Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لە لەندەن و چەند رەخنەیەک

فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لە لەندەن و چەند رەخنەیەک

Closed
by December 6, 2011 سینەما

لە رۆژانی 17 تا 27 مانگی یانزەیی ئەمساڵ لەدوو شوێنی جیاوازی شاری لەندەن حەفتەمین فیستیڤاڵی فیلمی کوردی بەرێوە چوو. بەندەش وەک بینەرێکی بەردەوامی فیلم و هەمیش وەک خوێندکارێکی بەشی راگەیاندن وفیلم بەباشم زانی هەموو رۆژەکانی فیستیڤاڵەکە ئامادەبم، دواتریش دەست بە نوسینی لێکۆلینەوەک بکەم لە سەر فیلمی کوردی بۆ دیراسەکەم. بەو پێیەی کە لەم فیستیڤاڵەدا فیلمی هەر چوار پارچەکەی کوردستان بەشدار دەبن و وە زۆرێک لە دەرهێنەرانی فیلمەکانیش ئامادە دەبن بۆ وەڵام دانەوەی پرسیاری بینەران . بۆیە بێجگە لە رۆژی یەکەمی فیستیڤاڵەکە ،کە تایبەت
کرابوو بۆ میووانە بەرێزەکان !! ئەو میوانانەی کە تەنها بۆ ئاهەنگی کردنەوەی فیستیڤاڵەکە و رۆژی دابەشکردنی خەڵاتەکان دەبنینرێ‌،کەبێگوومان ئەویش بە کارتی داوەت و بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش،بەڵام لە رۆژانی ئاسایی فیستیڤاڵەکەدا ئەوکەسانەی دەهاتن بۆ بینینی فیلمەکان بە پەنجەی دەست دەژماردران. کە بەراستی کاتی ئەوە هاتووە چیتر رێگە بەو کەسانە نەدرێت کە بەمیزاجی شەخسی و بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان خەڵک هەڵبژێرن بۆ فیستیڤاڵێکی ئاوا کە بەحساب بۆ هەموو کوردێکە و لە داهاتی خەڵکی رەش و رووتی کوردستان پارەی بۆ تەرخان دەکرێت. لەوەش کارەسات ترئەوەیە بەرێوەبەرانی فیستیڤاڵەکەش جگە لەکوردانی باکور کەسیانت نەدەبینی،من لە رۆژی هەژدەی مانگەوە تا 24 مانگ بۆ یەک جاریش کاک عەتا موفتیم نەبینی جگە لە شەوی دابەشکردنی خەڵاتەکان،کە بە حساب ئەو بەرێوەبەری ڤیستیڤالەکە بوو هەروەها خاتوو تارا جافیش بەهەمان شێوە کەئەندامی کۆمیتەی بەرێوەبردن بوو، کە ئەوەش خاڵێكی نێگەتیڤ بوو.

فیلمەکان.

لەم فیستیڤاڵەی ئەمساڵدا 18 فیلمی درێژو و 30 دۆكۆمـینتاریی و 55 فیلمی کورت بەشداریان کردبوو . کە بەرهەمی هەرجوار پارجەکەی کوردستان و هەروەها دەرهێنەرانی کوردی ولاتانی ئەورپاش بەشدار ‌بوون . رەنگە کارێکی ئاسان نەبێت ئەگەر بمانەوێت لە نوسینێکی ئاوا کورت دا هەڵسەنگاندن بۆ فیلمەکانی ئەو فیستیڤاڵەبکەین، چونکە هەم فیلمەکان یەکجار زۆرن هەروەها رەنگە منیش نەتوانم بەکارێكی ئاوا هەڵسم. بەڵام دەکرێت بەشێوەیەکی گشتی خوێندنەوەیەکیان بۆ بکەین و پۆڵێنیان بکەین بەسەر ناوەرۆکی فیلمەکان بەشێوەیەکی گشتی هەروەها جیاوازی و ئاستی فیلمەکان لەسەرئاستی پارچەکانی کوردستان و هەروەها دەرەوەشدا.
پێش ئەوەی باسی ئاست و ناوەرۆکی فیلمەکان بکەم، باشترە ئەوە بڵێم کە یەکێ لە رەخنەو گلەییە بەردەوامەکانی ئامادەبوان لەم فیستیڤالە ئەوە بوو کە بۆچی دەبێت رۆژانە چەندان فیلمی بێ زەوق و بێتام ببینین تا دەگەینە فیلمێکی باش ؟! کەئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە ئاستی فیلمەکان بەشێوەیەکی گشتی جێی رەزامەندی بینەران نەبوون ،بەڵام بۆگەیشتن بە وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوە بەرێوەبەری فیستیڤاڵەکە عەتا موفتی بێدەسەڵاتی خۆیانی نیشاندا بۆ ریگەگرتن لەو بەرهەمە خراپانەی کە بەشداری ڤیستیڤاڵەکەیان کردبوو ووتی: دەسەڵاتیی ئەوەمان نیە ئەو فیلمانە
رەتبکەینەوەو زیاتریش ‌بۆ خۆ لادانە لە شەری لابەلاو سەرئێشە لەگەڵ ‌دەرهێنەرەکان،هەروەها موفتی زیاتر روونی کردەوەو ووتی: خەڵک هەیە ئەگەر بەرهەمەکەی رەتبکرێتەوە ئامادەیە هەزارو یەک قسەو دیعایەمان بۆ بکات، وە ئێمەش بریارماندا کە هەموو فیلمەکان بەشداری بکەن و خەڵك ‌بزانێ ئاستی دەرهێنەرەکان بایی چەندە..بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە فیستیڤالی ئەمساڵدا چەند فیلمێکی زۆر باش هەبوون کە شایەنی دەست خۆشی لێکردن بوون. کە بریتیی بوون لە :فیلمی پرێس کەبەرهەمی باکوری کوردستان بوو. پیاسە کەئەویش هەر باکور بوو، کوێستانی قەندیل کە بەرهەمی باشور بوو بەڵام لەدەرهێنانی تەها رەحیمی کوردی رۆژهەڵات بوو. چاو بەرهەمی رۆژهەڵات بوو. گووڵەکانی کەرکوک کەئەویش بەرهەمی باشور بوو بەڵام دەرهێنەرەکەی کوردی رۆژهەڵات بوو. فیلمی شەوی حساب کە لە رۆمانی شاری مۆسیقارە سپییەکانی بەختیار عەلی بوو ،ئەگەرچی رەخنەی زۆری لێگیرا بەڵام پێم وایە فیلمێکی باش بوو، وە ماندوو بوونی پێوە دیار بوو . هەروەها چەند دوکۆمێنتاریەکی جوان بەشدار بوون وەک:یەکەم فیلم، کە کەلەسەر منداڵەکانی گووندی گۆپتەپە بوو،کەدەرهێنەرەکەی خەڵکی سکۆتلەندا بوو بە ناوی مارک کۆوسینس. هەروەها هەڵەبجە منداڵە ونبووەکان کە دەرهێنەرەکەی کوردی باکوری کوردستان بوو بە ناوی ئەکرەم هایدۆ .ئەمە جگەلەوەی 55 کورتە فیلم بەشداریان کردبوو ئەمساڵ،لەناو ئەو کورتە فیلمانەش دەتوانم بڵێم باشترین کورتەفیلمەکانی ئەم ڤیستیڤاڵە بەرهەمەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون،هەربۆیە لە سێ خەڵات دوو بۆ ئەوان بوو.
من وەک بینەرێک لەم فیستیڤاڵەدا دەتوانم بڵێم کە بەشێوەیەکی گشتی ئاستی فیلمەکان زۆر خراپ بوون، کە بەراستی ناوەرۆک و چیرۆکی زۆربەیان هەمان شت بوون ‌بەکەمێک دەست کارییەوە ،کە وەک فیلمە هیندیەکان دەهاتنە پێش چاوم ،بەتایبەت بەرهەمەکانی باشوری کوردستان کە یان لەسەر هەڵەبجە بوون یان ئەنفال یان سەردەمی پێشمەرگایەتی و رژێمی بەعس،کە بێگوومان هیچ کێشەمان لەسەر ئەو شتانە نیە،تەنانەت ئەوە ئیشی دەرهێنەر و هونەرمەندی کوردە کە ئیش لەسەر ئەو بابەتانە بکات، تەنانەت دەکرێت بڵێم کە خودی ئەو فیستیڤاڵەش دەبێت پەیام و ئامانجی ئەوەبێت کە ئەم کارەساتانەی کە بەسەر گەلی کورد هاتووە لەلایەن دەسەڵاتی رژێمی بەعس، پیشانی دونیایی دەرەوەی بدات.بەڵام من پێم وایە ئەم فیستیڤاڵە بەم شێوازی کارکردن و بەم فیلمە بێ رووحانەی جارێ زۆری ماوە ببێت بە شوێنێک کە کورد بتوانێت هیوایەکی پێیی هەبێت. هەمیش لانی کەم پیشانی خەڵکی بدات کە کورد خاوەنی فیلمەو سینەمایی هەیە. لەکاتێکدا ئەمرۆ فیلم و سینەما کاریگەرترین چەکە کە وڵات و نەتەوەیی زوڵملێکراوی وەک کورد بتوانێ بەکاری بهێنێ بۆ دروست کردنی روئیایەکی جوان لەلای رای گشتی وڵاتان، لە هەمان کاتیشدا دەکرێت سوودی لێوەربگیرێ ‌بۆ یارمەتیدانی دروست کردنی لۆببیەکی گەورەی کورد و غەیرە کورد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی،جوولەکەکان باشترین نموونەن: کە توانیان سوودێیکی یەکجار زۆر لە سینەماو فیلم وەرگرن، بەمەبەستی ناساندنی ئەو قەتڵ و عامەی کە بەرامبەریان کراوە بەدرێژایی مێژوو،بەتایبەتی لەسەردەمی نازییەکاندا.
لە بەرهەمەکانی باشوری کوردستانیش خراپتر بەرهەمی زۆربەی دەرهێنەرانی کورد بوو لە وڵاتانی ئەوروپا ،کە ناوەرۆکی زۆربەیان هیچ پەیوەندییەکی بەسەر کوردوە نەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا چیرۆکەکانیان هێندە سادە و بێ زەق بوون کە پێم وانیە جگەلەو فیستیڤاڵە لە هیچ شوێنێکی ئەم دوونیایە رێگا بەم جۆرە فیلمانە بدرێت نمایش بکرێن .

خەلاتەکان

لەم ڤیستیڤاڵەدا پێشبرکێ تەنها بۆ کورتەە فیلمەکان بوو ،کە سێ کورتە فیلمی جوان هەڵبژێردران ،کە هەم لە رووی ناوەرۆکەوە هەمیش لەرووی هونەرییەوە ئاستێکی باشیان هەبوو، کە شایستەی ئەو خەڵاتانە بوون، بەڵام لە پاڵ ئەوەشدا دوو خەلاتی رێزلێنانیش دران بە دوو کەس کە یەکێکان کوری خەزووری کاک عەتا موفتی بوو ! دووەمیشیان وەزیری شەهید و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان وەریگرت! کە لەکاتی دابەش کردنی خەلاتەکان ئامادەبوو.

سپۆنسەرەکان

لەگەڵ ئەوەی ئەم ساڵ سپۆنسەرێکی زۆر بەشداریان کردبوو لەم فیستیڤاڵەدا ،هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هەموو سالێک کارئاسانی تەواو دەکات بۆ بەرێوەچوونی فیستیڤالەکە و لەهەمان کاتیشدا برە پارەیەک دەدات بە فیستیڤالەکە. کە بەپێی زانیاری چەند سەرجاوەیەک حکومەتی هەرێم ئەم ساڵ برە پارەیەکی باشی داوەتە فیستیڤاڵەکە بەڵام بەرێوەبەری فیستیڤاڵەکە عەتا موفتی ئەو قسانە بەدرۆ دەخاتەوە و دەڵێت کە بەهەموو سپۆنسەرەکانمان ئەوانەی کە بە پارە هاوکاریان کردوین بڕی بیستوو شەش هەزار پاوەندمان وەرگرتووە،کە دەکاتە نزیکەی پەنجا هەزار
دۆلار،لەگەڵ ئەوەشدا داوای لێکردم کە نەنوسم ئەو یارمەتیەی حکومەتی هەرێم بۆ فیستیڤاڵەکەچەند بووە .بەڵام بۆ گەیشتن بە راست و دروستی ئەو برە پارەیە هەوڵم دا لەدەستی یەکەم بگەمە راستیەکە کە حکومەتی هەرێمە، بۆ ئەو مەبەستەش چەند جار هەوڵی پەیوەندیم دا بە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمەوە لە لەندەن، بەڵام جارێک بەبیانووی ئەوەی کە نوێنەری حکومەت لێرە نیە و دواتریش وەڵام نەدانەوەی تەلەفۆن هەوڵەکەم بێ ئاکام بوو، دیارە وەڵام نەدانەوە و شاردنەوەی زانیاری لە رۆژنامەنوسان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بووە بە ئاسانترین شت کەبیکەن،بۆیە وەک
خوێندکارێکی راگەیاندن و کەسێک کە چەندین ساڵە ئەوە کارمە ،ناچارم خۆم بپارێزم لە نوسینی ئەو رقەمانەی کە بیستومن لەهەردولایەنەوە ئەگەرچی سەرجاوەی زانیاریەکەش خۆی بەراست بزانێ.

بۆچی پێویستە ئەم فیستیڤاڵە بکرێتە دامەزراوەیەکی سەربەخۆ:

ئەگەر بریارە کورد بێتە ناو دونیای سینەمایی ئەمرۆیی جیهانی و لە رێگەی فیلمەکانیەوە هەموو ئەو جینۆساید و کارەساتانەی کە بەسەری هاتوون پیشانی دوونیا بدات، هەروەک چۆن وەزیری شەهیدو ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان زۆر پێداگری لەسەر دەکردەوە لە کاتی پێشکەشکردنی ووتارەکەی لە شەوی دابەش کردنی خەڵاتەکانی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لە لەندەن ،لەهەمان کاتیشدا کورد دەتوانێ لەرێگەی فیلمەکانیەوە نیشانی بدات کە کوردیش وەک هەموو گەلانی دونیا لەم سەردەمەدا ئەژیت و حەزی لە هونەر و ئاشتی و ئازادییە، ئەوە گرینگترین شت ئەوەیە کە ئەم فیستیڤاڵی ساڵانەی فیلمی کوردی بکرێتە دەزگایەکی سەربەخۆیی ئەهلی، کە لەم بێ سەرو و بەرییەی ئێستایی دەرباز بکرێت، بکرێتە دەزگایەکی هونەری و کەلتوری کە بتوانێت لە سەر قازانج و داهاتی خۆیی بەرێوەبچێت، ئەو کاتە هەم دەتوانێ خۆیبپارێزێ‌ لەبەرهەمی خراپی دەرهێنەران، چونکە بێگوومان ئەوکاتە خاوەنی ئەو دەزگایە یان بەرێوەبەرانی ئەو دەزگایە ئیش بۆ ئەوە دەکەن کە باشترین فیلم بەشداری پێبکەن،بەمەبەستی بەدەست خستنی داهاتی زیاتر بۆ بەرێوەچونی دەزگاکە،لە هەمان کاتیشدا کارەکانیان قالبێکی پرۆفیشناڵانە وەردەگرێت و هەنگاوێک نزیک دەبینەوە لەوەی کە ئێمەش وەک زۆربەی وڵات و نەتەوەی تر ببینە خاوەن دەزگایەکی هونەری گەورە لە شێوەی بولییودی هیندی یان کانی فەرەنسی یان هوولیۆدی ئەمریکی، کەبێگومان ئەوە کارێکی ئاسان نیە ، وە زۆریش زەحمەتە، چونکە ئەوە پێش ‌هەموو شتێک پێیستی بە سەرمایەکی زۆرە کە بەداخەوە سەرمایەدارانی ئێمە جارێ ئەقڵیان بەم شتانە ناشکێ، بەڵام دەکرێت حکومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆئەوە بکات وەک پرۆژەیەکی نەتەوەیی،بەو پێیەی کە کوردانی هەرچوار پارچەکەی کوردستان و زۆرێک لەو دەرهێنەرە کورد و غەیرە کوردانەش کە لە وڵاتانی ئەوروپا ئەژین و فیلم و بەرهەمیان هەیە لەسەرکورد دەتوانن بەشدار بن. وە بگرە ئەو پرۆژەیە دەبێتە پاڵنەر و هۆکارێکی سەرەکی بۆ دەرهێنەرانی کورد بۆ هەوڵدانی زیاتر بەمەبەستی دروستکردنی فیلمی بەپێزو باش بۆ بەشداری پێکردنی فیلمەکانیان لەم دەزگایە هونەرییە گەورەدا،بەڵام لەهەمووی گرینگتر ئەوەیە دەبێت ئەو یارمەتیەی حکومەتی هەرێم دوور بێت لە بە حیزبی کردنی پرۆژەو دەزگایەکە، لەهەمان کاتیشدا زۆر پێویستە رێگری بکرێت لە بەکار نەهێنانی بە مەبەستی تایبەتی لەلایەن بەرێوەبەرانی دەزگایەکە.


زانا بەهرام ـ لەندەن

zana_bahram@yahoo.co.uk

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.