فه‌واز حوسێن ده‌نگێكی كوردی له ئه‌ده‌بیاتی فه‌ره‌نسادا
ده‌نگێكی كوردی له ئه‌ده‌بیاتی فه‌ره‌نسادا
فه‌واز حوسێن:
به داخه‌وه من زۆرتر له نێو فه‌ره‌نساییگه‌لدا ناسراوم وه‌كو له نێو كورددا.
سه‌باره‌ت به خۆشه‌ویستی شاره‌كه‌ی ده‌ڵێت:
به‌رده‌وام شاری عامودا له نێو بابه‌تی مندایه. له هه‌ر كوێ هه‌ڵخلسكێم خۆم به عامودا ده‌گرمه‌وه.
سیروان ره‌حیم
فه‌واز حوسێن، خه‌ڵكی شاری ئامودایه. ئامودا ده‌كه‌وێته ئه‌و به‌شه‌ی كوردستانه‌وه كه به فه‌رمی له چوارچێوه‌ی سوریادایه.
فه‌واز حوسێن نووسه‌رێكی كورده، به‌ڵام به زمانی فه‌ره‌نسایی ده‌نووسێت. په‌یوه‌ندی ئه‌و به‌و زمانه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵانی سه‌ره‌تای منداڵی. ئه‌و هه‌ر له شاره‌كه‌ی خۆیاندا و له سه‌رده‌می منداڵی‌دا ئاشنای زمانی فه‌رنسایی ده‌بێت. ئه‌و له‌سه‌ره‌تای خوێندن و فێربوونی نووسیندا، زمانی فه‌ره‌نسی له دێری دیانان له شاری عامودا فێر ده‌بێت. ئێستا فه‌واز حوسێن نووسه‌رێكی ناسراوه له بازاڕی كتێب و له ئه‌ده‌بیاتی نوێی وه‌ڵاتی فه‌ره‌نسادا.
له پاریس بینیمان و سه‌باره‌ت به كار و نووسینی دیدارێكمان له‌گه‌ڵ ساز كرد.
فه‌واز حوسێن له وه‌ڵامی پرسیاری: بۆچی له شاری ئاموداوه به‌ره‌و پاریس؟دا ده‌ڵێت:
هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه، واته له منداڵییه‌وه، كه ده‌ستم به فێربوونی زمانی فه‌ره‌نسایی كرد زۆر له لام خۆشه‌ویست بوو. ئه‌و قه‌شه‌یه‌ی له دێری كریستیانه‌كان وانه‌ی فه‌ره‌نسایی ده‌گوته‌وه، به منی گوت: “تۆ له‌وه ده‌چێت بۆ فێربوونی زمانی فه‌ره‌نسایی دروست بووبیت”. فه‌واز ده‌ڵێت: پاشان خوێندنیشم هه‌ر له بواری زمان و ئه‌ده‌بیاتی فه‌ره‌نسایی دا ته‌واو كرد. فه‌واز حوسێن هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: كاتێك گه‌یشتمه پاریس هه‌ستم كرد من بۆ جاری دووه‌م له ژیانمدا له دایك ده‌بمه‌وه.
نووسه‌رێتی كارێكه له سه‌ره‌تاوه له‌گه‌ڵ مرۆڤدایه. شتێكه له روحی مرۆڤدا شین ده‌بێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر دروست دیرۆكێك بۆ ده‌ستپێكردنی نووسین هه‌بێت له لای فه‌واز حوسێن، ئه‌و مێژووه كه‌یه؟ خۆشه‌ویستی نووسین و خوێندنه‌وه كه‌ی سه‌ریهه‌ڵداوه؟
فه‌واز ده‌ڵێت: خولیای نووسین ده‌مێكه له لای من سه‌ریهه‌ڵداوه. هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه. دایكم به‌رده‌وام ده‌یگوت به‌سه ئیتر به‌س چاوی خۆش ماندوو بكه. به‌ڵام من هه‌ر به‌رده‌وام بووم. فه‌واز له درێژه‌ی ئه‌و باسه‌دا ده‌ڵێت: باوه‌ڕ ده‌كه‌م ئیتر وای لێهاتووه بۆ منیش خوێندن و نووسین ژیانه و ده‌ست لێ به‌ردانیان واته‌ی مردن ده‌گه‌یه‌نێت.
فه‌واز حوسێن بۆ نووسین سێ زمانی له پێش بووه، كوردی، عه‌ره‌بی و فه‌ره‌نسایی. به‌ڵام ئه‌و زمانی فه‌ره‌نسایی بۆ نووسین و ئه‌ده‌بیات هه‌ڵده‌بژێرێت. پاش ئه‌وه‌ی خۆیشی له شاری پاریس نیشته‌جێ ده‌بێت، ئیتر زمانی فه‌ره‌نسایش به ته‌واوی له مدا نیشته‌جێ و جێگیر ده‌بێت. ئه‌و ده‌ڵێت: من له ئه‌وروپا فێر كوردی بووم. به فه‌ره‌نسایی ده‌نووسم. كاتێك به كوردیش بنووسم به‌و زمانه بیر ده‌كه‌مه‌وه. ناتوانم باش به كوردی بنووسم، به‌ڵام ده‌توانم له كوردییه‌وه باش وه‌ربگێرمه سه‌ر زمانی فه‌ره‌نسایی.
فه‌واز حوسێن نووسه‌رێكه تا ئێستا به‌رده‌وام له كار و نووسین دایه، ئه‌و یه‌كێكه له نووسه‌ره چالاك و به‌رهه‌مداره‌كان. كاتێك دێته سه‌ر باسی سه‌ره‌تای نووسین و به‌رهه‌مهێنان ده‌ڵێت..
فێربوونی فه‌ره‌نسایی جارێكی تر كاتی پێویست بوو. ده‌بوو من زمانه‌كه دووباره فێرببمه‌وه یان دروست به ته‌واوی چاكی بكه‌م، چونكه ئه‌وه‌ی فێری ببوم به‌رهه‌می ده‌ره‌وه‌ی وه‌ڵاتی فه‌ره‌نسا بوو.
له فه‌ره‌نسا ئه‌و سه‌ره‌تا خۆی بۆ فێربوون ئاماده ده‌كات. پاشان یه‌كه‌مین به‌رهه‌می كه‌رۆمانێك ده‌بێت به ناوی “رووبار” به زمانی فه‌ره‌نسایی بڵاو ده‌بێته‌وه. سه‌ره‌تایی ساڵانی نه‌وه‌ده‌كان (سه‌ده‌ی رابردوو) ده‌چێته سوێد. به‌ڵام تاسه‌ی پاریس وای لێده‌كات له‌وێ هه‌ڵنه‌كات. پاشان ده‌گه‌ڕێته‌وه پاریس.
له ساڵی 2000 به دواوه كاتێك له ستكهۆڵمه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه پاریس پێنج كتێبی بڵاو ده‌بێـته‌وه، ئه‌مانه رۆمان و چیرۆكن. به‌گشتی به هه‌ردوو زمانی كوردی و فه‌ره‌نسایی 15 كتێبی چاپ و بڵاو كردۆته‌وه. له نێو ئه‌و كتێبانه‌دا ناونیشانی دوو كتێبی سه‌رنجڕاكێشن. فه‌واز دوو كتێبی هه‌یه به ناوی “پاریس-ئاوا و عامودا-ئاوا”.
ئایا نووسین و ئه‌ده‌بیاتی فه‌واز حوسێن تا چه‌ند له نێو خوێنه‌ران و ناوه‌ندی كتێبدا له وه‌ڵاتی فه‌ره‌نسا ناسراوه. ئایا كتێبه‌كانی ده‌خوێندرێنه‌وه؟ له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا ئه‌و ده‌ڵێت:
به‌ڵێ، به داخه‌وه من زۆرتر له نێو فه‌ره‌نساییگه‌لدا ناسراوم. واته ئه‌وان زۆرتر ده‌مناسن تاوه‌كو له نێو كورددا. وه‌كو ده‌ڵێن “گیای حه‌وشه تاڵه”. ئه‌مه‌یش دیارده‌یه‌كه له لای ئێمه و ته‌نها بۆ منیش نییه. له فه‌ره‌نسا ئه‌ده‌بیاتێكی فه‌ره‌نسایی هه‌یه. ئه‌ده‌بیاتی فه‌ره‌نسایی ئه‌و كه‌سانه ده‌گرێته‌وه به‌ره‌گه‌ز خه‌ڵكی وه‌ڵاته‌كه نین، به‌ڵام به زمانه‌كه ده‌نووسن. ئه‌وان به دوای شتی جیاوازدا ده‌گه‌ڕێن. كاتێك كتێبێك چاپ ده‌كه‌م له زۆر شوێنه‌وه بانگهێشت ده‌كرێم و كۆڕم بۆ ساز ده‌كه‌ن، دیاره فه‌ره‌نساییه‌كان، نه‌ك كورده‌كانی خۆمان.
به گشتی سه‌باره‌ت به بابه‌تی رۆمان وچیرۆكه‌كانی خۆی، فه‌واز حوسێن، وه‌ها ده‌ڵێت:
مژاری هه‌ره گرنگ بۆ من ده‌ربه‌ده‌ری و تاراوگه‌یه. به‌رده‌وام شاری عامودا له نێو بابه‌تی مندایه. له هه‌ر كوێ هه‌ڵخیلسكێم خۆم به عامودا ده‌گرمه‌وه. له سه‌ر تاراوگه ده‌نووسم و به‌رده‌وام لێم ده‌پرسن: وه‌ڵاتی تۆ كوێیه. منیش به‌رده‌وام ده‌ڵێم: سه‌رده‌می منداڵیمه له شاری عامودا.
فه‌واز حوسێن وه‌كو نووسه‌ر و وه‌كو مرۆڤ په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به سوریا و رووداوه‌كانی ئه‌و وه‌ڵاته‌وه هه‌یه. ئه‌و وه‌ڵاته‌یش له ژێر سایه‌ی رژێمی سه‌ره‌ڕۆ و ترسناكی ئه‌سه‌ددا، رۆژانی هه‌ره غه‌مگینی خۆی ده‌ژی. سه‌رباره‌ت به ره‌وشی ترسناك و غه‌مگینی ئێستای ئه‌و وه‌ڵاته، فه‌واز حوسێن ده‌ڵێت:
بێگومان رووداوه‌كان ترسناكن و زۆر ئازارم پێده‌به‌خشن. كوشتنی مرۆڤه‌كان شتێكی ساده نییه. خوێنڕشتنی مرۆڤ كاره‌ساته.
به‌ڵام ده‌بێت شتێكیش بێته گوڕین. سوریا ده‌بێت ببێت به شوێنی هه‌موومان، عه‌ره‌ب، كورد، فه‌له، ئه‌رمه‌نی و ئه‌وانی تر و به شێوه‌یه‌كی شارستانی و نوژه‌ن پێكه‌وه بژین. من به نووسین به‌شداری ئه‌و رووداوانه‌م كردووه و ده‌كه‌م. زمانی من، زمانی كوردی تا ئێستا له‌و وه‌ڵاته قه‌ده‌غه‌یه. دیاره من كه‌سێكی نووسه‌رم، حیزبم نییه و به نووسین هه‌ڵوێست و به‌شداریم ده‌بێت.
یه‌كێك له‌و پرسیارانه‌ی ویستم ئاراسته‌ی فه‌واز حوسێن-ی بكه‌م، ئه‌وه بوو: چۆن بكرێت نووسه‌رێكی وه‌كو فه‌واز حوسێن له كوردستان بناسێندرێت.
ئه‌و ده‌ڵێت دوو جار چوومه‌ته كوردستان، به تایبه‌تی بۆ فێستیڤاڵی ئه‌ده‌بی گه‌لاوێژ. هه‌روه‌ها چوومه‌ته شاری ئامه‌د بۆ پێشانگای كتێب. ئێستایش بڕیاره رۆمانی “رووبار” بكرێت به كوردی – “سۆرانی” و ده‌زگای ئاراس چاپی بكات. من سپاسی هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه ده‌كه‌م. هه‌ڵبه‌ته من په‌رۆشی ناوی خۆم نیم. به‌ڵام حه‌یفه نووسه‌رێكی كورد له لایه‌ن میلله‌ته‌كه‌یه‌وه نه‌ناسرێت. ئه‌مه بۆ نووسه‌رانی گه‌لانی تریش هه‌ر وه‌هایه.