Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
غەزاى کوشتنى تاریکى

غەزاى کوشتنى تاریکى

Closed

 

 

 

وەرن بۆ غەزاى کوشتنى تاریکى…

وەرن بۆ کۆکردنەوەى وردە تەرمى یەڵدا،

ئێمە لەوێوە هاتوینەوە،

لەو شوێنەى لەناو کتێب و فەرمودەکانى “نور”دا،

روناکى حەڵاڵ و

تاریکى حەرامە…..

لەو شوێنەى لەناو بیرەوەرى مانگدا،

شەڕى تار، شەڕێکى ئەزەلییە…

وەرن بۆ غەزاى کوشتنى تاریکى..

ئەوەى بێت …

حەفتاو چوار ئەستێرە و کەنیزەیەک و

سەدان چراى باڵا ژن ،

حەفتاو چوار مانگى کەلەپچە و

سەدان مۆمە کچى بەرز بەژن ،

بەدیارى بۆ خۆتان دەبەنەوە…..

وەرن بۆ غەزاى کوشتنى تاریکى،

ئەگەر بێن لەگەڵ کوشتنى هەر بستێک لە تاریکى

فرسەخێک لە جەهل دەمرێت،

وەرن با تاریکى بکوژین، 

وەرن با شەو لە کات و 

کات لە تاریکى و

یەڵدا لە پایز و 

پایزییش لە مێژوو ببڕینەوە، 

وەرن با شەو بەو هەموو ئەفسانە درۆزنە و 

بەو هەموو حیکایەتە چەپەڵەوە سەرەنگون بکەین….

وەرن با غەزاى کوشتنى تاریکى جاڕبدەین 

چونکە بەهەشتى روناکى بۆ ئێمەیە.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.