Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
عومەر فەتاح مۆبایلەکەى داخراوە…. عەزیز ڕەئووف

عومەر فەتاح مۆبایلەکەى داخراوە…. عەزیز ڕەئووف

Closed

دواى بڵاوبوونەوەى بەشى  یەکەمى چاوپێکەوتنێکى تایبەت لەگەڵ کاک عومەر فەتاح لە ڕۆژنامەى ڕۆژنامەدا دەستبەجێ تەلەفۆنم بۆ ئەو ژمارە مۆبایلەى کرد کە لە ڕاگەیاندنەکانەوە بڵاویکردەوە بەڵام بەداخەوە داخرابوو.
حەزم دەکرد پێش ئەوەى ئەم گۆشەیە بنوسم بە تەلەفۆن لەگەڵ بەڕێزیدا قسە بکەم و لە گلەیى و گازندەکان ئاگادارى بکەمەوە، هەرچەندە دڵنیام جەنابى لە سەرجەم نیگەرانیەکانى ئەم کۆمەڵگەیە ئاگادارە و دەشزانێت کە کە کەمتەرخەمیەکان پەیوەندى بە گەندەڵى ئۆفیسەکانەوە هەیە و بەرپرسانى باڵا بە پلەى یەکەم لێى بەرپرسیارن.
لەگەڵ بڵاوکردنەوەى ژمارە مۆبایلەکەى لە ڕاگەیاندنەکاندا کە هەرکەسێک گەندەڵى و کەمتەرخەمى بینى ڕاستەوخۆ تەلەفۆنى بۆ بکات، پێکەنین دایگرتم بەم سیناریۆیە. ئاخر گەندەڵى چ پەیوەندى بە خەڵکى سادە و فەرمانبەرەکانەوە هەیە وا بیانکەى بە جاسوس بەسەر یەکەوە؟ یەعنى بەڕێزت نازانیت کێیە ئۆفیسەکان دەکاتە مینبەرێک بۆ مەعسوبیەت و گەندەڵى و خۆ دەوڵەمەندکردن وا بە خەڵک دەڵێى هەر کەم و کوڕییەکتان بینى تەلەفۆنم بۆ بکەن؟
کاک عومەر فەتاح لەو چاوپێکەوتنەدا دەڵێت: "لە چ وڵاتێکدا میراتگرى 182 هەزار کەس موچە وەردەگرێت و یارمەتى دەدرێت بەبێ هیچ؟" بەڕاستى مایەى سەرسوڕمانە حکومەت لاى زۆر بێت سەد و پەنجا هەزار بداتە خێزانى کەس و کارى ئەنفالەکان کە لە پێناوى شۆڕشدا تیا چوون و هەموشیان خەڵکى ئەو گوندانە بوون کە مۆڵگەى پێشمەرگەکان بوون. تەنها یەک مانگە موچەى کەس و کارى ئەنفالەکان زیادى کردووە و بووەتە سێسەد هەزار دینار بۆ هەر خێزانێک، کە ئەم بڕە پارەیە بەو بودجەیەى کە لە بودجەى هەردوو وڵاتى ئەردەن و سوریا زیاترە هێندە زۆر نیە کە شایەنى باسکردن بێت. لێرەدا منیش لە کاک عومەر فەتاح دەپرسم لە چ وڵاتێکى دنیادا خاوەن قوربانیەکان قەرەبوو ناکرێنەوە و بێناز و بێ خزمەتگوزارى لە کۆمەڵگە زۆرەملێکاندا فەرامۆش کراون وەک ئەوەى لە  ناحیەى شۆڕش و ڕزگارى و شوێنەکانى ترى کوردستاندا دەیبینرێن؟ لە چ وڵاتێکى دینادا کاتێک شۆڕشگێرەکان دێنە سەر دەسەڵات وا بە ئاسانى دەوڵەمەند بوون و کەسیش بۆى نەبێت لە سەرمایەکانیان بپرسێتەوە و نەتوانێت بڵێت تۆ کە لە شاخ بویت تفەنگێکى ژەنگاویت پێبوو، ئەم هەموو سەرمایەیەت لە کوێ بوو؟ لە چ وڵاتێکى دنیادا دەسەڵات وا بە بێباکى پشت دەکات لە گەنجەکان و ئەوانیش بە کۆمەڵ وڵات جێبهێلن و یاخود هیچ ئینتیمایەکیان بۆ حکومەت نەمێنێت. گەر کاک عومەر باوەڕم پێناکات با سەردانێکى ناحیەى شۆڕش بکات و لە نزیکەوە چاوى بە گەنجەکان بکەوێت و بە گوێى خۆى گوێ لە نیگەرانیەکانیان بگرێت.
هیچ ئەندام پەرلەمانێک لە لە پەرلەمانى کوردستان نازانێت ساڵانە بودجەى حکومەت چۆن سەرف دەکرێت، ئەمە چجاى خەڵک و ڕۆژنامەوسان، کەچى کاک عومەر دەڵێت خەڵک و ڕۆژنامەکان غەدرمان لێدەکەن. کاک عومەر باس لە مۆلیدە ئەهلیەکان دەکات کە سوتەمەنیەکەى حکومەت دابینى دەکات، لە کاتێکدا ڕوناکیەکەى بە ئەمپێر پێمان دەفرۆشێتەوە، ئەمەو بە دەیان خێزانى کەس و کارى ئەنفالەکان پارەى مۆلیدەیان نیە و بە تاریکى ژیان دەگوزەرێنن.
کاک عومەر باس لەوە دەکات کە زۆرینەى پارەى بودجەى هەرێم بۆ موچە سەرف دەکرێت، من لە کاک عومەر دەپرسم چ ڕێگەیەکى تر هەیە تاکو وا لە خەڵک بکەیت بە شێوەیەکى تر ژیان بگوزەرێنن؟ حکومەتى هەرێم کە نەتوانێت یەک کارگە دابنێت و خەڵکى بێکار لە کارگەکاندا دابمەزرێنێت، حکومەت نەتوانێت قەرەبووى خەڵکى لادێکان بکاتەوە تاکو پەنا نەبەنە بەر دامەزراندن وەک پۆلیس و ئاسایش، حکومەت نەتوانێت بەروبوومى خۆماڵى بکڕێتەوە تاکو گوندنشینەکان چانسى ئەوەیان هەبێت لە گوندەکاندا بمێننەوە، ئیدى هیچ ڕێگەیەکى تر نیە جگە لە دامەزراندنى خەڵک و سەرف کردنى بودجە وەکو موچە. گەر حکومەتى هەرێم چانسى ئەوەى هەبێت لە ناحیەکانى وەک شۆڕش و ڕزگارى کارگە دروست بکات و پاشماوەى کەس و کارى ئەنفلەکان کارى تێدا بکەن من دڵنیام پێویستیان بەو موچە کەمە نابێت کە حکومەت جار هەیە سێ مانگ تێدەپەڕێت و پێیان نادات. بەڵام کە حکومەت ئەمە ناکات من لە خودى کاک عومەر دەپرسم چ ڕێگایەکى تر هەیە بۆ زاڵبوون بەسەر بێکاریدا؟
کاک عومەر فەتاح لەجیاتى ئەوەى گەندەڵیەکان چارەسەر بکات، کەچى دێت دەیەوێت نیگەرانیەکان بەوە بڕەوێنێتەوە کە حکومەت و ڕۆژنامەنوسان غەدر لە حکومەت دەکەن.
دۆخى ئیستەى کوردستان دۆخێکى تەواو نالەبارە. دۆخێکە لێوانلێوە لە نایەکسانى و دەوڵەمەنبوونى ئەو کارەکتەرە سیاسیانەى کە بە لەمپەرى دەسەڵاتدا تێدەپەڕیون، لە بەرامبەردا زۆرێک لە کۆمەڵانى خەڵک لە دۆخێکى تەواو خراپدا ژیان دەگوزەرێنن. بەڵام لە هەمووى کارەساتتر ئەوەیە کە حکومەت هەست بەم جیاوازیانە نەکات. لەوەش کارەساتتر ئەوەیە کە حکومەت هەڵگیرى پرۆژەی جدى نەبێت بۆ دەربازبوون لەم دۆخە.
azizrauf2003@yahoo.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.