شەمەندەفەرێکی خاڵی … ڕزگار عومەر
شاعیری ئێرانی سیهرابی سپیهری لە دێرێکی قەسیدەی درێژی (دەنگی پێ ی ئاو ) دا دەڵێت : ” شەمەندەفەرێکم دی سیاسەتی دەبردو چەندە بەخاڵی دەڕۆیشت ” ، ڕەگی ئەم نائومێدیە بە زۆربوار پەیوستە ، یەکێک لەم بوارانە کە زۆربە پەی پێ دەبات بریتیە لە بەتاڵ بوونی ڕەهەندی (پەیمان و بەڵێنەکان) ی نێو دونیای سیاسەت لە فۆرم و لە مێژووی جیاوازدا ، کە لە ئەمڕۆی هەرێمی کوردستانیشدا دونیای سیاسەت توانای بەرهەمهێنانی تەنانەت وادەوبەڵێنی درۆینە ، یۆتۆبیایەکی تری تازەی نەماوەو شەمەندەفەری سیاسەت نەک تەنیا خاڵیە ، بەڵکو ڕووی وێستگەی داهاتووی دیار نیە !
قوتابخانەکانی فیکرو فەلسەفەی سیاسی ڕوانگەی جیاوازو ئەلگۆی فرە ڕەنگیان هەیە لە مامەڵە لە گەڵ ئومێدو نائومێدی ، بەشی زۆریان پەسەندی ئومێد دەکەن وەکو ڕووی سایکۆلۆژی بەکارهێنانی سیاسەت بۆ دروست کردنی ژیانێکی باشتر ، نائومێدیش کەم کەیسی هەیە وەکو ڕێگر سەیر نەکرێت و عادەت وایە زۆرینە ئەگەر ڕوکەشیش بێت لە بەرەی ئومێد خۆیان نیشان دەدەن .
تەسک بوونەوەی بوارەکانی ڕۆڵی مرۆڤەکان لە گۆڕینی ئەوەی پێیان وایە ژیانی لێکردوون بە دۆزەخ ، بێزاری و توڕەبوونی ” بێ کرداری ” فروان کردووە و کە ئیفلیج بوونی ئیرادە ڕەنگە چوارچێوەیەک بێت ئەم حاڵەتە لە خۆی بگرێت ، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا قەبارەی ئەو دۆخە سایکۆلۆژیەمان پێ نیشان نادا کە چاودێرێکی سیاسی بتوانێ وەکو فاکت مامەڵەی لەگەڵ بکات بۆ بنیات نانی بۆچونێک لە خزمەت گۆڕینی ئەوەی کە هەیە . چونکە کۆدەنگیەکی بێ مانیفێست هەیە بۆ بەردەوام بوون و درێژە دان بەوەی کە دەگوزەرێ . بۆ نموونە سیاسیەکان دێن و پێمان دەڵێن بانکەکان خاڵیە لە پارە ، دێن پێمان دەڵێن بە هۆی دەرمانی ئێکسپایەرەوە چاوی ٣٠ کەسمان کوێر کردووە ، پێمان دەڵێن ئەو سەرکردە سیاسیە سیخوڕە ، مەلایەک دەهێننە گۆ تا زۆر توندڕەوانە شەڕ بە دارو بەرد بفرۆشێ ، دواتر هەر ئەو مەلایە دەهێننە گۆ بۆ ئەوەی هەل ومەرجی ئەوەی بۆ دروست ببێ بە ئەندام پەرلەمان ، ئۆپۆزسیۆنیش لەسەرووردەکاری درۆکان مشت و مڕ دەکا نەک لە سەر شانۆگەریە ئەسڵیەکە چونکە خۆشی ڕۆڵی تیا مسۆگەرە ! خەڵکیش بە وانەی ئومێدیان هەیە بە وانەشی کە نیانە هەروا بینەرن و بە پێ ی دیمەنەکانی پێیان نیشان دەدرێ تاوێ گەشبین ، تاوێ خەمۆک ، تاوێ توڕەن !
خولقاندنی بزوێنەر یان داینەمۆ بۆ بەرهەمهێنانی دەنگێکی جیاواز لە بارودۆخی سیاسی مەرج نیە بتوانێ کۆتایی بە بارودۆخێک بێنێ ، بەڵام دەتوانێ سەرەتای چانسێکی تر بێت لە بارکردنی ئەو شەمەندەفەرە خاڵیەی سیاسەت لە بەڵێن نا بەڵکو لە متمانە . پێویست بوون بە متمانە لە سیاسەت بە تێکست ی جوان و هۆنینەوە مەیسەر نابێ ، بە جوێندان بە داروبەردو ریسوا کردنی ئەکتەرەکانی سیاسەت بە دەست نایەت ، بە ووتنەوەی هەزاربارەی ووتراوەکان دەستمان پێ ناگا ! بەڵکو لە گەڕانەوەیەکی سادە بۆ مرۆڤ و ژیانی شایەن بە کۆمەڵگەی مرۆڤ ، نەریت و تیۆری سیاسی شێوەی تایبەت بە خۆی وەردەگرێت . ژیژاک دەڵێ ئێستا کاتی بیرکردنەوەیە ! لەگەڵ ئەوەشدا هێشتاش بیرکردنەوە ناتوانێ سەدلەسەد کۆمەک بە ئەکتیڤ کردنەوەی فۆرمێکیترو دەنگێکی ی تری ئینساندۆستانەی سیاسەت بکا بە تەواوی ، بە ناچار دەکرێ بڵێین لە کوێ کاتی بیرکردنەوە هەبوو دەبێ چرکە بە چرکەی بەرهەم هێنەر بێ ، لە کوێ قفڵێکمان بینی دەبێ دڵنیایی تەواومان هەبێت کە کلیلێکیش لە شوێنێک چاوەڕوانی بە کارهێنانە .