Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
علمانیەت و ئیسلام  … هەندرێن حەمەدەمین

علمانیەت و ئیسلام … هەندرێن حەمەدەمین

Closed
by October 9, 2013 گشتی

 

 

 

 

زۆر سەیرە باس لە بوونی ووڵاتێکی یان سیستەمێکی علمانی بکرێت لە کۆمەڵگایەک کە هێشتا ئیسلامی تێدا هەڵنەوەشابێتەوە و رەوتی زانست تیایدا لەوپەڕی سستی دابێت، لە کاتێک زۆرێک لە ووڵاتانی ئەوڕوپا کە کانگای شوڕشی پیشەسازی و خاوەنی فرەوانترین فەلسەفە و مێژووێکی درێژیان لە سیستەمی سەرمەیاداری و دیموکراسی هەیە تا ئێستا بە ووڵاتی علمانی ناناسرێن، کەچی رۆشنبیری کورد بۆ مەلەکردنی لەناو زەڵکاوی سیاسی لە کوردستان، هەندێک لە حزبەکان بە علمانی ناو دەبن کە خودی ئەو حزبانە خۆیان لە هەموو ئیسلامەکان بە ئیسلامتر ئەزانن، حزبانێکیش وا ئەزانن ئەگەر ناویان لە خۆیان نا شوعی، سوسیالست، زەحمەتکێش، کۆمەنست یان هەر ناوێکیتری لەم جۆرە ئەوە تەواو بوون بە علمانی، حزبە ئیسلامیەکانیش کە تا ئێستا لە کوردستان ئەو پێگە فرەوانەیان نیە بەردەوام باس لە دیموکراسی و فرە حزبی ئەکەن، وەک ئەوەی علمانیەت هەر ئەوەندە بێت و تەواو یان وەک ئەوەی ئیسلام لە مێژووی خۆیدا هەرگیز ئەو تاکتیکەی بەکار نەهێنابێ، ئەگەر بە کورتی و بە خێرایی بگەڕێینەوە سەرەتای ئیسلام بە ئاشکرا ئەوە ئەبینین کە خودی مەحەمەد لەوکاتەی لاواز بوو لە سەرەتای دامەزراندنی ئیسلام بەردەوام باسی لە فرە دینی و بە یەکەوە ژیان و ئاشتی و ئازادی کردووە بەڵام کاتێک ئەچێتە مەدینە و لەوێ هێز کۆ ئەکاتەوە و ئەبێتە خاوەن پیاوانی شەڕکەر ئیتر تەواو کوشتن و بڕین، ئەنفال و خۆ سەپاندن و دانانی باچ و سەرانە و پەلهاویشتن بە هێزی شمشێر بۆ هەر چوار دەوری خۆی، بەوەش ئیسلام بە تەواوەتی لە مانای دین دەرچوو و بوو بە بیر و باوڕێکی سیاسی بۆ بەدەست هێنانی دەسەڵات، ئەو بیر و باوڕەش لە بنەمای ئیسلام هەیە واتە لە قورئان و سنە نەوەک وەک دینی مەسیحی کە ئنجیلەکانیان بەتاڵن لە حوکم تەنها بریتین لە ئامۆژگاری هەندێک گێڕانەوەی مێژوویی و باسکردنی هەندێ روداوی سەردەمی خۆی، هەموو سەرچاوەکانیش کۆکن لەسەر ئەوەی کە خودی مەسیح نە حوکمی بووە و نە غەزوی کردووە و نە لە کار و باری دەوڵەت نزیک بۆتەوە تەواو بە پێچەوانەی ئیسلام و قورئان و مەحەمەد کە زۆر بە ئاسانی ئەتواندرێ بەپێی سەرچاوە ئیسلامیەکان و خوێندنەوەی قورئان ئەو هەموو ئەحکامە لە ئیسلام بدۆزینەوە کە دەسکاری درشت و ووردی ژیانی دونیایی مرۆڤی کردووە چەندین حوکمی قاتعی بە شێوەیەکی چسپیوو و نەگۆڕ بەسەر ئیسلام فەرزکردووە خودی مەحەمەد بەشداری شەڕی کردووە ئەنفالی کردووە لە شەڕ بریندار کراوە و زۆریتر، بۆیە ئەبێ ئەوە بخەینەوە بەرچاو بۆ هەموو کەسێک کە دامەزراندنی سیستەمی علمانی بە علمانی بوونی هەموو ئەو ووڵاتە علمانیانەی کە هەن بەو هەموو هەوڵ و کۆشش و قوربانیدانەی زانا و رۆشەنبیرانیان و بە بەرپا بوونی شۆڕشی پیشەسازی تواندرا کەنیسە لە دەولەت جیا بکەنەوە و حوکمی قەشەکان نەهێڵن و هەنگاو بەرەو علمانیەت بنێن، کەچی رۆشەنبیری کورد ئەو هەموو مێژووە فەرامۆش ئەکات و تۆزقاڵێک خۆی ماندوو ناکات وەک بەبەغە ئەوەی ئەیبیستێ ئەیڵێتەوە، ئایا جیاوازیەکانی نێوان ئیسلام و دینەکان نازانێ یان لە واتای دین تێناگا؟ بێ تێگەیشتن لە واتای دین، باسکردن لە علمانیەت تەنها چەواشەکارییە، ئەوەی نەتوانێ جیاوازیەکانی نێوان ئیسلام و دینەکان ببینێ ئەوە نەوەک هەر رۆشەنبیر نیە بەلکو سیاسیش نیە، هەموو کەسێکی سیاسی ئەزانێ دین لە دەولەت جیائەکرێتەوە بەڵام سیاسەت لە سیاسەت جیا ناکرێتەوە، کاتێکیش کە ئیسلام سیاسەت بێت چۆن ئەکرێ لە سیاسەت و دەولەت جیای بکەیەوە، ئەزمونی کۆمەڵێک ووڵاتانی سەردەمی یەکیەتی سۆڤیەت هەن کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ناو جەرگەی کۆمەڵگەی ئیسلامی بانگەشە و پڕوپاگەندەی علمانیەتیان کرد بە ناوی سیستەمی سۆسیالستی و رێزگرتن لە ئیسلام ئەو دژ بەیەکە جگە لە دەسەڵاتدارانی دکتاتۆر و خوێن رێژ و دڕندە هیچیتریان لێ بەرهەم نەهات، لە دواییشدا هەر هەموو ئەو دەسەڵاتانە بوونەوە بە ئیسلامی سەردەمی قاعقاع و سلاحەدین و گەڕانەوە سەر بە ئیسلامکردنی دەستور یاساکان و بۆ خۆ خستنە پێش حزب و لایەنە ئسلامیەکان سەرۆکانی ئەم ووڵاتانە هەموو رۆژانی هەینی ئەچوون بۆ جەماعەت و نوێژیان لە مزگەوتەکان ئەکرد، دوای ئەوەش ووڵاتێکی کۆنەپەرست و هەڵپەرستی وەک تورکیا کە لەسەردەمی ئەتاتورک علمانیەتەکەی بە بەراورد لەگەڵ ووڵاتانیتری رۆژهەڵاتی ئیسلامی زۆرترین هەنگاوی بە ئاڕاستەی نزیک بوونەوە لە علمانەت ناوە، ئەوەی کەمێکیش لەو هەوڵ و هەنگاوانەی ئەتاتورک ووردبێتەوە ئەوە بە ئاسانی بۆی دەرئەکەوێ تورکیا بەو هەڵوێستانەی نەبوایە بە هیچ شتێکیتر نەیئەتوانی لە ئەوروپا نزیک ببێتەوە لە کاتێک دۆڕانەکەی لە شەڕی جیهانی یەکەم و لەدەستدانی هەموو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی و هاتنە پێشی هەلی گونجاو بۆ هەموو ئەو مللەتانەی لەژێر زەبر و زەنگی عوسمانیەکان ئەیانناڵاند بە رووی تورکەکاندا بتەقنەوە و تا بۆیان بکرێ تۆڵەی ئەو چوار سەد ساڵەی داگیرکاریەیان لێبکەنەوە، بۆیە تاکە دەروازە لەبەر دەم تورکیا بریتی بوو لە ئەوروپا، ئەوروپیەکانیش بەرانبەر بە تورکیا داخ لە دڵ بوون بەڵام تورکیا لەسەر دەستی ئەتاتورک هەلی سەرەتای ئەو دوو بەش بوونەی ئەوروپا ئەقۆزێتەوە، ئەوروپای رۆژهەڵاتی کۆمەنستی و ئەورپای رۆژئاوای سەرمایەداری، سەرەڕای هەموو ئەو جیاوازیانەی هەر دوو بەشی ئەوروپا بریتی بوون لە ووڵاتانی بانگگەشەکەر بۆ علمانیەت، بۆیە تورکیا ناچار ئەبێت بۆ نزیک بوونەوە لە هەر بەشێک یەکەم هەنگاوی بانگگەشەی علمانیەت بکا لە هەمان کاتدا دڵنەوایی بدا بە ئەوڕوپا کە ئەوەی جێگای مەترسی نیە گەڕانەوەی ئیمپراتۆڕیەتی عوسمانیە نەوەک هەر ئەوەندە بەڵکو جارێکیتر ئەم ووڵاتە لە ئیسلامیش نزیک نابێتەوە، ئەوە راستی ئەو یارییەیە کە سیاسیەکان بە چەمکی علمانیەتیان کردووە، بەداخەوە کە رۆشەنبیری ئەم ناوچەیەش زادەی حزب و سیاسەتە بۆیە چەندین ساڵە کەوتونەتە ئەو هەڵپەڕینەی کە دەهۆڵ و زوڕنای ئەو حزبانە بە ناوی علمانیەت ئەیکوتن، بۆیە جارێکیتر ئەیڵێینەوە نەوەک هەر تورکیا و عێراق و سوریا و مسر و ئەفغانستان و ئێران و هتد ووڵاتانی علمانی نەبووینە بەلکو ئێستاش زۆرێک لە ووڵاتانی ئەوڕوپاش علمانی نین، خاڵی دووەمیش کە گرینگیێکی زۆری بۆ ئێمە هەیە بریتیە لە تێگەیشتنمان لەوەی کە ئیسلام دین نیە بەڵکو رەوتێکی سیاسیە بۆیە ناکرێ بەبێ هەڵوەشاندنەوەی لە دەوڵەت جیابکرێتەوە، هەڵوەشاندنەوەی ئیسلامیش تەنها بە خستنەڕوو و ئاشکرا کردنی دیوە شارەواکانی ئەبێت، تا دەسەڵاتەکانیش رێگر بن لە باسکردن و نووسین لە بارەی ئیسلام و زەمینە بۆ ئیسلامەکان خۆش بکەن کە رۆژانە چەواشەکاری بکەن و خەلک بەرەو دواوە بگەڕێنەوە ئەوا مەترسی لەسەر خودی خۆشیان دروست ئەکەن و دواڕۆژی ئەو مللەتە ئەدەنە دەست مەترسیدارترین عەقلیەت، ئەگەر هێنانەوەی ئیسلام بۆ ناو گەمەی سیاسەت کە ئەمڕۆ لە بەرژەوەندی ئەمەریکاو چەند ووڵاتێکی زلهێزی دونیا دایە، باجەکەی ئەبێ یەکەمجار خەلک بیدات و دواییش دەسەڵاتدارە کورت بینەکان.

 

هەندرێن حەمەدەمین

Handren88@hotmail.com

٧ی ١٠ی ٢٠١٣ 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.