Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
فەرهاد پیرباڵ شاعیرێکی سوریالی ناو کۆمەڵگایەکی سوریالی

فەرهاد پیرباڵ شاعیرێکی سوریالی ناو کۆمەڵگایەکی سوریالی

Closed
by August 17, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

(من هاورا و هاوبیری فەرهاد پیرباڵ نیم و سەرسامی نوسینەکانی ئەو زاتە نیم بەڵام تا دوا رادە بەرگری لەکەسایەتی و مافی را دەربرینی ئەو دەکەم)

چەند رۆژ لەمەو بەر شیعرێکی فەرهاد پیرباڵ بەدەنگی خۆی لە یوتیوب و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بلاو کرایەوە و گروپگەلێکی هەمەڕەنگ بەشێوەی جۆراوجۆر رەخنەی توندییان (تا رادەی تەشهیرکردن بە کەسایەتی فەرهاد پیرباڵ) لە شیعرەکەی پیرباڵ گرت. رەنگە شیعرەکەی فەرهاد پیرباڵ رەخنە هەڵبگرێت، بەڵام کێشەکە لەوەدایە زۆرینەی رەخنەکان کە لەو شیعرە گیراون لە بێ ئاگایی و نامۆبوون بە جیهانی شیعری و قوتابخانە جۆراوجۆرەکانی ئەدەب و هونەر بەتایبەت قوتابخانەی سوریالی سەرچاوە دەگرن. هەرچەندە نازانم کە دکتۆر فەرهاد پیرباڵ خۆی وا دائەنێت یان نا، بەڵام ئەو بەرێزە لە لێکدانەوە و تەعبیرکردنا لەژێر کاریگەری قوتابخانەی سوریالیزم دایە. بەر لەوەی باس لە قوتابخانەی سوریالیزم بکەم باشتر وایە باس لە دوو فاکتەر بکەم کە هاوکارن بۆ ئەوەی فەرهاد پیربال بکەوێتە ژێر کاریگەری ئەو قوتابخانەیە. یەکەم؛ فەرەنسا مەڵبەندی سەرهەڵدان و گەشەکردنی سوریالیزمە و زمانی فەرەنسی لەئەدەبی سوریالیدا دەوڵەمەندە و دکتۆر فەرهاد لەو وڵاتە خوێندوویەتی و شارەزایی لە زمانی فەرەنسیدا هەیە و شتێکی چاوەڕوانکراوە بکەوێتە ژێر کاریگەری قوتابخانە دەوڵەمەند و زۆر و زەوەندە فکری و هونەرییەکانی فەرەنسی  بەگشتی و سوریالیزم بەتایبەتی؛ دووەم  سوریالیزم وەک قوتابخانە لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم (راستتر وایە بڵێین لەنێوان هەردوو جەنگی جیهانیدا) گەشەی کرد. کە ئەمەش بەئاشکرا وایکردووە کە رەشبینی جەنگ و و ئومێدی ئاشتی؛ شێتی جەنگاوەران و ئاوەزمەندی ئاشتی خوازان وە سەرەنجام ململانێی نێوان ژیان و مەرگ و ئەقڵانییەت و نا ئەقڵانییەت وە شەڕ و خێر لە سوریالیزمدا رەنگ بداتەوە. سوریالیزم هەوڵێکە بۆ کۆکردنەوە و یەکسانکردنی ئەو تەناقوزاتانە. ئێمەی کوردستانیش (فەرهاد پیرباڵیش وەک تاکێکی رۆشنبیری کوردستانی) کە مناڵی و گەنجێتی و کامڵی خۆمان لەگەڵ جەنگ و ئەنفال و کیمیاباران و براکوژیدا تێپەراندووە بەئاسانی دەکرێت لەناخی هەریەکێکماندا تەناقوزاتەکانی شەڕ و ئاشتی و ژێردەستەیی و سەرفرازی و پێشکەوتنخوازی و کۆنەپارێزی رەگی داکوتابێت.

 بۆ ئەوەی زیاتر لە سوریالیزم بگەین پێویستە مونەزیرە سەرەکییەکەی سوریالیزم، واتە “ئەندرێ بریتەن” بدوێنین. ئەو لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا “مانیفستی سوریالیزم”دا دەڵێت: “هەموو شتێک بەو ئاراستەیەماندا دەبات تا باوەڕ بەوە بێنین کەوا حاڵەتێکی دیاریکراوی ئەقڵ هەیە کە تێیدا ژیان و مەرگ، خەیاڵ و واقیع، رابردوو و ئێستا، گەیاندن و نەگەیاندن، بەرزی و نزمی چیتر وەک دژ و ناکۆکی یەکتر نەبینرێن”. بەمانایەکی تر، سوریالیزم ستایلێکی هونەر و ئەدەبە جەخت لە سەر بایەخی ناواقیعی و لا وەعییەت لە خەیاڵی مرۆڤ دەکا لەرێگای تەعبیرکردن و دەربرینە ناواقیعی و نامۆکانەوە. لە سوریالیزمدا بابەتەکان سەرەتا لە روکەشێکی واقیعیانە دەخرێنە پێشچاو، بەڵام بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو ئاراستەی بابەتەکە دەگۆڕێت بەشێوەیەک کە تۆ لە ژیانی رۆژانەدا ئەو وێنانە نابینیت و هەندێک جار وەک خەون و ناواقیعی دێنە پێش چاو. 

ئەم جیهانبینییە سوریالییە نەک هەر بە ئاشکرا لە شیعرەکەی فەرهاد پیرباڵ، لە وشە و تەعبیر و وێناکانی، بەڵکو لە ئەدا و خوێندنەوەی ئەو بەرێزەدا دەردەکەوێت. لەناو شیعرەکەی پیرباڵدا جەدەلێکی قووڵ لەنێوان “نا” و “ئا” دا هەیە، کە ئەم جەدەلە لە دووبارەبوونەوەیەکی بێ مانا و وەڵام و دەرەنجامێکی بێ ماناتردا تادوا دێرەکانی شیعرەکە خۆی دەردەخات. ئەم جەدەلە دەکرێت رەنگدانەوەی جیهانبینی و حاڵەتە دەروونئامێزەکانی فەرهاد پیرباڵ بێت. بەڵام بە هیچ شێوەیەک نامۆ و دابراو نییە لە کێشە دەروونئامێزییەکانی کۆمەڵگای کوردەواری و لەیەک بەیەکی ئێمەدا رەنگی داوەتەوە. رەنگە دیوێکی ئەو جەدەلە بێمانایە درێژکراوەی کێشە و شەڕ و ئاشتییە بێمانا و بەردەوامەکانی دوو باڵی ناو بزوتنەوەی کوردایەتی بێت، کە لە سەرەتای شەستەکانەوە تا ئەمرۆ تا رادەی تاقەتپروکاندن و بێزارکردن خەون و خولیای چەندان نەوەی کردۆتە خۆڵەمێش. رەنگە دیوێکی تری ئەو جەدەلە بێماناییە دەرگیریی کۆمەلگای کوردستانی بێت لەگەڵ دێوەزمەی دەوڵەتی عێراق کە وەک ئەختەبوتێک نزیک بەسەدەیەکە بەهەزار و یەک شێوە چنگی لە بیناقاقای تاک بەتاکی کۆمەڵگای کوردەواری گیرکردووە و ئێمەی گەلی کوردستانیش لە هەوڵێکی بێهودەی خۆ دەربازکردن داین لەو دێوەزمەیە. چەندان جیلی دەربازبووی ئەنفال و کیمیاباران و زیندان و جەنگ و هێرش و ئۆردوگاکان لە حاڵەتی پۆست-تراوما دا دەژین و کاریگەری قووڵی لەسەر نەست و هەستی ئێمە بەجێهێشتووە. رەنگە دیوێکی تری ئەو جەدەلە بێمانایە کێشەی ئەزەلی نێوان دوو جیهان بێت کەشوناسێکی قەیراناویی بۆ یەک بەیەکی تاکی کوردستانی درووست کردووە.  جیهانێک کە پایەکی لەسەدەکانی ناوەراست و بیابانە تاریکەکانە و پاکەی تریشی لە جیهانێکدایە کە سەدەیەک پێش ئێمە کەوتووە و لەهەر چاونوقاندنێکدا هەنگاوێک زیاتر بەجێمان دێڵێت. رەنگە شیعرەکەی فەرهاد و کارە هونەرییەکانی ئەو زادەی کۆی ئەو حاڵەتانە بێت و لەوانەشە هیچ کامێک لەو حاڵەتانە نەبێت و “مانای شیعر لە دڵی شاعیر” دابێت. هەرچییەکی بێت شیعرەکەی فەرهاد سوریاڵیەتی کۆمەڵگای کوردی پیشانی ئێمەدا، جیهانێک کە لێواو لێو لە دژەکۆکە.

 زێدەرۆیی نییە گەر بڵێم تاک بەتاکی ئەو کۆمەڵگایە دەرگیری هەمان ئەو جەدەل و جیهانە دژەکۆکەیە کە فەرهاد پیرباڵ بە سادەیی لە “ئا” و “نا” دا تەعبیری کرد. بەڵام ئەوەی پیرباڵ لە زۆرینەی تاکی کوردستانی جیادەکاتەوە سێ شتە: باکگراوندە مەعریفییەکەی و کاریگەری قوتابخانەی سوریالی و جورئەتی ئەو زاتەیە. ئەم فاکتەرانە وای کردووە کە فەرهاد جیاواز لەتاکەکانی تر وێنەیەکی ئەو مرۆڤە کوردستانییە لەدوو توێی شیعرێکدا یان تابلۆیەکدا، یان توێژینەوەیەکدا دەرببڕێت. بۆ ئەوەی بە رادەی گیرۆدەبوونی تاکی کوردستانی لەناو ئەو تەناقوزاتانەدا ئاشنا بین پێویست ناکات دوور بڕۆین و تەنها ئەوانەی کەرەخنەیان لەشیعرەکەی فەرهاد پیرباڵ گرتووە  (لە راستیدا هێرشیان کردۆتە سەر پیرباڵ) باشترین نموونەن. ئەو سوریالەتییەی تاکی کوردی لەو کاردانەوە “نا ماقوڵ ” و “شێتانە” و “کەم ماریفەیە”دا دەردەکەوێت کە لێواو لێوە لە  “سوکایەتی”کردن و “گاڵتەجاری” بە کەسایەتی فەرهاد پیرباڵ و بە مافە سەرەتاییەکانی ئەو مرۆڤە. بۆنموونە، کاردانەوەکانی شیعرەکەی فەرهاد ئەوەی پیشان داین کە کەسانێک هەن ماسکی “رەوشت”یان بەستووە و بەیانییان بە حەکایەتی “رەوشت” چاو دەکەنەوە و شەوانیش بەچیرۆکی “رەوشت” چاو دادەخەن” و بەڵام ئەو “حیکایەتی ڕەوشتە” تاکە سەرمایەیانە و ئەگەر ئەو کەوایەیان لێدابکەنرێت مایەپوچ دەمێننەوە. سوپاس بۆ شیعرە سوریالییەکەی فەرهاد پیرباڵ کە عەورەتی سوریالییانەی ئەو گروپە کۆمەڵایەتییەی نیشانداین و وەک پەرچەکردارێک بۆ شیعرەکەی پیرباڵ ئەم گروپە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان پڕکرد لە چەمکگەلی وەک ” ئاژەڵ”، “ئالیک” ، “شێت” ..هتد. ئەم زمانەی کە ئەهلی “رەوشت” بەرامبەر فەرهاد پیرباڵ بەکارییان هێنا ئەوە ئاشکرا دەکات کە بەناو “رەوشت”ییەکان چەندە ئەو پێناسەیەی “ئەندرێ بریتەن”ی سوریالییان بەسەردا تەدبیق دەبێت کە دەڵێت لە جێگایەکی عەقڵدا  “وەعیەت و ناوەعیەت” و “خەیاڵ و واقیع” و “بەرز و نزم” هاوتا دەبن. گروپگەلێکی تر کە هەمان پێناسەکەی “ئەندرێ بریتەن”ییان بەسەردا دەسەپێت ئەوانەن کە لە بنەرەتدا شیعر بە “بیدعە” و “حەرام” دەزانن جا ئەو شێعرە مانادار بێت یان بێ مانا بێت، بەڵام ئەوان دێن قسە لەسەر “بێ مانا”یی و “نا رەوان”ی شیعرەکەی پیرباڵ دەکەن. ئەگەر بە بیدعە زانینی شیعر و لەهەمانکاتدا  باسکردنی جوانی و ناچیزی ئەو بیدعەیە بەیەکگەییشتنی وەعیەت و ناوەعییەت وە خەیاڵ و واقیع نەبێت لە عەقڵییەتی ئەوگروپەدا دەبێت چیتر بێت؟ کۆمەڵێکی تر لەرەخنەگرەکانی شیعرەکەی پیرباڵ کە دەکەونە هەمان کایەی جیهانبینییەکەی ئەندرێ بریتەن ئەوانەن کە نە ئەهلی شیعرن و نە قسەیەکییان لەسەر شیعر هەیە، رەتکردنەوەیان بۆ شیعرەکەی پیرباڵ ئەوەیە کە ئەو زاتە سەر بە بەرەی دەسەڵاتە. ئەگەر رەخنەی جەوهەری ئێمە لەدەسەڵات ئەوەبێت کە هەموو برگە و جومگەکانی ژیان و ژیاری قۆرخ کردووە و بوارێک بۆ کەسانێک نەماوەتەوە کە لەدەرەوەی ئەم دەسەڵاتەن تا وەک هاونیشتیمانییەک لە مافەکانییان بەهرەمەند بن و لەهەمان کاتدا بێین تەنانەت مافی شیعر گوتنیش لە کەسێک بسەنینەوە چونکە سەر بەدەسەڵاتە و لەوەش خراپتر کار لەسەر تیرۆرکردنی کەسایەتی ئەو زاتە بکەین کەوابێت ئێمە جیاوازیمان چی دەبێت لەگەڵ دەسەڵاتدا؟ ئایا ئەوە هەمان یەکسانبوونی ئەو ‘ىەرز و نزمە” و هاوتابوونی وەعییەت و ناوەعییەت نییە کە پرەنسیپە سەرەکییەکەی “ئەندرێ بریتەن”ی سوریالییە؟ 

بەکورتی سوریالی بوونی یان نەبوونی شیعر و بەرهەمە هونەرییەکانی فەرهاد پیرباڵ کارێکی ئاساییە و رەنگە بۆ کەسانێک جێگای چێژبینین و رێز و ستاییش بێت و کەسانێکی تریش (من یەکێکم لەوان) چێژ لەو جۆرە هونەر و ئەدەبە وەرنەگرێت، ئەوەی نا ئاسایی و جێی تێرامانە ئەو پەرچەکردار و کاردانەوە یە بەرامبەر بە شیعرەکەی فەرهاد پیرباڵ. ئەو کاردانەوانە ئەوەمان پێدەڵێت کە کۆمەڵگای کوردەواری لە چ ئەزمەیەکی مەعریفیدا دەژی؟ پێمان دەڵێت ئێمە چەندە لەگەڵ مەترسی زاڵ بوونی کەلتووری رەتکردنەوەی ئەوی تر و قەبوڵ نەکردنی رەنگی جیاوازدا دەژین. ئەوەمان پێدەڵێت کە چەندە ئاڵودەی رۆتین و دووبارەبوونەوە بووین و چەندە لەهەموو دەنگ و رەنگێکی جیاواز تا رادەی هێستریا سڵ دەکەینەوە.

 

 

د. محه‌مه‌د ڕه‌فعه‌ت (د.ئارام رەفعەت)

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.