Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
قوربانیەکی تری ناموسپەرستی و پیاوسالاری لە ئۆسلۆ

قوربانیەکی تری ناموسپەرستی و پیاوسالاری لە ئۆسلۆ

Closed
by August 31, 2012 ژنان

 

دوێنێ ٢٨.٠٨.٢٠١٢ و لە نزیك کاتژمێر ٤ ی پاشنیووەڕۆدا ئۆسلۆ بۆ جارێکی تر بووە مەیدانی قوربانیەکی تری ناموسپەرستی. سەبری خدری ٤٠ ساڵە و کوڕە ٧ ساڵانەکەی لە لایەن ئەو پیاوەوەی کە چەند ساڵە لێی جیابۆتەوە درانە بەر چەقۆ. بە داخەوە برینەکانی سەبری هێندە قورس بوون لە ڕیگای نەخۆشخانەدا گیانی لە دەست دەدات و ناتوانرێت ڕزگار بکرێت. ئێستاش کوڕەکەی لەژیر چاودێریدایە و خۆشبەختانە برینەکانی سووکن و هیچ مەترسیەک لەسەر ژیانی نیە. 

سەرەڕای ئەوەی کە چەند ساڵێکە کێشە لە نێوان سەبری و هاوسەرەکەیدا هەیە و پۆلیسیش ئاگاداری هەڕەشەکانی ئەو پیاوەیە، بەڵام بە داخەوە نەتوانرا پێشی پێ بگیرێت.

زاڵبوونی فەرهەنگی پیاوسالاری و خۆ بە خاوەن زانینی ژنان لە لایەن پیاوانەوە هۆکاری سەرەکی ئەم جۆرە تاوانە نامرۆڤانانەن کە کەم تا زۆر ڕۆژانە لە کوردستان و ئەو کۆمەڵگایانەدا کە ئەم فەرهەنگەی تیادا زاڵە ڕوو دەدەن. هاوکاتیش وێڕای بوونی چەندین یاسا و شێوازی پاراستنی ژنان لەم بەڵا و مۆتەکەیە، بەڵام بەهۆی شلوشێوای هەندێ لەو ڕێوشوێنانە کە ئەگیرێنە بەر تەنانەت لە ئەوروپاش نەیتوانیوە یەخەی ئەم ژنانە بەربدات. زۆرن ئەو کێشە و توند و تیژیانەی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت تا بە کوشتنیان دەگات.

ئێمە وێڕای ئیدانەکردنی ئەم کارە قێزوونە و وەستاندنەوەی توندمان بە ڕوی ئەم کارانەدا داواکارین کە تاوانبار سزای یاسایی خۆی وەربگرێت و لەژێر هیچ بیانوویەکدا بە ناوی کولتورەوە سزاکەی کەم نەکرێتەوە.

هاوکات داواکاریشین لە دەوڵەتی نەرویج کە لە بواری لێکوڵینەوەکانی خۆیاندا ڕوونکردنەوە بدەن و کەمکاریەکانی پۆلیسی نەرویج لەم بوارەدا ئەگەر هەبێت بخرێتە بەردەست. 

بانگەوازیشمان بۆ کوردەکانی دانیشتووی ئۆسلۆ و چواردەوری هەیە کە بێن و لە مەراسیم و پرسەی سەبری خدردا بەشداربن وەک وەستانەوەیەک بەرامبەر توندوتیژی بە دژی ژنان و کەلتوری ناموسپەرستی.


ڕێکخراوی پەنابەرانی کوردی عێراقی لە نەرویج

٢٩.٨.٢٠١٢

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.