Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
عەرەبستانی سعودی لە بەهاری عەرەبی دەترسێت

عەرەبستانی سعودی لە بەهاری عەرەبی دەترسێت

Closed

فەرمانڕەوایانی عەرەسبتانی سعودی ، لەبەرامبەر بەهاری عەرەبیدا هەست بە ترسێکی گەورە دەکەن و ئەم بەهارە وەکو هەڕەشەیەک بۆ خۆیان دەبینن. هەر لەبەر ئەوە هەڵمەتێکی گەورەیان دژ بەم شۆرشە دەستپێکردووە.
لە گەرمترین شارەکانی جیهاندا ، بریندار ، کوشراو  خەڵکی ماندوو دەبینین. زەین  عابدین بن عەلی یەکەم کەس بوون ، کە وڵاتی بەجێهێشت و لە سەرەتای ساڵی نوێوە  خۆی لەیەکێک کۆشکەکانی شاری  جیدەی سعودی لەسەر دەریای سوور  دەبینێتەوە. پێش چەند هەفتەیەک عەلی عەبدوڵڵا سالیحی فەرمانرەوای یەمەن ، بەدوای پەناهەندەیی لە عەرەبستانی سعودی دەگەڕا، پاش ئەوەی فیشەکێک  لە نزیکی دڵی  نیشتەوە. تەنها حوسنی موبارەک فریای خۆی نەکەوت و هیچی دەستنەکەوت . لەشکری میسری نایەوێت فیرعەونە لەسەرتەخت لابراوەکە لە وڵات دەریبکات ، بەڵام هەڕەشەی دادگاییکردنی لێ دەکات.  لەوانە بێت ریاز و جیدە  نەبنە ئوردوگایەکی پەناهەندە، بەڵام هەتاوەکو ئێستا باشترین شوێنن بۆ هەموو ئەو دیکتاتۆرانەی کەلەسەر تەختی دەسەڵات لابراون .
لەئێستادا عەرەبستانی سعودی ، بەهێزترین قەڵای  رۆهەڵاتی ناڤینە. بەڵام ئەم میرنیشنە لەهەموو لایەکەوە فشاری گۆڕانی لەسەرە. بەهاری عەرەبی وڵات لە دوای وڵاتی عەرەبی دەگرێتەوە، تەنانەت بەحرەینی دراوسێشی گرتۆتەوە، ئەو وڵاتەی کە دەکەوێتە کەنارەکانی رۆهەڵاتی سعودیەوە.  ماوەی چەندین ساڵە ، تیرۆریستەکان سعودیەیان کردۆتە نیشانەی خۆیان و چەندین پەلاماری تیرۆریستیانەیان لەم وڵاتەدا بە ئەنجامگەیاندووە.  لەوبەری کەناری کەنداوی فارسیشەوە ، ئێران گەورەترین بەرنامەی ئەتۆمی دادەرێژێت.  بە واتایەکی تر ، لەهەموو لایەکەوە نائارامی و پشێوی دەوری داون ، وایکردوو کە باری  ئەم میرنشینە بشڵقێنێت ، کە بۆ ماوەی هەشتان ساڵە حاکمی ئەم وڵاتەن . ئەمان وا هەست دەکەن ، کە باری ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە تێکچووەو ئەمانیش ئەو ڕۆڵە بەهێزەی جارانیان دەدۆرێنن.
کاتێک لە مەیدانی تەحریر لە میسر ، پاش رووخانی موبارەک ، دەنگی خۆشی و شادی هەموو وڵاتی گرتەوە،  دەنگی قەبرستان و سەمفۆنیای مەرگ و ناخۆشی بەسەر ریازدا زاڵ بوو . بەڵام یەکسەر سعودیەکان خۆیان بۆ هێرشێکی دژ ئامادەکرد . یەکسەر دەستیانکرد بە ناردنی لەشکر بۆ بەحرەین ، بۆ ئەوەی خۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتە سەرکووت بکەن . هەروەها ئەنجومەنی ڕاوێژکاری کەنداو( کەبە GCC) ناسراوە کەوتە خۆی،  کە  ئەمەش بریتیە لە ئۆرگانێکی سیاسی لە نێوان دەوڵەتەکانی کەنداو دا، ئامانجی سەرەکی ئەم رێکخراوەش  بوو بە، ڕووبەڕووبونەوەی شۆرشە عەرەبییەکان . هەروەها  داهاتی وڵاتەکانیان بەسەر ناوەوەو دەرەوە دابەشکردووە ، بۆ ئەوەی قەلاکانی خۆیان بەهێزبکەن و ، ڕێگا لە ڕیڤاڵە ناشرینەکەیان ” ئێران”  بگرن .
کاتێک ئاسۆی ڕژێمەکەی حوسی موبارەک بەرەو لێژی ڕۆیشت ، یەکسەر بنەماڵەی ئال سعودی فەڕمانڕەوا ، بە قوڵی دەستیانکرد بە گیرفانیانداو ، پارەیەکی زۆریان بەخشیەوە، بۆ ئەوەی دژایەتی شۆرشی پێ بکەن و نەهێڵن لە وڵاتەکەیاندا شۆڕش ڕووبدات. پاش ئەوەی نرخی یەک بەرمیل نەوت گەیشتە سەروو 100 دۆلار ، پارەیەکی زۆر کۆبوویەوەو توانرا بەسەر خەڵکیدا دابەشبکرێت. ئەو ” پاکەتە دیارییەی” ، کە عەرەبستانی سعودی  بۆ خەڵکی ئامادەکردووە، هێندەی ئەو بڕە پارەیەیە ، کە یەکێتی ئوروپا بۆ وڵاتی یۆنانی ئامادەکردووە، کە دەگاتە نزیکەی 130 ملیار دۆلار. ئەم بڕە پارەیە بەسەر کۆمەڵێک پرۆگرامدا دابەشکرا.
خانوو دروستکردن بۆ ئەو خێزانانەی کە منداڵیان زۆرەو هەژارن، بەرزکردنەوەی مووچەی هەموو کارمەندانی حکومی ، هەروەها پەرەیەکی باشیشی بەخشیە ، پیاوانی ئایینی و دەزگا ئایینیەکانی خۆیان . لەهەمانکاتیشدا ، یاسایەکی نوێیان بۆ میدیاکان دانا.
هەرچەندە مەلیک عەبدوڵڵا بەبێ ئەم بەرنامانەش ، لەناو خەڵکی سعودیدا جەماوەری هەیە. کاتێک لە سەرەتای مارس دا، کۆمەڵێک گرووپ داوای مانگرتن و خۆپیشاندانیان کرد ، هەرچەندە مانگرتن و خۆپیشاندان یاساخە، بەڵام خەڵكێکی زۆرکەم بەدەنگ ئەم بانگەوازەوە چوون.   


وەزیری دەرەوە پێشتر شۆرشی ئێرانی بینیووە
/

عەرەبستانی سعودی وڵاتێک نییە کەلەلایەن دیکتاتۆرێکی خوێنمژەوە حوکم بکرێت ، بەڵکە ڕژێمێکی مەلیکی ڕەهایە “مطلق” . هەرچەندە ڕێگادەدن هەڵبژاردنی  شارەوانی بکرێت و هەروەها سیستەمێکی باشی کۆمەڵایەتی ” سۆسیال” هەیە ،لەهەمانکاتیشدا دەزگای ئاسایشیش وەکوو پاڵپشتی سەرەکی بۆ ئەم ڕژێمە دادەنرێت. کێشەکە لە خوێنمژی و دڕندەیی ڕژێمەکە نییە ، بەڵکە لە سیستەمی حوکمە. ڕیفۆرم پێویستی بە گیانێکی زیندوو هەیە ، لەکاتی ئێستادا بەشێوەیەکی هێواش و ئاسایی لە ” ریاز” دا بەڕێوەدەچێت. دەسەڵاتی فەڕمانڕەوای سعودی ، هیچ گوێ بە تەکنیکی نوێی ئینتەرنێت و ” شۆرشگێرانی فەیسبووک ” نادەن. وەزیری دەرەوەی سعودییە ” سعود ئەل فەیسەڵ” کەتەمەنی حەفتا ساڵ دەبێت، زۆرباش ساڵی 1979 ی لەبیرە ، ئەو لەوکاتەدا وەزیری دەرەوەی سعودییە بوو، کاتێک شۆرشی ئێرانی ڕوویدا، ئەمڕۆش هەستی شۆرشگێڕی و ڕاپەڕین  عەرەبەکانی گرتۆتەوە.
کاتێک شۆرشی ڤێبراوەر لە میسر ڕوویدا، ڕەشبینییەک باڵی بەسەر ریازدا کێشا. نەک تەنها لەبەر ئەوەی کە باشترین هاوڕێیان ” حوسنی موبارەک”  لەسەر تەخت لابرا، بەڵکە زیاتر لەبەر هەڵوێستی ئەمریکا ، کە باشترین دۆست و هاوپەیمانی عەرەبستانی سعودی و میسرە.
سەرۆک ئۆباما هەر لەسەرەتای شۆرشەکەوە ، پشتگیری شۆرشەکەی کرد و خۆی لە بەرەی گەلی میسردا بینییەوەو دژی موبارەک بوو . ئالەوکاتەدا مەلیک عەبدوڵا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی نیۆرک دا بوو ، کە تازە نەشتەرگەریان بۆ پشتی کردبوو، سەرۆک ئۆباما تەلەفوونی بۆ مەلیک عەبدوڵا کرد و، کە پێدەچێت پەیوەندییەکی باش نەبووبێت و دوو بیروڕای جیاوازیان هەبووبێت.
بەهاری عەرەبی دوو بۆچوونی دژ بەیەکی هێنایە ئاراوە.    
یەکەمیان : ” کێ ڕیفۆرم نەکات ، ئەوا چارەنووسی وەکوو موبارەک دەبێت و دەرووخێت”
کەئەمەش بۆچوونی ئەمریکاییەکانە
دووەمیان ” کێ بە خێرایی ڕیفۆرم بکات ، ئەوا چارەنووسی وەکو موبارەک دەبێت و دەرووخێت”
کەئەمەش بۆچوونی سعودییەکانە.
ئەم پارادۆکسە وایکردوو ، کە عەرەبستانی سعودی و رۆئاوا دژ بەیەک بوەستنەوە.
ئەمەش لە شۆرشی بەحرەین دا دەبینینەوە. کاتێک لە ناوەراستی ڤێبراوەردا ، چەند رۆژێک پاش رووخانی ڕژێمی موبارەک ، لە بەحرەین شیعەکان وسوننە لیبرالەکان  دژی ڕژێمی سوننی مەلیکی ڕاپەڕین ، عەرەبستانی سعودی هیچ چاوەڕێی ڕاو بۆچوونی ئەمریکایان نەکرد ، هەروەها هیچ حسابیشیان بۆ هەڵویستی ئەمریکا نەکرد .
سعودییەکان لە هەڵوێستی ئەمریکایەکان بە گوومان بوون . ئەوان لەبەرامبەر شیعەکان حەساسیەتێکی زۆریان هەیە و یەکسەر بەئاگاهاتنەوە، چونکە ئەمان بۆ خۆشیان کەمینەیەکی گەورەی شیعەیان هەیە ، کە دەکەونە کەنارەکانی رۆهەڵاتی وڵاتەوە، کە ڕێژەی 15% ی دانیشتوانی وڵات پێکدەهێنن. ریاز یەکسەر تارانی تاوانبارکرد ، کەلەپشت ئەم ڕاپەڕینەوەیە ، هەرچەندە لە ڕاستیدا شیعەکانی بەحرەین لە شیعەکانی عێراقەوە نزیکن و بەوانەوە بەستراونەتەوە. کاتێک لە مانگی مارس دا ، مەلیکی بەحرەین داوای یارمەتی لە ” براکانی !” کرد ، یەکسەر دەوڵەتەکانی کەنداو هێزی سەربازیان بۆ ئەم وڵاتە نارد . لەشکری سعودی بە هەموو هیزێکیەوە پشتی مەلیکی بەحرەین گرت و خەڵکی ڕاپەڕییوی سەرکووت کردەوە.
باراک ئۆباما لە ووتەکەیدا کە لەمانگی مای دا ، دەربارەی رۆهەڵاتی ناڤین دای ، ڕەخنەی لە مەلیکی بەحرەین گرت ، بەڵام هیچ ڕەخنەی لە عەرەبستانی سعودی نەگرت ، ئاخر ئەوان گرینگن  بۆیان .
ڕێکخراوی دەوڵەتانی کەنداو کەبە GCC ناسراوە، کە زیاتر وەکو فۆتۆکۆپی ڕێکخراوی یەکێتی ئوروپایە ، کە زیاتر گرینگی ئابووری هەیە . لە بەحرەین دا GCC بوو بە گەورەترین چەکوژ بۆ دژایەتی شۆڕش . لەهیچ شوێنێکی جیهاندا هاوپەیمانییەکی لەم شێوە نییە ، کەئامانجی ئەوەیە بەرگری لە فەرمانڕەواکان بکات . لە تازەترین کاریشیاندا ، هەردوو وڵاتی مەغریب و ئوردونیان دەعوەتی کەنداو کردووەو ئەمانیش بوون بە ئەندامی ئەم ڕێکخراوە. لە ریبات و عەمان ، خەڵكی دەزانن کەئەمە زیاتر وەکوو ماستاو دەم چەورکردن وایە ، بەڵام هیچ قسەش ناکەن . ئاخر هەموو حەزیان بە ژیانی خۆشی وڵاتانی کەنداوە GCC ، هەرچەندە ئەو ژیانە خۆشی و لۆکسوسەی ریاز، لە بەحرەین و عومان دا نییە . ئەمان لە عەرەبستانی سعودی هەژارترن .
ئەمانە ” ئوردون و مەغریب” هەموویان بە ملیۆنەها دۆلاریان لە عەرەبستانی سعودیەوە بۆ دەچێت ، بۆ ئەوەی ڕێگا لە شۆرشی هەژاران بگرن و دەمی هەژاران دابخەن . هەروەها عەرەبستانی سعودی دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی بەسەر شۆرشە عەرەبیەکاندا بسەپێنێت . بۆ ئەوەی ڕێگا لە ئێران بگرێت و نەهێڵێت دەست بەسەر میسردا بگرێت ، هەربۆیە ریاز بڕیاری دا بڕی 4 ملیار دۆلار یارمەتی حکومەتی کاتی  میسر بدات. جێگای گووتنە ئەم بڕە پارەیەش دووقاتی ئەو بڕە پارەیەیە ، کە ساڵانە ئەمریکا  وەکوو یارمەتی سەربازی دەیداتە ئەم وڵاتە .
سعودیەکان زۆر لە هەستی شۆرشگێری دەترسن ، ئەمەش بە ڕوونی لە هەڵوێستیان دەربارەی سووریا دەردەکەوێت. هەرچەندە دەبوایە عەرەبستانی سعودی زۆر دڵیان  بەوە خۆشبوایە ، کە ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد، کە بەهێزترین هاوپەیمانی تارانە، بکەوێتە کێشەوەو برووخێت. بەڵام ئەمان زیاتر لەوە دەترسن ، کەلەپاش نەمانی ئەم ڕژێمە  ئاژاوەو هەرای گەورە دروستبێت.
سعودییەکان ساڵانێکی زۆرە توانیوویانە لەگەڵ ئیمراتۆریەتی ئەسەد بژین و بە یارییە نەگریسەکانیان ڕاهاتوون ، تەنانەت پێش دوو ساڵ مەلیک عەبدوڵا سەردانی دیمەشقی کرد. بە بۆچوونی ئەوان ، دیکتاتۆرێکی وەکوو ئەسەد ، زۆر لە ئاژاوەو نائارامی بەردەوام باشترە.
لەهەمووی خراپتر و ترسناکتر بۆ سعودییەکان ، یەمەنی دراوسێیانە ، کەدەکەوێتە باشووری وڵاتەوە.  زۆرجار یەمەن وەکوو ” بۆمبی نیمچە دورگەی عەرەب”  ناودەبەن . راستە سەرۆک ساڵیح خەریکی وازهێنان و کۆکردنەوەی خۆیەتی ، بەڵام هەتاوەکوو ئێستاش دیار نییە کە کێ جێگای دەگرێتەوە. لەهەموو لایەکی وڵاتەوە ، خێڵەکان دەسەڵاتییان هەیە و هێرش بۆ سەر سەنعای پایتەخت دەکەن و خەریکە دەسەڵاتی ناوەندی  نامێنێت،جێگای گووتنە  لە زۆر شوێندا ئەم ئاماژەیە دەبینیت. لە باشووری وڵاتدا بەتایبەت لەعەدەن ، بزاڤێکی بەهێزی جووداخوازی دەستیپێکردووە*. لە ناوەوەی وڵاتیشدا بەتایبەت لەناوچە شاخاوییەکاندا ، ڕێکخراوی قاعیدە ڕۆژ لە دوای رۆژ بەهێز تر دەبێت و، توانیوویەتی تۆرێکی پەیوەندی بەهێز پێک بهێنێت . ئەمان پارە دەدەنە خێڵەکان ، لەکاتێکدا حکومەت هیچ پارەی نییە بیانداتێ. لەهەمووشی ترسناکتر ، عەرەبستانی سعودی دەترسێت ، کەئێران پشتگیری خێڵە شیعەکان بکات  و دژی حکومەتی ناوەندی لە سەنعاء هانیان بدات و حکومەت برووخێنن **.
ئەمڕۆ هەموو فکری ستراتیژی  سعودیەکان  بەرەو ئەو ئاراستە دەروات ، کە پێویستە زۆر بە ووردی ئاگاداری باری سیاسی دەوڵەتانی دراوسێیان بن . لەڕیزی یەکەم دا ” بەحرەین و میسر و یەمەن ” . لەم ناوچانەدا بەلای سعودییەکان هیچ گرینگ ” نییە کێ لە دژی کێ خۆپیشاندان و ڕاپەڕین دەکات یان کێ دەرووخێت و کێ دێتە جێگای ، بەڵکە ئەوەی کەبەلای ئەوانەوە زۆر گرینگە ،ئەم وڵاتانە نەچنە ژێر کاریگەری ئێرانەوە”. ئەوەی کەئەوان زۆری لێ دەترسن ئەوەیە، کە ڕژێمی شیعەی تاران ، سوود لە بەهاری عەرەبی وەرنەگرێت و  لە دژی ئەمان بەکارینەهێنێت. . تورکی ال فەیسەڵ ، کە برای وەزیری دەرەوەی سعودییە ” سعود ال فەیسەڵ” ، پێشتر سەرۆکی دەزگای هەواڵگری سعودیە بووە ” مغابرات” ، وا چاوەڕواندەکرێت کە جێگای براکەی بگرێتەوەو ببێتە وەزیری دەرەوەی سعودیە. لە کۆتایی مانگی یونی ، رۆئاواییەکانی ئاگادارکردەوە ، کە نابێت ترسی ” ئێران” لە بیربکەن . لەیەکێک لە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە بەریتانیا ، تورکی ووتی :
” دەستێخستنی دەرەکی ، ترسێکی گەورەیە بۆ عەرەبەکان. ئایا ئێران نەبوو کەلە ساڵی 1979 وە هەتاوەکوو ئێستا ، هەوڵ دەدات کەهەرچی کێشەکانی ناوچەکەیە ، بۆ بەرژەوەندی نیشتمانی خۆی بەکاریبهێنێت ؟ ئایا هەر ئێران نەبوو کە لە لووبنان حیزب الله دروستکرد و یارمەتی دەدات؟ ئایا ئێران  بزاڤی حەماسی فەلەستینی نەکردۆتە هاوپەیمانی خۆی ؟ ئایا ئێران لە ساڵی 2003 وە بەشێوەیەکی سیستماتیکی دەستی بەسەر عێراق دا نەگرتووە؟ ئەمڕۆش ئێران دەیەوێت، کە لە قاهیرەو لیبیادا ، جێگا پێی خۆی قایم بکات ، لە بەحرەین یارمەتی شیعەکان دەدات و دژی دەسەڵات هانیان دەدات .”
کاتێک کە کەشتییە جەنگیەکانی ئێران بەناو کەناڵی سویس دا تێپەڕین ، سعودییەکان زۆر لە ئیسرائیلیەکان خراپتر تێکچوون و شڵەژان . ” ئەم کەشتیانە بۆ کوێ دەچن ؟!” ئەمە پرسیاری گرینگی ئەوان بوو. هەربۆیە ئەمڕۆ سعودیەکان کەوتوونەتە خۆیان ، شیکی بانکی بەناوچەکەدا دابەش دەکەن ، پاداشتی دۆستەکانیان دەدەن و سزای  ئەو کەسانەش دەدن کە دۆستی تارانن . هەربۆیە حکومەتە نوێکەی عێراق ، کەبە دۆستی نزیکی ئێران دەژمێرێت ، کەوتە بەر سزای سعودیەوە. سعودیە داوای 20 ملیار دۆلار لە عێراق دەکات ، کەلە ئەنجامی شەڕی کوەیت زەرەری کردووە. هەربۆیە ئەمڕۆ عەرەبستانی سعودی ، ” فرۆکە ، مووشەک ، چەکی قوورس ” لە ئەمەریکا و ” تانکی مۆدێرن” لە ئەڵمانیا دەکڕێت . بەڵام گەورەترین غەم و کێشە کە ماوەتەوە ، ئەویش  ” بۆمبی ئەتۆمییە” .
توورکی ال فەیسەڵ  لە بەریتانیاوە گووتی  :
( عەرەبستانی سعودی زۆر هەوڵی داوە ، کە ڕێگا لە ئێران بگرێت هەتاوەکوو نەتوانێت  چەکی ئەتۆمی دەستبکەوێت ).
هەربۆیە عەرەبستانی سعودی هەوڵ دەدات کە بەرهەمی نەوت زۆر بکات ، بۆئەوەی نرخی نەوت دابەزێت و ، بەم شێوەیەش ئێران زەرەر دەکات و پارەی نابێت هەتا بەرنامە ئەتۆمییەکان پەرە پێبدات و بەردەوام بێت .  سعودییەکان بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکەن کە دراوسێکەیان ببێتە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی . ڕاپەڕینی عەرەبی وایکرد ، کە بنەماڵەی ئال سعودی فەرمانڕەوا ، ڕووی خۆیان لە رۆئاوا وەربگێرن . ئەوان دەڵێن :
( بەهار دێت و دەچێت ، بەڵام ئێران هەر دەمێنێت )


نووسینی : میشێل توومان
وەرگێڕانی لە ئەڵمانیەوە: ئەردەڵان عەبدوڵڵا

سەرچاوە /
ڕۆژنامەی تسایتی ئەڵمانی
پەراوێزەکان /

*جێگای گووتنە هەتا کۆتایی ساڵانی هەشتاکانیش ، یەمەن دوو بەش بوو( یەمەنی باکوور ، کەزیاتر رژێمێکی خێڵەکی و کۆنەپەرست بوو. لەگەڵ یەمەنی باشوور ، کەزیاتر رژێمێکی سۆسیالیستی و دۆستی سۆڤێت بوو). ساڵی 1994 یش جارێکی تر شەڕی جوداخوازی دەستیپێکرد . بەڵام ئەوکات رژێمی سالیح بە یارمەتی ئەمریکا و ڕژێمی سەدام لە عێراق ، توانی سەرکووتی یەمەنە باشووریەکان بکات .

** لێرەدا مەبەستی نووسەر ” ڕاپەرینی حووسیەکانە” . کەساڵی پار دژی یەمەن راپەرینیان کرد . ئەو کات عەرەبستانی سعودی هێزێکی گەورەی ناردە سەریان و بێ بەزەیانە کەوتە سەرکووتکردنیان . جێگای گووتنە هەموو جیهان لەبەرامبەر تاوانەکان و دەستدرێژییەکانی عەرەبستانی سعودی بێ دەنگیان هەڵبژارد.


چەند دیرێک لەسەر نووسەر /

michelToman_126721977.jpg

میشێل توومان .
لە زانکۆکانی بەرلین و لینینگراد ” پترسبۆرگ” و نیۆرک  ،پۆلیتیک و سلاڤیسکی  خوێندووە. لە ساڵی 2007 وە لە ئەستەنبوول دەژی و ، ووتار ولێکۆڵینەوە لەبارەی ” تورکیا و جیهانی عەرەبی وئاسیای ناڤین بۆ رۆژنامەی ” ZEIT  تسایت” ی ئەڵمانی دەنووسێت.
لە ساڵی 1992 وە لە رۆژنامەی ZEIT  کاردەکات . لە ساڵی 1996 تا 2001 لە مۆسکۆوە ووتاری دەربارەی ووڵاتانی یەکێتی سۆڤێتی جاران دەنووسی . پاشان دەگەڕێتەوە بۆ هامبۆرگ و دەبێتە بەرپرسی بەشی سیاسەتی دەرەکی  رۆژنامەی ZEIT . هەتا ساڵی 2009 ئەندامی ئەنستیتوی
. Advisory Council am Kennan Institute in Washington  ، لەم سالانەدا ، چەندین ووتاری دەربارەی توورکیاو درواسێکانی بۆ ئەم ناوەندە نووسیوە.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.