Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
فۆرمى تر …نەوزاد بەندى

فۆرمى تر …نەوزاد بەندى

Closed

 

 

 

 

-1-

 

تەواو 

کەس تاقەتى خوێندنەوەى نەماوە ..

مەگەر شیعرەکانمان لەگەڵ سەمون ..

دەرخواردى خەڵک بەین ..

لەگەڵ دایبى ..

لەگەڵ خەڵوز ..

لەگەڵ توت فەڕەنگى ،

شیعرەکانمان سەرف کەین ..

( بڕۆ .. ماڵەکان بگەڕێ :

هەموو شتێکى تیایە ،

بێجگە لە کتێب ..

دەنگى هەموو شتێک دێ ،

تەنها شیعر ،

بە پلاستەر 

دەمى شەتەک دراوە )

 

-2-

ئەمە چیە ئەم لەش ساغیە ؟

بۆچى جارێکى تر نەخۆش نەکەوتیتەوە ؟

سەرمایەک لێى نەداى ؟

خواردنێکى ئێکسپایەر ..

دوکەڵى ساڵنسەى لۆرییەک ..

ئەنفلۆنزایەک ، پێى نەوێراى ؟

تاکو جارێکى تر ،

وەکو شەونم

لە دەرگاى کلینیکەکەم بێیتە ژوور .. !

 

-3-

کورسى سەرکردەکان ،

بەروارى ئێکسپایەریان لەسەر نییە ..

چونکە دار گوێز و

دار بەڕوو ،

ئێکسپایەر نابن ..

وەزیرى کشت و کاڵ ئەڵێ چى ؟؟

 

-4-

جاران یەک جۆر شیر هەبوو ،

شیرى مەڕە زەردە ..

ئێستا جۆرەها شیر هەیە ،

شیر بە تامى شۆکۆلاتە

شیر بە تامى ستراوبێرى

شیر بە تامى مۆز 

شیر بە تامى ئەناناس ..

ئێت سێترال …(هىتاکو دوایى … )

هەروەها جاران یەک جۆر دیکتاتۆر هەبوو ،

دیکتاتۆرى تاکڕەو تا مردن ..

ئێستا جۆرەها دیکتاتۆر هەیە ،

دیکتاتۆر بە تامى دیموکراسى

دیکتاتۆر بە تامى شیعر

دیکتاتۆر بە تامى برایەتى

دیکتاتۆر بە تامى نەتەوایەتى

دیکتاتۆر بە تامى مافى مرۆڤ

دیکتاتۆر بە تامى سۆشیال دیموکراتى ..

دیکتاتۆر بە تامى هونەریى

دیکتاتۆر بە تامى ڕۆمانسى ..

( پێشنیاز ئەکەم ،

بەشێکى نوێ بخرێتە کۆلێژى زانستە مرۆڤایەتییەکانەوە ،

بە ناوى : جۆرەکانى دیکتاتۆر …لە ئێف شانزەوە هەتاکو

ت ر ا ک ت ۆ ر  )

 

-5-

لە وڵاتێکدا ،

پۆلیس نەما ،

خوێندنەوەى ئایەتولکورسى زیاد ئەکا ..

کە دادپەروەریى کۆمەڵایەتى کوژرا ،

خوێندنەوەى سورەتى ئیخلاس و

سورەتى فەلەق و

سورەتى ناس … زیاد ئەکەن ..

کە چەپڵە زیادى کرد ،

سواڵکەر زیاد ئەکا ..

( وڵات هونەرێکى گەورەیە ،

هونەرمەندێکى گەورەى ئەوێ ،

بتوانێ بیخاتە چوارچێوەیەکى شیاو ..

ئەگینا 

ئەبێ 

بە چڵکاو .. )

 

-6-

خۆشم ئەوێى ..

دواى ئەوەى هەموو ئەندامەکانم ،

پیریى

ئەلغامى تیا ناشت ..

حەزیش ناکەمەوە یادت کەمەوە ..

پەست ئەبمن بە یادگارى و

مێژوو  و

یاداشت ..

 

-7-

بەیانیان ،

وەکو باڵندەیەکى تەمەڵ ،

خۆم لە ماڵ ڕاو ئەنێم ،

بۆ سەر کار ..

ئێواران وەک سوپایەکى شکاو ،

ڕائەکەمەوە بۆ ماڵەوە ..

 

-8-

جاران دنیایەکى جوانم شک ئەبرد ..

نازانم ونم کرد

یان لێیان دزیم ..

 

-9-

دڵنیا نیم ..

 

-10-

سەفەر و زەنگى مەکتەب ،

دوو وشەن 

کە زۆرترین ترس و

خۆشى و

دڵەڕاوکێ و

خەونى ڕەنگاو ڕەنگ و

سیحر و

دڵە خورپە و

ئازار و

هیوا و

نائومێدیان تیا دروستکردووم ..

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.