Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
قوتابیش كرایە كاڵایەكى بە سوود بۆ حكومەت!….بەشدار على

قوتابیش كرایە كاڵایەكى بە سوود بۆ حكومەت!….بەشدار على

Closed
by November 18, 2008 گشتی

 قوتابیش كرایە كاڵایەكى بە سوود بۆ حكومەت!
 بەشدار على

 
 
 سەرەنجام دوایى دەرچوونى ناوى قوتابیان و وەرگرتننیان لە زانكۆ و پەیمانگاكانى هەرێمى كوردستان،رێژەى وەرگرتن بەرزكرایەوە زۆر زیاتر لە ساڵانى پێشووتر و بەم هۆیەشەوە زیاتر لە (10)هەزار قوتابى گەنج لە چاوەڕوانى گەڕانەوەى ناوەكانیان مانەوە و لە خوێندن بێبەشكران،بە مانایەكى تر هەر قوتابیەك ئەگەر تێكڕاى نمرەكانى كەمتر بێت لە (65%) بۆ ساڵى خوێندنى( 2008-2009) بۆى نیە لە هیچ زانكۆ  و پەیمانگایەكى حكومى درێژە بە خوێندن بدات.
 هەموو ئەمانە لایەكى مەسەلەكەیە،لایەكەى ترى كردنەوەى چەند زانكۆیەكە بە ناوى ئەهلى و تایبەتەوە كە حكومەت ناراستەوخۆ كردویەتیەوە و قوتابى بە برێكى زۆر لە پارە دەتوانىَ لەم زانكۆیانە بخوێنىَ،بۆ نمونە هەر قوتابیەك بۆ تەواو كردنى یەك ساڵى خوێندن لە زانكۆى (جیهان)دەبێت (2500) هەزاردۆلار بدات،هەروەها كرێى یەك ساڵى خوێندن لە زانكۆى لوبنانى-فەرەنسى(10000)هەزار دۆلارە،بێگومان ئەو بڕە پارەیە ساڵانە(كە واریدە زۆر زیاتر بێت) لە تواناى قوتابى و خێزان و زۆربەى هەرە زۆرى خەڵكى كوردستان نیە كە زۆربەیان دەست كورت و هەژار و كەمدەرامەتن و نارەزایەتیەكى فراوانى لاى ئەو گەنج و قوتابى و كەس و كارەكانیان لێكەوتۆتەوە،جگە لەمەش ئەو زانكۆ ئەهلى و تایبەتانە لەكاتى لەنگیەك لە بەرژەوەندى بەرپرسان و ترازانى پەیوەندییەكانیان بۆى هەیە دوایى چوار ساڵى خوێندنیان و سەرف كردنى ئەو بڕە پارەیە،جارێكى تر ئەو گەنجانە رەوانەى ماڵەوە بكرێنەوە،چونكە ئەو زانكۆیانە لەسەر بەرژەوەندى شەخێى و سوود و قازانجى بەرپرسان دامەزراون و هیچ مەرجێكى زانستى و ئەكادیمیان تیادا بەدیناكرێت.
 ئەو هەزاران قوتابیەى ئیستا بە پلانێكى حكومەتى كوردستان لە خوێندن بێبەشكراون، سەرەڕایى هەزار و یەك دەرد و بەڵا و ناخۆشى و كێشە و گرفتى ئابورى و سیاسى و كۆمەڵایەتى و فەرهەنگى و نەبوونى و بىَ ئاوى و بىَ كارەباى و دارزیوترین سیستەم و پرۆگرامى خوێندن  توانیان دوانزدە ساڵ درێژە بە خوێندن بدەن،ئیستاش بە گیرفانى خاڵی و دەیان ترس و دڵەراوكێوە ئامادەبوون بخوێنن،كەچى بە بڕیارێكى حكومەت بۆ شەقام و گازینۆ و چایخانەكان رەوانە كران بۆ ئەوەى لە ماوەیەكى تر  بیانكەن بە پۆلیس و ئاسایش و بەرگرى لە دەسەڵاتى داسەپاوى خۆیان پێبكەن.
 لە مەملەكەتێك كە سەرەتاترین خزمەتگوزارییەكانى ژیان لەژێر سفر بێت،دەزگایەك نەبێت بۆ لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون و خەڵكى بە بازاڕى بێرەحمى بەرپرسان بسپێردرێن،داهاتى مانگێكى تاك بەشى (4) رۆژى گوزەران نەكات،گەندەڵى و بەهەدەردانى سامانى خەڵك بەوپەرى خۆى گەیشتبێت و نایەكسانى و ناعەدالەتى  پێوەرێك نەبێت بۆ پێوانەكردنى و هەموو داهاتێكى ئەو وڵاتە كۆنترۆڵ كرابێت، دەسەڵات لەبەرامبەر كەمترین پێداویستى و ساكارترین كێشەى خەڵك خۆى بە بەرپرسیار نەزانێت و شانى خۆى لە بەرپرسیاریەتى خاڵى بكاتەوە،سیستەمێكى كۆن و دواكەوتوو دەرخواردى هزرى قوتابیان بدات و لەگەڵ فەرهەنگێكى شەرمهێنەر رایانبهێنێت و كەمترین ئیمكانیاتى بۆ خەرج نەكرێت بۆ ئاڵوگۆڕ و گۆڕانكارى،…..،حكومەت بۆى نیە قوتابى بكاتە كاڵایەك بۆ سوود لێوەرگرتنى زیاتر و هەڵتەكاندنى  گیرفانیان و دورستكردنى  فشار و كێشە بۆ خۆیان و خێزان و كەس و كارەكانیان.
 لە رۆژگارێكى وەكو ئەمرۆى كوردستاندا كە داهاتى تاكەكان مانگانە لە چەند دۆلارێك تێپەر ناكات،ئاستى بژێوى خێزانەكان لەوپەرى خراپیدایە،نەخوێندەوارى و وازهێنانى گەنجان لە خوێندن روو لە زیادبوونە، بوونى بڕوانامە كراوەتە مەرجى سەرەكى بۆ دامەزراندن و كار دەست كەوتن، كردنى خوێندكاران و لاوان بە كارتێكى سوود و قازانج لە جێگاى خۆییدا نیە،لەلایەكى تریش بێبەشكردنى قوتابیان لە تەواوكردنى خوێندن دەبێتە كێشەیەكى گەورە بۆ چارەنوسى گەنجانى كوردستان و رووبەڕووى كێشە و گرفتى جۆراو جۆریان دەكاتەوە و ناچار بە جۆرە كارێكیان دەكات كە كۆمەڵگاش دووچارى دەرد و بەڵا دەكاتەوە،بۆیە پێویستە ئەو (10)هەزار قوتابیە دەرفەتى خوێندنیان بۆ بڕەوخسێندرێن.
 ئەوەى ماوەتەوە بڵێین ئەو نارەزایەتیەى ئیستا قوتابیان دەستیان بۆ بردوە بە شێوازى مانگرتن و خۆپیشاندان، جێگاى ئومێد و دەست خۆشیە و پێویستە رێكخراوتر و یەكگرتووتر بێت و فشارەكان زیاتر بن،چونكە لەم مەملەكەتى ئێمە دەسەڵات وا راهاتوە تا شەقامەكانى لێنەگریت بە خەبەر نایەت و لەنێو كۆشك و تەلارەكانیان بێدار نابنەوە.
  
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.