Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
فرانسیس بەیکۆن و شێوەژیانی مێروولە،…

فرانسیس بەیکۆن و شێوەژیانی مێروولە،…

Closed
by May 7, 2013 گشتی

 

 

 

 

فرانسیس بەیکۆن و شێوەژیانی مێروولە،جاڵجاڵۆکە و مێشهەنگوین

Francis Bacon and the lifestyle of the ant,the spider and the bee

پرسی بەدەستهێنانی زانیاری(مەعریفە) knowledge سەبارەت بە گەردوون  داینەمۆو درێژەپێدەری زانستی فەلسەفەیە.کۆکراوەی مێتۆدو رێچکەپەیڕەوکراوەکان بۆ بەدەستهێنانی زانیاری ناوەڕۆکی زانستی بیردۆزی زانین(مەعریفەتناسی) Epistemology پێکدەهێنن.فەیلەسوفی ئینگلیز فرانسیس بەیکۆن(1626 (1561 – تەنیا لە رووانگەیەکی مەعریفیەوە سەیری پرۆسەی بەدەستهێنانی زانیاری ناکات بەڵکو ئەم رەهەندگەلێکی کۆمەڵایەتی و رامیاریش بەم پرۆسەیە دەدات کە خۆی لەم ووتەیەی دەبینێتەوە : (زانیاری دەسەڵاتە ).واتە ئەگەر زانیاری رەهەندە فەلسەفی یان تێۆریەکە بێت ئەوا دەسەڵات فاکتەرێکە کە میکانیزمی پەیوەندیەکان دادەڕێژێت و هەڵیاندەسوڕێنێت.

 سەبارەت بە مێتۆدەکانی هەڵهێنجانی زانیاری بەیکۆن دوودەستەواژە دەردەبڕێت: پیاوانی ئەزموون men of experiment و پیاوانی دۆگما men of dogmas کە ئەمانەش ئاماژەن بە دوو مێتۆدی ئەپستیمۆلۆگیانە کە ئەمڕۆ ئێمە لە زانستی فەلسەفەی هاوچەرخدا پێیان ئاشناین کە بریتین لە ئەزموونگەرایی Empiricism و ژیرگەرایی Rationalism

فرانسیس بەیکۆن پێیوایە کە هیچ یەک لەم دوو مێتۆدە بەتەنیا ناتوانن بمانگەیەنن بە حەقیقەت بەڵکوپێشنیار دەکات کە بۆ ئەم مەبەستە هەردوو مێتۆدەکە تێکەڵاو بکرێن.بۆ روونکردنەوەی ئەم بابەتە بەیکۆن سێ نموونە دەهێنێتەوە کە بریتین لە شێوەژیانی سێ گیانداری بچووک کە ئەوانیش مێروولە،جاڵجاڵۆکە و مێشهەنگوینن. 

گوزەرانی مێروولەکان تەنیا وەستاوەتە سەر کۆکردنەوەو بەکارهێنان واتە بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە ئەزموون دەبەستێت. بۆ نموونە کاتێك مێرولەکان دەنکێک گەنم دەدۆزنەوە هیچ گۆڕانکاریەك بەسەر دەنکە گەنمەکە ناهێنن بەڵکو یەکسەر ئامادەیە بۆ بەکارهێنان کە ئەم پرۆسەیەش هاوتای مێتۆدی ئەوکەسانەیە کە بۆ هەڵهێنجانی زانیاری  تەنیا پشت بە ئەزموون دەبەستن بێ ئەوەی کەرەستەکان بتوێننەوە بە توانای هۆش و بیری خۆیان بۆ گەیشتن بەحەقیقەت یان بەدیهێنانی بەرهەمێکی نوێی بەکەڵک . 

لەبەرامبەردا جاڵجاڵۆکە بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە جەوهەری خۆی دەبەستێت و لە کاکڵی خۆی تۆڕ دەهۆنێتەوە بۆ ڕاوکردنی نێچیرگەلێک کە بەلای ئەوەوە چییەتی نێچیرەکە زۆر لاوەکیە و ناخرێتە ژێر ئەزموونەوە کە ئەمەش هاوتای مێتۆدی ئەوکەسانەیە کە بۆ هەڵهێنجانی زانیاری تەنیا پشت بە ژیریەتی خۆیان دەبەستن بێ ئەزموونێکی زیندوو لەسەر کەرەستەکان .

بەڵام گوزەران و شێوەژیانی مێشهەنگوین بریتیە لە ئاوێتەبوونی هەردوو پرۆسەکە چونکە مێشهەنگوین شیلەی گوڵی هەڵمژراو ئاوێتەی کاکڵی خۆی دەکات ودەیتوێنێتەوە و بەرهەمێک بەدیدەهێنێت کە لە جەوهەردا تەواو جیاوازە کە ئەویش هەنگوینە.مێشهەنگوین تەنانەت لە دروستکردنی شانەکانیشدا بە شێوەیەکی ئەندازەیی تەواو کارامەیە هەروەها ووردەکاری لە رێکخستنی ژیانی دەستەجەمعیانەیان دەتوانێت نموونەیەکی ئیدیال بێت لە زۆر رووەوە.

فرانسیس بەیکۆن پێیوایە کە پێویستە فەیلەسوف هاوشێوەی مێشهەنگوین رەفتار بکات کە خۆی دەبینێتەوە لە کۆکردنەوەی کەرستەگەلێک لە سروشت وبەپشت بەستن بە ئەزموون وتواندنەوەیان لەرێگەی توانا عەقڵیەکانی بۆ تێگەیشتن لە حەقیقەت.هەروەها بەیکۆن پێیوایە کە زانستیش پێویستە لاسایی مێشهەنگوین بکاتەوە نەک مێروولە و جاڵجاڵۆکە بۆ بەدەستهێنانی بەرهەمێک شیرینی سوودبەخش.

رووانگەیەکی سۆسیۆلۆجیانە بۆشێوەژیانی مێروولە،جاڵجاڵۆکە و مێشهەنگوین

A sociological aspect of the lifestyle of the ant,the spider and the bee

مێروولە،جاڵجاڵۆکە و مێشهەنگوین دەکرێت وەک سێ نموونە بە کاربهێنرێن بۆ پۆلبەندکردنی  کەسایەتی تاکەکان لەکۆمەڵگەدا.دیارە کە دەستە یان پۆلبەند Category ی دیکەش هەن لە کۆمەڵگەدا بەڵام ئەم سێ جۆرە باوترینیانن.

1/ خەڵکانی هاوخەسڵەتی مێروولە : ئەم جۆرە خەڵکانە تەنیا خۆیان بەلاوە گرینگە و تەنیا بەدوای قازانجی تایبەتی خۆیانەوەن .لە هەمان کاتدا خۆیان لە هیچ پرس و کێشەیەکی دەوروبەر ناگەیەنن وبەلایانەوە گرنگ نین.ئەم کەسانە بەپێی میکانیزمێک کاردەکەن کە دەکرێت پێی بووترێت میکانیزمی (قازانج ــ هیچ ).واتە گرنگ ئەوەیە من قازنج بکەم و قازانج یان زیانی دەوروبەر لای من یەکسانە بە هیچ .

2/ خەڵکانی هاوخەسڵەتی جاڵجاڵۆکە : ئەم جۆرە خەڵکانەش تەنیا خۆیان بەلاوە گرینگە و بەشێوەیەک رەفتار دەکەن کە بەرژەوەندیەکانیان دابین بکەن لەسەر حیسابی ژیانی خەڵکانی دیکە واتە ئەم کەسانە بەپێی میکانیزمێک کاردەکەن کە پێی دەووترێت میکانیزمی( قازانج ــ زیان )واتە قازانجی من وەستاوەتە سەر زیانکردنی تۆ.

3/ خەڵکانی هاوخەسڵەتی مێشهەنگوین : ئەم جۆرە خەڵکانە کەسانێکی سوودبەخشن هەم بۆخۆیان هەم بۆ دەوروبەر . رەفتارەکانیان تەنانەت بۆ سروشتیش سوود بەخشە هەروەک چۆن مێشهەنگوین بە پێیەکانی هەڵاڵەکان دەگوازێتەوە ویارمەتی پیتاندنی رووەکەکان دەدات.ئەم جۆرە کەسانە تەنیا کاتێک کاردانەوەی زیانبەخشانەیان دەبێت کاتێک دەکەونە باری بەرگری کردن لە خۆیان بەهۆی فشاری هەڕەشە یان هەراسانکردنێکی زۆر .خەڵکانی سەر بەم کاتیگۆریە لە ژیانیاندا بەگوێرەی میکانیزمێک رەفتار دەکەن کە پێیدەووترێت میکانیزمی (قازانج ــ قازانج) ،واتە من بەدوای قازانجی خۆم و دەوروبەردا دەگەڕێم .


مێروولە ،جاڵجاڵۆکە و مێشهەنگوین لە قورئانی پیرۆزدا

The ant,the spider and the bee in the holy Quran

لێرەدا دەمەوێت سەرنجێک بخەمە روو بۆ ئەو کەسانەی حەز دەکەن بە دوای حەقیقەتدا بگەڕێن دوور لە هەر حوکمێکی پێشوەخت یان نەفەسێکی داخ لەدڵانە .ئەم سەرنجەی من حوکمێکی رەهای کوێرانە نییە بەڵکو تەنیا خستنە بەرچاوی خوێنەرانی بەڕیزە کە شایانی ئەوەیە هەڵوەستەیەکی بەرامبەر بکەین و لێی ووردبینەوە لەهەمان کاتدا من رای خۆم دەردەبڕم وەک کەسێکی ئازاد و رێزیشم هەیە بۆ هەموو رایەکی مەعریفیانە:

لەم ساڵانەی دواییدا خەڵکانێکی زۆری موسوڵمان بانگەشە دەکەن کە هەموو زانستێک لە قورئانەوە وەرگیراوە. پێویستە ئەم خەڵکانە خۆیان بۆ ئارگومێنتێکی قووڵ ئامادە بکەن پێش خستنە رووی ئەم بانگەشانە ئەگینا خراپ بەسەرخۆیاندا دەشکێتەوە چونکە من زۆرجار لەسەرتۆڕی ئینتەرنێت بینیوومە کە چۆن خەڵکانێک وێنە و کۆمێنتی گاڵەتجاڕانە دەنووسن سەبارەت بەم جۆرە بانگەشانە.لەکاتی خوێندنەوەی نووسینەکانی فرانسیس بەیکۆن وەک فەیلەسوفێکی سەردەمی رێنیسانس کە تا ئەمڕۆش بایەخی خۆی هەیە سەرنجم بۆقورئانی پیرۆز چوو کە چۆن سێ سورەت هەن بە ناوەکانی  مێروولە ، جاڵجاڵۆکە و مێشهەنگوین (النمل ، العنکبوت ،النحل ). هەروەک من ئاگادار بم فرانسیس بەیکۆن هیچ ئاماژەیەکی نەداوە کە بۆ ئەم بۆچونانەی سەبارەت بە مێروولە ، جاڵجاڵۆکە و مێشهەنگوین سوودی لە قورئان وەرگرتبێت بەڵام لێرەدا پرسیارو گومانێکی مەعریفی دێنە پێشەوە : ئایا هەڵبژاردنی ئەم سێ گیاندارە و خستنە ژێر ووردبوونەوەیەکی مەعریفیانە لەلایەن فرانسیس بەیکۆنەوە تەنیا بەڕیکەوت بووە یان بەلای کەمەوە ئەم سێ سوورەتەی وەکو کۆدێك بەکارهێناوە بۆ خوێندنەوەیەکی قووڵتر؟ ئەگەر ئەم فەیلەسوفە سوودی لە قورئان وەرگرتووە ئایا هۆکار چییە کە وەک ئەمانەتێکی ئەخلاقی زانستیانە ئاماژەی بەمە نەکردووە؟ ئینجا من پێشبینی دەکەم کە ئەوانەی بەردەوام رەخنە لە ئیسلام دەگرن بۆ مەبەستێکی ئایدیۆلۆجی یان هەر هۆکارێکی دیکە ئەم پرسیارە بکەن و بڵێن: باشە بۆچی موسوڵمانێك نەیتوانی ئەم سێ سورەتە وەکو کۆدێک بەکاربهێنێت بۆ خوێندنەوەیەکی قووڵی مەعریفی؟

من هیچ بەڵگەیەکی رەهام نییە کە فرانسیس بەیکۆن سوودی لە قورئان وەرگرتبێت بەڵام من بە ڕێکەوتی نازانم کە ئەم فەیلەسوفە بیری بۆ سێ گیانداری بچوک چووبێت و وورد بوونەوەی قووڵی لەسەرکردبێت لەکاتێکدا ئەم سێ گیاندارە سەرناوی سێ تێکست بن لە  کتێبێکی پیرۆزو ناسراوی وەک قورئان .بەبۆچوونی من ئەم سێ سورەتە وەک کۆدێك سوودیان لێ وەرگیراوە بەلەبەرچاوگرتنی ئەو راستیەی کە کاتێک تێڕوانینی مەعریفیانەی ئەم فەیلەسوفە سەبارەت بەم سێ گیاندارە بەراورد دەکەین لەگەڵ ناوەڕۆکی ئەم سورەتانە ئەوا بەئاشکرا لێکچوونێک هەیە لەنێوان ئاماژەکاندا. بۆ نموونە لە قورئاندا هەریەک لە مێروولە و جاڵجاڵۆکە  جۆرێك لە نێگەتیڤ یان پاسیڤ بوونی سروشتی ژیانیان ئاماژەی پێکراوە بەڵام مێشهەنگوین بەشێوەیەکی زۆر پۆزەتیڤ باسکراوەو ئاماژەش بە پەیڕەوکردنی دوو رێچکەیی لە شێوازی ژیانیدا کراوە، واتە ووزەی شاراوەی خود The subjective potential power  لەگەڵ فاکتەری بابەتی The objective factors .

لە کۆتاییدا هیوادارم کە بتوانین بە عەقڵێکی کراوە ئامادەبین بە خوێندنەوەو هەڵسەنگاندنەکانماندا بچینەوەو تێگەیشتنێکی قووڵ ئاوێتەی باوەڕەکانمان بکەین.

 

 

سەرچاوەکان

# بەئینگلیزی

http://antspiderbee.net/bacon/

http://www.patrickkillough.com/books/snyder_club.html

http://dmcordell.blogspot.se/2008/10/ants-and-bees.html

http://www.koreatimes.co.kr/www/news/opinon/2009/09/256_38408.html

# بەسویدی

http://spf.inse.com/spf/textarkiv.nsf/UNID/DBCBA5F8CCBD160BC1256DB900517040/$File/0318_%C3%A4r_du_en_myra.pdf

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.