فەلسەفەی ئازادیی! …. بهشی پێنجهم
ترس، تهما، تهواویی
بۆ تێگەیشتن له هەر بابەتێ، هەر ڕێکەوت و ڕووداوێکی ههلومهرجبهندیی، دەبێ سەرنجی بدەین و بە عەقڵی کراوەوە تێی بگەین. نەك لە دەستی ڕابکەین، یان لەگەڵی ڕابێین، یا خۆمانی تەسلیم بکەین، یان بەکاری بێنین و بەکارمان بێنێ.
بەڵام دیارە تۆ هەمیشە ترس، ترسی لە دەستدانی خێزان، منداڵ، کار و وەزیفە، ئاسایش و هێمنی، پێوەندییەکان، هەموو ڕواڵەتەکانی مەرجبەندییت هەیە.
ئایا به راستی ترسی دەرەوە و لە دەستچوونی شتەکان، بەرژەوەندیەکان، پێوەندییەکانت هەیە؟ ئایا ئهم ترسانه راستیین؟
نەء، ڕاستییە سادەکە ئەوەیە تۆ (ترس) ت هەیە و ئا، ترس وەك ترس. وەك ئەو رەوشەی تووشی قەلەق و دڵەڕاوکێ و نا ئارامی هەڵواسرانت لە نێوان دوێنێ و سبەینێدا دەکا. ترسێك کە ئێستات، کە ئازادیت، کە ناوەوەت بنکۆڵ دەکا، کە نایەڵێ لە ئاوێنەدا سەیری خودی خۆت بکەی.
ترس وەك هەست و رەوشێکی بوونمان، وهک بوونیاریی بە مەترسی و مەرگ دەوردراومان. بۆچی ناتوانین بەرامبەر ئەم ترسە بوەستین؟
بۆچی ناتوانین ئەم ترسە وەك خۆی، رەوشی خۆی، راستی خۆی تێ بگەین بەبێ ئەوەی بە شتەکانی دەرەوەی ببەستینەوە؟ به بێ ئهوهی رێگه بدهین خۆی خۆی بهێڵێتهوهو بهخێو بکا؟
تۆ دەتوانی تەنیا لە ئێستادا لە لەحزەی هەنووکەیی دا، لێرەلهم کاتهدا، بەرامبەر حەقیقەتێك ڕوو بە ڕوو ببیەوە. گەرتۆ نەهێڵی حەقیقەتێك، کێشەیەك، گرفتێك، پرسێك، ترسێك ببێتە (ئێستا)، لە ئێستادا دەرکەوێ و لە ئێستادا ببینرێ، هەمیشە بیشارییەوە، هەمیشە هەڵی گری و دوای بخەی بۆ سبەینێ، هەمیشە لە بیری بەرییەوە یان لەبەری هەڵبێی: ئەوا بە براوەیی ناتوانی بەرەوڕووی ببیتەوە. گەر ئێستا تۆ هەستیارییەکت بەدەست هێنابێتەوە، چاوی ناوەوە و دەرەوەت کردبێتەوە لەگەڵ ڕاستی و ئاڵۆزیی ههلومهرجبهندیی خۆتدا ڕوو بەڕوو بوویتەوە، تۆ تەنیا هوشیارییەکی تیژت دەربارەی ههلومهرجبهندیی نابێ، بەڵکو تێشدەگەی چەندە مەترسی هەیە، چەندە ناشرینیی و ڕق و دڵرەقیی و دڕندەگەریی دەخولقێنێ.
ئەدی بۆچی تۆ کاردانەوەت نییه، هەڵوێستت نییه، هەنگاوت نییه، کاتێ تۆ هەست بە حەقیقەت و مەترسی هەلومەرجبەندیی بۆ سەر ژیانی خۆت و ئەوانی دی دەکەی، کاتێ دەبینی ئەوانی دی نانیان دەبڕدرێ و مناڵیان برسی دەکرێ، کاتێ دەبینی ئەوانی دی ئازادییان زەوت دەکرێ و ڕاو دەنرێن و ئەشکەنجە دەدرێن؟
کاتێ دەبینی ئەو جاددەی بەسەریدا دەڕۆی ڕەنگە تۆماری مەرگی دەیان بووبێ و هێشتا نۆرەی تۆ نەهاتبێ، یان خۆی لێ بە دووربگری. کاتێ تۆ (مەرگ) ی هەزاران ئازارت نادا، بەڵام نەچوونت بۆ تەعزیەی مردنێکی ئاسایی یان خۆڕایی، ناڕەحەتت دەکا. ئایا ئهمه دوو فاقی ، خۆ ههڵخهلهتاندن و تهسلیمبوونی عادهتی باو نییه؟ کاتێ دەبینی مناڵان، خواردنێ دەخۆن ڕەنگە سەڕهتانیان بداتێ باکت نییه گهرچی ئهگهری ئهوهش ههبێ نۆرهش بگاته سهر منالهکهی خۆت؟ کاتێ خەستەخانەکان زۆر جار دەرزی مەرگ دەوەشێنن، کاتێ قوتابخانەکان هەراجخانەی زانین و زانست و پەروەردە و پاشە رۆژن؟ کاتێ ههرزانترین کاڵا له ولاتی تۆدا ژیانی مرۆڤه، ئاسانترین پێشێلیی کهرامهتی مرۆڤه؟
کاتێ تۆ کۆیلەی مووچە و کۆیلەی دەسەڵاتیکی نە مانای ئازادی دەزانێ، نە مانای خۆشەویستی، نە مانای مرۆڤایەتی، نه مانای ئهخلاق؟ کاتێ خزمهتی دهسهڵاتێ دهکهی ‘باکی به مردنی نهوهکانی خۆی نییه’.
هەموو ئەمانە نه دەتترسێننن، نه دهتجوڵێنن. ئایا ئەمانە ئارا و فەزای ژیانی تۆش نین؟ یان دەترسێیت و وهلامت ئهوهیه زیاتر خۆت بکەیتە دیلی هەلومەرجیبەندییەکەت. خۆ ئەوە من نیم؟ ژنەکەم لە گەڵمە، مناڵەکان برسی نین، کارەکەم ماوە، دەرفەتەکانی دەوڵەمەندیم لەبەر دەمن؟ کۆمەڵ، گەل، وڵات، مرۆڤایەتیش: قیروسیا! چییە کە پاڵت پێوە دەنێ مەترسییەکە ژێربەژێر کەی، حەقیقەتەکان بشاریتەوە، ویژدانەکان بە سڕی و مردوویی بهێڵیتەوە؟
ئەوە ترسە، تەمبەڵییە، نەبوونی وزە و پاڵنەرە؟
نا.. تەنیا لەبەر ئەوەیه هێشتا خۆت نەکەوتوویتە سەر چەقی ڕێگاکە.
هێشتا خۆت یەکسەریی، عاتیفی و فیزیکی بە تەڵەکەوە نەبووی.
گەر تۆ بە ڕێگایەکدا بڕۆی مارێك ببینی، سەیارەیەك ببینی بە خێرایی دێ، ئاگرێکی بێ ئامان ببینی؛ شەڕه چەقۆ بێ، گولله بهملاودا بڕوا، لافاو هەستابێ، هتد بۆ هەریەکێ لەمانە خێرا، یەکسەری، بێ بیرکردنەوە کاردانەوەت دەبێ، هەوڵی خۆپاراستن یان بەرگری، موقاوەمە، یان کارکردن دەدەی.
ئەی بۆ کاتێ مەترسی هەلومەرجێکی وەك حیزبایەتی، دەسەڵات، گەندەڵیی، تاوان، بێباکی لە ژیان و ئازادیی و مافی ئینسان؛ لەسەر خود و ژیان و کۆمەڵ و ئازادی دەبینی: کاردانەوەت نییە؟
ئایا گەر هەستت کرد ئەمە مارەکەیە، ئاگرەکەیە، لافاوەکەیە، شەڕە چەقۆیە، گوللەبارانەکەیە گەیشتۆتە بەر دەرگات و ڕاستەوخۆ کار لە خۆت و خێزانت دەکا، کاردانەوەت نابێ؟
وەڵامەکەی ئەوەیە: تۆ بە ههلومهرجبهندیی راهاتووی، ڕاهاتووی هۆشت سڕکەی، ببینی و نەبینی، بزانی و نەزانی، بخوێنییهوە و تێنەگەی.
وەڵامت بۆ ئەمە ئاسانە گەر خۆت لە ئێستایی، یەکسەریی، ناوەڕۆکی عاتیفی پرسەکە بدزیتەوە.
گەر هەوڵ بدەی عەقڵانیی بکەی، بیخەیتە ناو قاڵبی تەفسیر و لێکدانەوەی ئایدیۆلۆجییەوە، بەڵگە و بەهانە بۆ نەکاریی و ساختە گۆیی بێنیتەوە.
ڕەنگە بە لێکدانەوەی عەقڵی، بیرکردنەوە، تەنانەت بە ئەزموونی ڕۆژانەی خۆشت گەیشتبیتە ئەو ئەنجامەی کە ئەم حیزبایەتییە ڕوخێنەرە، بۆتە هۆی داڕزانی ڕۆحی و ئەخلاقی، کوشتنی هەستی نەتەوەیی، بەردەوامی حاڵەتی ئەنفالی و مەرگستانی بێدەنگ و لەدەستچوونی هەموو دەرفەتە نموونەییەکان.
بەڵام چونکە هیچ کام لەمانە، تا ئێستا، ناوەڕۆکێکی عاتیفییان بۆ تۆ نییە، هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لە ڕۆتینی ژیانت ناکەن، نابیسی و ناجووڵێی.
بەڵام کاتێ سێبەرەکانی ترس نزیك دەبنەوە، ناوەڕۆکێکی عاتیفی بۆ تۆ پەیدا دەکەن، ئەوسا تۆ زیندوو دەبییەوە. لە پڕێکدا چاوی ناوەوەت هەڵدێنی:
هەتا کێشەکە وەك پرسێکی زەینی، عەقڵی، ئایدۆلۆجی سەیر بکەی، دەتوانی بیشارییەوە، دوای خەی، فەرامۆشیکەی، لە مێشکی خۆتدا بیسڕییەوە.
دەتوانی لۆژیکێکی عەقڵی گەرم بە لۆژیکێکی تر، سارد کەیتەوە، دەتوانی ئاوی عەقڵ، بە ئاگری هۆشدا بکەی. دەتوانی بەهانە و پاکانەی زیاتر بۆ خۆت بدۆزیتەوە هەمیشە مەودای خۆهەڵخهڵەتاندن فراوان بکەی. چهند بۆشنبیری حیزبیی و ناحیزبیی ههن که تهفسیری لۆجیکی ئایدیۆلۆجی و بهراوردی بۆش و ساختهو بێماناو درۆزنانهو خۆ ههلخهلهتێنهرانه بۆ ههلومهرجبهندیی و بۆشیی خۆیان و کارهساته دهستکردهکان دهدهۆزنهوه؟: گهندهڵی له ههموو شوێنێ ههیه، خهتای مێژووه، ئێمه ساواین، خهلک خۆی خراپه، دهوروبهر دهمانخوا.
گەر هەر کێشەیەك وەك ئایدیا سەیر بکەی ئەوا ناکۆکی لە نێوان ئایدیا و کردەوە دروست دەبێ، ئەو ناکۆکیی یە وزەکان لەناو دەبا و راستییەکان دەشارێتەوە.
بهڵام ئەو کاتەی تۆ لە کار دەردهکرێی، مناڵهکەی تۆ سەیارە لێی دەدا یان تووشی سەرەتان دێ، یان بەر شەق و زللە دەکەوی، تەنیا ئەو کاتە هەلومەرجبەندیی وەك حەقیقەتیکی ئێستایی، ناوەڕۆکێکی ئینسانی عاتفی دەبینی و مەترسی و هەڕەشە ڕاستەوخۆیەکانی کارت تێدەکەن، ئەو کاتە دەجوڵێی، ئەو کاتە بینین زانینە: زانین کاردانەوە و کارکردنە، نەك عەقڵاندن و تیئۆری کردن. ئهو کاتهی که خهلک تهنیا وهک خۆت دهبینی، خۆت تهنیا وهک نوێنهری عاتیفی خهلک دهبینی.
ئێمە زۆربەی کات بێباکانە بەشەقامی ژیاندا دەڕۆین بە ڕوالەتەکانی ڕاهاتووین، بە ساختەییەکانی سەرمان سوڕنامێنێ، بێ هەست کردن کار دەدەینەوە، بێ بیرکردنەوە تێدەپەڕین. ئەم کاردانەوە میکانیکییە ڕۆتینە ڕۆژانە تەنیا کۆیلایەتی مووچە و هەلومەرجبەندیی زیاتر دروست دەکەن،
بەڵام ئەو کاتەی هەموو سەرنج و هۆشت، بە هەستیاریەکی ئێستایی عاتیفی یەوە دەدەیتە هەلومەرج بەندییەکە، ئەو کاتە هوشیارانە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی دەدەیت.
بە تەواوی لە ناوەوە لێی ئازاد دەبیت.
ئاخری لە دەرەوەشڕا بە سەریدا زاڵ دەبیت.
د. کهمال میراودهلی
درێژەی هەیە…….