Skip to Content

Friday, April 19th, 2024

فەوتانی ئاسایشی نەتەوەیی کوردستانیی لە نێوان (پارتی و یەکێتی) و داگیرکەرانی کوردستاندا

Closed
by January 29, 2008 گشتی

 هیشام ئاکرەیی….

هەر چەندە بیرۆکەی ئاسایشی نەتەوەیی دەمێکە لە فەرهەنگی سیاسی جیهاندا بەکار دەهێنرێت و بۆتە یەکێک لە بنەماکانی کار لە لایەن پارتەکان و حکومەتەکانی جیهاندا، بەڵام لای ئێمەی کورد ئەو دەستەواژەیە نەکراوەتە بنەمایەکی کار و لەم ڕۆژانەدا هەوڵ دەدرێت بە شێوەیەکی نەرێنی و نێگەتیڤانە لە لایەن پارتەکان و دەسەڵاتدارانی کوردستانەوە بەکار بهێنرێت.  سیاسەتمەداران کۆکن لەسەر ئەوەی دەستەواژەی ئاسایشی نەتەوەیی  زیاتر لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە بە شێویەکی باو بەکارهێنراوە و هەوڵدراوە پێناسە بکرێت و لە ژیانی سیاسی پارتەکان و  وەڵاتەکاندا پەیادە بکرێت و لە ساڵی 1947 وە کۆنگرسی ئەمریکی یاسای ئاسایشی نەتەوەیی فەجراند، هەرچەندە سەرەتای دەرکەوتنی ئەو بیرۆکەیە بۆ ساڵانی چەرخی حەڤدەهەم دەگەڕێتەوە کاتێک لە ساڵی 1648دا ڕێکەوتنی دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی هاتە دەرەوە بە واتای (نەێشن و ستێت).
بە گوێرەی گەلێ پێناسە ئاسایشی نەتەوەیی واتای گەرەنتی کردنی ژیانێکی هێمن و دڵنیا  دەدات بۆ تاکەکانی کۆمەڵگا و نەتەوە.  هەروەها چەندین سیاسەتمەدار  وشارەزا بە شێوەی جیاواز پێناسەی ئاسایشی نەتەوەییان کردوە.  لەوەی ئاسایشی نەتەوەیی واتای توانای دەوڵەت دەدات بۆ پاراستنی خۆی لە هەڕەشەکانی دەرەکیی.  گەلێ جاریش ئاسایشی نەتەوەیی بە سەربەخۆیی و سەروەری دەوڵەتی نەتەوەیییەوە کرێدراوە و ئەو ئاسایشە تاکەکانی کۆمەڵگا (هاوڵاتیان) یش دەگرتەوە.
بەدیهێنانی ئاسایش و نەهێلانی ترسی دەروونی و گیانی بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا و توێژەکان، یەکێکە لە بنەماکانی ئەم سەردەمەی ئاسایشی نەتەوەیی. هەروەها بەدیهێنانی باروددوخێکی  سیاسیی ناوخۆیی و دەولیی  گونجاو بۆ پاراستن و بەرفراوانکردنی بیروڕاکانی نیشتمیانیی.  نەهێلانی مەترسی لەسەر بیروباوەڕەکانی کۆی ئەندامانی کەمەڵگا چەمکێکی تری ئاسایشی نەتەوەیییە.
وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا هنری کیسنجەر سەبارەت ئاسایشی نەتەوەیی دەڵێت: ئاسایشی نەتەوەیی هەموو ئەو هەنگاوانە دەگرتەوە کە کۆمەڵگا دەگرتە بەر بۆ پاراستنی مافی مانەوەی خۆی. وەزیری بەرگری پێشووی ئەمریکی دەڵێت: ئاسایشی نەتەوەیی واتای گەرنتیکردنی ئاسایش و پێشەکەوتن دەدات لە بارودۆخێکی پارێزراودا.
بە گوێرەی پێشەکی سەرەوە: ئاسایشی نەتەوەیی واتای پاراستنی دەسەڵاتێکی دیاریکراو نادات، بەڵکو واتای پاراستنی نەتەوە و تاکەکانی ئەو نەتەوەیە دەدات و دەبێ هەر حکومەتێکی نەتەوەیی یان پارتێکی نەتەوەیی و حوکومڕان ئاسایشی تاک و نەتەوە بپارێزن لە سنووری دەوڵەتێکی نەتەوەییدا.
کەواتە مانەوەی کوردستان بە پارچە پارچە کراوی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی کوردستان وکوردە، هەر پارتێک یان دەسەڵاتێکی کوردی یان دەرەکی هەوڵ بدات کوردستان بە وەڵاتێکی داگیرکەرەوە گرێبدات یان لە سنووری ئەو دەوڵەتەدا بێڵێت، پارتێک و دەسەڵاتێکی دژی بەرژەوەندی نەتەوەیییە. لەو چوراچێوەیەدا هەموو هەوڵەکانی پارتی و یەکێتی و دەسەڵاتی کوردی و پارتەکانی تری بەشدار لە دەسەڵاتی باشووری کوردستاندا  بۆ گرێدانەوەی باشووری کوردستان بە عێراقەوە دەکەونە خانەی دژایەتی کردن و پێشێلکردنی  ئاسایشی نەتەوەیی کوردستاندا.
مانەوەی بەشێکی زۆری خاکی باشووری کوردستان لە دەرەوەی سنووری کوردستاندا و کار نەکردنی جددی بۆ گەڕاندنەوەیان و کات بزرکردن بە خۆ دەوڵەمەندکردن و سازش کردن لە گەڵ دوژمنانی کورد و دروستکردنەوی دەوڵەتی عێراق و نێوبژی کردن لە نێوان عەرەبی شیعە و سوونەدا، دژایەتیەکی تری سەرانی باشووری کوردستانە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی کوردستان.
لەسەر ئاستی هاوڵاتیان و تاکەکانی باشووری کوردستاندا ئەو دوو پارتە تاوەکوو ئەمڕوش پێیان نەکراوە ژیانێکی هێمن و دڵنیا بۆ هاوڵاتیانی کوردستان گەرەنتی بکەن و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ متمانەی خەڵک بە پاشەڕۆژی خۆیان کەمتر دەبێت.
دەسەڵاتی باشووری کوردستان و بە تایەبت پارتی و یەکێتی هەوڵ دەدەن ئاسایشی نەتەوەیی تەنیا بە مەترسی وڵاتانی دەرەوە و داگیرکەرانی کوردستان لە سەر خاکی کوردستان لە قەڵەم بدەن و ئەو بەشەی کە خۆیان لێ بەپرسیارن لە سەری بازدەدەن و خۆیان لێ ناکەنە خاوەن.
هەلبەتە داگیرکەرانی کوردستان بە داگیرکردن و لەتلەت کردنی کوردستان ئاسایشی نەتەوەیی کوردسانیان تێکداوە و پێشێل کردوە.
ئەو گەندەلیەی ئێستاکە لە باشووری کوردستاندا بڵاوبۆتەوە و خەریکە تەشەنە دەکات، وسیاسەتی عێراقچێتی پارتی و یەکێتی  و چەندین لایەنی تری کوردی و چونی ئەوانە بەرەو بەغدا و ئەنقەرە و تاران، گەورەترین زیانی بە ئاسایشی نەتەوەیی کوردستانی گەیاندوە و  چەماوەری کوردستان ناچارکردوە لە جیاتی ئەوەی کار بکەن لە پێناو ڕزگارکردنی  کوردستان و یەکگرتنەوەی کوردستان، زیاتر خەریکی چاکردنەوەی هەڵەکانی دەسەڵاتدارانی کوردی بن. ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی لەسەر ئاستی نەتەوە و تاکەکانی کۆمەڵگا ئاسایشی نەتەوەیی پێشێل بکرێت.
دەسەڵاتی کوردی لە باشووری کوردستان ناتوانێت داوای ئەوە بکات ئاسایشی نەتەوەیی بپارێزرێت لە کاتێکدا خۆیان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەوە ئەو ئاسایشە تێک دەدەن.
ئەگەر ئەوە حاڵی دەسەڵاتی کوردیی بێت و ئاسایشی نەتەوەیی کوردستان پێشێل بکات، پێویستە تاکەکانی کۆمەڵگا و ڕێکخراوەکانی نەتەوەیی ئەو ئاسایشە بپارێزن لە سەر ئاستی پاراستنی تاکەکانی بێ تاوانی کوردستان و خاکی کوردستان و دروستکردنی متمانەیەکی پتەو لە نێوان گەلی کوردساندا.

akreyii@gmail.com

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.