Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
قۆنتەرات……سمكۆ عەبدولكەریم

قۆنتەرات……سمكۆ عەبدولكەریم

Closed
by February 7, 2009 گشتی

 قۆنتەرات
 سمكۆ عەبدولكەریم

 رەنگە لایەنێكى ئەو قسەیەى سەرۆكى حكومەت كە لە دواین كۆنگرە رۆژنامەگەرییەكەى كردى و     وتى: رۆژنامەو گۆڤارەكان بێتامیان كردوە و تاقەتمان نەماوە وەڵامیان بدەینەوە ، ئاماژەیەكى ناڕاستەوخۆ بێت بەو شەڕە ساردەى رۆژنامەگەرییەوە كە ماوەیەكە چەكەرەى كردوە و  لەو پەڕى راستەوە تا دەگاتە ئەوپەڕى چەپ بە ئیسلامییەكانیشەوە دەستیان داوەتىَ ، بە شێوەیەك كار گەیشتۆتە ئەوەى گومان لە سێبەرى خۆشیان بكەن ، رۆژنامە هەیە لە بارەگاى حزبێكى ئیسلامى چاپ و بڵاودەكرێتەوە دەڵىَ بێلایەنم ، گۆڤار هەیە بە رۆژى روناك دەڵىَ سەرچاوەى داراییەكەم بەڕكى خۆمە . خۆشییەكەى ئەوەیە یەكێتى و پارتیش وەها لێیان تێك چووە ئێستا نازنن كامە حزب و گۆڤارو رۆژنامە هى خۆیانن كامانەش هى حزبە ئیسلامییەكانن ، كامانەش ئەمریكین ، رۆژنامە و گۆڤارو حزب هەیە پارتى پێى وایە سەر بە یەكێتى یە ،  بە پێچەوانەشەوە یەكێتى لاى وایە سەر بە پارتییە ، دووریش نییە سەر بە هیچ كامێكیان نەبن ، یان سەر بە قودرەتى قادرى بن .
 نەفەر هەیە ئەگەر بە قۆنتەرات نەبوایە بە درێژایى تەمەنى نەك هەر نەدەبووە ئەندام پەرلەمان ، لەوانەیە بە سودفەش رێى بە پەرلەمان نەكەتبایە ، بەڵام كە قسە دێتە قسەى دەڵىَ ئەو پەرلەمانە بریتى یە لە مەكتەبى سیاسى یەكێتى و پارتى ، ئەوەى لەبیر چووە ئەوان ئەویان لە وىَ دانایە ، ئەگەر نا وەك ئەو نەفەرەى لە هەڵبژاردنى پیشووى پارێزگەكان ، باوەڕ ناكەم دەنگى خۆشى بێنىَ ، چونكە ئەوەندە هینە ئامادە نییە بچىَ دەنگەكەى خۆشى بە خۆى بدات .
 سەنعاتەكە وەها رەزیل نەبووە كەس نەیزانىَ ، حزبت دەوىَ سەنتەر و گۆڤار و رۆژنامەت دەوىَ ، هەرچییەكت دەوىَ بە قۆنتەرات دەتوانى وەریبگرى .
 برادەرێكى خۆش مەشڕەب كە تازە دەستى داوەتىَ و گۆڤارێك بە قسەى خۆى لەسەر بەڕكى خۆى دەریدەكات ، وتى : گرنگ نییە كىَ پارەمان دەداتىَ گرنگ ئەوەیە ئەو لایەنەى پارەى لێوەردەگرین كوردى نییە .
 ئێستاش ئەو قسە خۆشەى ئەو برادەرەم لەبیر نەچووە كە بۆ چەند رۆژێك بە خەیال پڵاوەكەى خۆى رۆژنامەیەكى دەركردو دەیگۆت توڕمبێلەكەم هەبوو فرۆشتومە بۆ ئەوەى ئەو رۆژنامەیەى پێدەركەم ، منیش وەك خەڵكى دیكە كەرپووچەكى لەسەر بەردى دانێم و گۆشەیەكى تاریكى ئەو مەملەكەتەى روناككەمەوە .
 بەڕاستى مەملەكتێكى خۆشە هەر رۆژنامە و گۆڤارە دەردەچىَ بە دروشمێكى زل زلیش لە سەرى سەرەوە دەنووسىَ (ئازاد و سەربەخۆو بێلایەن و ئەهلى ) م كە قسەشیان لەگەڵ دەكەى یەك دونیا جەڕو مەنگەنەت بۆ دێننەوە و خۆیان وەها نیشان و پیشان دەدەن وەك ئەوەى ئەو میللەتە لە گوێى گادا خەوتبىَ ، ئەگەر نا كەس هەیە  پرسیارى ئەوە نەكات ئەو هەموو  رۆژنامە و گۆڤارانە چۆن و بۆ چى و بە پارەى كىَ دەردەچن ؟
 برادەرێك دەیگۆت ئەتو پێمانڵێى ئەوبرادەرە چۆن دەوێرى ئەو هەموو قسە چووك و چروكانە بەو سەرۆكانە بڵىَ و بە كەیفى خۆشى بسوڕێتەوە ، بابى بابم ئەتوش دەتوانى ئەو شتانە بنووسى ، بەڵام ناوێرى .
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
  
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.