قوتكردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی كوردی، ئه‌ی دوایی؟
بۆ گفتوگۆكردنێكی بابه‌تی و زانستی
هێنده‌ی من ئاگادارم، كه‌م پرس هه‌یه، ئه‌وه‌نده‌ی پرسی ده‌وڵه‌ت زۆری له‌سه‌ر گوترابێت، هه‌موو ته‌وژمه هزرییه‌كان كه‌م تا زۆر ده‌رباره‌ی ئه‌و پرسه ڕستویانه، هه‌رچیه‌كیش ده‌رباره‌ی گوترابێت، پابه‌ندی بەرژەوەندییه چینایه‌تییه‌كان بووه (ده‌وڵه‌ت به هه‌ر ناوێكه‌وه گاز بكرێت، یان ده‌وڵه‌تێكی چینایەتییه، یان نییه). گه‌ر له‌نزیكه‌وه ئه‌و باسكارییانه بخوێنینه‌وه، له چلۆنایه‌تی ناوه‌ڕۆكی باسكارییه‌كانه‌وه، بۆمان ده‌ردەكەوێت، كام ته‌وژمی هزری له‌گه‌ڵ ئه‌ویدی جیاوازه و دژیه‌تی، یان كام ته‌وژم له‌گه‌ڵ ته‌وژمێكی دی یه‌كانگیره، به‌لامانه‌وه سه‌یروسه‌مه‌ره نه‌بێت، گه‌ر بینیمان كه ئه‌و ته‌وژمه هزرییانه، جگه له (سۆسیالیزمی ئازادیخوازی دژه ده‌سه‌ڵاتگه‌رایی –ئه‌ناركیزم-) هه‌موویان له‌یه‌ك خاڵی گرنگ و سه‌ره‌كیدا هاوبه‌شن، ئه‌و خاڵه‌ش بریتییه له (پێویستی بوونی ده‌وڵه‌ت و به‌رزنرخاندن و نه‌مری ده‌وڵه‌ت)، ئه‌وه‌تا ئێستا دیسانه‌وه، له كوردستان به گوڕێكی تره‌وه، هه‌ندێك كه‌س و لایه‌ن له‌سه‌ر داوای به‌رژه‌وه‌ندییه چینایه‌تییه‌كانی خۆیان، خۆیان كردۆته مامه‌خه‌مه‌ی ئه‌و پرسه و كردویانه‌ته بنێشته‌خۆشه‌ی سه‌رزمانیان، ئه‌وه‌ی دەیڵێن نایڵێنه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی گشتیش ئه‌هلی ئه‌و به‌زمه ئه‌مانه‌ن (وشەفرۆشه‌كان- (جاڕچیه‌كان)- ئه‌هلی حه‌ز و سۆزی نه‌ته‌وه‌یی- ناسیۆنالیسته‌كان- سۆسیالیستە ده‌سه‌ڵاتخوازەكان).
به‌رله‌وه‌ی بچمه ناو ورده‌كارییه‌كانی باسه‌كه‌وه وای به باش دەزانم تیشك بخمه سه‌ر دوو باس
یه‌كه‌م، به‌داخه‌وه هه‌ندێك كه‌سی دڵسۆزهه‌ن، پرسی سه‌ربه‌خۆیی و دروستكردنی ده‌وڵه‌تیان تێكه‌ڵوپێكه‌ڵ كردووه و به یه‌ك بابه‌ت وبه یه‌ك پرسی دەزانن، به بیروبۆچوونی من ئه‌و دووانه؛ سه‌ربه‌خۆیی و دروستكردنی ده‌وڵه‌ت زۆر جیاوازن و دژ به‌یه‌كن، له هیچ جێگه‌یه‌ك و زمان و سەردەمێكدا هه‌مان واتا به ده‌سته‌وه ناده‌ن ، سه‌ربه‌خۆی خۆی له خۆیدا گورزێكه كە له سیسته‌می ناوه‌ندێتی ده‌درێت، ده‌شێت سه‌ربه‌خۆیی به به‌شداریكردنی ڕاسته‌وخۆی زه‌حمه‌تكێشان ببێته هه‌نگاوێكی ڕادیكال ڕووه و (خۆبه‌ڕێوه‌بردن) و (خۆبژێوی)، به‌ڵام ئه‌وه له‌باری دروستكردنی ده‌وڵه‌تدا، ته‌واو به‌پێچه‌وانه‌وه‌یه، چونكه دروستكردنی ده‌وڵه‌ت، دروستكردن و به‌هێزكردنی ناوه‌ندێتییه، واته دوورخستنه‌وه‌ی هه‌موو جۆره به‌شداریكردنی ڕاسته‌وخۆی زه‌حمه‌تكێشانه، جاری واهه‌یه، ئه‌مانه ته‌نها به دروستكردنی یه‌ك ده‌وڵه‌ت تینوویەتییان ناشكێت، بەڵكو داوای دروستكردنی چه‌ند ده‌وڵه‌تێك دەكەن!!
دووه‌م، ڕووئه‌دات، كه (كه‌سێك یان لایه‌نێك ئامرازێكی باش بۆ ئامانجێكی خراپ به‌كاربهێنێت) یان به پێچه‌وانه‌وه (ئامرازێكی خراپ بۆ ئامانجێكی باش به‌كاربهێنێت)، ئه‌و ئامرازچییانه بۆچی ئاواهین؟ چونكه ئه‌وانه به‌تۆپزی له‌و باوه‌ڕه‌دان، كه (ئامانج پاساوی ئامرازه‌كانه)، به‌ڕاستی ئه‌وه‌ش هیچ نییەتپاكی نییه، بەڵكو جۆرێكه له جۆره‌كانی جامبازی هزری.
با ئیسته هێدی هێدی بێمه سه‌ر باسی مامه‌خه‌مه‌كانی دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردی
* وشەفرۆشەكان (جاڕچیه‌كان)
ئه‌وانه تێكه‌ڵه‌یه‌كی ورده‌بۆرژوای نائومێدی ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردین، پێكهاتوون له پاشماوه‌ی هه‌ردوو باڵه‌كه‌ی (حشع) و مه‌لایی و جه‌لالییه زوڵملێكراوه‌كان!! سه‌ریانكردووه به‌ژێر باڵی یه‌كتردا و به‌ڕواڵه‌ت هه‌رخه‌ریكی لاڵانه‌وه و كوڕووزانه‌وه‌ن به‌هیوای ده‌ستخستنی هه‌ندێك ئیمتیازی زیاتر خه‌ریكی خۆڕووسپیكردنن لای ده‌سه‌ڵات، به‌پێی بارووزوفه‌كه‌ش خه‌ریكی په‌تپه‌تێنن و ڕۆژ دوای ڕۆژیش ده‌وڵەمه‌نتر ئه‌بن، بۆ نه‌ته‌وه‌بازی و ئاڵا و ده‌وڵه‌تبازی یه‌كاویه‌كن و بێهاوتان له‌كاری نەفامكردندا.
** ئه‌هلی حه‌ز و سۆز
ئه‌وانه زۆریان له ژینگه‌ی خواری خواره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌وه هاتوون، تا بڵێی نەفامكراون، هیچ هۆشمه‌ندییه‌كیان نییه ده‌رباره‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه چینایه‌تییه‌كانی خۆیان، زیاد له پێوویست ڕێزی ده‌سه‌ڵات و پیاوه ماقوڵان ئه‌گرن، ڕقێكی زۆریان هه‌یه به‌رامبه‌ر به زانیاری و زانست، په‌روه‌رده‌ی ده‌ستی پیرانی ته‌ریقه‌تی ده‌وری به‌ردن، ئه‌وانه هێنده نەفامن، له نەفامیی خۆیانه، كه ناترسن و پرسێ‌كی وا گه‌وره و گرانیان (دروستكردنی ده‌وڵه‌ت)یان داوه‌ته ده‌ست حه‌ز و سۆزی كیۆرانه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، شه‌كانه‌وه‌ی پارچه په‌ڕۆیه‌ك (ئاڵا)یه‌ك له هه‌مووشتێك به گرنگتر دەزانن، ئه‌م ئه‌هله له ساده و ساكاری خۆیانه‌وه، هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌كان ده‌گه‌ڕێننه‌وه بۆ ئه‌وه، كه ده‌وڵه‌ت نه‌بووه و نییه، به‌داخه‌وه ئه‌وانه له‌وه ناگه‌ن، كه مه‌رج نییه بۆ(ئه‌وه‌ی داهاتوو پوچه‌ڵت نه‌بێت، ئه‌بێت ڕابوردوو و ئێستاشت تێر و پڕ بێت) كه ئه‌وه ئه‌ڵێم مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه بڵێم بوونی ده‌وڵه‌ت تێر و پڕییه!! نه‌ء ته‌واو به پێچەوانه‌وه‌یه، مه‌به‌ستم، ئه‌وه‌یه بڵێم كه نه‌هامه‌تی و سته‌مدیده‌یی له نه‌بوونی ده‌وڵه‌ته‌وه سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتووه، به‌ڵكو زاده‌ی سیستمێكه كه له‌سه‌ر سه‌كۆی هه‌موو سیسته‌مه ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان قنج و قایم ڕاوه‌ستاوه.
*** ناسیۆنالیسته‌كان (نەتەوەچییەكان)
ناسیۆنالیسته‌كان، به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك (ناسیۆنال سۆسیالیست)ن، هه‌ردەم ئاماده‌ن بوون و ئاماده‌شن، له‌گه‌ڵ وه‌رچه‌رخانێكی ئابووری و سیاسی‌دا ببنه ڕه‌وتێكی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌وپه‌ڕگرتوو، له‌و چه‌شنه، كه له فه‌رهه‌نگی سیاسی‌دا پێیده‌وترێت (فاشست – نازی) ئه‌وانه نوێنه‌ران و ده‌مڕاستانی توێژ و چینه‌كانی سه‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ن، وه‌ستایانی به ئه‌زموونن له نەفامتركردنی (ئه‌هلی حه‌ز و سۆز)دا، ئه‌وانه به‌بێ نەفامیی (ئه‌هلی حه‌ز و سۆز) كاریان مه‌ره‌خه‌س نابێت، ئه‌وانه بۆ نەفامكردن په‌نا ئه‌به‌نه‌به‌ر دروستكردن و گێڕانه‌وه‌ی سه‌دان ئه‌فسانه‌ی پاڵه‌وانبازی پاڵه‌وانه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، ئه‌وانه گوێ ناده‌نێ و ئاماده‌ن سه‌ده‌ها درۆی ئه‌فسانه‌یی دروستبكه‌ن، به‌و مه‌رجه‌ی كاریان مه‌ره‌خه‌س بێت، بۆ نموونه به به‌رده‌وامی سه‌دان حیكایه‌تیان له‌م چه‌شنه هه‌ڵبه‌ستووه و هه‌ڵئه‌به‌ستن ئه‌ڵێن ”جارێك له جاران شێخ مه‌حمودی لاو له‌گه‌ڵ باوكی ڕێی ده‌كه‌وێته ئه‌سته‌مبوڵ، له‌سه‌ر باڵه‌خانه‌یه‌ك چه‌ند پارچه په‌ڕۆیه‌ك ئه‌بینێت له باوكی ئه‌پرسێت ئه‌وانه چین؟ باوكی ئه‌ڵێت ئه‌وانه ئاڵای ده‌وڵه‌ته‌كانن، ئه‌ویش ئه‌ڵێت كامه‌یان ئاڵای كورده؟ باوكی ئه‌ڵێت ئاڵای كوردی تیا نییه، چونكه كورد ده‌وڵه‌تی نییه، ئه‌ویش سوێند ئه‌خوات، كه ئه‌بێت ده‌وڵه‌تێك بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد دروستبكات” جا تو ویژدانتان كام نەفام ئه‌توانێت به‌رگه‌ی ئه‌و حیكایه‌ته سوكانه بگرێت و نەفامتر نه‌بێت؟
ئه‌و ناسیۆنالیستانه له‌وه‌شه‌دا، هه‌ر درۆ دەكەن كه وڵاتپه‌رستن و پارێزگاری به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمان و سنووره‌كانی ده‌كه‌ن، نه‌خێر ئه‌وانه پارێزگاری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان دەكەن، كه به هه‌زارویه‌ك گوریس گرێدراوه به بەرژەوەندی سه‌رانی نه‌ته‌وه‌كانی تره‌وه.
ئه‌و ناسیۆنالیستانه، هیچ كات له ده‌وڵه‌تیان كه‌م نه‌بووه، له سه‌رتای دروستبوونی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی عێراقه‌وه، هه‌ر (پایزه) برای ده‌وڵه‌ت بوون، تا ئه‌مڕۆ له‌ته‌ك مه‌حروومكردنی ڕه‌ش و ڕووته‌كاندا، له‌ته‌ڕ خواردویانه و ئه‌خۆن و بێ‌باك له وشكیش خه‌وتون و ئه‌خه‌ون، مه‌گه‌ر ئه‌وه جیاوازی و دژایه‌تی نێوان بەرژەوەندی نێوان چین و توێژه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان نییه؟ گه‌ر ئه‌وه نییه!! ئه‌ی چییه؟
**** ته‌ریقه‌تی سۆسیالیسته ده‌سه‌ڵاتخوازه‌كان
وه‌كو له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێدا (ده‌وڵه‌ت یا چینیه، یا نییه)
گه‌ر كه‌سێك، یان لایه‌نێك له‌سه‌ر لیستی سۆسیالیزم خۆی ناونووسكردبێت، شووره‌ییه، ئه‌وه نه‌زانێت كه جوڵانەوەی چینایه‌تی له كۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تییه‌وه سه‌رچاوه‌یگرتووه، واته له كۆمه‌ڵگه‌ی نابه‌رابه‌ری ئابووری و نادادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه سه‌رچاوه‌یگرتووه، گه‌ر هاتوو (لا سامح اللە) بڕوای وابوو، بێگومان بڕوای به‌مه‌ش ئه‌بێت “ده‌وڵه‌ت هێزێك نییه له ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌وه هێنرابێت و سه‌پێنرابێت به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌دا، ده‌وڵه‌ت زاده‌ی هزرێكی ڕه‌وشتیش نییه، نه‌خێر كاتێك كۆمه‌ڵگه ده‌گاته ئاستێكی دیاریكراوی پێشكه‌وتنی، ئه‌و كاته ئه‌و كۆمه‌ڵگه چینایەتییه پێویستی بوونی ده‌وڵه‌ت فه‌رز ئه‌كات، ئه‌و كاته‌ش، ئه‌و كاته‌یه كه كۆمه‌ڵگه به پێی بەرژەوەندییه‌كان دابه‌شبووه به‌سه‌ر چین و توێژه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا، جێگه و پێگه‌ی هه‌ریه‌كەیان چه‌ندایه‌تی خاوه‌نداریه‌تی دیاریكردووه، پێویستی مێژوویی و هه‌ره‌می ده‌وڵه‌تیش، له كڵپه‌ی كێشمه‌كێشی بەرژەوەندییه‌كانه‌وه سه‌رچاوه‌یگرتوه، ڕاسته هه‌ندێك جار به‌ڕواڵه‌ت ده‌وڵه‌ت واده‌ردەكەوێت،كه له‌سه‌روه‌ی كۆمه‌ڵگه‌وه ڕاوه‌ستاوه به پراكتیزه‌كردنی یاسا ئاسنینه‌كان،خه‌ریكی ناوبژیه‌و گه‌ره‌كیه‌تی ئارامی و ئاسایش به‌رقه‌رار بكات، هه‌روه‌ها سه‌رقاڵی ئاوڕشێنكردنی كڵپه‌ی كێشمه‌كێشی نێوان چینه‌كانه”. ئه‌گه‌ر ئه‌و سۆسیالیسته، ئه‌و تۆزقاڵه زانیارییه‌ی بزانیایه، له‌خۆیه‌وه و به‌نای ناهه‌ق نه‌ئه‌هات تیۆرییه‌كی نوێ دابهێت و بڵێت “دوستكردنی ده‌وڵه‌ت ئیراده‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی یه‌كگرتووی گه‌ره‌كه”.
ناچارم بڵێم ئه‌و داهێنانه نوێیه‌ی ئه‌و كاك سۆسیالیسته، له ناماقوڵییه‌كی دووفاق زیاتر، له هیچی تر ناچێت، له‌به‌رئه‌وه ئه‌بێت له دوو سه‌ره‌وه قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت.
سه‌ری یه‌كه‌م، به پێوه‌ری فه‌لسه‌فه‌ی ماته‌ریالیزمی دایلێكتیك، ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی، كه زاده‌ی ئیراده‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی یه‌كگرتوو بێت، به پێویست ئه‌بێت ئه‌و ده‌وڵه‌ته ده‌وڵه‌تێكی (كۆمه‌ڵایه‌تی)ی بێت (معاذ اللە) لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه تۆبڵێی ئه‌و توڕه‌هاته، دووباره‌كردنه‌وه‌ی (ده‌وڵه‌ته میلی)ه‌كه‌ی ناو پرۆگرامی گۆتای سۆسیال دیموكراتی ئه‌لمانی نه‌بێت؟ گه‌ر خۆیه‌تی با ئه‌و كاك سۆسیالیسته باش بزانێت كه ئه‌و (ده‌وڵه‌ته میلی)ه، زه‌مانه تێروپڕی لێی خوارد و تڕ‌ۆ بوو.
سه‌ری دوه‌م، گه‌ر له نزیكه‌وه سه‌یری ده‌وڵه‌ت بكه‌ین، ده‌وڵه‌ت ته‌نها تایبه‌ته به‌و كۆمه‌ڵگانه‌وه، كه چینایەتین و شیتاڵ شیتالن، هه‌رچی پێیبوترێت یه‌كگرتن، یه‌كگرتوو تیایاندا نییه، به‌پێچه‌وانه‌وه، گه‌ر له نزیكه‌وه بڕوانینه ئه‌و كۆمه‌ڵگه گچكانه، كه تا ئێستا له (ئه‌مه‌زۆنیا) و هه‌ندێك ناوچه‌ی (ئه‌فریقا) هه‌ن، خاوه‌ندارییه‌تی تایبه‌تییان تیادا نییه، ئیراده‌ی به‌رهه‌مهێنان و ئیراده‌ی مرۆیی یه‌كگرتووه، كه‌چی نازانن (ده‌وڵه‌ت ، چین ، پاره وپول و جه‌نگ) چییه. گه‌ر كه‌سێكش بچێت و باسی ئه‌و شته سه‌یرانه‌یان بۆ بكات، گاڵته‌ی دنیای پێدەكەن و ئه‌یكه‌ن به كێودا، جا لێره‌دا ده‌ردەكەوێت، كه ده‌وڵه‌ت له كۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تی یه‌كنه‌گرتوه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه به بیروبۆچوونی من واباشتره، گه‌ر سۆسیالیستێك ویستی تیۆرێكی نوێ دابهێنێت با له (واقعه مادییه‌كه‌وه بڕوانێته تیۆر، نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه).
ئه‌م ته‌ریقه‌ته ده‌وڵه‌تخوازی خۆی ناشارێته‌وه، به‌ڵام وای به باشتر دەزانێت به ده‌ستخۆییه‌وه بێت و نازناوه‌كه‌شی له نازناوه كۆنه‌كان نه‌چێت، لای ئه‌م ته‌ریقه‌ته (ته‌نها ئه‌و ده‌وڵه‌ته ده‌وڵه‌ته، كه ناوه‌ندییه، ئه‌و ناوه‌ندێتیه‌ش، ئه‌بێت حزبی و سه‌رانسه‌ری) بێت.
ده‌وڵه‌ت و قوتكردنه‌وه‌كه‌ی!!
ئه‌وانه كه‌م نین، كه قوتكردنه‌وه‌ی ئه‌و (ده‌عبایه) به (نیعمه‌ت) دەزانن، من به پێچه‌وانه‌وه به (میحنه‌ت)ی دەزانم و دژی قوتكردنه‌وه‌كه‌شیم ، بۆچی؟؟
به‌ڵێ به‌ڵێ من دژم، من دژی دروستكردنی ئه‌و ده‌وڵه‌ته نیم، له‌به‌رئه‌وه‌ی كوردییه، من دژی هه‌موو ده‌وڵه‌تێكم دژایه‌تییه‌كه‌شم له‌وێوه سه‌رچاوه‌یگرتووه، كه دژی هه‌موو جۆره‌كانی سه‌روه‌ری چینایەتیم ( نه‌ته‌وه‌یی ، ئاینی ، كولتووری ، ڕه‌گه‌زی) گه‌ر سه‌روه‌ری لوتكه‌ی هه‌بێت، ئه‌وا ئه‌و لوتكه‌یه ده‌وڵه‌ته، تا ئێستاش هیچ ده‌وڵه‌تێك نه‌بووه و نییه و ناشبێت، گه‌ر له هه‌ناویدا هه‌موو ئه‌و سه‌روه‌ریانه‌ی هه‌ڵنه‌گرتبن و پراكتیزه‌ی نه‌كردبن و نەیان‌كات، باشتر وایه بچمه ناو ورده‌كارییه‌كانی بابه‌ته‌كه‌وه، تا بزانین، ئه‌هلی قووتكردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت چ ده‌ڵێن و ، ئه‌منیش چ ده‌ڵێم؟
* ده‌وڵه‌ت و زمان
ئێمه هه‌موومان ئه‌وه دەزانین، كه زمانی كوردی وه‌ك هه‌موو زمانه‌كانیتر، زمانێكی نه‌رموونیانه و خاوه‌نی ڕیكتم و موزیكی تایبه‌تی خۆیه‌تی، زمانێكی ده‌وڵه‌مه‌نده، هه‌زاران شیعر و په‌خشانی پێنوسراوه، زمانی گاڵته‌وگه‌پ و دڵبازی و سیاچه‌مانه و لاوك و حه‌یران و هۆره‌ی جافی پێگوتراوه، زمانی قسه‌وباسی كۆڕ و كۆمه‌ڵی شه‌وان و سه‌رته‌نووری خانمانه.
ده‌وڵه‌ت سروشتی وه‌هایه، ئه‌بێت هه‌مووشتێك هه‌ڵڵوشێت و له بۆ درێژه‌دان به ته‌مه‌نی خۆی له بۆده‌قه‌كه‌ی خۆیدا بیتوێنێته‌وه، ته‌نها به‌و چه‌شنه ئه‌توانێت كۆمه‌ڵگه بكاته وزه‌به‌خشی خۆی و زمانیش بكاته زمانی ده‌وڵه‌ت، واته نه‌رمونیانییه‌كه‌ی ده‌كاته توڕه‌وتڕۆیی و توندوتیژی، ڕیكتم و موزیكه‌كه‌شی ده‌گۆڕێت و نزیكی ده‌خاته‌وه له ڕیكتم و موزیكی سروده ڕه‌قوته‌قه نه‌ته‌وه‌یی و ده‌وڵه‌تیكان و هانی ئه‌وه‌ش ئه‌دات، لاوك و حه‌یران و سیاچه‌مانه و هۆره‌ی جافی بكرێته زكر و ته‌هلیله و (موشه‌حاتی ده‌وری به‌رد)، شعر و په‌خشانه‌كان بكات به پیاهه‌ڵدان به‌سه‌ر مه‌زنی ده‌وڵه‌ت و سه‌روه‌راندا، هه‌روه‌ها ئه‌و زمانه ده‌كرێته زمانی پیاهه‌ڵدان و شیرینكردنی خوێنڕشتن و كوشتار و پارچه‌پارچه‌كردن، زمانی كۆڕ و كۆمه‌ڵه میلییه‌كانی شه‌وان و سه‌رته‌نوورانی خانمانیش ده‌كرێته كاوێژكردنی قسه قه‌ڵبه‌كانی سیاسه‌تبازه ده‌مقه‌ڵه‌باڵغه سه‌روه‌ره‌كان، هه‌ر ئه‌و زمانه نه‌رموونیانه‌شه، كه ده‌كرێته زمانی سوكایه‌تیكردن به به‌هامرۆییه‌كان هه‌روه‌ها ده‌كرێته زمانی پراكتیزه‌كردنی ده‌ست و داوێن پیسی و به‌رزنرخاندنی گه‌ڵای سه‌وز (دۆلار) و خشڵ و زێڕ به واته‌یه‌كی دی بازاڕی ئازاد، ده‌وڵه‌ت هێنده ئه‌و زمانه بێتام ئه‌كات، كه وه‌سفكردنی ده‌مانچه‌یه‌ك یان كڵاشینكۆفێك خۆشتر و باشتر بێت له گوڵه‌باغێك یان گوڵه هێرۆیه‌ك، زمانی دڵبازی ده‌كرێته زمانی سوكایه‌تیكردن به نامووسی خانمان، به بیانووی ئه‌وه زمانی دڵبازی زمانێكی شه‌یتانیه، نابێت ئاخاوتنی خواره‌وه وه‌ك ئاخاوتنی سه‌ره‌وه نه‌بێت!!؟؟ ئه‌گینا به‌و جۆره به‌ده‌وڵه‌تكردنی زمان ده‌كرێته بڕێكی زۆری ئه‌و پیلانه، كه بۆ نەفامكردن خراوه‌ته‌گه‌ڕ.
** مناڵان و ده‌وڵه‌ت
مناڵان، كه له‌دایك ئه‌بن مولحد و یاخیبونخوازن و درۆزنیش نین وهه‌نووکه مه‌یلی ئه‌وه‌یانه، چیان هه‌یه بیڵێن، چیشیان حه‌ز لێیه بیكه‌ن، ئه‌وه‌ی نایزانن و سه‌ری لێ ده‌رناكه‌ن دیسپلین و ملكه‌چیه، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌شه ڕقیان له‌وه‌یه بخرێنه بازنه‌یه‌كه‌وه، بخولێنه‌وه و بۆشیان نه‌بێت بێنه‌ده‌ره‌وه.
ئه‌وه‌ی مناڵان گه‌ره‌كیانه، به ئاره‌زووی خۆ‌یا بیڵێن و بیكه‌ن، ئه‌وه‌ش جێگه‌ی ڕه‌زامه‌ندی سێلاقه‌كه‌ی ده‌وڵه‌ت نییه، واته (خێزان- حیزب – گیانی پیرۆز)، ده‌وڵه‌ت به ئاسانی هه‌ست به‌و مه‌ترسییه ئه‌كات، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌شه كه‌شێك ئه‌خوڵقێنێت، هه‌تا زووه ئه‌و ویست وحه‌زانه، خه‌فه بكرێن، به واته‌یه‌كی تر ئه‌بێت، تا مناڵان هه‌ویرن، به ئاره‌زووی سه‌روه‌ران بكرێن به نان- به كولێره- به كێك- به مارمارۆكه……تد، سه‌ره‌تا خێزان سه‌ركوتیان ئه‌كات و فێری ئه‌وه‌یان ئه‌كات، قسه له قسه‌ی گه‌وره‌دا نه‌كه‌ن، ڕێك بڕۆن و ڕێك بێنه‌وه، هێدی هێدی به ملیۆنه‌ها باره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌وه ڕایانئه‌هێنن له‌گه‌ڵ دیسپلین و ملكه‌چی، دوای ئه‌و خولی داپڵۆسینه ڕاپێچی خۆیندگاكانیان دەكەن، له‌وێش داپڵۆسین هه‌ربه‌رده‌وامی پێئه‌درێت و ده‌یانكه‌نه بێچووه‌پڵنگه‌كان، سڵاوكارانی ئاڵای نیشتمان و نه‌ته‌وه، جگه له‌وه وێنه‌ی حافز، هه‌رچی قسه‌ی سواوی ده‌وری به‌رد (قسه‌كانی ده‌وڵه‌ت) هه‌یه، پێیان دەرخ دەكەن، جا سه‌گ به‌حالی ئه‌وه‌بێت كه كه له‌به‌ریان ناكات، فێریان ده‌كه‌ن، كه (جێگه ئه‌شكه‌نجه‌دانی سه‌روه‌ران به‌ئاگری دۆزه‌خ ناسوتێت، له‌و كه‌شه‌دا كه ده‌وڵه‌ت دروستیكردووه داپڵۆسین و تۆقاندن ده‌گه‌یه‌نرێته ئه‌و ڕاده‌یه‌ی، ته‌نانه‌ت مناڵان فێری ئه‌وه ئه‌كرێن، كه بتوانن وه‌ستایانه چاودێری و كۆنترۆڵی یه‌كتر بكه‌ن، هه‌روه‌ها وا په‌روه‌رده ئه‌كرێن ته‌نانه‌ت كۆنترۆڵی ڕژانی (هۆرمۆنه شه‌یتانییه‌كانی) ناو له‌شی خۆیان بكه‌ن، تا توخنی كاری ناشه‌رعی نه‌كه‌نه‌ون، به‌و جۆره به‌و فه‌لسەفه په‌روه‌رده‌ییه‌ی ده‌وڵه‌ت، مناڵان بەدڕه‌وشت دەكەن و دواتر مام (حزب) و براگه‌وره ( ده‌وڵه‌ت) به ئاماده‌كراوی ئه‌یانقۆزنه‌وه، ئه‌و كاته یا ئه‌یانده‌ن به‌كوشت، یا ملكه‌چ ملكه‌چ ده‌یانكه‌ن به كۆڵه‌كه و داره‌ڕای ده‌وڵه‌ت، جا چ قوره‌ته، تا دواساته‌كانی ژیانیان ئه‌و مه‌رگه‌ساته‌ی، كه به‌سه‌ر خۆیاندا هێنراوه، ئه‌وانیش به‌سه‌ر نه‌وه‌ی دوای خۆیاندا نه‌هێنن، هه‌رچه‌نده پێویست ناكات ئه‌وانه چاودێری بكرێن، چونكه ئه‌وانه ده‌وڵه‌ت هێنده بەدڕه‌وشتی كردوون، كردوونی به (وێنه‌یه‌كی بچووكراوه‌ی) خۆی ناتوانن، ئه‌و مه‌رگه‌ساته پراكتیزه نه‌كه‌ن به‌سه‌ر نه‌وه‌ی دوای خۆیاندا.
*** ده‌وڵه‌ت و ئافره‌تان
له‌و كاتەوەی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت هه‌یه، لۆجیكی په‌روه‌رده‌كردنه‌كه‌ی ئه‌مه‌یه (پیاویان پیاو وتوه، زه‌عیفه‌شیان زه‌عیفه وتوه) له‌ڕاستیدا ئه‌و لۆجیكی په‌روه‌رده‌كردنه ترسناكه، پێویستی به لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی قوڵوفراوان هه‌یه، كه پشتی به‌ستبێت به به‌ڵگه‌نامه مێژوییه‌كان (له‌وانه‌یه له داهاتوودا به به‌ڵگه‌ی زۆتره‌وه بێمه‌وه سه‌ر ئه‌و باسه) له ئێستادا ده‌رباره‌ی ئه‌و پرسه،هه‌رئه‌توانم، ئه‌وه‌نده بڵێم، گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر په‌یكه‌ره‌كانی یۆنانی كۆن تا ده‌گاته سه‌ر(شێره‌كه‌ی بابل) بێگومان دوای گوزه‌ركردن به هونه‌ری ڕیالیزمی سۆسیالیستی بلۆكی سۆڤیه‌تیدا، ئه‌بینین، كه چۆن په‌یكه‌ره یۆنانییه‌كان، پیشانی ئه‌ده‌ن پیاوانی سوارچاك ڕمێك یان شمشێرێكی زه‌به‌لاحیان پێیه و خه‌ریكی كوشتنی شێرێك، یان ئه‌ژده‌هایه‌كن، له‌ته‌نیشت ئه‌و په‌یكەرە مه‌زنانه‌شه‌وه، چه‌ندها په‌یكه‌ری ئافره‌تان ئه‌بینین قۆلبڕاون و ڕووتوقوت وه‌ك كاڵایه‌كی بێتوانای سێكسی پیشاندراون، له ده‌وڵه‌ته‌كانی بلۆكی سۆڤیه‌تیش چی ئه‌بینین؟ به سه‌دان په‌یكه‌ری پیاوێكی بازوو ئه‌ستورئه‌بینین، كه شمشێرێكی به‌ده‌سته‌وه‌یه و ئافره‌تێكی له‌پشت خۆیه‌وه حه‌شارداوه و مناڵه‌كه‌شی گرتۆته باوه‌ش، تا پیشانبدرێت، كه گوایه هه‌ر پیاو به‌هێز و ڕزگاركه‌ره، ئه‌و جگه له هه‌زاران په‌یكه‌ری كه‌له‌سه‌ره‌كانی پیاوه‌ماقوڵه ده‌وڵه‌تخوازه‌كان، ئه‌وه له كاتێكدا، كه باش دەزانرا، كه به سه‌دان هه‌زار ئافره‌تی چاپوكی وه‌ك (ڕۆزا لوكسمبورگ و ئه‌لكسندرا كۆلنتای) هه‌بوون، كه‌چی وه‌ك سه‌گه تۆپیوه‌كان مامه‌له‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كردن، با (شێره‌كه‌ی بابل)یش له‌ولاوه بوه‌ستێك، خۆی به باشی خۆی ده‌رئه‌بڕێت و به‌ڵگه‌یه‌كی تره بۆ سه‌لماندنی ئه‌و لۆجیكه ده‌وڵه‌تییه، دوور نییه كه‌سێك یان هونه‌رمه‌ندێك له گۆشه هونه‌رییه‌كه‌وه ته‌ماشای ئه‌و په‌یكه‌رانه بكات، جوانی و له‌زه‌تێكی گه‌وره‌ی لێ ببینێت، ئه‌و هونه‌رمه‌نده هه‌ڵه نییه، گه‌ر هه‌ڵه‌ش بێت له‌وه‌دا هه‌ڵه‌یه، كه كاری داتاشینه‌كه‌ی دابڕیوه له مه‌به‌سته په‌روه‌رده‌ییه‌كه‌ی لوتكه‌ی سه‌روه‌رییه‌كان، واته له ده‌وڵه‌ت به‌بیروبۆچوونی من، گه‌ر به درێژایی مێژووی ده‌وڵه‌تسالاری پشتگیری پیاوسالاری نه‌كردایه، پیاوسالاری نه‌یئه‌توانئ به‌رگه‌ی ئه‌و هه‌موو خه‌باته كۆمه‌ڵایه‌تییه درێژخایانه بگرێت، كه كراوه دژی پیاوسالاری، جا بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بین به‌وجۆره فێمینیسته، كه وادەزانێت، گه‌ر سه‌روه‌ری له پیاو بسه‌نرێته‌وه و بدرێته ده‌ست ئافره‌ت، ئیتر ئازاره‌كه له ڕه‌گه‌وه ئه‌بڕێته‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت هه‌ڵگری هه‌مووجۆره‌كانی سه‌روه‌رییه و پارێزگاری ئه‌و سیستمه‌ش ئه‌كات، كه ده‌وڵه‌ت سه‌رخانیه‌تی، ئه‌بێت خه‌باتی كۆمه‌ڵایه‌تی دژی چه‌وساندنه‌وه‌ی ئافره‌تان، له مه‌یدانی خه‌باتكردن دژی سیستەم و ده‌وڵه‌تدا خۆی بنوێنێت و خۆی بسه‌لمێنێت، نه‌ك له مه‌یدانی ده‌ستاوده‌ستپێكردنی سه‌روه‌ریدا (گۆڕینی سه‌روه‌ری نێر به سه‌روه‌ری مێ) گه‌روابێت، ئه‌وا هیچ نەكراوه و به هیچ، نه هیچیش ئه‌كرێت به هیچ. به‌داخه‌وه گوڕوگوژمی ئه‌و لۆجیكی په‌روه‌رده‌كردنه ده‌وڵه‌تییه، وا له زۆر پیاو ده‌كات پۆز لێبده‌ن و شانازی به پیاوسالاری خۆیانه‌وه بكه‌ن، هه‌روه‌ها وا له زۆر ئافره‌تیش ئه‌كات (زه‌عیفه‌یی) خۆیان قبوڵبكه‌ن.
**** میلیتاریزه‌كردنی كۆمه‌ڵگه
ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت، به‌بێ هێزێكی چه‌كداری ڕێكخراوی داپڵۆسێنه‌ری جه‌نگخواز ناڕوات به‌ڕێوه، ئه‌و هێزه‌ش كورد واته‌نی (له‌پڕه نابێت به كوڕه) له‌به‌رئه‌وه، سه‌ره‌تا ده‌وڵه‌ت هه‌نگاوی یه‌كه‌م به‌دروستكردنی كه‌شێكی میلیتارخواز ده‌ستپێئه‌كات، تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه ده‌خاته سه‌ر كه‌ڵكه‌ڵه‌ی ڕقوكینه و توڕه و تڕۆیی و به‌باوكردنی ئه‌قڵیه‌تی تۆڵه‌كردنه‌وه و نیشتمان و ده‌وڵه‌تدۆست، به‌و كه‌شه بارێكی وا دروستئه‌كات، كه تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه‌كان به جوانتر و به به‌نرختر بزانن له به‌ها مرۆییه‌كان، ئه‌و باره ده‌گه‌یه‌نێته ئه‌وپه‌ڕی به جۆرێك، كه تاكه‌كان پیاوه‌تی و پاڵه‌وانی خۆی له جه‌نگدا بسه‌لمێنێت، گه‌ر بێت و له كاتی جه‌نگی سنوور و ده‌وڵه‌ت پاراستندا، هه‌ندێك كه‌س بانگ نه‌كرێت بۆ به‌شداریكردن له‌و به‌ڕبه‌ڕیه‌ته‌دا، ئه‌و كاته توشی خه‌مۆكی ده‌بن. چونكه خۆیان وه‌ك پیاوی ناو پیاوان نابینن، گه‌ر وه‌ك پیاو حسابیان بۆ بكرایه ده‌وڵه‌ت ئه‌یخیۆندنه‌وه و وه‌ك قاره‌مانانو جه‌نگاوه‌ران بانگی ئه‌كردن.
ده‌وڵه‌ت له میلیتاریزه‌كردنی كۆمه‌ڵگه‌دا، گڕی گیانی خۆبه‌خشكردن خۆش ئه‌كات و گیانی خۆویستی ئه‌مرێنێت، بۆچی؟ له‌به‌رئه‌وه‌ی باشدەزانێت، كه له به‌هێزبوونی گیانی خۆبه‌شیدا (ده‌وڵه‌ت- خاوه‌نكار- حزب) قانزاجیانه، نه‌ك له به‌هێزبوونی گیانی خۆویستی، كه هیچی لێ سه‌وز نابێت، بیهێنه پێشچاوی خۆت، گه‌ر 2.000.000 كه‌س خۆویستیان به‌هێزبێت، له‌بری ئه‌وه‌ی خۆیان بكه‌ن به‌ساقه‌ی (ده‌وڵه‌ت- خاوه‌نكار- حزب) به پێچه‌وانه‌وه خۆیان بكه‌ن به ساقه و به قوربانی پێویستییه جه‌سته‌یی و گیانییه‌كانی خۆیان، ئه‌و كاته كورد واته‌نی وه‌ك (تڕی بنگۆم) ناڕۆن، له‌پێناوی خاوه‌ن ئیمتیازه‌كاندا.
ده‌وڵه‌ت بۆ بواری میلیتاریزمه‌كردنی كۆمه‌ڵگه، له‌بواری گۆڕین و شێواندنی زماندا به‌شێكی به‌رین و فراوانی ته‌رخانكردوه بۆ ئه‌و بواره، نه‌رمونیانی و ئاشییخوازی زمانه‌كه له‌ناوئه‌بات و ده‌یكاته زمانی قسه‌وباسی پاشه‌مله و شه‌ڕخوازی، دیسپلین ئه‌ئاخنێته ناو هه‌موو خانه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌وه، زۆركه‌س وای لێدێت ده‌ستبكات به كۆكردنەوەی collectionی بابه‌ته سه‌ربازیه‌كان (جلوبه‌رگ – چه‌ك – مه‌دالیاكان – پۆستاڵه‌كان – كڵاوه‌ئاسنینه‌كان……تد) و ڕێزیان لێ ئه‌گرن و به به‌شێكی گه‌وره و پیرۆزی بیره‌وه‌رییه‌كانی مرڤكوژییان دەزانن، وه‌ك میراتیش به‌جێیان ئه‌هێڵن بۆ نه‌وه‌كانیان، تا ئه‌و مێژووه خوێناوییه نه‌خرێته خانه‌ی له‌بیرچونه‌وه و ئه‌قڵیه‌تی میلیتاری تووشی كاره‌سات ببێت، ملیتازم هه‌نووكه مرۆڤایه‌تی به‌ره‌و چاره‌نووسێكی نادیار بردووه، ماهیه‌تی ده‌وڵه‌ت ڕووخێنه‌ره، ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ته‌كان به ڕۆژێك ئه‌یروخێێن، به نیوسه‌ده‌یه‌ك دروستیناكرێته‌وه، گه‌ر دروستیشی بكه‌نه‌وه، دروستكردنه‌وه‌یه‌كی سه‌رپێیه و داهێنه‌رانه نییه و قه‌ڵبه، بیره‌وه‌رییه‌كانی هه‌موومان شایه‌تی ئه‌و حاڵه‌یه، ملیتاریزم، یاساكانی دارستانه‌كان ئه‌خاته ئه‌قڵی مرۆڤه، واته یاسای (نه‌خۆیت ئه‌خورێیت، نه‌كوژی ئه‌كوژرێت، باشترین به‌رگریكردن هێرشكردنه، مانه‌وه بۆ باشتركان و به‌هێزتره‌كانه………تد)
ده‌وڵەتی خاوه‌نكار ( ده‌وڵه‌تی سه‌رمایه‌دار)
شێوازی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری له جه‌ره‌یانی پێشكه‌وتنی هێزه‌كانی به‌رهه‌مهێناندا زیاتر و زیاتر گۆڕانی به‌سه‌ردادێت و باشتر ئه‌سه‌پێنرێت، ئه‌وه‌ش ڕۆڵێكی مه‌زن ده‌گێڕێت و كار ده‌كاته سه‌ر زیاتر به‌رزكردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت بۆ لوتكه، كاتێك ده‌وڵه‌ت ته‌واو جێگه و پێگه‌ی خۆش ئه‌كات و بێسەرەوبەرەیی (فوضویە – Chaos)ی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمه‌یایه‌داری به‌رفراوانتر ئه‌بێت، ده‌وڵه‌ت ده‌ست ئه‌گرێت به‌سه‌ر شاده‌ماره‌كانی ئابووریدا (شه‌مه‌نده‌فه‌ر و هۆیه‌كانی تری گواستنه‌وه – به‌رق و به‌رید – بانكه‌كان – پیشه‌سازییه زه‌به‌لاحه‌كان – بازگانی ده‌ره‌وه – جامبازی و ده‌ڵاڵی پوڵ و بۆرسە……تد) به‌و جۆره هێدی هێدی له ده‌وڵه‌تێكی چاو‌دێر و ڕێكخه‌ری په‌یوه‌ندی نێوان كاریكرێگرته و سه‌رمایه‌وه، ده‌بێته ده‌وڵه‌تێكی سه‌رمایه‌دار و ده‌بێته خاوه‌نی سه‌دان هه‌زار كارگه‌ر، ئه‌و گۆڕانكارییه‌ش داوای به‌هێزكردن و چڕكردنه‌وه‌ی ناوه‌ندێتی ده‌كات، به‌و جۆره هه‌موو هه‌وڵێك بۆ شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌كیی و هه‌ره‌وزیی، قێزه‌ون و بڤه ئه‌كرێت، بێگومان به له‌فزی خۆش و پشی پشیكردنیش بڤه ناكرێت، چارێكی دی نییه، هه‌ر له چوارچێوه‌ی سیستمی كاریكرێگرته‌دا ده‌وڵه‌تی سه‌رمایه‌دار له‌گه‌ڵ شێوازه كلاسیكیه‌كه‌دا ده‌كه‌وێته پێشبركێیه‌كی به‌ربه‌رییه‌وه، ده‌سته چه‌وره‌كه‌ی ئه‌و به‌ڕبه‌ڕێتییه ده‌سوێت به‌سه‌ر كارگه‌راندا، ده‌ست ئه‌درێته چڕكردنه‌وه و خێراكردنی به‌رهه‌مهێنان، بێكاركردنی هه‌زاران كرێكار، ده‌ستگرتنه‌وه و لابردنی زۆر له خزمه‌تگوزارییه‌كان له بواری خوێندن و ته‌ندروستیدا، هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی بچوك بچوك لێره‌و له‌وێ!!!
ئاشكرایه كه ته‌نها هه‌ر ده‌وڵه‌ته، كه خاوه‌نی دامه‌زراوه‌كانی یاسادانان و جێبه‌جێكردنه، ده‌وڵه‌ت نه یاسایه‌ك ده‌رئه‌كات، نه كارێكیش جێبه‌جێئه‌كات زه‌ره‌ری خۆی و سه‌رمایه‌داره كلاسیكیه‌كه‌ی تیادابێت، ئه‌و دوو فۆڕمه، ده‌سته‌خوشكن نه گۆشتی یه‌كترئه‌خۆن، نه ئێسكی یه‌كتریش ئه‌شكێنن، نه‌خێر به پێچه‌وانه‌وه (ڤیتامین C وD) یه‌كترن، هه‌روه‌ها به‌جۆرێك تێكه‌ڵی یه‌كتریشن به‌زه‌حمه‌ت جیا ئه‌كرێنه‌وه، كامه‌یان كامه‌یه و كامه‌یان كامه نییه، هه‌ردووكیان له‌سه‌رپێن و خزمه‌تكاری یه‌كترن.
* هاوبه‌شی و دابه‌شكردن وهاریكاری
سه‌رمایداران و ده‌وڵه‌تی سه‌رمایه‌دار، هێنده‌ی له‌و سێ وشه‌ی تۆقیون، له هیچیتر نه‌تۆقیون، كاتێك ئه‌و وشانه ئه‌بیستن ده‌كه‌ونه هاتوهاوار و ده‌ڵێن ئه‌وه بێسەرەوبەرەییە، گێره‌شێوێنییە (سۆسیالیزم و كۆمونیزمه) گه‌ڕه‌لاوژێیه، گه‌ر به‌باشی سه‌رنج بده‌ین ئه‌بینین له ناوه‌ڕاست و كۆتایی شه‌سته‌كاندا و له میسر‌و فه‌ره‌نسا جادە هوروژا بوو، داوای دابه‌شكردن و هاوبه‌شی عادیلانه ده‌كرا، ده‌وڵه‌ت له هه‌ردوولا هاواری لێ هه‌ڵسابوو و ده‌یگوت ئه‌مه ئاژاوه و پیلانێكه بۆ سوتاندنی (قاهیره) و (پاریس)، ئه‌وه‌تا ئه‌مڕۆش هه‌مان به‌زمه، كه‌س ناوێرێت له پێستی خۆیدا بجوڵێته‌وه، ئیتر ئاژاوه‌ی سۆسیالسته‌كان و كۆمونیسته‌كانه و ئامێری داپڵۆسین ئه‌خرێته سه‌رپێ و داده‌به‌زێنرێته ناو جاده‌كان و مه‌یدانه گشتییه‌كانه‌وه.
ده‌وڵه‌ت هه‌نووكه سه‌گی هه‌وشاربووه دژی ئه‌و سێ وشه‌یه، ده‌وڵه‌ت بیه‌وێت كێ خپ بكات خپی ئه‌كات، ھەرچ ده‌نگێكیشی به‌دڵ نه‌بێت كپی ئه‌كات، ده‌وڵه‌ت توانای هه‌موو شتێكی هه‌یه، ته‌نها یه‌ك توانا هه‌یه ناتوانێ هه‌یبێت، ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه، كه ناتوانێت تیرۆریست نه‌بێت، تیرۆریزمی ده‌وڵه‌ت سه‌رده‌مێكه له كوشتنی ئه‌حمه‌د و مه‌حمود وه‌ڕز بووه، ئه‌وه‌ی لای ده‌وڵه‌ت گرنگه تیرۆركردنی كۆڕوكۆمه‌ڵی جاده‌كان و گه‌ڕه‌ك و كارگه‌كانه (بڕوانه سه‌ربڕینی كۆمۆنه‌ی پاریس- شۆڕشی ڕوسیا، شۆڕشی ئه‌ڵمانی، شۆڕشی ئیسپانی، 68ی فه‌ره‌نسا ڕاپه‌ڕینه‌كانی 7919ی ئێران و9119ی له‌مه‌ڕخۆمان (عیراق)…هتد ئه‌مڕۆی یۆنان و ئیسپانیا، هه‌روه‌ها (سه‌هۆڵبه‌ندانی عه‌ره‌بیدا) گه‌ر به‌ها ده‌وڵه‌تییه‌كان بكه‌ونه مه‌ترسیه‌وه، ده‌وڵه‌ت به‌ها مرۆییه‌كان له‌ژێر پۆستاڵه‌كاندا به جوانترین دیمه‌ن ئه‌بینێت. گه‌ر بۆ شایه‌تی ئه‌و مه‌رگه‌ساتانه داوای به‌ڵگه و شایه‌تم لێ بكرێت، ده‌ڵێـم (هیچ به‌ڵگه و شایه‌تێك،هێنده‌ی ئه‌و بیره‌وه‌رییانه به‌هێزنییه، كه له ده‌ماغی هه‌ریه‌كێكماندان)
ده‌وڵه‌ت له چواچێوه‌ی به ده‌وڵه‌تكردنی زماندا (سامانی كۆمه‌ڵایه‌تی) له فه‌رهه‌نگی هزری سیاسی و زمانه میلییه‌كه‌دا ده‌سڕێته‌وه، به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه ،كه له‌بیر جه‌ماوه‌ری بباته‌وه، له جێگه‌كه‌ی (سامانی نه‌ته‌وه‌یی) دائه‌نێت و ئه‌یكات به‌باو، بۆچی؟ چونكه به‌كارهێنانی (سامانی كۆمه‌ڵایه‌تی) زیاتر بۆنی (هاوبه‌شی) و (دابه‌شكردن)ی لێ دێت، له‌وێوه‌وه له‌وه ده‌ترسێت جه‌ماوه‌ر داوای به سۆسیالكردنی ئه‌و سامانه بكات، به‌پێچه‌وانه‌وه، ده‌وڵه‌ت له به‌باوكردنی (سامانی نه‌ته‌وه‌یی)دا ئازادی خۆی ئه‌بینێت، چونكه ئه‌توانرێت هاوكێشه‌كه به‌مجۆره بخرێته ڕوو (سامان ، سامانی نه‌ته‌وه‌ییه، هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌تیش، ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییه) له‌به‌رئه‌وه ده‌وڵه‌ت ئه‌توانێت و مافی خۆیه‌تی چۆن ئه‌یه‌وێت خه‌رجی بكات، ئیتر به‌داریدا ئه‌دات یا به به‌ردیدا ئه‌دات، ئه‌وه ئاره‌زوو و مافی خۆیه‌تی، ده‌وڵه‌تیش نه به‌دار نه به به‌ردیدا ئه‌دات، ئه‌وه‌ی بدزرێت خاوه‌ن ئیمتیازه‌كان ئه‌یدزن، ئه‌وه‌شی ئه‌مێنێته‌وه ئه‌یده‌ن به چه‌كوته‌قه‌مه‌نی و جامبازی له بۆرسه گه‌وره‌كه‌داندا و دواتر قڕانێكیشی لێ خه‌رج ئه‌كات بۆ خزمه‌تگوزاری كۆمه‌ڵایه‌تی!! به بەكرێگرتنی سالوكه‌كانی بواری میدیا، واته بواری (جاڕچیه‌كان) كه‌سیش بۆی نییه نقه‌ی لێوه‌بێت، چونكه سامان (سامانی نه‌ته‌وه‌ییه).
ده‌وڵه‌ت و سه‌رمایه‌داران له به‌رامبه‌ر ئه‌قڵیه‌تی (هاوبه‌شی) و (دابه‌شكرندن)دا به‌م ئه‌قڵیه‌ته‌وه ئه‌دوێن و ڕه‌فتار دەكەن “من ئاغا و ئێوه ئاغا، ئه‌ی كێ جێگه‌مان بۆ ڕاخا؟ “
** ئازادی و ده‌وڵه‌ت
له هه‌ر جێگه‌یه‌ك ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت هه‌بێت، ئازادی جێگه‌ی نابێته‌وه، ئه‌و هاوكێشه به پێچه‌وانه‌شه‌وه، هه‌ر ڕاسته، بێگومان لێره‌دا مه‌به‌ستم له ئازادی ڕه‌هایه، نه‌ك ئازادی سیاسی، گه‌ر (ئازادی ئازادیه‌كی ڕه‌ها نه‌بوو، نه‌بونی گه‌لێ چاكتره). ئازادی ڕه‌ها وه‌ك ئازادی سیاسی نییه، ئازادی ڕه‌ها له سه‌رچاوه‌یه‌كی تره‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتوه، له به‌رابه‌ری ئابووریی و به‌رهه‌مهێنانی كۆمه‌كگه‌ری و هه‌مئاهه‌نگییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، ئازادی سیاسیش له دیموكراتی نوێنه‌رایه‌تی و جێگه‌گرتنه‌وه‌وه، واته لە (په‌رله‌مان)ه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتوه، ئه‌و ئازادییه ئازادی له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه‌یه و فڕی به‌سه‌ر ژیانی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی جه‌ماوه‌ره‌وه نییه، ئه‌و ئازادییه پڕ به پێستی سیاسه‌تبازه‌كان و بۆ ڕۆشنبیره دۆمینه‌چییه‌كانی چایخانه‌ی شه‌عب و ده‌مقه‌ڵه‌باڵغه‌كانی ته‌له‌فیزۆنی (كورد سات) و (كوردوستان تیڤی) باشه، نه‌ك بۆ خەڵكە ڕه‌شوڕووته‌كه.
ئازادی به‌خشراو ئازادی نییه، نه‌ك هه‌ر لایه‌نی كه‌می ئازادی ڕه‌ها نییه، به‌ڵكو لانی كه‌می ئازادی سیاسیش نییه، كه‌چی به‌زۆری زۆرداری پێویسته له‌پاڵ شانی ده‌وڵه‌تدا موماره‌سه بكرێت، به‌مه‌رجێك شانیشی نه‌كه‌وێت له شانی ده‌وڵه‌ت، كاتێكش لێیكه‌وت، ئه‌وه ئیتر ئاخری دنیایه، ئه‌بێت چی سه‌گی هه‌وشار هه‌یه به‌ر بدرێته گیانی ئه‌و ئازادیه ئیفلیجه.
له‌به‌ر ئه‌و هۆیانه و زۆرێكی تریش، هه‌مان وته‌ی (مالاتیستا) ده‌ڵێمه‌وه (ئه‌م ده‌وڵه‌ت له ده‌وڵه‌تێكی تر ئه‌چێت، ئه‌ویتریش له‌دانه‌یه‌كیتر ئه‌چێت) به واته‌یه‌كی دی ده‌وڵه‌ته‌كان هه‌موویان ئاوسی یه‌ك ماهیه‌تن، ئیتر بۆچی ئه‌بێت ده‌وڵه‌ته كوردییه‌كه جیاواز بێت، تا ئێمه گۆرانی به باڵایدا بڵێین؟ مه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته (سه‌رده‌شت)كوژ و مرۆڤكوژه ئیسلامییه‌ی ئێستا نییه، دوای هه‌ندێك ده‌سكاریكردنی ته‌كنیكی ده‌كرێته ئه‌و ده‌وڵه‌ته، ئه‌بێت ئه‌و ده‌وڵه‌ته كوردییه چ هێزێكی جادوویی له هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵگرتبێت، یان چ گۆپاڵێكی جادوویی به ده‌سته‌وه بێت، تا بتوانێت هه‌موو ئازاره‌كان له ڕه‌گه‌وه ببڕێته‌وه؟ زۆرباشیان وتووه “گه‌ر نه‌مدیبایه بابی، بێشك ده‌مردم له حه‌سره‌ت داكی”.