عیبرەتێک لە مشتومڕەکەی:(690) داهێنەر
دەکرێ رۆژی ( 2012 / 12 / 26) لە میژووی میدیای کوردی هاوچەرخدا – بە هەموو لق و پۆپەکانییەوە- بە وەرچەرخانێکی مەزن دەستنیشان بکرێت. لە رۆژەدا هەر دوای چەند سعاتێک لە بڵاوکردنەوەکەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان لە ژێر ناونیشانی ” لیستی ناوی ئەو داهێنەرانەی کە لە سندوقی ساڵێ -2012 – دا کۆمەک دەکرێن” هەرچی مایک و سکرینی تیڤی و رادیۆی و رووپەڕی رۆژنامەوە گۆڤاروچایخانەو قاوەخانە هەیە، خێراتر لە خێرای دەنگ و تیشک، کەوتنە گواستنەوەو شیکردنەوەو شرۆڤەکردنی ئەو مەسەلەیە بە شێوەیەک وەک بڵێیت گەورترین و مەترسیدارترین کێشە بێ کە تاکو ئێستا رووبەروی کوردستان و نەتەوەی کورد بوبێتەوە! هەر هەموو گوتارەکان لە نێو بازنەی تەسکی ” نارەزای و رەخنە لێکردن” چڕکرانەوە. هیچ کەسێک لە بەرەی- دژی بۆچوونەکانی ئەوان لەفزی لە زاری نەگەرا، هۆکەشی ، بەلای منەوە ئەوە بوو ، کۆمەکێکی ماددی بڕە پارەیەک ئەرزشی ئەوەی نییە کاتی پێبکوژیت و بۆی بێیتە سەر خەت-
بەندە ، بریاری دابوو دوای پێگەیشتن و کوڵانی مشتومڕەکە قسەێکی تێدا بکەم، خۆشبەختانە پێش من هەردوو نوسەرو رۆناکبیری هاو قەڵەمم ، کاک تەها ئەحمەد رەسول وکاک یوسف مەنتک – لە ماڵپەری دەنگەکان-دا، مەوزوعیانەو بێلایەنانە ڕاوبۆچوونی خۆیان خستە بەر دیدی خوێنەرانی ئازیز، بە ناو نیشانی ( تاجی شکۆ بێنە سەر نووسەران و هۆنەرمەندان) وە (سوار بوون عەیبێک و دابەزین دووان). لێرەدا من نامەوێ سەرتان بێشێنم و گۆتارەکەی ئەوان ، کە خۆم لە گەڵ زۆری برگەکانی هاوڕام ، دووبارە بکەمەوە، بۆیە تەنیا چەند ئێشارەێکی کورت و ئیزافەێکی پێویست تۆمار دەکەم:
هەموومان زاراوەی ( داهێنەران)مان پێشیاو نە بوو دەکرا بڵێین (لە پێناو داهێناندا) وەلێ وەک کاک تەها ئەحمەد رەسوڵ ئاماژەی پێداوە ” ده‌شێت هه‌موو ناوه‌كانی ئه‌و لیسته به داهێنه‌ر له‌قه‌ڵه‌م نه‌ده‌ین و روانین و دیدگامان بۆ چه‌مكی داهێنان هه‌روا سه‌رپێیی نه‌بێت و قووڵتر شرۆڤه‌ی بكه‌ین، به‌ڵام خۆ كاركردن له كایه‌كانی داهێناندا شتێكی مومكینه و له بنه‌ڕه‌تدا كرده و كاركردن له ژانره ئه‌ده‌بیی و هونه‌رییه‌كاندا ئیشكردنه له ستاتیكا و داهێناندا، واته هه‌موو كاركردنه هونه‌ریی و ڕۆشنبیرییه‌كان، به‌ڵكو زانستییه‌كانیش ده‌ڕژێنه‌وه نێو كایه‌ی داهێنان و ئه‌فراندنه‌وه و ئاستی كاركردن و شێوازی كاركردن داهێنان ده‌خه‌مڵێنێ.” خۆ کۆمەک کردن و دەستگرتنی نووسەرو هۆنەرمەندان بە درێژای مێژوو هەر بووە وەک کاک یوسف مەنتک دەڵێ:” من به‌هیچ شێوه‌یه‌ک به‌رگری له وه‌زاره‌ت و حکومه‌ت ناکه‌م، چونکوو له‌گه‌ڵ میکانیزمی ئه‌و سندووقه نیم، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وجۆره کۆمه‌ککردنه‌م. نموونه‌ی زۆرمان له جیهان هه‌یه، که خه‌ڵاتیان ڕه‌تکردۆته‌وه. چه‌ندانیان خه‌ڵاتی نۆبڵیان ڕه‌تکردۆته‌وه، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵیان ڕه‌تکردۆته‌وه خۆیان نه‌ڕۆیشتوون فۆڕم پڕبکه‌نه‌وه، به‌ڵکه به‌هۆی کاری داهێنانه‌وه ناویان ده‌رچووه.”
مشتومڕەکە پتر لە سەر دوو تەوەر دەخولایەوە: زاراوەی داهێنان و بڕینی و بە فیڕۆدانی قووتی فەقیرو هەژارانی میللەت. زۆربەی ئەوانەی ئیدعای نان بڕین و قووتی خەڵکیان دەکرد گلەیی ئەوەیان هەبوو کە بۆ ناوی ئەوان پەرواێزخراوەو لە ریزبەندەکە دەرنەچووە، کە ئەمەیش پەرادۆکسێکی دیوی دەرەو ناوەوەی ئەوان نیشاندەدا. کاک تەها ئەحمەد راشکاوانە دەڵێ:” پێویسته فه‌رشی سوور بۆ هونه‌رمه‌ندان و نووسه‌ران و ڕۆشنبیرانی كورد ڕابخرێت، تاجی شكۆ بخرێته سه‌ر سه‌ریان و ناویان له مه‌ڕمه‌ڕ بتاشرێت، له‌پێناوی مه‌عریفه و ڕۆشنبیریدا هه‌موو وزه‌كانمان ته‌رخان بكه‌ین چونكه كورد ته‌نها ئه‌و ده‌لاقه‌یه شك ده‌بات كه له‌ناو میلله‌تاندا شانازی پێوه بكات، سه‌باره‌ت به‌و ناوانه‌ی كه لای كه‌س نه‌بیستراون و هێشتاكه كاڵ دێنه پێش چاو، واته ناوی ئه‌و لاوانه‌ی له لیسته‌كه‌دان، من شانازی ده‌كه‌م به‌وه‌ی ناوم له‌پاڵ ناوه‌كانیاندا هه‌بێ، ڕه‌نگه ئه‌وان ببنه داهێنه‌ری ڕاسته‌قینه و هه‌موومان تێپه‌ڕێنن، گه‌ر وا بیرنه‌كه‌ینه‌وه.. باشتر وایه ببینه دیكتاتۆری ڕۆشنبیریی و رێگر و له‌مپه‌ر له‌ڕوویاندا كه ئێستا به‌داخه‌وه زۆرینه‌ی ئه‌قڵیه‌تی ئێمه له‌و هه‌وایه‌دا ده‌سووڕێ و لافی ئه‌وه‌ش لێده‌ده‌ین كه ته‌نها خۆمان داهێنه‌رین و ئه‌قڵی ڕه‌ها له كه‌للـە سه‌ری خۆماندایه.”
گەر دەشپرسن بۆ دەبێ رۆژی ( 2012 / 12 / 26) لە میژووی میدیای کوردی هاوچەرخدا بە وەرچەرخانێکی مەزن دەستنیشان بکرێت. ئەوا دەڵێم لەو ڕۆژەوە میدیای کوردی ، بەبی مانددوو بوون و وچاندان ، شەو و رۆژ بە هەموو وەسیلەکانییەوە کەوتە چالاکی و جموجۆڵ و بابەتێکی هەستیاری ورژاندو تا کارکەیشتە ئەوەی نە خوێندەوارو بێسیوادەکان وا چەواشەبکرێن کە داهێنەر کەسێکی گۆمڕاو کافر‌و شەیتان پەرستە ، تەنانەت رۆژێ پیرەمێردێک لێپرسیم ئەو داهێنەرانە کێن؟ پیاوانی قاعیدەن؟ ئەدی بۆ لێیان نادەن و نایانفۆتێنن؟
هەموومان کۆکین لەسەر ڕۆڵی میدیا لە بونیاتنان و تێکدانی ژیانی سەردەم. وەلێ پرسیارێکی سادە دێتە پێشەوە : ئایا مەسەلەکەی داهێنەران تاکە کۆسپ و تاکە قەیرانی نەتەوەی کورد بوو. ئەدی بۆ لەشکری ئەو میدیایە بیست ساڵی ڕێکە ناهاتە میدان و هاوارکردن بۆ بە ناساندنی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە بە جینۆساید؟ بۆ ئەو لەشکرە حکومەتی بەغدای ملهۆڕیان ملکەچ نەکرد کە دەبێ داوی عەفوبکات لە نەتەوەی کورد دەرحەق بەو هەموو تاوانانەی ئەو پێنج شەش حکومەتەی بەغدا دژی کورد ئەنجامیاندا؟ ئەوەی بە داهێنەران کرا بۆ کەرکوک و پارچە داگیرکراوەکانی تری کوردستانی باشوور بکرا بوایە ئێستا شتێکمان بە شتێ نەدەکرد؟ بۆ بەرابنەر ئەو جاش و خائین و خۆفرۆشانەی هەشتا ساڵە کورد ئەنفال دەکەن و ئابرودەبەن بێدەنگن؟ کۆا دەنگی زوڵالی ئەوان بۆ ڕەشەوکوژیەکانی سێ پارچەکەی تری کوردستان؟ کەی ورتەیان لێوەهاتووە بڵێن، سەرکردەیەکی کوردە هەیە ، وا چواردەساڵە لە ژووری تاریکی زینداندا دەتلێتەوەرو نەخۆشە. کێ ناوی ئاپۆی لە وان بیستووە؟ گەر ئەوان هێندە بە پەرۆشن بۆ قووتی هەژاران بۆ بەهەمان حەماسەتەوە رێگەیان لە نەوتدزو و ساماندزو گەندەڵچییەکانی کوردستان نەگرد؟ بۆ دەهێڵن دەرمانی ژەهراوی و ئاوی بۆگەن و گۆشتی ئیکسپایەر بەسەر میللەتدا ببەشنەوە؟ بۆ رۆژێ لە ئاستی خوێندن و پلەو پایەی زانکۆ مەڵبەندە زانیستییەکانیان نەتۆژیەوە تا بزانن ئەوان لە کۆێن و وڵاتانی تر گەیشتوونە کوێ؟
بۆ تاکە دەنگێ نە هاتە مەیدان و بڵێ : بۆ ئەو دەها هەزار کوردەتان لە پێناوی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بەکوشتدا؟ کێ بەرپرس بوو ؟ لە پێناوچی؟ بۆ- یەکان کۆتایان نایەت….!
دەزانن گەر میدیای کوردی وەکۆ رۆژانی دوای ( 2012 / 12 / 26) دیفاع لە کێشەو قەیرانەکانی داهاتووی کورد بکات ئەوا دڵنیاتان دەکەمەوە کە سەرکەتو دەبین و زۆر زۆر خوێنیش دەپارێزین و ناهێلین دایکان جەرگیان بسووتێ و نەوبووک و خۆشەکەکانمان سەر لە قۆڕبگرن!
راستە منیش ناوم لە لستەکە دابوو، وەلێ شینوو شەپۆڕی من بۆ هەریسەکە نییە، پرۆژەکانی لە فۆڕمەکەدا پێشکەشم کردووە بە دە قاتی ئەو بڕە پارەیە تەواو ناکرێ کە ئەوان بە منیان بەخشیوە. بەڵام سووم لەوەو دەبێتەوە کە یەکێ هێشتا قۆناغی هەلوربەلۆرتەکامێی تێپەڕنەکردبێ لە نووسیندا و ناوی لە گوودەلەی تەڕیشدا نەبێ کەچی سەرجەم نووسەرو هۆنەرمەندەکانی لیستەکە رەفزکاتەوە و زەڕبی سفریانکا!