Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
فۆرمەڵە بوونی فەزای كراوە لە نێو فەزای داخراودا …

فۆرمەڵە بوونی فەزای كراوە لە نێو فەزای داخراودا …

Closed

 (مۆسیقای مەرگی ناوەختە) رۆمانێكی برای نووسەر (سه‌ڵاح جلال) ەو لەساڵی  (1997) دا لە چاپدراوە،ئیمە لێرەدا ناتوانین لەسەر تەواوی جەستەی دەقەكە بدوێین و پەی بە هەموو روانین و مەوداكانی نێو دەقەكە ببەین ،بەڵكو تەنها تەنها لەسەر (فەزای كراوەو داخراو ) ی رۆمانەكە دەوەستین ،كە ئەمەش هێشتا فەزای گشتی ناگەیەنێت ، چونكە ناتوانرێت لە لێكۆڵینەوەیەكدا هەموو بەشەكانی رۆمانێك بەسەر بكرێتەوە ، هەروەك (تۆدۆرۆف) دەڵێت : هەر هەوڵدانێك بۆ چنگ خستنی روانینێكی گشتگیرو سەراپا ،ئەوا دەتوانم بڵێم بریارێكی فریودەرانەمان داوە.
  زاراوەی فەزا وەك زاراوەیەكی رەخنە سازی مێژووی سەر هەڵدانی نوێیەو لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە گرنگی پێَدرا،چونكە پێشتر رەخنەگران زیاتر گرنگیان بە لایەنەكانی دیكەی وەك (ئایدۆلۆژی دەق و كات و شوێن و پەیڤین و رووداوو…هتد) داوە ،بەڵام دواتر ئەم لایەنە وەك لایەنێكی دیكەی هونەری دەق سەربەخۆیی وەرگرت و جیاكرایەوە ..دەتوانین ئاماژە بەوە بدەین كە دوای جەنگی جیهانی دووەم گرنگییەكی وا بەم زاراوەیە درا كە پێشتر ئەو گرنگییەی پێ نەدرابوو ،كە ئەویش لەسەر دەستی چەند رەخنە گرێكی ،وەك توێژەرەوەی رووسی (یۆری لۆتمان –lotman louri) و توێژەرەوەی ئەڵمانی (روبێر پیتچ –r.petsch) و (هیرمان مییر –h.meyer) سەری هەڵدا ، پاشان توێژەرەوە فەرەنسیەكانیش لە شەستەكان و حەفتا كاندا بایەخیان بە فەزا دا ، كە بریتی بوون لە (جۆرج پولی- جلبیر دوران دولان بود نوف ) و لە دوایشدا (هنری میتیران ) پەی بە تیۆری مەعریفی ئەم بابەتە دا ،بەتایبەتی لەكتێبی (گوتاری رۆمان ) دا كە لە ساڵی (1980) چاپكراوە، پاشان دەتوانین بڵێین كتێبی (جمالیات المكان )ی  ( گاستۆن باشلار ) لە كتێبە هەرە باشەكانە ،بە تەواوی پەرەی بە فەزا دابێت..فەزا رەگەزێكی گرنگە وەك رەگەزەكانی دیكەی دەق ،كە بە تەنیشت كەسایەتی و كات و شوێن و بیرۆكەو رووداوەوە رێ دەكات و بناغەی ئیستاتیكای دەقی نوێ یە ..ئەم زاراوەیە بە پێی بیرو و رای جیاوازی لێكۆلەرەوەكان چەندین پێناسەی لە خۆ گرتووە ،( جۆرج سانتینای ) ی فەیلەسوفی ئیسپانی دەڵێت : (فەزا دیاردەیەكی ئەزەلییە ،لە گەڵ مرۆڤدا درووست بووە ، تاكو بواری فراوان بۆ رامان و مەلە كردنی بیروو خەیاڵ بڕەخسێنێ بۆ كەم كردنەوەی كەم و كوری بینراو و بیستراو ،یان بیرو بۆچون و داهێنانەكان -7/4 )،
 هەر بۆیە فەزا پنتی هەم ئاهەنگی و رێكخستنی پەیوەندی نێوان چوار چێوەی رووداو كەسایەتی و شوێن و شتەكانە ،كە دەتوانێن چێژ بە دەق ببەخشێت ، هەروەك ( یۆری لۆتمان )ی توێژەرەوەی رووسی دەڵێت : (فەزای دەق كۆمەڵێك شتی هاورەگەزی دیاردە و كارووبار و شێوە گۆراوەكانە ، كە هەڵدەستێ بە رێكخستنی پەیوەندییەكان لە شوێنێكی گونجاوودا ، وەك ماوە و پەیوەندی -4/11 ).
     كەواتە فەزا تانوپۆی گوتاری ئەدەبی پێكدەهێنێ  رۆڵێكی كاریگەر دەبینێ لە ئیستاتیكاو دەرخستنی شێوازی تایبەتمەندی هەر نووسەرێك ، هەر بۆیە ( شێوەی گێرانەوە ،تێهەڵكێشكردنی دەق و بیروو رای نووسەر لە مەڕ رووداو –ئاستەنگ – گەردوون – كەسەكان ، ئەمانە بەشێكن لە فەزای رۆمانی نوێ -6/48 )..
 لێرەشەوە رۆژ بە رۆژ ئەم زاراوەیە بە نێو قوڵایی دەقدا شۆڕ بۆتەوە ،كە بەمەش خۆی لە قاڵب و چوار چێوە تەسكەكاندا قوتار كردوو بە دابەش بوونی بەسەر چەند لایەنێكی دەقدا ،توانی كۆنترۆڵی تەواوی دەق بكات و چەند جۆرێك لە فەزا سەر هەڵبدات ، وەك ( فەزای دەق – فەزای دەلالی –فەزای جوگرافی –فەزای سایكۆلۆژی و…هتد )، كەواتە فەزای جوگرافی یان فەزای شوێن ، یەكێكە لە پێكهاتەكانی فەزا ،كە لە شوێنێكی دیاریكراودا هەموو پەیوەندییەكان بە شێوەیەكی گونجاو بەرجەستە دەكات ..دواتر قوتابخانەی نوێی ئەڵمانی دوو جۆر لە شوێنی دژ بە یەكی دەستنیشانكرد ، كە یەكەمیان پێی دەوترێت فەزا (lokal)، كەبەماناى شوێنێكى ئامادەكراویان دیارى كراو دێت و دووەمیان بەپانتایى (Raum) ناودەبرێت ، كەلەدەلالەتى رووداوو هەستى كەسەكانەوە سەرچاوەى گرتووە ، لێرەشەوە دەكرێت ئاماژە بەپانتایى گەورە بەماناى فراوانى پانتایى روانینى مرۆڤ دێت ، كەلەرامان لەبەردەم شتەكانەوە سەرچاوە دەگرێت ، كەبەمەش خۆى هەندێك سنوورو چوارچێوە قوتار دەكات ، تاكو مانایەكى كراوە لەنێو خۆیدا ئاوێتە بكات ، وەك پانتایى (شار ، كۆمەڵگە ، شۆڕش ، سروشت و ، …هتد) . بەڵام پانتایى داخراو یان پانتایى بچوك بەماناى روانین لەشۆڕشێكى بچوكى سنور داردێت ، كەتیایدا دەتوانرێت تارادەیەك دەست بەسەر ئەدگارە دەوروبەرەكەیدا بگیرێت ، ئەگەر چى مانایەكى قوڵیشى لەنێو خۆیدا حەشار دابێت .. وەك پانتایى (خانوو، گۆڕەپان، باخچە ، گۆڕستان ، قوتابخانە و ..هتد)، مەرج نییە ئەو شوێنەلە رووى ئەندازەییەوە لەساپیتەیەكى داخراودابێت ، بەڵكو چەمكى تایبەتمەندى دیارى كراوى ئەو شوێنە داخراوە ، سەڕەڕاى ئەوەش دەبێت ئاگادارى ئەوە بین كەناكرێت لێرەدا پانتایى لەبەرامبەر شوێندا ڕابگرین ، چونكە شوێن خۆى یەكێكە لەپێكهاتەكانى پانتایى و هەموو جوڵەو خەیاڵ و كەساییەتەكان تیایدا ئاوێتە دەبن هەروەك (گاستۆن باشلار ) دەڵێت:
  (ئەوشوێنەى كەخەیاڵ كێش دەكات بۆلاى خۆى ، ناكرێت تەنها وەك خاوەن دووریەكى ئەندازەیى فەرامۆش كراو بمێنێتەوە چونكە شوێنێكە مرۆڤ تێدا ژیاوە ، نەك بە شێوەیەكى بابەتیانە ، بەڵكو بەهەموو ئەو لایەنگیریەشەوە كەلە خەیاڵیدایەو ئێمەبەلایدادەچین ، چونكە بوون لەسنورێكدا كۆ دەكاتەوە كە بەرگرى ئامێزە -4/16).
 هەربۆیە نازانرێت بەشێوەیەیكى ئەبستراكت لەشوێن بڕوانێت ، بەڵكو ئەوشوێنە لەپاڵ بوونى ئەندازەیدا ، هەڵگرى كۆمەڵێك ئایدیاو خەیاڵە و ئاسۆى بیروڕاى كەسایەتییەكان ئاراستەدەكات .
 لەسۆنگەى ئەو دەلاقەیەوە دەتوانین رۆمانى (مۆسیقاى مەرگى ناوەختەى (ێلاح جلال) بەسەر دو پانتایى جیاوازدا دابەش بكەین لەسەر پەیوەندى ئەو دوو فەزایە جودایە رابوەستین كەئەویش پانتایى كراوەو پانتایى داخراوە .. دەبینین پانتایى داخراو لەرۆمانەكەدا (گۆڕستان) ە ، كەوەك چەمكێكى جوداو سنورێكى دیارى كراو بۆتە شوێنى سەرەكى دەقەكەوە تیایدا كاراكتەرە سەرەكیەكانى نێو رۆمانەكە پەیڤین و جوڵەو خەون و بیررەوەرییەكانى تێدا بەرجەستە دەكەن  كەدەكرێت بپرسین : بۆگۆڕستان ..؟ رەنگە هەڵبژاردنى گۆڕستان بۆ شوێنى سەرەكى رۆمانەكە ، لەو مەدلوولەوە سەرچاوەى گرتبىَ كەكوَمەڵگەى كوردى لە سروشتەوە سانا ئیس پەرستەو هەمیشە حەز بە یادەوەرییە تراژیدییەكان و بیرهێنانەوەی كارەساتە غەمگینەكان دەكات و عەیامێكە ئیس برسی لە پەراوێز ناوە ، كە ئەمەش لە رووی سیوسێو رۆشنبیرییەوە پەی بردنە بەو بنەمایەی كە كۆمەڵگەی كوردی لەسەر گوزەر دەكات ..یان دەتوانین گۆرستان بدەینە پاڵ چەمكی مردن ، كە وەك گۆشەگیرییەك هەموو پرسیارە فەلسەفەییەكانی بوون و نەبوونی تێدا بەرجەستە كردووە .. لێرەشەوە (گۆرستان ) كە بەشێكە لە شار ، وەك بێنرخی ژیان و چارەنووسی ئادەمیزاد كراوەتە شانۆی رۆمانەكە ،دەكرێت بپرسین لەپانتایى یەكى ئاوها داخراودا ، كە بانگەشەى مەدلوولى مردن رابگەیەنێت چۆن لەبەردەم لەدەرەوەى خۆیدا سنوورى واڵا دەبێت ، بەچ شێوەیەك پەیوەندى بە ژیانەوە دەكات و پانتایى كراوەى تیا بەرجەستە دەبێت ..؟! وەك ئاماژەمان پێدا چەمكى مردن دراوەتە پاڵ كەسایەتیە سەرەكیەكانى نێو رۆمانەكە ، بەڵام مردنى (شاڵ سەوز و شاڵ سپى ) لەپێش زەمەنى رۆمانەكە تەنها مردنێكى فیزیكییەو هەەر لاشەیان فڕىَ دراوەتە گۆڕستانەكەوە، چونكە بە رۆح ئاگادارى ژیانن و لەگەڵ رووداوەكاندا بیرەوەرییەكانیان ئاوێتە دەكەن و لەگۆڕانكاریەكانیش دەڕوانن و بگرە چاودێریشى دەكەن ، تاكو بزانن چ گۆڕانكاریەك بەسەر ژیاندا هاتووە ، وەك ئەوەى (شاڵ سەوز) لەگۆڕستانەكەوە دێتە دەرەوە شار بەسەر دەكاتەوە ..
  ( سەیرى شارەكەى كرد چاوى تاریك و روون بوو ئاسمان و شەقام و كۆڵان و شۆستەى بەسەر كردەوە دووكەڵ و بوخارى سەر شارەكەى بینى هۆڕنى ئۆتۆمبیلەكان و دەنگى كارگەو زەنگ و هێزە كارەباییەكان قیژەو هاوار ئەمە تەزوویەكى سەیرى پىَ بەخشى بروسكەیەك بەسەر جەستەیداهات خێرا لەجێگەى خۆیەوە راست بوەوە بەپەلە چوو بۆلاى زێوانەكە شەڕواڵێكى لىَ سەندو بەسەر دەرپىَ و كراسەكەیدا هەڵى كێشاو بەرەو شار فڕى ل63.
  لێرەشەوە دەردەكەوێت (شاڵ سەوزوشاڵ سپى ) لەرووى جەستەوە لە واقیع هەڵاتوون ، چونكە بەقێزەون دەیدەنەقەڵەم و دڵپاكى و بىَ گوناهى ئەوان وایكردووە كەشوێنیان لەو ساتەداو لەو فەزا پڕ ئاشووبەدا نەبێتەوەو ، هەر بۆیە راكردن لەو دەوروبەرە (گۆڕستانى كردۆتە ئەلتەرناتیڤ ، بۆ پڕكردنەوەى ئەو بۆشاییەى كە لەئاكامى ناكردەیى ئەوانەوە لەو ساتەدا بەرامبەر واقیع سەرچاوەى گرتووە ، كە بەمانەوەیان لەنێو گۆڕستاندا تا رادەیێك لە دەست ئەوانەى دى قوتاریان دەبێت.. گۆڕستانیش كە وێنەى (گۆڕو خۆڵ و كێل و كفن وزێوان و …) مان بەخەیاڵدا دێنىَ ، دەتوانین وەك داڵێك لەبەرامبەر مەدلوولى مردندا راى بگرین ، كەئەمەش هێڵێك بۆ پەرش و بڵاوى رامان و روانینمان دەكێشىَ و سنوورێك دەبەخشێتە دەلالەتەكان ، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ئاگادارى ئەوەبین كە هەرچەندە گۆرستان وەك سنوورێكى داخراو دێتە بەرچاو ، بەڵام هەڵگرى مانایەكى قووڵەو ، ناكرێت لەرووى ماناوە لە سنورێكى داخراو لێى بڕوانین ، هەروەك (باشڵار) دەڵێت :
 (ژوور كەفەزایەكى داخراوە ، ناكرێت وەك دیاردەیەكى فینۆمینۆلۆژى تەماشا بكرێت ، بەڵكو ژوور بەشێكە لەو ماڵەى كەتیایدا دەژین ، كەدنیاى ئێمە پێك بهێنىَ و گەوهەرى بوونمانە-2/61).
 بەڵام ئێمە لێرەدا بەلەبەرچاو گرتنى ئەو مانا قوڵەش ، دەتوانین لەرووى سنوورو روانینمانەوە گۆڕستان وەك فەزایەكى داخراو ئاماژە پێبدەین ، ئەگەر چى ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كەلێرەدا (گۆڕستان ) بەشێوەیەكى ئەبستراكت خرابێتە روو ، بەڵكوو بەهۆى بەڕێوەچوونى كات و شوێن گوێزانەوەى رووداوەكانى دەرەوەو ئاوێتەبوونیان لەنێو گۆڕستانەكە مەودایەكى فراوان و مانایەكى قووڵترى بە رۆمانەكە بەخشیوە ، هەر بۆیە ئێمە لێرەدا بەمەبەستى جیاكردنەوە و كۆنترۆڵكردنى ئەندازەیى ، سنوورێكیان بۆ كێشاوە .. دەبینین (شاڵ سەوز وشاڵ سپى ) لەواقیع هەڵهاتوون و خۆیان لەنێو گۆڕستانێكدا گۆشەگیر كردووە ، كەواقیع لێرەدا هەڵگرى پانتایى یەكى كراوەیەو گۆڕستانیش وەك شوێنى هەنووكەیى نیشتەجىَ بوونیان پانتایى یەكى داخراوە ، بەم هەڵمەتانەش ئەوان لەپانتایى یەكى كراوەوە دەگوێزرێنەوە بۆ نێو پانتایى یەكى داخراو ، لەگەڵ هەڵاتنى (شاڵ سەوزوشاڵ سپى ) شدا دەتوانین ئاماژە بەوەبدەین كەتەوەرەى سەرەكى رۆمانەكە ئافەرۆسكردنى ژیانە لەو ساتەدا لەبەرامبەریشدا پاساو هێنانەوە رەوادانە بەمردن وەك ئەلتەرناتیڤێك بۆ ژیان ئەوەتا شاڵ سەوز دەڵێت :
 * تازە باس لە ژیان مەكە بۆتە خوانى بەردەوامى سۆزانییەك كەوتۆتە نێو قەپاڵى دڕندەوە تەواوى مرۆڤ بەپیسى لەدایك دەبن ، ئەگەر ئەم بەرگەمان نەپۆشى یایە وەكو ئەوانەمان لىَ دەهات من بریارێكەو داومە ، تێكەڵاوى مرۆڤ ناكەم…ل17).
 لێرەشەوە شاڵ سەوز پێمان دەڵێت :
 *تازە ژیان هەموو بەهاكانى خۆى لەدەستداوە و بەهۆى ئاكارە دزێوەكانى زیندووەكانەوە ، هەموو مرۆڤایەتى رووبەرووى مەترسى دەبێتەوەو ئەوان هەموو شتێكیان ناشرین كردووە و كەوتوونەتە كاولكردنى جیهان و بەتەواوى ناسنامەى راستەقینەى ژیانیان سڕیوەتەوە هەر بۆیە لەوساتەوە ژیان بىَ نرخ ماوەتەوەو لەرۆحى راستەقینەى خۆى رەتكرایەوە ،
 لەبەر ئەوە شاڵ سەوزو شاڵ سپى بەهۆى ناشرین كردنى ژیان لەلایەن زیندووەكانەوە ، ئەمانیش بەتەواوى لەگەڵ ئافەرۆسكردنى ژیاندا، خۆیان لەدەستى مرۆڤە زیندووەكان قوتار كردووە ، كەواتە بەهۆى سڕینەوەى ماهییەتى ژیان و بەرهەند وەرنەگرتنى لەلایەن ئەوانەى تیایدا دەژین ، جارێكى دى ژیان لە خەرەندى چەمكى راستەقینەى خۆیەوە بەرەو چاڵى مردن رۆدەچێت و دەبێتە بەشێكیش لەو، بەواتایەكى دى كاتێك داینەمۆى ئەدگارەكانى ژیان بەقێزەوەن وەردەگیرێت و بىَ نرخ تەماشاى دەكرێت ، ئەوا ژیان و لەو ساتەدا بىَ رۆح دەمێنێتەوەو لاشە ساردو سڕەكەى دەبێتە چوارچێوەیەكى وەستاو ، هەر بۆیە ژیان بەهاى خۆى لەدەست دەداو چیتر ناتوانێت بەپاكى بەڕێوەچوونى خۆى فەراهەم بكات ، چونكە وەك خوانى بەردەم سۆزانییەك و چڕینى قەپاڵى دڕندەیەك بەردەوامى بە مانەوەى خۆى دەدات و تازە ناتوانێت بەبىَ گەردى بگوێزرێت.. شاڵ سەوز لەهەموو چاودێرییەك سەردانێكى ژیاندا ناگاتە ئەوەى كە بڕوا بە گۆڕانى ژیان بێنێت و جارێكى تر بەتەواوى بگەڕێتەوە نێو ژیان ، بەوەى كەلە ڕۆژنامەكەدا هاتووە (كفن پۆش لەرزى لەتاوا قریشكەیەكى كرد میمكە گیانى  كەوتە لەرزین هەستى كرد خولە خۆى بوو ، ویستى پشتێنەكەى بگرێت ئەو ڕۆیشت و ئەمیش كەوتە گریان و چاوى تىَ برى و بە تیژى دەكشا لە جوڵانەوەى قاچەكانییەوە مۆسمیقاى بۆ مەرگە شاراوەكان ، لێرەدا هەتا ناو گۆرستانەكە وەستایەوە بە هاوارەوە خۆى خستە گۆرەكەى ژانەكانى لەناو خۆڵەكەدا نوقم كرد …ل65) ،
  هەرچەندە بەم گۆشەگیریەى شاڵ سەوزەدا دەردەكەوێت كەهیچ تروسكەیەك ئومێدى بۆ بەرەو باش بوون و دڵنیایى لەنێو ژیاندا لەلا نەماوەو هەموو ژیان بە بەشێك لەمردنێكى رووت ناوزەد دەكات :
  ( شەوانى زستان و باران نەدەچوونەوە ناو گۆڕەوە تەهلیلەیان دەخوێند ئەم ژیانەیان جیاواز بوو لەرۆژ بەسەربردنى ئەشكەوتەكاندا ئەو ساڵانەیان بەشێك بوو لە مردنێكى رووت …..ل73) ،
  بەڵام لە رۆمانەكەدا بەهیچ شێوەیەك ئومێدى بەرجەستەبوونى دڵنیایى و ئارامى بەردەوام لەنێو گۆڕستانەكەشدا فەراهەم نابێت ، بەڵكو گومان سەراپا پانتایى دەقەكەى دگیر دەكات ناتوانرێت ئارامى بەدەست بهێنرێت .. ئەگەر چى لەم رەواندنەشدا بەمردن جۆرێك لەهاوتایى و یەكسانى لەنێوان مردن و ژیاندا پێكدێت، لە رێگەى سەردانەكانى شاڵ سەوز و هاتنى زیندووەكان بۆ نێو گۆڕستان و بىَ ئارامى مردووەكان دواى هەڵاتن لەژیان و تاكو دەگاتە ئەوەى بەتەواوى مردوو وزیندووەكان ئاوێتە دەبن:
  (مردووەكان لەپێش چاوى زیندوو دەكرانەوە روانینى چنراوى تەرمى شێواو بوو بۆ هەر لایەك هەڵدەگەڕایەوە وەكو دەوار بەر چاویان دەگرت یەك یەك بە كفنێكی سپی یەوە دەردەپەرین و زیدووە كانیش بە پۆشاكە جوانە كانیانەوە دەخرانە گۆڕەكانەوە….ل 14 ) ،
  بەڵام بەهۆی نەمانی ماهییەتی ژیان و ناشتنی تەرمەكان و هەڵاتنی شاڵ سەوزو شاڵ سپی لە ژیان ، دەتوانین ئاماژە بەوە بدەین كە لە ژیانێكی كراوەدا پەلكێش كراوە بۆ نێو فەزایەكی داخراو ، واتە ژیان لە مەودایەكی فراوان و فەزایەكی كراوە دایە ،بە مەبەستی خاوێن بوونەوەو هەڵاتن لە هەموو ئەو ئاكارە دزێوانەی زیندووەكان هێنراوەتە نێو چوار چێوەی مردنەوە ،كە لێرەشەوە بە تەواوی ژیان دەگوێزرێتەوە بۆ نێو گۆرستانەكەو ئەمەش هەوڵێكی دیكەی بەرجەستە بوونی فەزای كراوەیە لە نێو فەزای داخراودا ،وەك لە هێڵكارییەكەدا بە تەواوی دەر دەكەوێت ، كە چۆن بەهۆی هەڵاتنی شاڵ سەوزو شاڵ سپی و نەمانی ماهییەتی ژیانەوە ، وەك دوو هێڵ فەزای كراوە لە نێو فەزای داخراودا فۆرمەڵە دەبێت …
                                                
 شاڵ سەوزو شاڵ سپى –هەڵاتن لەواقیع
                                               
 ژیان –بەهۆى نەمانى ماهییەتەوە
 
 مێژوو –لەڕێگەى بیرەوەرییەوە
 
 
 
 
 *بەرجەستەبوونى فەزای كراوە لە نێو فەزای داخراودا *
       سەرەرای ئەوەش دەبینین ( مێژوو ) وەك هێڵێكی سەرەكی نێو رۆمانەكە لە سەرجەمی دەقەكەدا بە بەردەوامی ئامادەبوونی تایبەتی خۆی هەیەو تان و پۆی رووداوەكان لە قۆناغێكی دیاریكراوو بەرجەستە دەكات ،بەڵام ئەو ماوە مێژووییەی كە لە دەقەكەدا بوونی هەیە بەشێوەی گێرانەوە نەخراوەتە روو ،بەڵكوو لە ئاكامی بیرهاتنەوەی رووداوەكان لە یادەوەرییەكانی شاڵ سەوزەوە سەرچاوەی گرتووە ،بەمەش زنجیرە كاتی رووداوەكان بە شێوەیەكی پچر پچر دەردەكەوێت ،لە بەر ئەوەی لەم رۆمانەدا گێرانەوەیەكی بەدوایەكدا هاتووی نە پچراوی نەكراوەتە ئامانج ، تاكو لەو سۆنگەیەوە حكایەتخوانێك كاتی رووداوەكانت بەپێی دیاریكردنی كاتەكان بۆ بچێنێت … لێرەشەوە دەتوانین ئاماژە بەوە بدەین كە هێڵی مێژوویی لەم رۆمانەدا یاسای (كڕنۆلۆژیا) ی تێك شكاندووە بەو پێیەی كڕنۆلۆژیای دەق (دابەشكردنی كاتی تەواوی مێژوویی رووداوەكان و رێكخستنی لە سەر زنجیرەیەكی بە دواییەكدا هاتووی زەمەنی -3/7 ) .
 دەكرێت لێرەدا بپرسین كە لادان لە كڕنۆلۆژیای دەقەكە لە بێ ئاگاییەوە سەرچاوەی گرتووە ،یان بە پێی مە بەست نەخشەی بۆ كێشراوە …؟!.
  وەك پێشتر ئاماژەمان پێدا گێڕانەوەیەكی بە دوا یەكدا هاتووی چەند رووداوێكی مێژوویی نەكراوەتە ئامانج  و گرنگی رۆمانەكەی لە سەر بوەستێت ،تاكوو جارێكی دی ئەو رووداوانەمان بە دوای یەكدا پێڕا بگەیەنرێت ، بەڵكوو ئەو بەر چاو خستنە لە ئاكامی یادەوەرییەكانی شاڵ سەوزەوە سەرچاوەی گرتووە ، كاتێك شاڵ سەوز مانەوەی گەیشتۆتە بن بەست ، گۆشە گیر بووەوە ئازارو ئەندێشەو خەمەكانی بە جۆرێكی وا تێكەڵ بوون و پەنگیان خواردۆتەوە لەوە دەرچووە كە سەر لە نوێ گێرانەوەی یەك بە دوای یەكدا رووداوەكانی ژیانی هەڵچونی دەروونی خامۆش بێت و بحەوێتەوە ،راستە شاڵ سەوز هیچ لە رووداوەكانی ژیانی بیر نەچۆتەوە و گۆرستانەكەش بواری وەبیر هێنانەوەی زیاتری یادەوەرییەكانی لەلا رەخساندووە ،هەروەك (باشلار ) دەڵێت :
  ( لە شوێنێكی داخراو دا پێویستە پارێزگاری بیرەوەرییەكان بكرێت -1/44 ) ،
 بەڵام شاڵ سەوز ناتوانێت ئەو هەموو برینە لە چاو تروكانێكدا بگەرێنێتەوە سەرەتاو ، دەزوولە تێك ئاڵاوەكانی خەیاڵی بە سانایی لە یەكدی جیابكاتەوە لەبەر ئەوەی بیستن و بینینی هەموو بەسەر هات و رووداوێكی هەنووكە ،برینێكی هاو شێوەی رابردووی بیر دەخاتەوە ، ئەو رابردووەی كە ئەم تەنها لە نێو ئازارو خوێن و گومان و نەبوونێكی بەردەوام دابوو، باس لە چ رووداوێكی خۆشی ژیانی بكات و ئاخی بۆ هەڵ كێشێت ؟ شاڵ سەوز رابردوویەكی ئەوەندە پرشنگداری نییە ، تاكوو بە تامە زرۆییەوە روداوەكانی ژیانی یەك لە دوای یەك بۆ شاڵ سپی بگێڕێتەوە ..! مرۆڤێك گۆڕستانی پێ باشتر بێت ، چۆن بە تامەزرۆییەوە رابردووی خۆی دەگێرێتەوە ، هەموو شتێكی رابردوو لە ئیستادا ماهییەتی خۆی لە دەست داوەو هیچ هەوڵێك نییە بە شەوقەوە لەسەر پێپلیكانەكاندا بۆ رابردوو هەنگاو بنێ ، وەك لە رۆمانەكەشدا هاتووە :
 ( سەرتاپای لەو خەونەدا هاتەوە بەر چاو كەل و شاخ و بنار و دەشت و دۆڵ و جۆگەو رۆژ هەڵات و رۆژ ئاواو باكوور و باشوور و جیهان و هێڵە كۆتاییەكان ببون بە خۆڵە سوورباوەكەی ژێر پێی ل 87 ) .
  هەرچەندە شەری بەر دەركی سەراو چەند راپەرین و شۆرشێكی دیكە خراونەتە روو ،بەڵام لە رێگەی تێكشكاندنی كڕنۆلۆژیای دەقەكەوە بەهۆی ئەو هۆكارانەی كە ئاماژەمان پێدا ، هونەرێكی نوێیان بە رۆمانەكەدا كردووە و دەتوانین بڵێین كە ئەم تێكشكاندنەش بە مەبەست بووەو هیچ شێوەیەك لە بێ ئاگاییەوە سەرچاوەی نەگرتووە ، هەر بۆیە (جێكات )لەم رۆمانەدا بە شێوەیەكی وا ئاوێتەكراوە ، كە خوێنەری ئاسایی وەك هەڵەی هونەری تێدەگات و ناتوانێت بە سانایی و كڕنۆلۆژیای دەقەكە مونتاژ بكات …! لێرەشەوە هەر چۆنێك بێت بە پچڕ پچڕییەكی هونەری رووداوە مێژووییەكان لە ڕێگەی یادەوەرییەكانی شاڵ سەوزەوە جارێكی دی لە نێو گۆرستانەدا دووبارە دەكرێتەوە ، بەمەش رووداوە مێژووییەكان كە هەڵقووڵاوی ژیان و پانتایى یەكى كراوەیە ، دەگوێزرێتەوە بەردەم یادەوەرییەكانى شاڵ سەوزو نێو گۆڕستانەكە ، كە فەزایەكى داخراوە ، كەئەمەش بەرجەستەبوونێكى دیكەى پانتایى كراوەیە لەنێو پانتایى داخراودا .. لەلایەكى دیكەوەو شان بەشانى خستنەڕووى چەند رووداوێكى مێژوویى بەم گەڕانەوەیە جارێكى دى لەساتى هەنووكەدا بەردەوام رابردوویەك بەرجەستە دەكرێت ،
 
 مۆسیقای…. مەرگ
 بەهۆی یادەوەرییەكانی شاڵ سەوزەوە بە بەردەوامی رابردوو ئامادەبونی خۆی هەیەو دەدرێت بەگوێى هەنووكەدا ،لێرەشەوە دەتوانین ئاماژە بەوە بدەین كە هەمیشە رابردوو لە فەزایەكی كراوەدا بوونی هەبووە ،چونكە بەردەوام رابردوو لێرەدا لە ژیانەوە سەرچاوە دەگرێت بۆ ئەم ساتە وەختەی گۆرستانەكەو هەنووكەش كەسایەتی بەرجەستەبوونی رابردووە لەرێگەی بیرەوەرییەكانەوە لەنێو فەزایەكی داخراودا ئاوێتە دەبێت ،لەبەر ئەوەی بەردەوام ئێستا ساتی مردن و فەزای داخراوی نێو گۆرستانەكەیە..وەك ئاماژەمان پێدا بەشاڵ سەوزو شاڵ سپی دەوترێت (شەوانی زستان و باران نەدەچوونە ناو گۆرەوە تەهلیلەیان دەخوێند ئەم ژیانەیان جیاواز بوو لە رۆژ بەسەربردنی ئەشكەوتەكاندا ئەو ساڵەیان بەشێك بوو لە مردنی رووت …ل 73 ) ،هەر بۆیە دەكرێت بڵێین ،لێرەدا نەك تەنها رابردووی فەزایەكی كراوەی ژیان لە بەرامبەر هەنووكەی نێو فەزایەكی داخراوی مردندا رادەگیرێت ،بگرە لێرەدا (مردنێكی روت) دەدرێتە پاڵ رابردوو ،كە ئەمەش لەگەڵ ئەوەی كە هۆكاری هەڵهاتنی شاڵ سەوزو شاڵ سپی یە ،چونكە ئەوان بەهۆی لە دەست دانی ماهییەتی ژیانەوە خۆیان لەژێر فشاری مردنێكی رووتدا قوتار كردووە ،پاساو هێنانەوەیەكی دیكەشە بۆ تێكشكاندنی كڕنۆلۆژیای دەقەكەو نەبوونی ئارەزوویەكی تەواو بۆ گێڕانەوەی ڕووداوەكان بە دوای یەكدا…! سەرە ڕای ئەوەش ناو هێنانی گۆڕستانەكە (وەك گردی سەیوان ) لە ڕووی هونەرییەوە گۆڕانكاری لە دەقەكەدا ناهێنێتە كایەوە ،چونكە گۆڕستان لە هەر شوێنێك بێت دەلالەت و مانای تایبەتی خۆی هەیە و ڕۆماننووس لە هەر شوێنیًك بێت دەتوانێت بیرۆكەو مەبەستەكانی خۆی پێ ببەخشێ ،هەروەك (گابریل گارسیا ماركیز) ی ڕۆماننووسی كۆلۆمبی لە دیمانەیەكدا دەڵێت : (دەتوانم قاوەخانەی “دیلاباروكیا”لەهەر شوێنێكدا بێت دابنێم كە خۆم بمەوێت -5/155 )، مە بەستی ماركیز لێرەدا ئەوەیە كە هەرچەندە ئەو قاوە خانەیە تایبەتمەندییەكی خۆی هەیە ،بەڵام لە خستنە روودا بەهۆی پێدانی فەزا و دەلالەتەكانی خۆی ،جیاوازی شوێنەكەی هیچ گۆرانكارییەك بەسەر قاوەخانەكەیدا ناهێنێت …هەر بۆیە ئەگەر لە دەرەوەی دەقەكەش بە گۆڕستانەكە ئاشنا نەبین ،ئەوا دەتوانین تەنها بەهۆی دەقەكەوە وێنەیەكی تەواوی گۆرستانەكە بكێشین ، كە ئەمەش بۆخۆی دەگەرێتەوە بۆ تواناو دەسەڵاتی رۆماننووس كە چۆن توانیوییەتی وێنەیەكی راستەقینەی شوێنی سەرەكی رۆمانەكەت لابنەخشێنێ، چونكە نەخشەو شوێن گرنگییەكی گەورەی هەیە لەنێو دەقدا ،هەر بۆیە (یەكێكی وەكو ئالان رۆب گرێ ) نەخشە بۆ جێگەی رووداوەكان دەكێشێ و لە گەڵ رۆمانەكەدا بڵاوی دەكاتەوە-6/48 ).
     هەر بۆیە رۆماننووس لە (مۆسیقای مەرگ ناوەختە) دا فەزایەكی گشتگیری وەهای بە گۆرستان بەخشیوە ،كە هەموو نهێنییەكان بە جۆرێك ئاوێتە كراوە ، كە مانایەكی قووڵی گشتی بە باڵای سەرجەمی گۆرستاندا بریوە و خوێنەر دەتوانێت لە ڕێگەی دەروازەی نهێنییەكانەوە گۆرستان وەك فەزایەكی داخراو بكاتە ماڵی خۆی و بە سانایی هەست بە جووڵەو هاواری كێل و خۆڵ و دارو بەردوو مردووی نێو گۆرستانەكە بكات و لە گەڵ ئازارو خەمەكانیاندا ئاشنا بێت …! لە رێگەی ئەم ئاوێتە بونەشەوە ، دەبینین رووداوی گەورەو بیرۆكەیەكی فراوان لەنێو فەزایەكی داخراودا بەر جەستە بووە ،كە ئەمەش لە لێهاتوویی رۆماننووسەوە سەرچاوە دەگرێت ،چونكە دەوترێت (شوێنی بچوك سنووری رووداو تەسك دەكاتەوە ، ئەگەر نا ئەوە دەلالەت لە دەوڵەمەندی بیری نووسەر و شارەزایی ئەو دەكات-8/4 ).
    هەر بۆیە دەكرێت ئێمەش لێرەدا دروست كردنی ئەو ئەندێشەو ئەفسانەو جیهان بینییە فراوانە بدەینە پاڵ شارە زایی و بلیمەتی رۆماننووس …كەواتە دەبینین لە رێگەی هەڵهاتنی شاڵ سەوزو شاڵ سپی یەوەو لە دەست دانی ماهییەتی ژیانەوەو گەرانەوەی رابردوو وەك لایەنێكی مێژوویی ،هەموو هێڵەكانی ئەوە دەخەنە روو ، كە بە تەواوی فەزای كراوەی رابردووی ژیان لەنێو گۆرستان و فەزای داخراودا بەر جەستە كراوە.
 
 سەرچاوەكان :-
 1. جمالیات المكان …غاستون باشلار –ترجمە :غالب هلسا-بغداد -1980 .
 2. الفچاو الروائی فی (الغربە) الاگار والدلالە-منیب محمد البوریمی ،بغداد-1983.
 3. مدخل لدراسە الروایە    جیرمی هوپرن     ت/غازی درویش عگیە-بغداد-1966.
 4. مجلە (المدى) عدد “6” سنە 1996.
 5. مجلە (الپقافە الاجنبیە) العدد اڵاول -1991.
 6. گۆڤاری (كاروان) خولی راپەرین –ژمارە “12”ساڵی 1994 .
 7. گۆڤاری (ئیستا) ژمارە (3) ساڵی 1997.
 8. گۆڤاری (سبەی) ژمارە “2”ی پاییزی 1993 .
    تێبینی : ئەم لێكۆڵینەوەیە لە ژمارە (84) ى گۆڤاری (سورێن) دا بڵاو كرایەوە ،بەڵام بە هۆی هەڵەیەكی زۆروو پەرینی چەند پەرەگرافێك و هێلكارییەكە ، بە پێویستم زانی جارێكى دی بە دیدەی خوێنەرانی ئاشنا بكەمەوە….
 ّ روَژنامەی دەنگی میللەت : ژمارە (50) ، یەكشەممە ،16/5/1999.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.