Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
قۆناغه‌كانی ده‌ركه‌وتنی تیرۆریزمی فه‌نتامه‌نتالیزمی ئیسلامی

قۆناغه‌كانی ده‌ركه‌وتنی تیرۆریزمی فه‌نتامه‌نتالیزمی ئیسلامی

Closed
by October 25, 2013 گشتی

 

 

 

یه‌كێك له‌و به‌ڵایانه‌ی ئه‌وڕۆ به‌رۆكی جیهانی كردووه‌  ، له‌ رۆژ هه‌ڵاته‌وه‌ تا ڕۆژئاواو له‌ پانتای جوگرافی كناره‌كانه‌وه‌ تا ناوه‌ند و بۆته‌ په‌تایه‌كی كوشنده‌و  مێژووی قۆناغی  سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی هاوچه‌رخی مرۆڤایه‌تی له‌ خوێن هه‌ڵكێشاوه‌ ، بزاوتی فه‌ندامه‌ندایزمی ئیسلامی سیاسیه‌  ، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و ڕاستیه‌ش ڕچاو بكه‌ین كه‌ (( ئۆرجیناڵ نیشتمانی)) ئه‌م بزاوته‌ ڕۆژهه‌لاته‌و به‌ تایبه‌تی وڵاتانی عه‌ره‌بی .  ئه‌م به‌ڵایه‌ له‌ بناغه‌دا بۆ خۆی ((بزاوتێكی سیاسی تیرۆرستی ئاینیه‌)) خۆی له‌ كاژێكی ئاینیدا مانڤێست كردووه‌ و  له‌ سه‌ر  ئه‌و بنه‌ما  باگراوه‌نده‌ ئاینیه‌  خۆی ده‌ژێنێت كه‌ به‌شێكی سه‌ره‌كی باری سایكۆلۆژی  زۆربه‌ی  تاكی ڕۆژهه‌ڵاتی سیخناخه‌ له‌و كولتوره‌  په‌رستشه‌ كه‌ بۆته‌ ڕاستیه‌كی  ڕه‌هاو پیرۆز  . هه‌رچه‌ند  له‌ ناوه‌ڕۆك و فۆرمی سیاسی و شێوازی ئه‌نجامدانی چالاكیه‌ تیرۆرسته‌كانی هه‌ڵگری  ڕه‌گه‌زی فاشیزم و نازیزمی سه‌ده‌ی ڕابردووی ئۆرۆپایه‌ وه‌كو ڕه‌وتێكی سیاسی ڕاگوزه‌ر ، ئه‌وانیش بۆ خۆیان له‌ جه‌نگی جیهانی دووه‌مدا ده‌رئه‌نجامی دیوه‌ قێزه‌وه‌نه‌كه‌ی مۆدێرنه‌ بوون . ئه‌م بزاوته‌ نامۆیه‌ به‌ مۆدێرنه‌و هه‌ر بیركردنه‌وه‌ و پێشكه‌وتنێك  له‌ ده‌ره‌وه‌ی هزری  تێولۆژیاو هه‌ژموونی تۆتالیتارانه‌ی ئایینی ، هه‌روه‌ها دوژمنێكی سه‌ر سه‌ختی ده‌رئه‌نجامه‌ كولتوری و عه‌قڵانی و ڕۆشنبیریه‌كایه‌نی مۆدێرنه‌ی سیاسیه‌ ، ئه‌م ته‌وژمه‌ سیاسیه‌ ئاینیه‌ تیرۆرستیه‌ به‌ چه‌ند قۆناغێكدا تێپه‌ڕیوه‌و  ئێستا گه‌یشتۆته‌ كۆتا قۆناغی خۆی به‌ تایبه‌تی پاش ڕابوونه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی . قۆناغی یه‌كه‌م له‌ حه‌فتاكانه‌وه‌  ده‌ست پێده‌كات و  ده‌توانیین به‌ قۆناغی  بنج داكوتان و ده‌ركه‌وتنیان ناو بنێین ، ئه‌م ته‌وژمه‌ وه‌كو ڕێخراوێكی سیاسی جیهادی له‌ میسردا دروست ده‌بێت و قوتپییه‌ت به‌ مه‌رجه‌عی ڕاسته‌ قینه‌ی  خۆیان ده‌زانن كه‌ مه‌به‌ستیان ((سه‌ید قوتبی )) ڕادیكاڵه‌ وه‌كو ڕێخراوی ((ته‌كفیرو هجره‌)) و ((موسڵمانان)) ئه‌م ڕێخراوانه‌ بانگه‌شه‌ی جیهاد ده‌كه‌ن و له‌ ڕووبه‌ری میسرو هه‌ندێك ووڵاتانی  نزیك له‌ میسر بڵاو ده‌بنه‌وه‌ . له‌م قۆناغه‌دا ئه‌م  ڕیخراوانه‌ به‌ تایبه‌تی  له‌ نه‌وه‌ده‌كان پتر  له‌ جه‌زائیر گه‌شه‌ ده‌كه‌ن و  فرسه‌تی كاری ترس و تۆقاندن و تیرۆرستی  ئه‌نجام  ده‌ده‌ن . هه‌روه‌ها ده‌كرێت ئه‌م قۆناغه‌یان به‌ قۆناغی قه‌تیس مانه‌وه‌یان  به‌ شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو له‌ پانتای ڕۆژهه‌ڵات دا ناو زه‌د بكه‌ین ،  زیاتر سه‌ر قاڵ ده‌بن به‌ ململان و كێشمه‌ كێشه‌ سیاسیه‌كانی  ناوخۆیانه‌وه‌  .  پاشان قۆناغی دووه‌م دێت كه‌ به‌ قۆناغی ده‌ركه‌وتنی ((بن لادن و ، زه‌واهیری)) ناسراوه‌و به‌ شێوه‌یه‌كی كرداری چالاكی تیرۆرستی له‌ گۆڕه‌پانی سیاسیدا ئه‌نجام ده‌ده‌ن . یه‌كه‌م كاریان دروست كردنی ڕێخراوێك به‌ ناوی  ((به‌ره‌ی شه‌ڕی جیهانی دژ به‌ جوله‌كه‌ و خاج دروشمه‌كان)) و دواجاریش ڕێخراوی ((قاعیده‌))ی  به‌ ناو بانگ پێك دێنن . له‌م قۆناغه‌دا یه‌كه‌م ئامانج و ستراتیژییان و ، دروشمی سه‌ره‌كی سیاسیان زیاتر له‌ چوار چێوه‌ی ڕسته‌یه‌كدا ده‌جوڵانه‌وه‌  به‌ ناوی ((شه‌ڕ كردنی دوژمنه‌ دووره‌كان پێش نزیكه‌كان))  به‌و مانایه‌ی په‌لاماردانی ڕۆژئاوا له‌ نێو ماڵه‌كانی خۆیان دا كه‌ پشتیوان و هاوكاری سیسته‌مه‌ ئیسلامیه‌ كافره‌  ڕۆژهه‌ڵاتیه‌كان  ده‌كه‌ن  به‌ ڕای ئه‌وان . ئه‌م گۆڕانكاریه‌ له‌ كاری ڕێخراوه‌یدا  خه‌ونێكی چه‌په‌ڵانه‌ی فاشستانه‌ی بن لادن بوو كه‌ ئه‌زموونێكی  درێژی هه‌بوو له‌ شه‌ڕ  كردن دژ به‌ یه‌كێتی سۆفیه‌ت له‌ ئه‌فغانستان . پێیوا بوو ئه‌و یه‌كه‌م ئیمپراتۆری شه‌ڕ كه‌ یه‌كێتی سۆفێته‌ ڕوخاندوه‌ و ، پێویسته‌ له‌ سه‌ریشی ئیمپراتۆری شه‌ڕی دووه‌م كه‌ ئه‌مریكایه‌ بڕوخێنێت . ئه‌مه‌ ئه‌و خه‌یاڵه‌ پووچه‌ میتافیزیكیه‌ ناعه‌قڵانیه‌یه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی دیدێكی سه‌له‌فیانه‌و كلاسیكه‌و نا جۆره‌ له‌ گه‌ڵ پێوه‌ری هاوسه‌نگی هێزه‌ به‌ شه‌ڕ هاتووه‌كان  ، سه‌رچاوه‌كه‌شی جهل و كورافه‌و ئایدلۆژی كولتوری  لوت به‌رزی  به‌ده‌ویانه‌ی ئایینی عه‌ره‌بیه‌ كه‌ خۆیان  زۆر  به‌رزو به‌ڕێز دێنه‌ به‌رچاو ،به‌ڵام به‌ كردار لێوان لێون له‌ وه‌حشیگه‌ری و به‌ڕبه‌ڕیه‌ت ،وه‌كو بینامان له‌ سوریا مرۆڤ ده‌كوژن و جه‌سته‌شی  ده‌خۆن  ، لێكدانه‌وه‌كانیان دوور له‌ هه‌ر پێوه‌رێكی زانستی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و پێشكه‌وتنه‌كانی تكنۆلۆژیا كه‌ كۆمه‌ڵگاكانی جیهان پێی گه‌یشتوون و  ، كه‌ به‌ ته‌واوی بارودۆخی ژیانی ئینسان و بیرو دیدگاو تێگه‌یشتنی بۆ مرۆڤ و ده‌ورو به‌رومێژووی  دنیا گۆڕیوه‌ . ئه‌م گروپانه‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی  گرنگی و كارێگه‌ری كات و قۆناغ و بارودۆخ و پێشكه‌وتنه‌كان ڕه‌چاو بكه‌ن له‌  به‌رامبه‌ر  ڕۆڵ و ڕاگردنی هاوسه‌نگی سیاسی و تكنۆلۆژیای سه‌ربازیدا كه‌ ئه‌م هێزانه‌ پێگه‌یشتوون ، ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌و خه‌یاڵه‌ شه‌ڕانگێزه‌ی كه‌ پێیوایه‌ ئه‌م شه‌ڕه‌ تیرۆرستانه‌ی كه‌ ئه‌نجامی ده‌ده‌ن هاو شێوه‌ی شه‌ڕه‌ یه‌كه‌مه‌كانی  سه‌ره‌تای ئیسلامه‌ له‌ سه‌ر ده‌ستی سه‌رۆك خێڵه‌ به‌ده‌ویه‌كانی  عه‌ره‌ب ، كه‌ له‌ بیابانه‌وه‌ و به‌ خه‌ون و خه‌یاڵ و كه‌ڵكه‌ڵه‌ی پتر به‌ ده‌ست هێنانی ده‌سكه‌وتی ((غه‌نائم)) و كه‌نیزه‌ك و ئه‌و به‌هه‌شته‌ سه‌ر زه‌مینیه‌ی كه‌ نه‌ته‌وه‌كانی ده‌وروبه‌ریان له‌و سامان و به‌رو بوومه‌ی به‌ پیتی خاكه‌كه‌یان لێی به‌هره‌مه‌ند بوو بوون   ، زیاتر دنه‌ ده‌ریان بوو  بۆ   یه‌كه‌م جار ((ئیمپراتۆری فارسیان)) ڕوخاند و دواجاریش نۆبه‌ی ((ئیمپراتۆریه‌تی  بیزه‌نتی)) هات . ئه‌م تاكتیكه‌یان زۆر به‌رده‌وام نه‌بوو ته‌نها هه‌ندێك كاری تیرۆرستیان ئه‌نجام دا دژ به‌ هاوڵاتیانی سفیل و بێتاوان تا ساڵی 2005 پاشان چالاكیه‌كانیان به‌ ته‌واوی به‌ر ته‌سك بووه‌و هیچ بوارێكیان بۆ نه‌مایه‌وه‌ ، ته‌نها كارو جوڵه‌یان بۆ ڕوبه‌رێك ده‌گه‌ڕان بتوانن خۆیانی تێدا حه‌شار بده‌ن و ناوه‌ ناوه‌ش كاری  بچوك و ئاسانی تیرۆریستی ئه‌نجام بده‌ن . سه‌رئه‌نجام به‌ شێوه‌یه‌كی ناچاری تیرۆرزمی فه‌نته‌مه‌نتالیزم ڕوویان كرده‌ عێراق و یه‌مه‌ن و ، ئه‌وڕۆش  لیبیاو دوورگه‌ وه‌كو ژینگه‌یه‌كی خۆ پارێزی بووه‌ته‌ داڵده‌یه‌ك تێیدا خۆیان حه‌شار داوه‌ . شۆڕشه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی باشترین ده‌رفه‌تێكی له‌بار بوو بۆ خوڵقاندنی بۆشایه‌كی سیاسی كه‌ ئه‌م گروپه‌ تیرۆرستانه‌ بتوانن سوود له‌و ده‌رفه‌ته‌ وه‌ر بگرن و  خۆیانی تێدا بگونجێنن و بگوێزنه‌وه‌ بۆ قۆناغی سێیه‌م و به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌تاهه‌تایی بۆ نیشتمانه‌ ئۆرجیناڵه‌كه‌ی خۆیان پاش ئه‌وه‌ی له‌ ئۆرپا و ئه‌مریكا نائومێد بوون ، ته‌قینه‌وه‌كانی ئه‌م دوایه‌ی میسرو ڕووبه‌ ڕووبوونه‌وه‌ توندڕه‌وه‌كان له‌ سنووری تونس و جه‌زائیر هاو شێوه‌ی  كرده‌وه‌ تیرۆرسته‌كانی سه‌ره‌تای ئه‌م ته‌وژمه‌ فاشسته‌یه‌ كه‌ له‌ قۆناغی یه‌كه‌مدا ئه‌نجامیان ده‌دا، ئه‌وه‌ش  به‌ڵگه‌ی قسه‌كانمانن . كه‌واته‌ ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی باشترین ژینگه‌یه‌كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی دورو درێژ ئه‌م ته‌وژمه‌ تیرۆرسته‌یه‌  تێیدا ده‌توانێت به‌رده‌وامی بداته‌ ژیانی  سیاسی و ناعه‌قڵانی خۆی و ژه‌هری كوشنده‌ی خۆی تێدا به‌تاڵ بكاته‌وه‌ ، چونكه‌  كه‌ره‌سته‌ی  فیزیكی به‌ خێو كردن و ژیاندنی فه‌نتامه‌نتالیزم  له‌م ولاتانه‌ زۆر  فره‌وان و هه‌میشه‌ له‌ به‌رده‌ستدایه‌ . فه‌نتامه‌نتالیزمی ئیسلامی له‌م وڵاتانه‌ پرسێكی بونیادگه‌ریه‌و ڕاگوزه‌ر نییه‌ ، به‌و مانایه‌ی وابه‌سته‌ نییه‌ به‌ دۆخ و ڕوداوێكی  سیاسیه‌وه‌ له‌ مه‌ودایه‌كی دیاریكراودا  ڕووبدات و دواجاریش بتوانرێت  ئیحتوا بكرێت . پاش له‌ كار خستنی  ده‌سه‌ڵاتی ((ئیخوان موسلمین))  له‌ میسردا تیرۆر زۆر به‌ هێزه‌وه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و ،  هه‌روه‌ها له‌ پاش  به‌ ده‌سته‌وه‌ گردنی ده‌سه‌ڵات له‌ لایه‌ن حزبی ((نه‌هزه‌ی))  ئیسلامی تیرۆر زیاتر به‌ هێز  بووه‌ . كوردستانیش به‌شێكه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵات و پتر له‌ وڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌كانه‌وه‌ نزیكه‌و یه‌كێكه‌ له‌ ئامانجه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی تیرۆرزمی فه‌نتامه‌نتالیزمی ئیسلامی و هه‌رده‌م ده‌ڤه‌رێكی كراوه‌یه‌ بۆ خۆ به‌تاڵ كردنه‌وه‌ی ژه‌هری كوشنده‌یان  و ئه‌نجامدانی وێرانكاری ، جگه‌ له‌وه‌ش ژێرخانێكی ڕێكخستنیان بۆ خۆیان له‌ پاش ڕاپه‌ڕینی 1991  له‌ كوردستان چێ‌ كردووه‌ له‌ لایه‌ن هه‌ندێك گروپه‌وه‌ وه‌كو گرایه‌كی خه‌وتوو  هه‌میشه‌ له‌ ئاماده‌ باشیدان ، له‌ هه‌ر ده‌رفه‌ت و چركه‌ساتێكدا بۆیان بلوێت ده‌به‌نه‌ كه‌ره‌سته‌یه‌كی له‌ بار بۆ كار ئاسانی ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی تیرۆرستی ، ته‌قینه‌وه‌كانی ئه‌م دوایه‌ی  هه‌ولێری پایته‌ختی كوردستان  به‌شێك له‌و كرده‌وه‌ چه‌په‌ڵانه‌یه‌ بوو ، گه‌ر شانه‌ی خه‌وتویان نه‌بوایه‌ له‌ كوردستان محاڵ بوو بتوانن كرده‌وه‌یه‌كی تیرۆرستی له‌و چه‌شنه‌ ئه‌نجام بده‌ن  . كه‌واته‌ پێویسته‌ ئه‌وڕۆ زۆر به‌ جدی و تواناوه‌ هه‌وڵی پایه‌ماڵ كردنیان بدرێت . 

یاسین له‌تیف
Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.