Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
غوباری هەناسە زیتونیەکان

غوباری هەناسە زیتونیەکان

Closed
by February 11, 2012 ئەدەب

بۆ ” عومەر ی هاوڕێم،  بەر لەوەی عیشق لە کوخەکانی سەرابدا بمانێژێ

لە ئاوێنەی هەناسەسواری قەدەری خۆڵاویماندا
تیلەی نیگا پەژموردەییەکانمان هێشتا نامۆن
هێشتا کۆشکەکانی مردن پڕن لە من و تۆ
ئەوەتا ئاوازە فردەوسیەکان تەڵخ تەڵخ دێنە گوێ
ئەوەتا شاڕێکانی وون بوون چەند ئاوەدانن
با مۆمێک بۆ بێدەنگی داگیرسێنین

لەمێژە 
گەڵایەک لە گۆرانی و
 سێبەرێک لە بەفر
سۆمای تەماشامان دادێنن و
لە باڵای هەناسە زەیتونییەکانمان دەنیشن
لەمێژە  سەراسوێمانە ئێوارەیەکی هەناری
بەسەر پشتی کزەبایەکی تەڕ تەڕ بە ماچ
بڕۆین ڕەشماڵێ لە دورگەی فڕین هەڵدەین و
ژوانی  شەهلایی لەگەڵ گوڵەئەستێرەکان بگرین
لەمێژە  لەودیو لێواری پەیڤەکانمان لە چراخانێک ڕادەمێنین
کە جریوە فڕیوەکانی دوێنێی تێدا مۆمیا کرابن

ئای هاوڕێم
تۆ شنەیەک ڕۆحی دەستەمۆ دەکردی و
بارانێک چیمەنی گوناهە زەرنەقوتەکانی ئاو دەدای
من نووایەک مومو دڵمی ڕادەژەند و
چەپکێ گوڵی بێ بۆن و
 گوڵدانێکی هەلاهەلای دایەدەستم
تا ژێر هەموو کولووەبەفرەکان بگەڕێم بەدوای بۆندا
**    ***     **

سیابەخت خۆمان هاوڕێ
بەدوای کۆچی پۆلێ پەپوولەی سەرخۆشدا
بە کۆڵانی باخچەخەوتووەکاندا ڕەت بووین
سەرمان بە ماڵی هەموو گوڵەکاندا گرت
بەدەم پیاسە وشکهەڵاتووەکانمانەوە
  سۆراغی زەمانمان کرد
وەک دوو کۆترەشینکەی شەرمن
ئەشکەوتەکانی ئاوابوونمان جێهێشت
هێمنیمان لە ئێوارە  خواست و
بە ئاگری ئارامی
مۆمە کریستاڵییەکانی ڕۆحی خۆمانمان داگیرساند
**    **    **

بە خۆزگەیەکی پەمەییەوە
گوێ بۆ نوزەی نەوڕەسێکی دڵتەنگ دەگرم
دەڵێم نەفرەت لە تەوێڵی ئەو ئاسمانە ئاسنینە بێت
کە ڕەنگاڵەیی پەلکەزێڕینەکانی هەڵوەراند
گوناهی من چییە هاوڕێم
” شەو”  بە چرا کوژاوەکانی دەستی و
بە ئەفسونی  غەمزە  تاریکەکانی
گوڵەکانی باخچەی  فریو داوە
تا لەگەڵ هەڵاتنی خۆردا بە شەونمە زیویەکان  بڵێن
فەرموون بانێژەی دڵمان جێبێڵن
فەرموون لەو  دەرگا کراوەیەی ئاسمانەوە ئۆغر بن
ئاه هاوڕێم
چەند سەختن حەسرەتە تاریکەکانی
ڕۆژانی گۆرانییە بێ ڕەونەقەکانی تۆ و
شەوانی شەوارەی ڕەبەنی من
ئەو دەمەی
مانگ لە حەژمەتی دووکەڵی هەناسە سوتاوەکانمان دەتوێتەوە و
دڵۆپ دڵۆپ زەرداوی لینج دەتکێتە گۆماوی ڕۆحمان
بە نیگایەکی  کزەوە
لەژێر پێخەفی مردەڵەییدا
نسێی ساڵە بێ مروەتەکانی تەمەن دەژمێرین
کە بەپەلە ئاوا بوون و
پنتکێ پاڕانەوەی ئێمەیان لەگەڵ خۆیاندا نەبرد
ئیدی
بۆ لەبەر باران دا  ڕووت بینەوە؟
بۆ شوردنەوەی کام گوناهی سپی؟
**    ***     **

پرسیارن وەڵامە ڕەهاکانی دوێنی و
تەزیون پەیڤە گەرمەکانی یاخێتی
کوا خۆڵەمێشی ئەو ئەشکانەی لە ئەلبومی یادگاریدا بوون بە هەڵم
ئەوەتان  ئەو ئایاتانەی لەسەر تەرمی زیندوێتیمان دەخوێندرێن
کوان ئەو دەنکە مرواریانەی بە تریفەی سینە تەڕ دەبوون
ئەوەتان ئەو پەڕە خۆڵەمێشییانەی لە باڵی قەتێکان هەڵوەرین
کوان ئەو پیاوە باڵسپییانەی قەرار بوو سەربەستیمان بۆ ڕاو بکەن
ئەوەتان ئەو کابوسانەی لە گۆڕیشدا گەشکەی شێتیمان پێ دەگرن
کوا تارای ئەو کولووە بەفرانەی ڕیشۆڵە ڕەشتاڵەکانیان دەکردە بووک
ئەوەتان ئەو تەلیسمانەی کۆڵانەکانی تەنیایمان لێ وون دەکەن
ئای هاوڕێم
لەودیو باخچەکانی سەرابەوە زەفەر بۆ خنکاندنمان دێ
بەردبارانی هاشەی هێواشی هەناسە کەڕووگرتوەکانمان دەکەن
مەودانییە
سەرنجێ لە لەنجەی وردە ماسییەکان بدەین و
لە سیحری تێکەڵ بوونیان بگەین
مەودا نییە
ڕەشنوسی ئەو دڵۆپە خوێنانە بنوسینەوە کە تکانە سەر سینگی بێداریمان
مەودا نییە
نیگای شەقار شەقارمان لە پوشەڵانی زوڵفێکی خاودا بخنکێنین
**   ***  **

درەنگ خونچەی چاومان پشکوت
نەپەرژاین
ڕوو لە پڕشنگی لایلایەی شەوە نوتەکەکان کەین و
لە سۆراغی ئەو دڵۆپە شیرانەدا بین کەلە مەمکە ئەسمەریەکانی دایکمان هەڵوەرین
نەپەرژاین
 مستێک نهێنی خوساو بە خوێن لە ئینجانەی مێژوودا وون نەکەین
نەپەرژاین
بوخچەیەک لە گومان هەڵچنین و
ساباتەکانی سەفەری پێ داپۆشین
نەپەرژاین
توولەڕێ حەرامەکانی سێو حەڵاڵ کەین

هاوڕێم
لە کام قەوزەڵانی خنکاودا بۆ وێنەی بزرمان بگەڕێین
چێژ لە قاسپە خۆڵاوییەکانی ئێرە ناکەم
بە برینە نارنجیەکانی ئاگردا دەچمە خوار
تەنیا بۆنی سوتان دەکەم
خوڕەی ئەوینێکی ئاوی نایەت
ئێوارەیەکی  گەنجێتیم ئاوڕشێنکات
هاوڕێم
ساتەکانی عاشقێتیم بەسەریەکدا شکان
ئەودەمەی داوای کوپێ شیرم لە وەنەوشە دەکرد و
بەربەیانیان بە ئەستێرەکانم دەگووت
تاقی ئاسمان جێمەهێڵن!
گەر بتانەوێ
ناهێڵم ڕوناکیتان خامۆش بێت!

لە قەدەری بەهەڵم بوونی ئیماندا
بە دەروێشی ئاوێنە ئەهریمەنییەکان دەڵێم
ئێوە تابلۆیەکی مۆنن
بەبەرۆکی دیوارە سینگ سپییەکاندا گرمۆڵە بوون
هیچ پرسیارێ لە نغرۆبونی وەرزی گوڵەکان ناکەن و
دەرگای ماڵە بۆنگنخەکانتان لەسەر هەناسە سپییەکانی ” با ” داخستووە

ئای هاوڕێم
گوڵەبەیبوونەیەکی مەست لەو قەراخ باغی غوبارەدا
تەماشای پڕ ببوو لە هاواری من
بیستنی لێوانلێو بوو لە توڕەیم
دەستت بێنە
با لەسەر فەرشی سەفەرێکی کازیوەیی ڕاکشێین و
بڕۆین نیشتیمانێک لەودیوو کەنارەکانی ئاسمان چێ بکەین
نیشتیمانێک دڵی لە ئاوریشم
نیشتیمانێک ئەرخەوانی

کۆتایی ١٩٩٩
ئەم شیعرە لە ژمارە ٢١٩٧ ی ئەدەب و هونەری کوردستانی نوێدا بڵاوبۆتەوە.

کازم بیتوێنی

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.