فیلیمی (Förtvivlans gräns) ….رۆژانه‌ی (شێرزاد هه‌ینی)یه.
برێڤ
فیلیمی (Förtvivlans gräns)
رۆژانه‌ی (شێرزاد هه‌ینی)یه.
له‌به‌ر شه‌ڕه دوورودرێژه خوێناوه‌که‌ی غه‌زه‌و سه‌رکێشییه‌کانی حه‌ماس و هه‌ڵبژاردنه‌کانی پارێزگاکانی عێراق و ناسکی ژنه‌گۆرانیبێژه لوبنانییه‌کان و له‌چاوه‌روانی ته‌ختکردنی ده‌ڵاڵخانه‌که‌ی هه‌ولێرو خه‌ونی ته‌واوبوونی پارکه‌که، که ده‌بێته مافوورێکی کاشان بۆ پیره‌قه‌رات، من که‌م ده‌پرژێمه سه‌ر که‌ناڵه سویدییه‌کان که جاروبار به شڕه سویدییه‌که‌مان په‌نجه‌ره‌یه‌کی رووناکی تێدا ده‌بینین، ئه‌و شه‌وه که زۆر گوێم له‌باسی لیسته کوردییه‌کان نینوی و دیالاو کۆبوونه‌وه‌کانی زۆربه‌رده‌وامی مه‌کته‌بی سیاسیی بوو، که‌ناڵی یه‌که‌می ته‌ڵه‌ڤزێونی سویدم سه‌یرکرد، له هه‌ڵبژاردنی که‌ناڵه‌که‌و به‌رنامه‌که‌ی به‌ختیاربووم یه‌کسه‌ر گوێم له‌ده‌نگی کوردی بوو، له‌دیمه‌نه‌که‌دا دیاربوو که‌وا دوو گه‌نجی کۆڵ له‌پشت به‌سه‌رشاخا هه‌ڵده‌گه‌ڕان، دوو کوڕی ته‌مه‌نی نه‌ک گوڵ ته‌مه‌نی خونچه له‌ناو گووشێک دوو ده‌به‌ی پێنج لیتری سوته‌مه‌نییان له‌خۆهه‌ڵدابوو، بۆیه به فیلمه‌که وه‌نووسام، تا دواکرته‌کانی به‌جۆشه‌وه له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌م سه‌یری ژانی فیمیلیه کوردییه‌که‌ی مه‌ریوانی رۆژهه‌ڵاتمان کرد، سه‌یری ماندووبوونی ئه‌و دوو گه‌نجه‌و سه‌ختی سنووره‌کان و ئازاری وڵاخه‌کان و ژان و ده‌رده‌سه‌ری بێ پوولی ئه‌وانه‌مان کرد، جوانی شاری مه‌ریوان و رێگا پڕ له‌مینه‌کانی سه‌رسنووره‌کان، پۆلاینی وره‌و تاقه‌تی (رێبوار)و (شادومان)مانکرد، ئه‌و دوو کوڕه‌ی ته‌نها بۆ که‌متر له‌پینج دۆلار 50 لیتر سوته‌مه‌نی له‌سنووری ئێرانه‌وه ئاودیوی باشوورده‌که‌ن، یه‌کیان ده‌یویست به‌پاره‌که‌ی بۆ نه‌شته‌رگه‌ری چاوی باوکه نه‌خۆشه‌که‌ی ره‌وانه‌ی تاران بکات، به‌ڵام دکتۆره‌که داوای سێ هه‌زار دۆلاری کردبوو، له‌و فیلمه‌دا دیاره کۆمه‌ڵانی ئێران چه‌ند داماون، کورده‌که چه‌ند لات و سنووره‌که‌ش چه‌ند بڤه‌و کاره‌که چه‌ند زه‌حمه‌ته، له‌ولاشه‌وه حکومه‌ته‌که‌یان به‌شۆخییه‌وه‌و هه‌زارجار داوای رووخانی وڵاتانی زڵهێزده‌کات و هه‌ڕه‌شه‌ی مووشه‌کبارانیان ده‌کات.
فیلمه دیکۆمینتارییه 52 ده‌قه‌ییه سویدییه‌که له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندی سویدی به‌ره‌گه‌ز ئێرانی (نیما سارڤێستانی) ده‌رهێنرابوو، ئه‌و له‌ساڵی 1984 له‌شیرازه‌وه هاتووته سوید‌و یه‌کێک له‌فیلمه کورته‌کانی به‌ناوی (هه‌راجکردنی گورجیله) له‌ئێران خه‌ڵاتی له‌فیستیڤاڵێکی مۆنتیکارلو وه‌رگرتووه‌و چه‌ندین فیلمی له‌سه‌ر ره‌وشی ئێرانییه‌کان هه‌یه.