له شوێنی خۆیان گوێزرانه‌وه، وه تاوه‌کوو ئێستاش مافی هاووڵاتیبوونیان نییه، مرۆڤ نیین؟ یان مووسڵمان نین، ئه‌ی بۆ ئێوه به قه‌ده‌ر تاڵه موویه‌ک کاریگه‌ریتان له‌سه‌ر ئیسلامه‌کان و یه‌کێتی به‌ناو زانایانی ئیسلام و کۆنگره‌ی ئیسلامی نییه. شه‌رمتان کرد بڵێن کوردیش مرۆڤه، شه‌رمتان کرد له خاوه‌نه‌کانتان بپاڕێنه‌وه بۆ کورد یان به کرێگیراون به خۆڕایی له پێناوی خوا ئه‌م خزمه‌ته به عه‌ره‌ب ده‌که‌ن. تاوه‌کوو که‌ی گه‌نجی کورد به بیری عه‌ره‌بی شۆڤێنیزم چه‌واشه ده‌که‌ن و بۆ غه‌زه، بۆ ئه‌فغانستان و بۆ شیشان ده‌یاننێرن؟ هه‌ر ئێستا به به‌رچاوتانه‌وه ڕۆژانه فڕۆکه‌ی تورکیا فڕۆکه‌ی ئێران بۆردوومانی کوردستان ناکات، نایبین یان ئه‌وانه فڕۆکه‌ی وڵاتی ئیسلامه و کافر ده‌کوژن! بۆ دهنگێکتان بۆ ئاواره‌کانی ڕۆژهه‌ڵات له سه‌ر سنووری ئه‌رده‌ن که ڕۆژانه له لایه‌ن تیرۆریزمانی ئیسلامه‌وه لێیان ده‌کوژرا، هه‌ڵنه‌سا؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وانه موجاهید بوون و کافریان ده‌کووشت؟ بۆ ڕۆژێک به‌زه‌یییه‌ک به دڵتان‌دا نه‌هات، هه‌ندێک کۆمه‌ک بۆ ئاواره‌کانی مه‌خموور کۆ بکه‌نه‌وه؟ بۆ له تهلهڤیزیۆنهکهتانهوه هاوارتان لێ هه‌ستاوه ده‌ڵێن، به‌م زستانه ئیسرائیل له غه‌زه موسڵمان ده‌کوژێ، ئه‌ی بۆ له کاتێکدا پانزه گوندی ناوچه شاخاوییه‌کانی کوردستان له ترسی بۆردومانی فڕۆکه‌ی تورکیا و ئێران به‌م سه‌رما و سۆڵه‌یه چۆڵیان کرد، له کوردستان شیوه‌نتان نه‌کرد، یان ڕۆحتان به بیری شۆڤێنیزمی ئیسلامی عه‌ره‌بی ئه‌وه‌نده گه‌رمه هه‌ست به سه‌رما و سۆڵه‌ی کوردستان ناکات.
گه‌نده‌ڵی حوکوومه‌تی پارتی و یه‌کێتی ته‌نها ئه‌وه‌نده نییه، ئابووریی کوردستان ده‌دزن، یان به‌رامبه‌ر تاونبارانی کۆمه‌ڵکوژی کوردستان سووکن یان بوونه‌ته هۆی دابڕانی کوردی ئێزیدی و فه‌یلی و شه‌به‌ک له کوردستان، به‌ڵکوو گه‌نده‌ڵی له‌وه‌دایه، رێگه‌یان داوه ته‌پڵی خیانه‌تکاری به ئاشکرا له ڕاگه‌یاندنه‌کانی ئیسلامییه‌کانه‌وه لێ بده‌ن، گه‌نده‌ڵی ئه‌وه‌یه رێگه‌یان داوه بیری شۆڤێنیزمی عاره‌بی زاڵ که‌ن به‌سه‌ر هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی.http://www. xwdakan. com/Nusaran/tahr-rahim/SarakiT. htm
1. http://quran. al-islam. com/Tafseer/DispTafsser. asp?l=arb&taf=KORTOBY&nType=1&nSora=5&nAya=64