Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
فرمێسک لە سەر پشتی بەفر هەڵناپەڕێ

فرمێسک لە سەر پشتی بەفر هەڵناپەڕێ

Closed
by February 12, 2013 ئەدەب

 

 

 

فرمێسک لە سەر پشتی بەفر هەڵناپەڕێ، سەما ناکا. وێنەی دڵۆپێکی وێڵی بەر گوێسپانێک لە شاخەسەهۆڵێکەوە مەیلی زەوی بکا و بەربێتەوە سەر خڕەبەردێکی  لووس و بێ گرێ وگۆڵ؛  ناپژمێنێ و پرینچک ناخا. بەفر؛ تاسەدانە و تینی  فرمێسک، تاسەشکێنە. چرۆئاسا باوەشی ساردی دەپشکوێ  بۆ فرمێسک و تاسەی دەشکێ.  بەفر و فرمێسک  سەرچاوەیان؛ یەک کانیاوە. لە کۆنەوە گوتوویانە:

“چاوی ئاوەنیا؛ بە کازێوەی بەفردا ڕێی کردووە!”

“ئاتوور” دوای ساڵانێکی سەرمابردوو بۆ دووهەم جار سەری لە شوێنی کارەساتەکە دەرهێنابووەوە، ئەو شوێنەی بووە هۆی شەختەبەستنی ساڵە یەک لە دوای یەکەکانی تەمەنی.  ئەو ناوچەیەی لە مێژساڵە و بە بیری باپیرانی خەزێنەی بەفر و کانگای کڕێوە و بەستەڵەک بووە. چیاقوڕنە سەری پانی لە زگە ماسیوەکەی ئاسمان ڕۆکردووە؛ دەبانئاسا تەختەی سینگی چارەڕەش و بێدەرەتانێکی قڵاشتووە.

باڵای چیاقوڕنە ململانێی مێژوو دەکا. ڕەش و ماتە، چەشنی شیو و دۆڵە تاریک و لێڵەکانی پێدەشتی مێژوو. گابەردێکی لمۆزئاسا لووتی لە ژێر بەفر دەرخستووە و لە بەر تینی کەم وزەی خۆردا هەڵمی هەناسەی دەردێ. شەبەقی ڕووبەری گۆلاوێکی شەختەبەستوو لە داوێنی لمۆزی لووتکەدا پێڵووە فرمێسکاوییەکانی “ئاتوور” دەخاتە چاوداگرتن. گەر لە ئاسمانەوە بڕوانیتە ئەم گۆلاوە سەهۆڵبەستووە؛ سپێنەیەکی شینی ئاسمانیت دێتە بەرچاو کە بە برژانگی ڕندووەبەفرە بەساڵاچووەکان حەسار کراوە.

تینی زەبوونی هەتاو بە تەوژمێکی کەم هێزەوە، خۆی لە دیواری لۆ لەسەر لۆی ڕندووەکانەوە دەخشێنێت. جارناجارێ پەڵە بەفرێ حەزی خلیسکێن دەیگرێ و شوێنەواری جێ دەهێڵێت. تەنیا قڵپەی گریانی “ئاتوور”ە بێدەنگی مردووئاسای کوێستانی چیاقوڕنە دەشڵەقێنێت. ئەگینا سریوەی هیچ زیڕۆحێک وردەشەپۆل  بە ئارامی ئەو ناوچەیە نادات. زەینی “ئاتوور” دەستی دەگرێ و پەلکێشی دەکا بەرە و ڕووبەری سەهۆڵبەستووی گۆلەئاوەکە و سەمایەکی دڵهەژێنی بێوچانی هەزارانساڵە، بەرە و جووتەسەمایەکی بێ ژەنیاری بێ سریوە. پاشان وەک ڕابوردوو دەستێکی ئاڵقە دەکا و لە ناوقەدی”گەلاوێژ”ی نوێدەزگیرانی دەهاڵێنێ و دەستەکەی دیکەشی دەنێتە ناو دەستییەوە و بە قامکەکانی گرێیدەدا. دواتر بە هێمنی دەخزێنە سەرسینگی تاشە سەهۆڵەکە و شنەئاسا دەکەونە سەما و تەرەلیلان و خوولانەوە. لە ڕۆخی پەڵە هەورێکی پەمووئاساوە هەتاو دەیانبینێت، مەراق دەیگرێ و ئیرەییان پێدەبا. دەهەژێ و تاقەت ناگرێت، دادەبەزێتە خوار و پەرژین ئاسا و بە زێڕینەتیشکی خۆی؛ لە دەوریان دەگەڕێ.  تێکەڵاویان دەبێ و لە گەڵیاندا سەما دەکا. بە سەر ڕووبەری شەختەدا دەتڵیسێتەوە و دەبێتە ڕاخەرێکی ڕەنگین. پاشان دەچێتەوە سەروەختیان و دەکەوێتە پووڵەکە بارانی سەماکەیان.

زەمەن  بۆ ساتێک  تەختەچێوی دووکانەکەی دادەگرێ و دەبێتە سەیرکەریان.  ئاسمانیش دەست لە پیشەی خۆی دەکێشێتەوە، دادەنیشێ، ئەژنۆکانی لە باوەش دەنێ و لێیان دەڕوانێت.  ڕندووە دزێوەکان چاوەڕوانن، چاوەڕوانی  تریقانەوەی “گەلاوێژ”ن، ڕەنگە بەخت یاوەریان بێ و کۆڵنجی پەنگخواردووی چەند هەزارساڵەیان بتەقێنێت. زاری زەمەن داپچڕاوە و شەویلکەی ترازاوە. ئاسمانیش لە گەڵ یەکەم تریقانەوەی “گەلاوێژ” خورپەی دڵی لەرزە دەخاتە جەستەی زەوییەوە. خورپەی دڵ و لەرزەی زەوی و گرمەی ڕندوو دەستی زەینی “ئاتوور” لە”گەلاوێژ” و تەرەلیلان و سەما دەپسێنن. هەرەس قورسایی چەند هەزارساڵەی سەرشانی چیاقوڕنە دادەتەکێنێ و کۆڵنج دەتەقێنێ و لە چاوترووکانێکدا گۆلاوەکە دەئاخنێت. بێجگە سێ ئاوایی دەورووبەر، دوورترین ئاوایی ئەو ناوچەیەش کۆکەی ملەی چیاقوڕنەیان لە گوێ چەنی. خەڵکی ئەو ناوچەیە هەرەوەزیان بۆ هێنا. “ئاتوور” بە تەوژمی هەرەس و لە بەر دیدەی ئاسمان فڕێدرابوو، ئەجەل لەم زۆرانەدا پێی نەوێرا. “گەلاوێژ”یش  نەدۆزرایەوە.

لەوەدووا خەڵکی خوویاندایە زستان و بەستەڵەک، “ئاتوور” یش بە تەنێ  و بە هەناسە ساردی و بێ جووتەکەی درێژەی بە سەفەرەکەیدا و بەرە و گەرمێن کۆچا. لەو ڕۆژەوە “گەلاوێژ” لە ژێر هەرەسی  بەفردا مایەوە و چیدی تەرەلیلان و سەما  بڕا. زستانەکانیش، یەک لە دوای یەک  کەوتنە سەر لۆی ڕندووەبەفرەکانی چیاقوڕنە و بارستاییان باڵای کێشا.

دوای ساڵیانی ساڵ ئێستاکە لەگەڵ هەر کۆکەیەکی چیاقوڕنە خورپە دەکەوێتە دڵی دانیشتوانی ناوچەکە و دەیانخاتەوە بیری؛

“گەلاوێژ” ، “سەما” و “هەرەس”ی کوێستانی چیاقوڕنە …!

 

30  /10/1391 – بانە

رزگار لوتفی

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.