Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
فەلسەفەێک تایبەت بە خۆشەویستی

فەلسەفەێک تایبەت بە خۆشەویستی

Closed
by February 14, 2013 فەلسەفە

 

تێگەیشتنی فەلسەفی ئالان بادیو بۆ خۆشەویستی    

 

لەم نووسینە،زۆر بە پووختی،خۆشەویستی لە دیدێ فەلسەفییەوە گفتووگۆدەکەین و لەسەر ڕوانینی فەیلەسوفی هاوچەرخی فەڕەنسی ئالان بادیو Alain Badiou بۆ واتای خۆشەویستی دەوەستین و تێگەیشتنێ فەلسەفی تایبەت بەم واتایە لە هزری ئەم فەیلەسوفە دەردێنین و دەیکەین بە جەمسەرێ لە جەمسەرەکانی توێژینەوە تایبەت بە دیاردەی خۆشەویستی. دیارە پێشتریش لە چەند نووسینێکمانا هێمامان بۆ تێگەیشتنی بادیو بۆ خۆشەویستی کردوە و لێ لەم نووسینەمانا زۆنی ووتنەکانمان لەسەر هەندێ ئاستی باسنەکراو بەرباسدەخەین و واشدەکەین بینینەکانمان ئاڕاستەی تر وەرگرن و گەشتێ فەلسەفی بن بۆ ناو دونیابینی فەلسەفی بادیو سەبارەت بە خۆشەویستی، سێکس و خود.

جێیووتنە،چیییەتی خۆشەویستی بۆ زۆربەی بیرمەندانی ڕۆژئاوا گرینگی خۆی هەبووە و ئەم گرینگیەش بەجۆرێ لە جۆرەکان قەرزاری ئەو ووتنە فەلسەفیانەن کە ئەفلاتوون لە دیالۆگی سیمپوزیۆن (میوانداری، symposion) ،بە ئامادەبوونی ئێرۆس (خواوەندی خۆشەویستی) و سوکرات لەو دیالۆگەدا، بەردەستمانی خستووە و ئەمەش وایکردووە لەو دەمەوە خۆشەویستی ببێ بە بابەتێ مانادار بۆ فەلسەفە.

بۆ زۆربەی ئەوانەی لە هزری فەلسەفی بادیو پسپۆڕن لەوە بەئاگان کە بادیو لە سێ نووسین دا باس لە واتای خۆشەویستی و یان چییەتی خۆشەویستی دەکا.لە نووسینی “مانیفێستی فەلسەفە”، “خۆشەویستی چییە؟” و “لە ستایشی خۆشەویستیدا”. بادیو لە نووسینی”مانیفێستی فەلسەفە” کە لە 1989 نووسیویەتی ئەڵبەتە پێشتریش و لە بەرهەمە قەبەکەی کە لە ساڵی 1988چاپیکردووە (بوون و ڕووداو) باس لەوەدەکا خۆشەویستی لەگەڵ بیرکاری (یان زانست)، هونەر (یان شیعر) و سیاسەت دروستکەری ڕاستی فەلسەفین، یان ئەم چوارە بەو هەل و مەرجانە دەناسێنێ کە فەلسەفە بەهۆیانەوە دێتەسازاندن.بەپێی ئەم هاوکێشە فەلسەفییە بادیوییانەیە بێ “خۆشەویستی بەرهەمهێنەری ڕاستییە،ڕاستی فەلسەفی”. خۆشەویستی لە دیدی بادیو بریتی نییە لە ئەزموونی ئەویتر بەڵکو لە”ئەزموونی جیهان یان دۆزێک”.ئەو خۆشەویستیەی بادیو ستایشی دەکا ئەوا “دووان (جووتێک)پێکەوە دروستیدەکەن و بەرهەمی یەکگرتنەوەشیانە کە ئەوەش لەلایەن خۆیەوە ڕووداوێک پێکدێنێ”.هاوکات بۆ ئەوەی بادیو خۆشەویستیمان بۆ ڕاڤەکا پرسیارگەلێ وەک پیاو چییە؟ ژن چییە؟ دەوروژێنێ و خۆیوتەنیش” فەلسەفەی ڕۆژئاوا لە ئەفلاتوونەوە تا نیچە هەوڵیداوە واتای ئافرەت ڕاڤەکا”. وەکیتریش،بادیو لە ڕاڤەکردنەکانی سەبارەت بە خۆشەویستی لە گەڕانەوەی بەردەوامدایە بۆ ئەفلاتوون و لاکان.بادیو پێیوایە “تیۆری لاکان تایبەت بە خۆشەویستی هەمان دیدی فرۆید نییە” و یان لاکان سەبارەت بە بابەتی خۆشەویستی قەرزاری فرۆید نییە. بەپێی تێگەیشتنی فەلسەفی بادیو ئەوەی لاکان لەمڕوەوە لە فرۆید جیادەکاتەوە ئەوەیە کە”لاکان واتای خۆشەویستی و حەز بە زاراوەی فەلسەفی تێهەلکێشدەکا”.بۆیە بۆ بادیو”لاکان باشترین دەروازەیە بۆ تێگەیشتن لە خۆشەویستی”.ئەم ئامادەبوونەی خۆشەویستی لە هزری لاکان بۆ بادیو مانادارە و ڕێگاێکیشە بۆ لکانی فەلسەفە بە شیکردنەوەی دەروونییەوە.ئێمەش لەلایەن خۆمانەوە تا ڕادەێ زۆر پێمانوایە فەلسەفە و شیکردنەوەی دەروونی توانای سازدانی ڕاڤەکردنی قووڵییان سەبارەت بە خۆشەویستی پێییە.

ئاشکرایە خوێنەری بادیو، و پسپۆڕ لە فەلسەفەی خۆشەویستی ئەم بیریارە فەڕنسییە، هەست بەوەدەکا شیکردنەوەی دەروونی نەبوە بە یەکێ لە چوار هەل و مەرجەکەی دروستبونی فەلسەفە بەڵام لەهەمانکاتیشا بادیو لە نووسینەکانیا بەبێسڵەمینەوە جەغتلەوەدەکا “فرَوید و لاکان دوو فەیلەسوفی مەزنن و رۆڵێ سەرەکیشیان لە سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی واتای خود دیووە”. ئەوی بۆ بادیو تایبەت بە لاکان جێی تێڕامانە ئەوەیە”لاکان پێویستە وەک تێۆریزەکەری خۆشەویستی نەک خود یان هەوەس تەماشابکرێ “.کەواتە بادیو بۆ پێکهێنانی چوارەم هەل و مەرجی دروستکردنی فەلسەفە لە تیۆری خۆشەویستی لاکان سوودمەندە.بادیو پێیوایە”هیچ تیۆریێک هێندەی تیۆری لاکان سەبارەت بە خۆشەویستی کاریگەری نییە”.گومانیش ناکا کە”لاکان لەو تیۆرییەیدا لەژێرکاریگەری دیالۆگی “میوانداری” ئەفلاتوون نەبێ” وەکیتریش بادیو بەخۆشی لەژێر کاریگەری هەمان دیالۆگە و، بەمجۆرە بێ بادیو دووجاران لەژێرکاریگەر دیالۆگی ناوبراوی ئەفلاتوونە. لەلاێ لەڕێگای لاکانەوە و لەلاێ تر لەڕێگای ئەو کاریگەریەی ئەو دیالۆگە و ئەمجار سێستەمی فەلسەفی ئەفلاتوون لەسەر هزری بادیو دایناوە.بۆیە لە نووسینی”مانیفێستی فەلسەفە”دا کاریگەری لاکان لەسەر تیۆری خۆشەویستی بادیو شتێ بەرچاوییە. 

ئەوی تایبەت بە تیۆری لاکان لەبارەی خۆشەویستییەوە شوێنی تێڕامانە ئەوەیە بۆ لاکان”چێژی سێکسی لە خۆشەویستیا شتێ نارسیسیە(خۆپەرستانەیە)و پێوەندی سێکسیش بوونی نییە”.بەمشێوەیە،لاکان مەیلی کەسەکان بۆ یەکتر لە ئارەزووی سێکسیدا بەرجەستەدەکا. لێ لای بادیو “ئارەزوو و خۆشەویستی هاو مەیل نیین.چونکە”ئارەزوو مەیلێ فیتشی(بەشتبوون) هەیە هەرچی خۆشەویستیە مەیلی سووتان و لە ئامێزگرتنی تیایە”.هاوکات بۆ بادیو”خۆشەویستی پێچەوانەی سێکسە”.هەربۆیشە بادیو زۆر ڕاستەوخۆ “گاڵتە بەو خۆشەویستییە دەکا لە ئێستایا لە پاریس هەیە و پێیوایە شتێ خراپیشە زۆربەی جووتەکان تەنیا 5 ساڵێک پێکەوە دەژین و ،بەباوەڕی بادیو ئەمانە لە خۆشی خۆشەویستی ناگەن بەس گشت شتێک لەسەر چێژی سێکسی دەزانن”.جگەلەوەی “عاشق ،بەبۆچوونی بادیو،هەرگیز ناکڕدرێ بەس سێکس یا خودی چێژی سێکسی وەک ئەوە تەماشادەکا کە جەستە بەشمەکدەکا”.

بادیو لەژێرسیحری دیدی لاکان بۆ خۆشەویستی دەڵێ:”لاکان فێریکردوین خۆشەویستی خۆی لە””بوون “”لەرێگەی ژوانەوە نزدیککاتەوە( واتە یەکگرتنەوەوە)”.ئەم بۆچوونە لاکانییە ڕەنگدانەوەیێ قووڵی لەسەر هزری فەلسەفی بادیو داکوتیوە و، هەربۆیشە لەبەرڕۆشنای ئەو بۆچوونە بادیو جەغتلەوەدەکا”خۆشەویستی پێوەندییە لەنێوان دووان و بەهەڵوەشانەوەی دەسەڵاتی تاکیش کۆتای دێ”بەڵام گومان لەوە ناکا کە”خۆشەویستی وێنەی ئەم تاکەی بەسەرەوە نەمێنێ. وەلی تیۆری خۆشەویستی لاکان کار لەسەر دەرخستەیەکی لۆژیکی دەکا کە بریتییە لە پێوەندی نێوان دوانەیەک و بناغەی ئەم دوانەیەش دوو رەگەزی(جنسی)جیا پێکیدێنن(پیاو و ژن)”.”ئەم دوو رەگەزەش خود پێکدێنن یان لە خود پێکدێن”.ئەم یەکگرتنەوەیەی نێوان ئەم دوو رەگەزە “یەکگرتنەوەی نێوان دوو جەمسەری ناجۆرە:جەمسەری نێگەتیڤ و پۆزەتیڤ” .بەمشێوەیە “خۆشەویستی یەکگرتنەوەی نێوان دوو جەمسەری ناکۆکە:یەکێکیان ئافرەتە کە نا-گشت پێکدێنێ و ئەویتر پیاوە کە گشت  ئەبەزێنێ”. 

گرینگە هێما بۆئەوەشکرێ،ئەم خۆشەویستیە،کە لەئاکامی یەکگرتنەوەی دوو ناجۆر دروستدەبێ””رەگەزی نا-پەیوەندی دروستدەکا”.هەروەها خۆشەویستی کە”ڕووداوی یەکگرتنەوەی نێوان دووانە ئەزموونێ بێ پایان و تەواونەکراو جڵەودەکا”. بەڵام بادیو لەمڕوەوە زۆر جەغت لەوەدەکا خۆشەویستی بریتییە لە”روودانی فرەییەکی بێ ناو، رووداوێک کە لە دەرئەنجامی رەگەز (جنس)ە جیاکانەوە دروستدەبێ”.ئەمەو پیێ لەسەرئەوەش دادەگرێ”خۆشەویستی بەرهەمی ڕاستیێەکە ئاماژەیە لەسەر ئەوەی ئەم خۆشەویستییە جێگری زانینە،زانینی ئەوانەی یەکتریان خۆشدەوێ”.بەواتایێ روونتر،خۆشەویستی بەپێی دیتنی بادیو بریتییە لە”رووداوی یەکگرتنەوەی نێوان دوان(جووتێ)و بەرهەمهێنانی راستیی لەمەڕ ئەم دوانە-جووتە-“.  

تەنانەت لاکان واشیدەبینێ” خۆشەویستی دەکارێ بەلەجیاتی پێوەندیی سێکسی بکا و بۆ ئەوەش دەچێ حەسودیێکی سێکسیش لەپشت خۆشەویستیەوە هەرهەبێ”.لێ بادیو ئاوا تەماشای خۆشەویستی ناکا.چونکە بادیو خۆشەویستی وەک پرۆسەی یەکگرتنەوەی نێوان دوو دژە جەمسەر دەبینێ و ئەو شتەش ئەم دووانە دروستیدەکەن بە تاکێک دروستناکرێ.خودی پرۆسەکەش وەک دروستکەری ڕاستی دەبینێ.

ماناداری تیۆری خۆشەویستی لاکان بۆ بادیو لەوەدایە،بادیو سەرنجێ زۆر دەخاتە سەر “ڕۆلی دوان لە پێکهێنانی پێوەندی خۆشەویستی و ئەو پێوەندیەش لەم تیۆریەدا سەبارەت بە خۆشەویستی هاوچەرخ و خۆشەویستی ڕێزئامێز ئامادەیە”. وەکیتریش بادیو گرینگی بەگشت ئەو پێوەندیانە دەدا دووانەیین، بۆ نموونە لە بواری سیاسیدا: پرۆلیتاریا و بۆرجوازی. بەڵام ئەم دووانەیە پێوەندیێ سیاسی دژ پێکدێنن. بادیو باوەڕی بەوەشە ئەم جۆرە دووانانە دەتوانن لەڕێگای بیرێ سیاسیەوە یەگرن و ناکۆکی نێوانیان نەمێنێ. هاوکات بادیو ئامۆژگاری ئەوەشمان دەکا گشت دووانەکان (ئافرەت و پیاو، پرۆلیتاریا و بۆرجوازی)پێویستە لەوەبکەون بابەتی بن.ئەمەش” بۆئەوەی ئەم دووانانە بتوانن پێکەوەکارکەن و یان کۆکبن و، بۆئەوەی ئەمەش بێتەدی پێویستیان بەوەدەبێ واز لە بەبابەتبوونیان بهێنن”.ئەمەش جۆرە ڕێگاێکە لەلایەن بادیوەوە بۆ قووتکردنەوەی تیۆریێک تایبەت بە خود لە بواری خۆشەویستیدا. 

بیریشمان نەچێ بادیو بەبێدەنگی لەو دوو نووسینەیدا(مانیفێستی فەلسەفە،خۆشەویستی چییە؟) ڕەخنەی تێگەیشتنی فێمینیستەکان بۆ واتای ئافرەت و خۆشەویستیش دەکا.کێشەی بادیو لەگەڵ فێمینیستەکان و داکۆکیکەران لە تیۆری کویر (شاز، ناجۆری) queerیەکناگرێتەوە.چونکە بادیو باوەڕی بە بوونی دوانەیێ جیایە(دوو ڕەگەزی لێکنەچوو)لە دروستکردنی پرۆسەی خۆشەویستی.بادیو دژایەتی فێمینیزم ناکا بەڵام بەزۆری دژی ئەو جۆرە ئاراستە فێمینیزمیانەیە پێوەندی نێوان ژیندەرەکان تێکدەدەن. دڵنیاشین تێزی ناوبراوی بادیو تایبەت بە خۆشەویستی پێناچێ لای گەلێ لە فێمینیستەکانی ڕۆژئاوا پەسەندکراوبێ. 

هاوکات بادیو لە ڕاڤەکردنەکانی تایبەت بە واتای خۆشەویستی بینینی خۆیمان سەبارەت بە سێکس و پێوەندی ڕۆمانسیش بەرباسدەخا و،ئەمەشی لەو کارە تازانە ئەنجامداوە کە لەم ساڵانەی دوای،وەک”لە ستایشی خۆشەویستیدا”،نووسیونی.لەو بارەیەشەوە دەڵێ:”خۆشەویستی گۆرانیێکە لەلایەن ئەو فەیلەسوفەوە دەچڕدرێ کە وەک ئەفڵاتوون بیردەکاتەوە و پێماندەڵێ: ئەو کەسەی خۆشەویستی وەک خاڵی دەستپێک وەرنەگرتووە هەرگیز لە ماهیەتی فەلسەفە تێناگا”.هەرلەوێڕا ئامۆژگاری بادیو بۆ فەیلەسوفەکان ئەوەیە کە” نابێ لە خۆشەویستی بترسن” و خۆشەویستیش بە سەرچڵی(موغامەرە) دەشوبهێنێ و داوایئەوەشدەکا خۆشەویستی ڕیسکئامێز بێت.”خۆشەویستی بەبێ ڕیسک نەشیاوە.خۆشەویستی بێ ڕیسک وەک جەنگی بێ مردوو وایە”.بەمچەشنە بادیو قسە لە ناسانایەتی خۆشەویستی،لە چرکە ئەستەمەکانی خۆشەویستی لە جیهانی هاوچەرخدا،دەکا.بەم بینینە ئەو گومانەش هەڵدەوەشێنێتەوە کە پێیوایە”خۆشەویستی بوونی نییە”.چونکە بادیو “مانای خۆشەویستی لە ئارەزووی سێسکسیدا گیرناکا”.ئەڵبەتە بادیو لەم نووسینەیدا باس لەو هەڕەشەیەش دەکا چاخی تازە لە خۆشەویستی دەیکا و خۆشەویستی سەردەمی ئێستا وەک خۆشەویستیێ بێ موغامەرە پێناسەدەکا. ئەمەو بەبۆچونی بادیو “خۆشەویستی لەئێستادا لەژێر هەڕەشەی هێدۆنیزم(چێژگەری)و لیبڕالیزم دایە”و،وەک بەرپرسیاری”سێکسگەرای و بەرخۆریش تەماشایاندەکا و پێشیوایە لە خۆشەویستی و سۆز خاڵیین”.

لەبەرئەوەی خۆشەویستی لە هەنووکەدا لە تالووکەدایە بادیو لەم کتێبەدا کارێ زۆر بۆ دەربازکردنی خۆشەویستی لە کێشەکانی دەکا.بیریشماننەچێت بۆ بادیو لەئەمڕۆدا “خۆشەویستی بریتییە لە ململانێ لەودیو تەنیاییەوە،ململانێ لەگەڵ گشت شتێک کە لە جیهانا دەتوانێ بوون بجووڵێنێ”.بەڵام هاوکاتیش بادیو لەو جۆرە خۆشەویستییە دەدا لە ماڵپەڕی دەیتینگەکانا باوە.لە دیدی بادیو”ئەم جۆرە خۆشەویستیانە خۆشەویستی کۆمەڵگەی بەرخۆرین”.بۆیە لەبڕی ئەوە بادیو مەستی ئەو تێگەیشتنەی ڕامبۆی شاعیرە کە دەلًێ:”خۆشەویستی پێویستی بە دووبارە دامەزراندنەوە هەیە”.گشت ئەو ڕەخنانەش بادیو لە خۆشەویستی دەیگرێ بۆ زەمینەخۆشکردنە لە داکۆکیکردن لە خۆشەویستی.”داکۆکیکردن لە خۆشەویستی بەقەولی بادیو ئەمە ئەرکی فەیلەسوفە”.”ئەم داکۆکیە و بانگەشەکردنیش بۆ سەرلەنوێ خوڵقاندنەوەی خۆشەویستی بەپێی فەلسەفەی بادیو بۆ لێدانی سیاسەتی ئەمڕۆ و بازاڕە”.بۆیە خۆشەویستی لە ڕوانگەی ئەم فەیلەسوفە فەڕەنسییەوە”بریتی نییە لەپەیمانی نێوان دوو نارسیست(خۆپەرست)بەڵکو بریتییەلە پتر لەوە.خۆشەویستی بریتییە لە دامەزراندن و بەشداریکردن لەودیو نارسیزمەوە”.واتە نارسیزم(خۆپەرستی)ناچێتە خانەی خۆشەویستییەوە.وەلی زۆر ئەفسووس کۆمەڵگەی هاوچەرخ پڕە لەم جۆرە دیاردەیە(دیاردەی نارسیزم).بەپێی بینینی فەلسەفی بادیو”ئازادکردنی سێکسی کێشەکانی ناو خۆشەویستی وەک خۆی دەهێڵێتەوە”،بۆیە بادیو باوەڕی تەواوی بەوەیە”سێکس پێویستە لە ڕەووشتگەری ئازادکرێت”. بەس بادیو پێشیوایە “کاتێ مرۆڤ سێکسییانە ئازاد دەبیت ناتوانی کێشەی خۆشەویستی چارەسەرکا”.هەروەها داکۆکی لەوەشدەکا کە”چارەسەرکردنی کێشەی بووناوی خۆشەویستی لە خۆشییە گەورەکانی ژیانە”.کەوابێ،ژیانی ڕاستەقینە ئەو ژیانەیە خۆشەویستی دابیندەکا.کە خۆشەویستیمان هەبوو سێکسیشمان هەیە بەس بەتەنیا سێکس خۆشەویستی مسۆگەرناکا.

بەپێی تێگەیشتنەکانی ئەم کتێبە بێت،”خۆشەویستی یەک جارە و بۆ هەمیشەشە”.لەم بارەشەوە بادیو باس لە هەقایەتی خۆیدەکا کە چۆن ئافرەتێکی خۆشەویستووە،کە ئەوە یەکەم خۆشەویستی”ئەو” بووە و بۆ هەمیشەش لە یادی ماوەتەوە. لەبەرئەوە بادیو لە شوێنێکی کتێبەکەدا ووتنێکی کتێبێکی تری(تیۆری خود)دووپاتدەکاتەوە کە بەمشێوەیەیە: “خۆشەویستی ئەو شتەیە دووبارە نایبینیتەوە”.لەوەش نکوڵیناکا کە”خۆشەویستی بریتییە لە”ژیانی خودی ژیان لەمیانەی دوو دیدەوە” ئەوی خۆشەویستیدەکا و ئەوی خۆشدەویسترێ”.دروستکردنی ژیانیش بەپێی دیدی بادیو”لەمیانەی دوانەوەیە نەک تاکەوە”.هەر تایبەت بەم لایەنە بۆ بادیو”پێوەندی خۆشەویستی پێویستی بە دیدی فڕە و هاوبەش هەیە”.کەواتە خۆشەویستی کەوتنە ناو ژیانی کەسێ ترەوەیە،سوتانە بۆ ئەو ژیانە.شوێنی ووتنە،بادیو دژی تێگەیشتنی ڕۆمانسییە بۆ خۆشەویستی هەروەها دژی تێگەیشتنی کلاسیکیشە بۆ زەواج.چونکە بۆ بادیو”خۆشەویستی هەم ژوانە و هەمیش خوڵقاندن. واتە مرۆڤ لەناو خۆشەویستیدا کێشە چارەسەردەکا:پێکەوە ژیان یان نەخێر، مناڵ دروستکردن یان نەخێر…”.دیارە لە نهێنیدا،لە ووتنێ بێدەنگئامێزانەدا،بادیو حەزبکات بێژێ:خۆشەویستی دەشێ بریتی بێت لە کردەی ڕووبەڕووبوونەوە.

 

ئازاد حەمە    

 

سەرچاوەکان:

Alain Badiou. Manifest för filosofin & Vad är kärlek? Urval och introduktion: Dariush Moaven Doust. Översättning: Carin Franzén. Glänta produktion. 2005

Alain Badiou. In Praise of Love. Translated by Peter Bush . Serpents Tail .2012.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.