Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
فەلسەفە و ڕەخساندنی شیاوی بۆ هزری تەندروست

فەلسەفە و ڕەخساندنی شیاوی بۆ هزری تەندروست

Closed
by January 17, 2014 فەلسەفە

 

 

 

 

 

دوای ئەوەی فەلسەفە وەک کردەێ مرۆیی لە جیهانا ،لە سەدەی 6 ی پێشزاین، هاتەدونیاوە فەلسەفە بوو بە بەختێ دیاری مرۆڤ و بەرپرسیاریێ بووناوی ئەم مرۆڤەش. ئاشکرایە دەرکەوتنەکەی فەلسەفە دەماو دەم  فۆڕمی زۆری وەرگرت لێ فۆڕمی خۆت خۆتبناسە ئەو دروشمە فەلسەفییە بوو سوکرات دەیویست خەڵکی لەسەر ڕابێنێت و فەلسەفەشی پێدەرخا. ڕاستە هەر لەسەرەتای دەرکەوتنی خواست بۆ فەلسەفەوە کرۆکی کردەی فەلسەفەکردن ئەم خواستەی لەخۆڕا حەشارداوە لێ خواست بۆ فەلسەفاندن لە هەواوە، لە بۆشاییەوە، دروستنەبووە بەڵکو زەمینەی لەبار و ئەندێشەی تەندروست بۆ ئەم خواستە هەمیشە پێشمەرج بووە. جەغتکردنی ئێمە لەسەر ئەم لایەنە ،واتە ڕەخساندنی زەمینەی لەبار و بوونی ئەندێشەی تەندروست پێوەندیێ زۆری بەو چرکەیەشەوە هەیە فەلسەفە تیایا سەوزدەبێ. درەختی فەلسەفەی ڕۆژئاوا کە پێمانوایە هەمیشە سەوز و بەرداربووە بۆئەوەدەگەڕێتەوە کە زەمینە بۆ سەوزبوونی ئەم درەختە لەباربووە و ئەندێشەی تەندروستیش تاڕادەێ پتر لە شوێنەکانی تری دونیا لەئارادابووە. لێرە ئێمە مەبەستمان ئەوە نییە ڕۆژئاوا بیرمەندی بیر بیمار و ناساغی نەبووە بەڵام هیچنەبێ هاونەوە و هاوتەمەنی بیرمەندە نەخۆش و نائاساییەکان ، تەنانەت ئەوانەش پاش ئەوان هاتوون، ڕەخنەی ئەو جۆرە بیرەیان کردووە و لەبڕی ئەوە بیری تر و سێرکردنی تریان پێشنیارکردووە. ئەوەش دەشێ وەک ئەرکێ ڕەوشتی بیریار و هزرەڤانان ببینرێ چونکە فەلسەفە گەشتێ مێژوویە و فەیلەسوف مێژوکردەکەیەتی. ئەگەرچی دولۆز پێیوایە ئەو فەیلەسوفەی بیرکاتەوە خۆی لە مێژووی فەلسەفە جیادەکاتەوە، بەواتای نیچە دەچێتە بیابانەوە. چوونە بیابانی فەیلەسوفەکان سەرەتای کۆچەرییانە، ئیدی لەوێوە فەیلەسوف وەک کۆچبارێ سەرکێش، گەڕۆکێ چاوقایم بەوە ئاشنا دەبێ پێشتر پێیئاشنانەبووە.پێدەچێ ئەمە واشمانلێکا قسە لە نامۆی فەیلەسوف بکەین. نامۆی فەیلەسوف وتنەکانیەتی. فەلسەفە نامۆییەکەیە. ئەم نامۆییە لە فەیلەسوفێکەوە بۆ ئەویتر جیایە. وتنی فەلسەفی فەیلەسوف ئەو نامۆییە دەستنیشاندەکا لە هزری فەیلەسوفدایە. فەیلەسوف بە زگماک نامۆ نیە. سرووشتی هزری فەلسەفی گشت فەیلەسوفێ ئەوە شیدەکاتەوە کە نامۆی لە هزردا گەشەدەکا و نامۆی شتێ ناتەندروست نییە و یان نامۆی لە هزردا هزری ناساغ بەرهەمناهێنێ. لەوە سەیرتر نامۆی هزری لە فەلسەفە بەڵگە نییە لەسەر کۆتایهاتنی هزری فەلسەفی بەڵکو ڕێک بەپێچەوانەوە. دیارە لەنێو ئێمەی کورد باسگەلێ بەبێ بناغە و دوور لەگشت بیرکردنەوەێکی قووڵ و وورد لەبارەی بیرۆکەی کۆتایەکانەوە دەکرێ کە ئێمە لێرە تەنیا یەکێکیان بەنموونە وەردەگرین کە ئەوەش کۆتای(مەرگی ،پایانی) فەلسەفەیە ، کە تاڕادەێک ئێمە لێرە ویست بۆ فەلسەفە لەم نووسینە وەک دژە جەمسەری کۆتای فەلسەفە بەکاردەبەین. ئەم بەکاربردنەش تەنیا لەسەر ئەو بناغەیە تیۆریزەدەکەین کە بۆ دەبێ فەلسەفە ڕوو لە نەمان بکا لەکاتێکدا لەناو ئێمە و وەکیتریش لە جیهانا پێویستیێ بۆ فەلسەفە لە ئامادەبوونێ زۆردایە؟ بەمجۆرە ویست بۆ فەلسەفە ئەو ئارگومێنتەیە بۆ هەڵوەشانەوەی تێزی کۆتای فەلسەفە ،کە تێزێ ڕۆژئاواییە،بەکاردەبرێ. بەواتاێ تر دەمانەوێ ئەوەش بڵێین کە لەکاری فەلسەفی تێکڕای فەیلەسوفەکان هەمیشە کۆششێ لەئارادابووە بۆ ڕاڤەکردنی ویست بۆ فەلسەفە بەڵام بۆ غەیرە فەیلەسوفان ئەوە پرسیار بووە کە بۆ ئەم کۆششە پێویستە پراکتیزەکرێ؟ تاکە وەڵامێ کە لێرە بەپێویستی دەزانین بەردەستی خوێنەری ئەم نووسینەی بخەین ئەوەیە کە ئەو کەسەی فەیلەسوفە کەسێ باڵا نییە، بەرهەمەکانیشی سەرووی خۆی نییە. فەیلەسوف کە خاوەنی ئاگایێ ڕەخنەی تایبەتە ئەم تایبەتیەتەیە کە لەویتری غەیرە فەیلەسوفی جیادەکاتەوە.

گەر تێزی سەرەکی نووسینە فەلسەفییەکان کۆشش نەبێ بۆ دۆزینەوەی زەمینە و ڕێگا بۆ ڕەخساندنی شیاوی لەبەردەم فەلسەفاندندا پێمانوانییە فەلسەفە نەیدەتوانی بگاتە ئەم ئاستەی ئێستا. نەک هەر ئەوە بگرە بەپێی ئەوەی سرووشتی هزری فەلسەفی، یان بوونی فەلسەفە بوونێ عەقڵییە، یان زانینێ عەقڵییە، ئەمە وادەکا بووترێ هاوکات سروشتتەکە لەوەشدا چڕدەکرێتەوە کە کردەێ مرۆییشە. بەمرۆیبوونی کردەی فەلسەفی ڕێگا لەو کۆتایهاتنەش دەگرێ جار جار فەلسەفە لێرە و لەوێ ڕووبەڕویدەبێتەوە. بۆیە بەردەوامی فەلسەفە مانای خۆی بۆ چۆنیەتی ڕەخساندنی زەمینە بۆ دەرکەوتنی هزری تەندروست هەیە. ئەم لایەنە کە پێویستە مەرامی بنەڕەتی بێ بۆ گشت کردەێ فەلسەفی. لێرەدا و هەر لەم سەرەتایەوە هەقی خۆمانە بپرسین بۆ؟ و چۆن؟ ڕەخساندنی شیاوی بۆ دەرکەوتنی هزری فەلسەفی گرنگی بۆ مەرامە فەلسەفییەکان هەیە؟ دیارە زەمینەخۆشکردن لەبەردەم ئەو هەل و مەرجانەی خواست بۆ فەلسەفەکردن مسۆگەردەکەن ئارەزووی سازکردنی شیاویی لەبەردەم فەلسەفاندندا دابیندەکەن. واتە ڕەخساندنی شیاوی لەبەردەم فەلسەفاندندا ،کە پاشان بوارێ زێڕین بۆ پرۆسەی فەلسەفە بەرهەمهێنان خۆشدەکا، گرنگیخۆی هەیە و تێگەیشتنێکیشمان لەسەر ئەو مێژووە دەداتێ لەپشت فەلسەفەکردنەوە بووە. بەڵام  ئەوەی لێرە مەرجە لەبیرنەکرێ ئەوەیە کە ڕەخساندنی شیاویی لەبەردەم فەلسەفاندندا لە هیچەوە دەستپێناکا بەڵکو لەوێوە و لەوەوە دەستپێدەکا کە دەبێ و گرینگە  فەلسەفە وەک کردەێ پێویست تەماشاکرێ و ئەوەش لە فەلسەفەدا ببینرێتەوە کە شیاوی لە بونیادی فەلسەفەدا لەگەڵ کاتا لە نەشونمادایە. ئەمەش بەزۆری لەبەرئەوەی فەلسەفە دۆزراوەێکی مرۆییە. گەر لەم حاڵەتەدا فەلسەفە بەو زەوییە بشوبهێنین کە دەکێڵرێ مەرجە لەلاێ بزانین چەند ئەو زەوییە شیاویی کێلانی تیابەدیدەکرێ؟ و لەلاێ دیش ئەو نەمامەی لەو زەویەدا دەچێنرێ چەند توانای سەوزبوون و نەشونمای هەیە؟ ئەم لایەنە خۆی لەبەردەم چەند سەرنجێ دەبینێتەوە لەوانە: کەش و هەوای ئەو ناوچەیەی ئەو زەویەی تێدەکەوێ و هەروەها ئەوەی کە چۆن ڕێگا لەبەردەم کردەی فەلسەفەکردن بکرێتەوە تا بکارێ خۆی تائەوپەڕی توانایخۆی پراکتیزەکا.دەرگا خستنەسەرپشت لە  مەسەلەێ وەک مەسەلەی فەلسەفەکردن ،کە بەپێی تێگەیشتنی هەندێ کەس خەریکە ڕوو لە نەمان و پووکانەوە دەنێ کارێ ڕەوشتی و ئەمجار ویژدانیشە.

 

هەر تایبەت بەم لایەنە، واتە دەرگا خستنەسەرپشت لەوی ناوماننا مەسەلەی فەلسەفەکردن،کە بەپێی تێگەیشتنی هەندێ کەس خەریکە ڕوو لە نەمان و پووکانەوە دەنێ، کارێ ڕەوشتی و ئەمجار ویژدانیشە،دەکرێ باس لە خراپسازی فەلسەفی لە مێژووی فەلسەفەی نوێی ڕۆژئاواش بکرێ.لێ گرینگە بزانین ئەم خراپسازییە فەلسەفییە بەرهەمی دیدێ فەلسەفی دیاریکراوە؟یان فەلسەفەی ڕۆژئاوا لەم شێوە کارە فەلسەفییە زیاتری بەرهەمنەهێناوە؟ ئەم دوو پرسیارە کە مانای خۆیان بۆ تێگەیشتن لەو فەلسەفەیە دەبینن کە دەکارێ شیاوی بۆ هزری تەندروست بڕەخسێنن لەتەک دوو پرسیاری دیدا بەجۆرێ لە جۆرەکان یەکدەگرنەوە کە بەمجۆرەیە: تۆ بڵێی لەپاش خراپسازییە فەلسەفییەکانەوە شیاوە فەلسەفەکردن؟ هەروەها ئەوەش کە چۆن ویست بۆ فەلسەفاندن لەم حاڵەتەدا خۆیدەردەخا؟ 

ئەم دوو گرووپە پرسیارە دەشێ ببن بە تەوەری سەرەکی بۆ ئەو شێوە کارکردنەی باسی شیاوی بۆ هزری تەندروست دەخاتەژێرتێڕمانەوە.بیریشماننەچێ ئەو دوو گرووپە پرسیارە مەرجە بەجۆرێ وەگەڕخرێن کە بتوانن شیاوی لەبەردەم پرسیار و ڕامانی تر بکەنەوە و بەشداریش لە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەدا بکەنەوە لە تێگەیشتنی خوێنەری ئەم جۆرە باسانەدا سەبارەت بە کردەی فەلسەفەکردنی فەیلەسوفانی ڕۆژئاوا لەئارادایە.ئەوەندەی ئاگامانیشلێبێ بیری بیریارانی ڕۆژئاوا لەم شێوە ژێرپرسیارخستنانە زیانی بەرکەوتووە یان ژێرپرسیارخستنەکان وەک کۆششگەلێ بۆ بەدگومانیدانەپاَل بیری فەلسەفی ڕۆژئاوا خۆیان وێناکردووە.ڕاستە بیری ڕۆژئاوا شایانی قسەێ زۆرە بەڵام ناشێ بیری فەلسەفی ڕۆژئاوا تەنیا وەک دەزگای بەرهەمهێنانی هزری بەدکار و ناتەندروست و خراپسازی تەماشاکرێ.بۆیە مەبەستی سەرەکی ئێمە لە وروژاندنی باسی خراپسازی فەلسەفی تەنیا موحاسەبەکردنی بیری فەلسەفی ڕۆژئاوا نییە،کە هەمیشە وەک بیرێ زاڵ و دەستڕۆشتوو ناویدەرکردووە،بەڵکو ئەوەشە کە بۆ دەبێ بەردەوام تۆمەت بخرێتەپاڵ بیری ڕۆژئاوا و،بیریارانی ڕۆژئاواش بە کەسانێ خراپکار و وێرانساز تاوانبارکرێن.ئەم بیرە ئەگەر ئەوەشی کردوبێ ئەوا لەئاستێ دیاریکراو و لەهەندێ قۆناغی جیاجیادا لەمەوە دوور نەبووە و بەهەوڵ و کۆششی بیریار و ڕوناکبیرانی تر ناوەڕۆک و ئاڕاستەی ئەو بیرانە سەرلەبەرگۆڕدراون،یان هیچنەبێ ئەوی ووتراوە و لەتەک ڕەوتی فەلسەفەی هەنووکەدا سازێنراوە ڕەتکراوەتەوە.زۆربەی هەوڵە فەلسەفیەکانیش،کە بەخۆی کۆی ئەو نووسین و کارە فەلسەفیانەن ئەوڕۆ تێکڕای مرۆڤایەتی لەبەردەسنیدایە ، هەمیشە وەک هەوڵگەلێ خۆیان نیشانداوە کە مەرامی سەرەکییان پێداچوونەوە و یان ڕاستکردنەوە و گەشەدانە بەوەی ووتراوە یان نووسراوە.ئەمەو،گەر خراپسازییە فەلسەفییەکان هەبووبێتیشن ناشێ و ناکرێ ئێمەی مرۆڤ خۆمان لەفەلسەفەبخەین و خۆ لەفەلسەفەخستن وەک چارەسەر و شیکاری ئەو کێشەیە ببینین. چونکە خۆ لەفەلسەفەخستن شتێ ترسناکە و مرۆڤایەتی جارێ ئەو شیاوییەی تیابەدیناکرێ بکارێ پشت لە فەلسەفە بکا.  

گومانیناوێ،خراپسازی لەناو بیر کارێ شیاوە و نکوڵی لە بوونی ناکرێ.بەڵام گرینگە ئەم مەسەلەیە لە شتێتر جیاکرێتەوە کە پێیدەووترێ هەڵوەشانەوە بەهیوای سەرلەنوێ دروستکردن و سازکردنی ئەوی لەمەوبەر بوونی نەبوە.کەواتە خراپسازی لەگەڵ کردەی هەڵوەشانەوە یەکناگرێتەوە و ئەمەش بەزۆری لەبەرئەوەی کەسی خراپساز تەنیا ئامانجی کاولکردن و وێرانسازییە و لەدوای خۆیەوە لە کەلاوە و خەرابە زیاتر شتێ ئەوتۆ بەجێناهێڵێ.جا هەر لەم ڕوانگەیەوە ئێمە زۆر بەلامانەوە گرینگە بپرسین تۆ بڵێی بیریاری خراپساز هەبێ؟گەر هەیە چۆن و بۆ دەبێ هەبێ؟ پاشان گرینگە ئەوەش بپرسین چی وا دەکا بیریارێک خراپساز و وێرانکەر بێ و ئەویتر چاکساز و دروستکەر ؟کەواتە بۆ خراپسازی؟و کێیە دروستکەر؟ ئەم پرسیارانە فێریئەوشەمان دەکەن ڕووبەری بیرکردنەوەکانمان تایبەت بە کردەی فەلسەفەکردن بگۆڕین و خودی ئەم کردەیەش لەو جۆرە خەوشانە بەدوورنەگرین مرۆڤی بیرمەند دەشێ پێوەی بگلێ.

سەرباری ئەوی لایسەرەوە وترا، باسی خراپسازی فەلسەفی پێماندەڵێ فەلسەفە و ئەمجار فەلسەفەی ڕۆژئاوا شایانی فڕەتوێژینەوە و فڕەتێڕامانە هیچ نەبێ لەبەرئەوەی ئەم فەلسەفەیە مێژوویێ قووڵ و بەربەرین لەپشتیەوەیە. ئەگەرچی باس لە فەلسەفە بەزۆری دەمانباتەوەسەر فەلسەفەی ڕۆژئاوا و باسی ئەم نووسینەشمان نییە بەڵام زۆر بەکورتی لێرە و تایبەت بەم لایەنە دەمانەوێ ئەوە یادخەینەوە هۆی ئەوەی باس لە فەلسەفە هەمیشە دەمانباتەوەسەر فەلسەفەی ڕۆژئاوا بۆ ئەو لایەنە دەگەڕێنینەوە کە ئەو مێژووەی لەپشت ئەو فەلسەفەوەوەیە (فەلسەفەی ڕۆژئاوا) مانای بۆ ئەم گەڕانەوەیە لە ئێستادا هەیە.پاشان ئەوەشمان بیرنەچێ کە ئەو هەموو بەرهەمە فەلسەفی و هزریەی بیرمەندانی ڕۆژئاوا بۆیان بەجێهێشتووین بەوە مەجبوورماندەکەن بەردەوام بۆ مێژووی ناوبراو بگەڕێینەوە. ئەم گەڕانەوەیەش بەخۆی مەسەلەیەێ زۆر گفتووگۆئامێزە و بۆ گەلێ لە کولتوور و مێژووەکانیش بەتەواوەتی هەرس ناکرێ و کێشە و گرفتی هزری و کولتووری زۆری دروستکردووە. هیچ دوورناڕۆین یەک لەو کێشانەی لەم ڕوەوە دێتەکایەوە مەسەلەی نێوەندیەتی بیری ڕۆژئاوایە و ئەو هەوڵانەی بەدرێژای مێژوو بۆ سازکردنی ئەم مەسەلەیە ئەنجامدراوە.بەڵام ئێمە بەوجۆرەش ناڕوانینە فەلسەفەی ڕۆژئاوا کە شتێ زگماکە و شایانی ڕەتکردنەوە و تەنانەت سڕینەوەش نییە، بەڵام چۆن؟ خۆ ناششێ ئێمە بیری ئیمپریالیستی بەرجەستەکراو لە ئەندێشەی گەلێ لە بیریارانی ڕۆژئاوا (چاترە بڵێین نێوەندگەرای فەلسەفی ڕۆژئاوا) بە هەندێ بۆچوون و بەرهەمی ڕەگەزپەرستانە و تووندڕەوانە وەڵامدەینەوە. بۆئەوەی ئەم لایەنە لەم باسە کورتەدا و لەژێر سایەی ئەم بابەتەدا باسنەکەین تەنیا ئەوەندە دەڵێین: بوونی فەلسەفەی ڕۆژئاوا بە پێوانە بۆ خودی فەلسەفە و ئەمجار گشت بیرکردنەوەێ فەلسەفی تەنیا بەرهەمی هەندێ کارکردن و کۆششی خۆپەرست و ڕاسیستانە نەبووە بەقەدئەوەی خودی مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوا زۆر لەوە کۆنترە بۆ هەندێ کۆشش و تەقەلای تاکپەرستانەی پراگماتی کورتکرێتەوە. بۆیە شیاویڕەخسان لەبەردەم هزرێ فەلسەفی تەندروست داوامان لێدەکا تەماشاکردن و وێنابوونەکانمان بۆ کردەی فەلسەفی و خودی ئەزموونی فەلسەفەکردنی ڕۆژئاوای سەرلەبەر بگۆڕین. چونکە نکوڵیناکرێ ئەم ئەزموونە شیاویێ زۆر بۆ فێربوون و توانایێ زۆر بۆ سەرلەنوێسازانەوە تیایە. 

 

ئازاد حەمە، مامۆستای فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی

سەرنج: لە ڕۆژنامەی هاوڵاتی بە دوو بەش بڵاوبۆتەوە.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.