Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
شێت کێیه‌؟ … کامه‌ران چروستانی

شێت کێیه‌؟ … کامه‌ران چروستانی

Closed

chrostani@hotmail.com

 

له‌ لێدوانێکدا دالای لاما ده‌فه‌رموێت: سه‌یرم لێ دێت، که‌ هه‌ندێک جار ئێمه‌ هه‌ڵده‌ستین به‌ پیرۆزکردن و میهره‌بانکردنی مرۆڤێک، که‌ بووه‌ به‌ هۆی کوشتن و له‌ناوچوونی هه‌زاره‌ها و سه‌ده‌ها هه‌زار که‌س. به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتدا که‌ مرۆڤێک که‌مێک له‌ ڕه‌وتی کۆمه‌ڵگاکه‌ لاده‌دات، به‌بێ بریندارکردنی که‌سێکی دیکه‌ به‌ بێبه‌ها و لاده‌ر و هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ و گێره‌شێوێن ته‌ماشای ده‌که‌ین.
ڕۆژانه‌ به‌ ڕاستی یان به‌ گاڵته‌وه‌ چه‌نده‌ها وشه‌ی ئاست نزم و بێبه‌ها ده‌بستین: شێته‌، بێڕه‌وشت، بێعه‌قڵ، … هتد. به‌ڵام ئایا چه‌ند وه‌ چۆن له‌و وشانه‌ ده‌گه‌ین؟ کێ شێته‌؟ کێ بێڕه‌وشته‌؟ ئه‌ی ئه‌و که‌سه‌ کێیه‌ که‌ هزر و ژیری خۆی له‌ده‌ست داوه‌؟ ئایا مه‌رجه‌ ته‌نها ئه‌و که‌سه‌ شێت بێت که‌ له‌ شێتخانه‌کاندا یاخود له‌سه‌ر شه‌قامه‌کاندا به‌ شێتی ژیانی خۆی به‌سه‌ر ده‌بات؟ ئه‌ی ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ نییه‌، که‌ هه‌زار خۆزگه‌ به‌ شێتێک بخوازین، وه‌ک له‌وه‌ی بێتو تاڵێتیی مامه‌ڵه‌ی که‌سێکی زۆر مۆدێرن بچێژین؟ ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ سوریا و لیبیا و یه‌مه‌ن ڕوو ده‌دات هه‌ر به‌شێک نییه‌ له‌و شێتییه‌ی، که‌ له‌ سه‌رۆکه‌کان ده‌یانبینین؟ که‌ به‌ دوای خه‌یاڵی ده‌سه‌ڵاتێکدا ڕاده‌که‌ن، که‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌ ده‌ستیان داوه! ده‌سه‌ڵاتێک، که‌ ئاماده‌یه‌ بۆ به‌قوربانیکردنی هێنده‌ی دیکه‌ش له‌ پێناوی ده‌سه‌ڵاته‌که‌دا. بێگومانم له‌وه‌ی، که‌ زۆربه‌مان سه‌ری ڕێز بۆ شێتێک داده‌نه‌وێنین کاتێک ئه‌گه‌رچی بۆ ساتێکیش بێت بیر له‌ ڕه‌فتار و هه‌نگاوه‌ قزێونه‌کانی ئه‌و سه‌رۆکانه‌ بکه‌ینه‌وه‌. ئه‌م گه‌ردوونه‌ گه‌ردوونێکی ڕێژه‌ییه‌ و هیچ شتێک نییه‌ ڕه‌ها بێت. به‌ هه‌مان شێوه‌ش شێتیش دوور له‌ پێناسه‌ ده‌رونییه‌که‌ی ڕێژه‌ییه‌ و له‌ چمکی ژیانه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌دا جگه‌ له‌ “شێته‌کان” ژماره‌یه‌کی زۆری دیکه له‌ “شێت” ده‌گرێته‌ خۆی.
هه‌رچه‌ند باس له‌ له‌شفرۆشێک ده‌کرێت، هه‌میشه‌ ده‌سته‌واژه‌کانی “به‌های کۆمه‌ڵایه‌تی، ڕه‌وشت، دابونه‌ریت، ئاین و … هتد” دێن به‌ بیرماندا، به‌ڵام چه‌ند که‌س له‌ ئێمه‌ بۆ ته‌نها جارێکیش له‌ خۆی پرسیوه‌: له‌شفرۆش کێیه‌؟ جیاوازی له‌شفرۆش و خۆفرۆش چییه‌؟ ئه‌ی که‌ زۆر جار دیفاع له‌ ڕه‌وشت ده‌که‌ین و چاومانی بۆ سور ده‌که‌ینه‌وه‌ و هه‌ناسه‌مان به‌ باسه‌کانی سوار ده‌بێت، ئاخۆ ئه‌و “ڕه‌وشت”ه‌ ده‌بێت چی بێت؟ هه‌ریه‌ک له‌ ئێمه‌ له‌ ناخه‌ ڕاسته‌قینییه‌که‌یدا چه‌ند باوه‌ڕی به‌و به‌شه‌ی ڕه‌وشت هه‌یه‌، که‌ خودی خۆی باسی ده‌کات؟ ئه‌ی چه‌ندیش پابه‌نده‌ پێوه‌ی؟ له‌م کۆمه‌ڵگایه‌دا، که‌ ڕووکه‌ش کاریگه‌رییه‌کی ئێجگار له‌سه‌رمان هه‌یه‌، دیوه‌ شاراوه‌که‌ی که‌سایه‌تیمان زۆر زیاتر ڕاستیی که‌سایه‌تیمان ده‌رده‌خات و هه‌ر له‌وێشدا ئه‌و ڕاستییه‌مان شاردووه‌ته‌وه، که‌ باوه‌ڕمان پێی هه‌یه، هه‌ر له‌وێشدا ڕه‌وشتی خۆمان پێناسه‌ کردووه‌ و به‌هایه‌کیشمان بۆ خودی خۆمان دیاری کردووه‌‌. هه‌روه‌ک چۆن مه‌رج نییه‌ ته‌نها شێته‌کان شێت بن، به‌ هه‌مان شێوه‌ش مه‌رج نییه‌ ئه‌وه‌ی سه‌ری ڕێزی بۆ داده‌نه‌وێنرێت شایه‌سته‌ی ئه‌و سه‌ر دانه‌واندنه بێت، مه‌رجیش نییه‌ ڕه‌وشته‌ ڕاسته‌قینه‌کانمان هاوتای ڕه‌وشته‌ ڕووکه‌شه‌کانمان بن، مه‌رج نییه‌ ئه‌وه‌ی که‌ هه‌میشه‌ باس له‌ ڕه‌وشت و پله‌به‌رزیی ده‌کات خۆی له‌ناو جیهانێکی دژ به‌و ده‌سته‌واژانه‌ نه‌ژی.
ئایا ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌موو ڕه‌فتار و خه‌سڵه‌ته‌کان لامان وه‌ک یه‌ک وا بێت؟ یاخود له‌ جیهانێکی بێبنه‌ما و بێبه‌هادا ده‌ژین؟ ئایا ئه‌مه‌ مانای وایه‌، که‌ ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌ پێناسه‌یه‌کی دیاریکراویان نییه‌ یان ئه‌گه‌ر هه‌شیان بێت وه‌کو لاستیک هه‌ر که‌سه‌ و به‌ ئاره‌زووی خۆی ده‌یکشێنێت؟
ئه‌وه‌ی جیاوازی نێوان ئه‌م لایه‌ و ئه‌و لایه‌ بکات ته‌نها تێگه‌شتنه‌کان و تێڕوانینه‌کانه‌. چۆن له‌ شته‌کان ده‌ڕوانیت؟ چه‌ند توانای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڕاستییه‌کانت هه‌یه‌؟ چه‌ند  ده‌ته‌وێت خۆت بناسیت؟ بێگومان ئه‌وه‌ی بتوانێت پێناسه‌یه‌ک بۆ خۆی دیاری بکات، خودی خۆی بناسێت، هه‌ناسه‌ی قوڵی مرۆڤایه‌تی و ڕۆشنبیریی هه‌ڵبمژێت، ئه‌و که‌سه‌ی بتوانێت په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان خۆی و ژینگه‌ی ده‌وربه‌ری دیاری بکات، ئه‌و که‌سه‌ی، که‌ بزانێت له‌ ژیاندا چی ده‌وێت، ئه‌وا ده‌توانێت له‌ناو گێژاوی ئه‌م هه‌موو تێڕوانین و پێناسه‌ و بنه‌ما و په‌یڕه‌ویانه‌دا ڕه‌وتی خۆی له‌ ژیاندا دیاری بکات. هه‌رگیزیش ترسی له‌و پرسیارانه‌ نه‌بێت، که‌ هه‌موو که‌سێک بوێری ئه‌وه‌ی تیادا نییه‌، ڕووبه‌ڕووی خۆی بکاته‌وه‌: من کێم؟ ئه‌و کاته‌ش ده‌توانێت گه‌وره‌ترین سامان به‌ده‌ست بهێنێت که‌ بریتییه‌ له‌و هێورییه‌ی، که‌ ڕۆح و ده‌روونی هه‌ر یه‌کێکمان به‌ دوایدا ده‌گه‌ڕێت.
ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ر وته‌که‌ی دالای لاما، که‌ باس له‌وه‌ ده‌کات، هه‌رچه‌نده‌ مرۆڤایه‌تی پێشکه‌وتنێکی زۆری له‌ گه‌لێک لایه‌ندا به‌ خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، به‌ڵام تێڕوانینه‌کان، به‌هاکان، مامه‌ڵه‌ و ڕه‌فتاره‌کان، به‌ تایبه‌تی له‌ جیهانی ڕۆژهه‌ڵاتدا، له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕه‌وتی پێشکه‌وتنه‌دا هاوشان نییه‌، به‌ڵکو به‌ جۆرێک له‌ جۆره‌کان له‌و بواره‌دا هه‌ر له‌سه‌ر خلخلۆکه‌که‌ی کۆنی مێژوو ده‌ڕۆین به‌ڕێوه‌، هه‌ندێکیشمان له‌ ڕابوردوویه‌کدا ده‌ژی، که‌ نه‌ هزری، نه‌ تێگه‌شتنی و ده‌رکپێکردنی، نه‌ ڕۆح و هه‌سته‌کانی، نه‌ جه‌سته‌ی ناتوانێت له‌ به‌ندی ڕابردوو ئازاد بکات. خۆ ئه‌گه‌ر ژیانیش به‌و ئاراسته‌ پێچه‌وانه‌یه‌ی مێژوو به‌ڕێ بکرێت، ئه‌وا مرۆڤ له‌ناو گێژاوێکدا ده‌ژی، که‌ ناومان لێ ده‌نێین‌ ژیان. به‌ داخه‌وه‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی پانوبه‌رین زۆربه‌ی تاکه‌کانی له‌ به‌شی دووه‌می ئه‌م پۆڵێنه‌دا خۆیان ده‌بیننه‌وه‌.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.