Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
قارەمان لە دۆزی جینۆسایدناساندنی تاوانەکانی ئەنفال لە وڵاتی سوێد

قارەمان لە دۆزی جینۆسایدناساندنی تاوانەکانی ئەنفال لە وڵاتی سوێد

Closed
by December 9, 2012 گشتی

 

 

بڕوا ناکەم کەسێک هەبێت بە کوردی لەدایک بووبێت و بژی، لە دڵەوە خۆشحاڵ نەبێت بەوەی ئەنفالی گەلی کورد بە جینۆساید ناسێنرا لە وڵاتی سوێد.  بڕوام وایە هەموومان ئەگەر لە دڵی خۆشمانا بێت سوپاسی ئەو گەلە و پەرلەمانتار و حیزبەکانیانمان کردووە. ئەگەر ووردتری بکەینەوە زۆربەمان هەوڵی دیار و جوامێرانەی ئەو بەڕێزانەی لە سەرخستنی ئەم کەیسەدا ناو و جێگەیان دیارە بەرز دەنرخێنین و لە ناخماندا خەڵاتی ڕۆحی و ئینسانییان پێدا هەڵدەواسین. 

ئەوەی لێرەدا جێگای هەڵوەستەکردنە، ئەو پرسیارەیە ئایا پێویست دەکات قارەمان درووست بکەین بۆ ئەم جۆرە خەباتە مرۆڤانەیە؟  ئایا کێ قارەمانە لە بەدەستهێنانی ئەم دەستکەوتەدا؟ هێنانەوەی ئەم پرسیارە لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە دەبینین گرووپێک بە دیاریکراوی هەوڵی قۆرخکارییەکی بێمانا دەدەن لە خۆ بەخاوەنکردنی ئەم دەستکەوتە مێژووییەدا. گرووپێک دەیەوێت پادشای ئەو تەختەبێت و بەڕەهایی شۆڕەسواریی خۆی بسەپێنێت.  ئەم بۆچونەی من لەوێوە سەرچاوەی نەگرتووە کە کاک ” قادر نادر” وەک تاکێک لە ڕاگەیاندنەکانا قسەکەری هەموو پێشوەچونەکانبوو. لەوێشەوە سەرچاوەی نەگرتووە کە ئیرەیی بە هەوڵەکانی ڕێخراوەکەی ببەم.  پێویست ناکات باس لەوە بکەم یەکێک بووم لە یەکەمەکان دەستخۆشیی و ماندوونەناسیم بۆ ناردن و لە دڵەوە حەزم ئەکرد هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵیان بوومایە. ئەوەی زیاتر هانی دام بۆ ئەم نوسینە دوو بابەتی بێتام و بێمانای ئەو بەڕێزانەبوو کە لە ماوەی ڕابردوودا لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاویان کردوە. یەکەمیان نوسینێکی” عەلی مەحمود”ە کە بە ئارەزووی خۆی هەموو شەرعیەتی هەوڵو ماندووبوونەکانی ساڵانی پێشووی ئێمەی لێسەندینەوە و لە سەروەختی کۆنفرانسی کۆمیتەی کوردستانی” ناوەندی چاکدا “. کە چەندە دڵڕەقانە لە سەنگەردایە دژی هاوڕێ دێرینەکانی خۆی. دووەمیان ئەو ڕاگەیاندنەیە کە بەناوی “ستارە”ێکەوە بڵاوکراوەتەوە و بێ پەردە زەوتی قسەکردن، ڕاو بۆچون وەرگرتن، لێدوانی ئەندامێکی ئێمە ئەکات بۆ ڕاگەیاندنەکان.  ئەو ئەندامەی ئێمە ” عومەر موحەمەد” ە. ئەو پیاوەی هەموو ئەوانەی لە دووریشەوە ئاگایەکیان لە دۆزی جینۆسایدناساندنی تاوانە دژبەمرۆڤەکانە دژ بە گەلی کورد دەیناسن. دەیناسن و دەزانن هیچ نەبێت دڵسۆزیی و پاکییەکەی چ سیمبۆلێکی جوانە بۆ چاولێکردن و لاساییکردنەوە. ئەمە جگە لە شارەزایی و بیروبۆچونە مرۆڤدۆستانە و ناوازەکانی لە چوارچێوەی ئەو کایەیەدا. نە ئەو پیاوە پێویستی بە وەسفەکانی منە و نە منیش حەزم لەم پیاهەڵنانی تاکەکانە. بەڵام ئەمە ناچارییە و هەقە چاوپۆشی لێنەکەین.  دیارە نە ڕاگەیاندنەکەیان و نە نوسینەکەی ئەندامەکەیان لە توانای ئێمە کەم دەکاتەوەوە و نە بەردێکیش بۆ کەسایەتی خۆیان و ڕێخراوەکەیان دەنێنە سەر بەرد.  

جارێکی تر جگە لە دەستخۆشییەکی گەرم و سوپاسکردنی ئەو بەڕێزانەی لە دۆزەکەدا هەوڵیان دیارە، دەمەوێت بۆچونێکی خۆم لەسەر ئەو کەیسە بخەمە ڕوو، وە ئاماژەیەک بە قارەمانی ڕاستەقینە بکەم لەو پڕۆسەیەدا. 

بە جینۆساید ناساندنی ئەو تاوانە لە وڵاتی سوێد تەنها بە هەوڵی ئەو کەسایەتییانە نەگەشتە ئەنجام. بەڵکوو کۆمەڵێک ڕەهەند هەیە کە بەیەکەوە پڕۆسەکەیان سەرخست. دەکرێت هەوڵی ئەو بەڕێزانە یەکێک بێت لەو ڕەهەندانە.”  بەبڕوای من ئەگەر ڕێژەی کورد لەو وڵاتە لەچاو دانیشتوانی ڕاستەقینەی خۆی ئەوەندە نەبوایە، مومکین نەبوو بەم شێوەیە بە ئەنجام بگات. چونکە ئەو ڕێژەیە وایکردوە کە  هاوڵاتی کوردستانی لەو وڵاتەدا بگەنە پەرلەمان. ئەو ڕێژەیە وایکردوە خەڵکی سوێد و سیاسەتمەدارەکانی باشتر گرنگی بە ناسینی گەلێکی ستەملێکراو و جینۆسایدکراوی وەک کورد بدەن. لەگەڵ ئەمانەدا سیاسەتی مرۆڤدۆستانەی سوێد بەرامبەر بە گەلە ستەمدیدەکان ڕوون و ئاشکرایە و هەمیشە لەبەرەی داکۆکیکاردا بوون لەمافەکانیان. ئیتر ئەگەرلە بری کاک قادر هەرکەسێکی تربوایە لەو دەیان مرۆڤە دڵسۆزەی خەمخۆرانە کار بۆ ئەم کەیسە دەکەن  هەر هەمان ئەنجامی دەبوو. یان ئەگەر کاک قادر لە وڵاتێکی وەک ئەڵمانیا یان نەمسا یان فەرەنسا بوایە لە ئێستادا نەیدەتوانی ئەم کەیسە بگەیەنێتە ئەنجام ” کەواتە هۆکارەکان  وایانکرد ئەندام پەرلەمانە کوردەکان و ڕێخراوەکان و کەسایەتیە کوردەکان گوێیان لێبگیرێت و کەیسەکە بە سەرکەوتوویی بگاتە ئەنجام.

لە ساڵانی ٢٠٠٦  تا ٢٠١٠ ئێمە وەک ناوەندی چاک زۆر هەوڵماندا بۆ گەیاندنی ئەو کەیسە بە ڕێخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و پەرلەمانی سویسرا. دواجار هەوڵەکانمان بە چەند هۆکارێک شکستیان خوارد. دیارترین ئەو هۆکارانە بۆچوونی گەورەبەرپرسانی “یو ئێن ” بوو. کاتێک پێیان ووتین ئەمەی ئێوە دەیکەن تەنها خاڵیکردنەوەی هەستە ئینسانییەکەی خۆتانە و ناتوانن لەم ڕێگایەوە هەنگاوی پراکتیک بنێن کە بە جینۆساید ناساندنی ئەنفال و هەڵەبجەبوو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. پێیان ووتین ئێوە لە باشورری کوردستان خاوەنی کیان و حکومەت و پەرلەمانی خۆتانن، ئەگەر ویستێکی جدیی هەبێت لە ڕێگەیەکی دیبلۆماسییەوە دەتوانن ئاسانتر بگەنە ئەنجام.  پێشنیاریان بۆ کردیین لە ڕێگای گرووپێک پارێزەری نێودەوڵەتییەوە دەتوانرێت ئەو کەیسە بجوڵێنرێت و بەشێوەیەکی فەرمی ئەو داوایە لە دەزگا نێودەوڵەتییەکان بخرێتە گەڕ. دیارە بۆ ئەوە پێویست بە پاڵپشتێکی مادیی بەهێز بوو کە وەک ئەوان دەیانووت تەنها حکومەت دەتوانێت بە بودجەیەکی دیاریکراو و بەرنامەبۆداڕێژراوەوە بچێتە پشت ئەو پڕۆسەیە. 

لێرەدا نامانەوێت لە ماندووبوون و دڵسۆزی کەسانی وەک ” قادر نادر ” کەم بکەینەوە. بەڵام ئەوە ڕاستییەکەیە ئەم جۆرە هەوڵانە ئەگەر پاڵپشتێکی دبلۆماسی و شارەزا و خاوەن دەسەڵات لە پشتییەوە نەبێت، بە تێکۆشانی تاکەکەس و گروپە ئینسانییەکان ناتوانرێت سەربخرێت. وە پێویستی بە قارەمان نیە و هەموو دڵسۆزی و خەمخۆری دنیا کۆبکەیتەوە ناگەیتە ئەنجامێکی بەرجەستەی سەرکەوتوو. ئیتر هەق وایە لەو سۆنگەیەوە کەمێک بیرکردنەوەکانی خۆیان بگۆڕن و سنورێک بۆ ئەم بوغرایی و سەرکێشییە ناشرینانە دابنێن. هەقە ڕێگە نەدەن لە ڕێگای ئەو جۆرە دەربڕینانەوە سومعەی خۆیان بخەنە ژێر پرسیارەوە و ماندووبوونی خۆیان بێنرخ بکەن.  دیارە چەند کەسێکی دیاریکراون لە ڕێخراوەکەدا کە هەمیشە بەو نەهجە پڕ لە ڕقە لەگەڵ بەرامبەرەکانیان دەدوێن. دواجاریش ئەو پرسیارە درووست دەبێت” ئەمە تەنها هەوڵێکی ئینسانییە بەم شێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن، ئەی ئەگەر لە ئاستێکی بەرزتر و دەسەڵاتدارێتییەکی هەستیاردا بن دەبێت چ دیکتاتۆر و بکوژ و ببڕێکیان لێ دەربچێت؟”  

تێبینی: من هەر ناوی کاک قادر ئەبینم لە ڕاگەیاندنەکاندا لەسەر ئەو بابەتە قسە ئەکات، بۆیە تەنها ناوی ئەوم دووبارەکردۆتەوە بۆئەم بابەتە. 

 

هێمن ڕەئووف

www.hemnrauf.net

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.