Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
قەتەر، دەستێکی واڵا  …. ڕزگار عومەر

قەتەر، دەستێکی واڵا …. ڕزگار عومەر

Closed

 

 

 

 

     ڕۆژنامەی (فاینانشەڵ تایمز) لە ڕۆژی 2013/05/16 دا بە پشت بەستن بە زانیاری و داتا تازەکانی (ئینستیوتوی نێودەوڵەتی ستۆکهۆڵم بۆلێکۆڵینەوەکانی ئاشتی ) لەگەڵ چەندین چاوپیکەوتنی تایبەت بە خۆیان لە گەڵ سەرکردەکانی گروپە چەکدارەکان لە دەرەوەو ناوەوەی سوریا ، تیشکێکی زیاتری خستۆتە سەر ڕۆڵی قەتەر لەو قەسابخانەیە کە ئێستا لە سوریا بەڕێوەدەچێت . بە پێ ی بەڵگەنامەکانی ئەم ئینستیوتویە ؛ قەتەر لە مانگی 4 ی 2012 تا مانگی 3 ی ئەمساڵ 70 گەشتی ئاسمانی بە هۆی فڕۆکەی بارهەڵگری سەربازیەوە ئەنجام داوە بۆ گواستنەوە چەک بۆ گروپە جیهادیەکانی سوریا لە ڕێگای تورکیاوە . هەروەها لە زانیاریەکانیتری نێو نووسینەکەی فاینانشەڵ تایم باسکردنە لەو 3 ملیار دۆلارەی کە تا ئێستا قەتەر تەخشان و پەخشانی دەکا بەسەر ئاراستە کردنی گروپە جیهادیەکان بە رادەیەک کە دەوڵەتی سعودیە ئێستا دەیەوێت بکەوێتە خۆی و لەم ماوەیەی دوایی پەیوەندیەکانی خۆی سەرلەنوێ توندکردۆتەوە لەگەڵ باڵەکانی ئەم گروپانە و هەڵچوون و داچونەکانی هەڵبژاردنەکانی نێو کۆنگرەکانی ئۆپۆزسیۆنیش بەگشتی ڕەنگدانەوەی ئاشکرای پێشبڕکێ ی سعودیەو قەتەرە لە جێگیرکردنی ئەوانەی وەلائیان بۆخۆیان هەیە .

     ئەو توانا ئابوریە خەیاڵیە لە ژێر ڕکێفی ئەو دەوڵەتەیە دەستی واڵا کردووە تا لە گۆڕانکاریە سیاسیە گرنگەکانی ناوچەکە . لیبیا ، تونس ، میسر تا ئەمڕۆش درێژە بە دەست تێوەردانی ڕاستەوخۆی ئابوری و سیاسی و موخابەراتی بکات . بۆ نموونەش دەست تێورەدانی قەتەر یەکێکە لە فاکتەکانی هێشتنەوەی دەسەڵاتی ئیخوان لە میسر . ئەم ووڵاتە : میدیا ( کەناڵی جەزیرە) ، ئابوری (پارەی نەوت وگاز) ، ئایدیۆلۆژیا (ئیسلامی سیاسی) بەکاردێنێ بۆ ئەوەی لە سەر ئاستی ناوچەکەو دونیا وەکو دەوڵەتێکی یاریکەر لە مەیدانی سیاسەت دا پرس و رای پێبکرێت و دیزایینی ئایندەی ناوچەکە تیا بەشدار بێت. تا ئێستا بە کۆمەک و بێدەنگی و گڵۆپی سەوزی ئەمریکا ئەم ڕۆڵ بینینە ڕۆژ لە دوای ڕۆژبەهێزتر دەبێت . ئەم یاریە و ئەم چاوپۆشینە دووبارە کردنەوەی هەمان سیناریۆی هەشتاکانی ئەمریکاو سعودیایە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووە لە ئەفگانستان ، پشتگیری و بەرهەمهێنانی جەنگی جیهادیە بە یەک جیاوازی کە ئەم جۆرە لە جیهاد دژی کافرەکانی سۆڤیەت نیە ، بەلکو لە دژی حکومەتێکی هەمان نەتەوەو دینە بەڵام شیعەن ، هەمان ئەو میتۆدەی کە هێزەکانی سوات لە حەویجە پیادەی کرد دژ بە سونەکانی عێراق ، واتە ئێمە لەبەردەم جەنگی گۆڕینی شوێنی تائیفەکانیان لە نەخشەی سیاسی ناوچەکە ، واتە ئەمەی دەگوزەرێ هیچ پەیوەندیەکی نەماوە بە ڕەگەکانی سەرەتاکانی شۆڕش لە سوریادا بە تایبەتی لە پەیوەندی بەو بزوتنەوە مەدەنیانەی کە لە ساڵی 2005 دا لە سوریا دەستی پێکردو هیچ مۆرکێکی مەزهەبی و جیهادی توندڕەوی تیادا نەبوو پێکهاتەکان هەمووی تێدا بەشدار بوون .

      کانت ی فەیلەسوف 238  ساڵ لەمەوبەر کتێبێکی نووسی بە نێوی ( پڕۆژەی ئاشتی بەردەوام ) ، لەم کتێبە کانت تەنیا فەیلەسوفێکی ئەڵمانی نیە ، بەڵکو هاوڵاتیەکی خەڵکی هەموو دونیایە کە هەوڵ دەدا ئاشتیەکی جیهانی دامەزرێ بە هاوکاری و هاوبەشی هەموو میلەتەکانی دونیا . ئەوکاتەی ئەو کتێبەی نووسی خەڵکی ئەوروپا لە ژێر سایەی شەڕەکانی ڕووسیای قەیسەری و بنەماڵەو شازادەکانی دەوڵەت و ئیمارەکانی ئەوروپا خەونیان بە ئاشتی دەبینی . کە لە وەزعی ئەمڕۆی تراژیدیای سوریا وردەبیتەوە ، کە لەسەربڕینی بە کۆمەڵ و بۆمباران و  خواردنی دڵ و جەرگی تەرم وردەبیتەوە ، تێدەگەی کە کێشە لە بوونی فەلسەفەو خواست بۆ ئاشتی نییە ، کێشە لە نەوت و گازێکدایە کە قەدەری بارودۆخی جیۆلۆجی پێکهاتەی گۆی زەوی بەخشیە هەڵەترین شوێنی دونیا ، بەخشیە بەربەریەک کە بتوانێ یاری بە چارەنووسی میلەتان بکات و بێ باک لە حەمامی خوێن ، لە دەستی بێ شۆڕش ئەتک بکا ، شۆڕش بکڕێ و بفرۆشێ !

 

 

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.