فۆبیای سیاسیی و فۆبۆفۆبیا لە لیستی گۆڕان
ماوەیەکە چەندین دەرچە بۆ تەقینەوەی ئەو هەموو بێزاریی و بێدادییەی کە خەڵکی کوردستان 18 ساڵە پیشی پێ دەخواتەوە لە دەسەڵاتی سیاسیی و سەرکردایەتییەکەی پەیدابووە. کە دیارترین ئەو دەرچانە خۆی لە لیستی گۆڕاندا دەبینێتەوە. وێرای ئەوەی زۆرترین ژمارە لە رۆشنبیران و ئەکادیمستان و ئازادییخوازان و لاوان و ژنان لە گەڵ ئەم لیستەدا بەجۆرێک لەجۆرەکان نزیکایەتییان هەیە، یاخود پاڵپشتیی دەکەن، لەهەمانکاتیشدا هەندێ کەس لە دیدی جیاوازەوە زۆر ئایدیۆفۆبیایانە Ideophobia( ترس لە ئایدیا) و پۆلیتیکۆفۆبیایانە Politicophobia ( فۆبیای سیاسیی )، بە دیدێکی زۆر ئایدیۆلۆژییانەو شەخسییانە رەخنە لە لیستی گۆڕان و نەوشیروان دەگرن.
کاتەگۆریی رەخنەگرەکان دەکرێ بەمشێویە پۆلێن بکرێن:
1. نووسەران و کەسانی نزیک لەدەسەڵاتی سیاسیی
2. ئەو نووسەر و کەسایەتییانەی بەڕەهایی و ئەفسانەیی خۆیان بە سەربەخۆ ئەژمارد دەکەن
3. هەندێ چەپی جۆراوجۆری سەرگەردان
4. کۆمۆنیستە کرێکاریی و شیوعییە دێرینەکان
بەدڵنیاییەوە، لە کۆمەڵگەیەکی رۆژهەڵاتییداو لە کوردستانێکی داهێزراودا ، سیاسیی پاک و ئایدیال و تەواوکەماڵ نەک هەرنییە، بەڵکوو بیرکردنەوەش لێی خۆشخەیاڵییە! منیش بڕوام وایە کە نەوشیروان مستەفا، بەشداربووە لە زۆرێک لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و سەرکوتکردنی نەیارەکانی خۆی و حیزبەکەیدا، سەرکردەیەکی میلیشیایی و جەنگاوەرێکی شاخ بووە، بەڵام هەموو ئەمانە لەلایەک دابنێین، ئەگەر دەست بۆ دادپەروهریی بەرین، بەشێوەیەکی زۆر شاعیرانەش وەک عەدالەتەکەی ناو شاری مۆسیقارە سپییەکان، عەدالەت بسەپێنین، خۆ کەس دەرناچێ! و عەدالەت ملی هەموومان دەپەڕێنێ. خۆ زۆربەی سیاسییەکانی کوردستان بە درشت و بچووکیانەوە، سامیری بابلیین و دەستیان بەخوێنی نەک نەتەوەکانی تر، بەڵکو بە نەتەوە،بەتاک، بە مرۆڤ، بە منداڵ، بەژنی کورد سوورە.منیش رەخنەم لەنەوشیروان هەیە، دەبووایە لای کەم بەجورئەتەوە ددانی بەهەڵەکانی رابردووی خۆیدا بنایەو لەبەردەم گەلەکەیدا داوای لێبووردنی بکردایەو ویژدانی خۆی و مێژووی خۆی ئاسوودە بکردایە. بەنامەی تایبەتیش بۆم نووسی و داوام لێیکرد ئەگەر داوای لێبووردن لەهەندێ هەڵسوکەوتی میلیشیایی و سەرکوتی سیاسیی بکردایە، دەیانجار لە هەنووکە خۆشەویستتر و جەماوەرییتر دەبووەوە. بێگومان دەیان و سەدانی تریش پێشتر ئەو داوایەیان لێکردووە. بەڵام کە تا هەنووکە نەیکردووە، خۆ ناکرێ تۆ کەڕەتی سفری بکەیت و بیدەیتە بەر بوغزی مرۆڤێکی رۆژهەڵاتیی تەنگەچیکڵدانەو هەموو شتێکی باشی ئەو کوێر بکەیتەوە.
سەفەر ومامەڵە سەنگی مەحەکە، ئەمە پەندێکی کۆنەو بۆ سیاسەتیش بەوردیی دەیخوات. لە نموونەی رەتکردنەوەی دەستوردا، زۆرترین و و پانوپۆڕترین چین و توێژە جیاجیاکانی کوردستان داوای رەتکردنەوەی ئەم دەستورە دیکتاتۆریی و حیزبییە دەکەنەوە. دیکتاتۆریی بەو واتایەی، هەرێمی کوردستان سەرۆکی نابێ، بەڵکوو دیکتاتۆرێک بەدەسەڵاتێکی رەهاوە حوکم دەکات. ئیتر ئەم رەتکردنەوەیە کەی پێوەندیی بەوەوە هەیە کە نەوشیروان لەپشتییەوە وەستاوە؟ هەندێ نووسەرو ئەکادیمیست و کەسایەتیی بە ئەنقەست بێدەنگیی هەڵدەبژێرن، یاخود بەجۆرێک لەجۆرەکان پاکانە بۆ دەستوری دوو حیزبەکە دەهێننەوە، کە لەدڵیشەوە پێیانخۆش نییەو بەدەستورێکی خراپی دەزانن. بەڵام دژایەتی ئەو کەمپەینی رەتکردنەوەی دەستورە دەکەن، تەنها و تەنها لەبەر ئەوەی پێیانوایە نەوشیروان پەرچەمی رەتکردنەوەی دەستوری هەڵگرتووە. ئەمە نە دەکاتە سیاسەت و نەرۆشنبیریی و نە کەسایەتیی سەربەخۆ دەگەیەنێت، بەڵکوو فۆبیا لەنەوشیروان دەگەیەنێ. رقێکی رۆژهەڵاتیی، بوغزێکی کوێر، دەروونێکی ژاکاو دەیهەژێنێ و ناتوانێ رابردوو کەمێک کاڵبکاتەوە داهاتوو ببینێی.
جەماوەرێکی بەرین لە گەرمیان و سلێمانیی و هەولێر و ناوچەکانیان تا سەر لووت لەدەسەڵات پربوونە، تەنانەت لە بادینانیش کە پارتیی وەک تاپۆ قۆرغی کردووە، ناڕەزایی پەیدا بووە، ئەم هەموو شەپۆلە جەماوەرییە ئومێدێکی زۆریان بەلیستی گۆڕان هەیە، نەک لەبەرئەوەی لیستی گۆڕان و خودی نەوشیروان فریادڕەسن، بەڵکوو ئۆڵتێرنەتیڤێکی تریان نییە. ئۆپۆزیسیۆن لەکوردستاندا بەدەست بێ ئۆڵتێرنەتیڤییەوە ماوەیەکی زۆرە دەناڵێنێ. هەنووکە دەرچەیەک پەیدابووە بەناوی لیستی گۆڕانەوە. ئاخر هۆی چییە، ئەوەندە لیستی گۆڕان لەلایەن ئەو کاتەگۆرییە رەخنەگرانەوە، دەکوترێتەوە؟ کەچیی بۆ لیستی پارتیی و یەکێتیی، کە کوردستانیان داغان کرد، کوردستانیان کرد بە موڵکی دوو بنەماڵە، شتێکی ئەوتۆ ناڵێن!
هەندێ چەپی لاکەوتەو دابڕاو لە کۆمەڵگەی کوردیی، لەگەڵ کۆمۆنیستە کرێکارییەکان و چەند کەسایەتییەک لە شیوعییە دێرینەکان، کە لەهەموو مەعریفەیەکی سیاسیی و کولتووریی بەدوورن، بەیەقینەوە ژمارەیان لەکوردستان و لەتاراوگەش لەچەند سەد کەسێک تێپەڕ ناکات، کەوتوونەتە کەمپەینکردن بۆ بایکۆتی هەڵبژاردن و لە پارتیی و یەکێتیی خراپتر بۆ سەر لیستی گۆڕان هێرشدەکەن. ئەم جۆرە کۆمۆنیست و شیوعیی و چەپانە کە خۆیان بە پێشکەوتووخواز دەزانن، لەڕاستییشدا وەک ئیسلامی سیاسیی، دژی ئازادیی و دێمۆکراسیی و مافی مرۆڤن، هێشتا لە دۆکترینی ستالینیزم و ترۆتسکیزم و ماویزم، خۆیان نەتەکاندووە، هێشتا لەخەونی داگرتنی بۆرژوازیی لەدەسەڵات خەبەریان نەبووەتەوە. هێشتا دەف و شمشێر بۆ فانتەسیی "شۆڕشی کرێکاریی" رادەوەشێنن. کە گومانی تێدانییە، بایکۆتەکەیان جگە لەوەی لەخۆیان رانابینن، هیچیتر نییە. ئەوان ئێرەییان بەوە دێت، چەندین ساڵە دروشمی بەتاڵ دەنووسنەوە، چوار کەس لەدەوریان کۆنەبووەوە، هەنووکە چاویان بەرایی نادات، جەماوەری کوردستان داوای گۆڕان دەکەن و ئەوان هیچکارەن. ئاخر بایکۆتکردن، گەورەترین قازانج بەدوو حیزبەکە دەگەیەنێ! و مەودای ساختەکاریی بۆ ئەوان زۆرتر دەکات.
فۆبیا لەنەوشیروان و لیستی گۆڕان، فۆبیایەکی زۆر مێنتاڵ عەشایەرییە، ئەمە نیۆفۆبیایە neophobia و ترسیان لەوە هەیە کە ئەم لیستە گۆڕانی نوێ دەهێنێتە ئاراوە. لە باری سایکۆلۆژییەوە رێگە بەخۆیان نادەن و چاویان بەرایی نادات، لیستی گۆڕان ئەو مەیدانە پڕبکاتەوەو لای کەم ببێ بە ئۆپۆزیسیۆنێکی سەرکێش و چەقاوەسوو، پەنجە بەچاوی دەسەڵاتی سیاسییدا بکات. بەکورتیی دەکرێ بڵێین ترسی ئەو نووسەرو رۆشنبیرو کەسایەتییانە لە نەوشیروان ، ترسێکە لە کینەو بوغزدا قەتماغەی کردووە بە بیستنی ناوی نەوشیروان ئازارەکانیان دەکولێتەوە. ئەم ترسەش لەناوی نەوشیروان بە ناماتافۆبیا Namatophobia یاخود بەکوردیی، فۆبیا لە"ناو" پێناسە دەکرێ. ئەم ناماتافۆبیایە کاتێ گەورەتر و قەبەتر نیشاندەدرێ و خۆیان بەبچووکیی و دابڕاو دەبیننەوە لە فۆبیای ئاوەکییدا ئایسۆڵۆفۆبیا Isolophobia) ) خۆیان دەبیننەوە، بەم پێودانگەش کۆمۆنیستە کرێکارییەکان، شیوعییە دێرینەکان و نووسەرانی سەربەدەسەڵات ، پێیان دەگوترێ فۆبۆفۆبیا Phobophobia یان بەرامبەر نەوشیروان و لیستی گۆڕان هەیە.
ئهم وتاره له ئاوێنهی ژماره 180 دا بڵاوبووهتهوه.