Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
شەماڵ ناگاتە گەرمەسێری دەروونی تۆ

شەماڵ ناگاتە گەرمەسێری دەروونی تۆ

Closed
by September 17, 2012 ئەدەب

 

چاو ئەستێرە، چاو ئەستێرە

کەلێنی بێ پایانی جیهانی ئێمە

بێ هەوایە

دەسا چۆن، شەماڵی سەردەمێکی فێنک

بگەیەنمە گەرمەسێری دەروونی تۆ

شەنگەبێرە، شەنگەبێرە

گریە لە هاوینی تێڕاماندا

نەهاتی زەمینەیەکی دێمە

بزەی لێوی درۆزنت دەریایە،

دەریایەکە و هەزارەها ڕازی تفتی حەشار داوە

منیش ماسی یەکم،

وەکو چرکەکانی شەو

لە دووتوێی خواستەکانی ناوەوەتدا

وونم

ئای، چەندە تامەزرۆ بووم ماچێک بوومایە و

لە نێوان مەمکەکانتا بنێژرامایە

ئای، چەندە تامەزرۆ بووم ئاواتێک بوومایە و

بە سێدارەی کەزیەتدا هەڵبواسرامایە

باوەشت زۆزانی

سەدەها سەدەی سەدەکانە و

منیش ووزەی سەیرانکەری

ئەم سەردەمەی کوردەواریم

دە وەرە، چەمی ئاگری حەزەکانت

هەڵڕژە ناو کوانووی زستانی دڵمەوە

حەزەکانت با پشکۆ بن و دڵم ئاگردانیان بێ

حەزەکانت چۆلەکەن و

دڵ هێلانە

حەزەکانت ئەستێرەن و

دڵ ئاسمانە

حەزەکانت ملیۆنەها مـرۆڤن و،

دڵ نیشتیمانە



من بە تەمەن گەلێ گەورەم

بەڵام بە دڵ زیت و هەرزەم

بە ڕواڵەت زۆر نابووتم

بەڵام بە ویست بوومەلەرزەم

ڕۆژێک هەر دێت، هەڵتگرم … بتڕفێنم

قژی کڵپەت بە برژانگی هۆنراوەیەک

دابهێنم

سروەی ئەستێرەی چاوانت

لە مناڵدانی کڵپەدا بهەژێنم

دەنگی کپی گشت دڵدارانی کوردستان

لە درەختی ئەم تەمەنە

هەڵوەرێنم … هەڵوەرێنم … هەڵوەرێنم

ڤیەننا – کانوونی یەکەمی ١٩٧٧

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.