Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
قەراغی دەربەندێك … مەدیحە سۆفی

قەراغی دەربەندێك … مەدیحە سۆفی

Closed
by June 8, 2013 ئەدەب

 

 

 

١
خۆ ئەم سکونە ناهێڵێت
 پەرچەمی هەور شانە بکەم و 
بارانەکەی چەمی یادم ڕابماڵێ
ئاخر سکونی ڕوح نەبێ
ئەم جەنجاڵی ژینە
کوا….. بە چی دەربەدەر دەبێ؟!!
 
2
لە فارگۆنەکان و
لە ڕێ و بانی ناخی منا
هەرچی موسافیری ماندوو هەیە
بێ پسولە ….لە تارمایی ڕوحما دەنوێن
هەر چی یاسای لێبووردن هەیە
هەر چی نەخشەی یاساغ هەیە
لە نێو هەناسەی عیشقا پۆست دەکرێن
هەر چی تاسەی یەڵدا هەیە
بێ ویستگە و بێ نیشتمان
بە بێ ڤیزەی قیامەت و
بێ چاندنی خۆزگەی زەمان
لە ژێر چەتری سەبوریا
لە حزوری ئارامیا
لە بێ دەنگی هەڵدەکێشرێن

3
بیرت ئەکــــەم…
بە دەنگ و بێ دەنگ
بێ دەنگ لەگەڵ سەبوریــــــا
بە دەنگ لەگەڵ سەمفۆنیای دووریـــا
بیرت ئەکــــەم
شەقامی شارو ڕازە پەنهانەکەم
4

نزاکانی ئەم خاکە ماندووە
ئاسمان دەدوێنێ و دەڵێ
 بێ بەریم کە لە هەمووی :
لە هەر هەمووی
 با تەنها لە دونیای بێ دەنگییا
 پەیامێکی بێ دەنگت بم
5
نیگایەکی وێڵی ڕاز
:بە هێشووی سەبرا هەڵدەگژاو دەیوت
وونم لە بێ دەنگیت…..وون
لە ئاسمانی ڕوحتا
بمدۆزەرەوە

6
لە گەڕان بە دوای دۆزینەوەدا
 گەیشتم بە ونبوون
لە گەڕانەوەدا
گەیشتمە سێبەری ڕوح و
تەمی ئاوابوون

………………..
7
برینێك لەسەر ڕوحمە
هەر بێ دەنگی لێ دەڕوێ
برینێك لەسەر ڕوحم میوانە
ماڵئاوایی لە خەم  و
میهری عیشق
لە دڵما دەچێنێ

8
مەملەکەتێك لە بێ دەنگی
ناخێك لە پشکۆ
هاوارێك لە ئیشتیاق
پێکەوە ڕازی ڕوحم دەهۆننەوە

9
هێشوی هیواکان
تەنها
لە نێوان خەوو خەیاڵا ئازادن
کامیان لانە و
کامیان ساباتی بەهار بن 

10
ئەم ( تــــا) ی ڕوحە
لەم قەراغی دەربەندەدا
ناڵێم چەند و
ناڵێم چۆن و
نازانم تا کەی
کڵپە لە ڕوحم بەردەدا؟

11

کە سەدای سەر ئەم عەرشە
بێ دەنگ دەبێ
وڵامی ڕوحم بێ دەنگتر
کە نامەکەی دوائەکەوێ
قەڵەمی خۆزگەم ڕەشتر
کە عەشق فەرمانی کرد
ڕازەکانم ڕۆ بچن……….
گمەی باڵی مەلی ڕوحم
لە بێ دەنگی بێ دەنگتر

12

بۆ ڕەوینەوەی ئەم ڕۆچوونە
وەرزی هەناسەی سەبر
لە کام فریشتە و
لەم نزیکی دووریە
چۆن نەجاتێك بەڕێ بخەم

13

بەرەبەیانێکی ڕۆژانی ستەم
بەسەر باڵی مەلی سەردەم
لە ئەمڕۆدا میوان بوو
نە خۆری شار ناسییەوە
نە ڕوحی شاری توانەوە
تەنها خەونی دوێنێی شەقامەکان
بەرەبەیانیان لە شەوی ستەم چاندەوە
14

ئەم جارەیان…. پێش ئەوەی ئاوا بم و
پێش ئەوەی لاولاوی ڕازی ڵاڵم
لە ئێوارەی خاکێکی غەریبا بئاڵێ
با چەمی ڕوحم
ڕاسپاردەی گزنگی خۆر بێ
نە ئاوا ئەبێ
نە تەنیاییم بێ نیشتمان و
نە قافڵەی هیوام وێران ئەبێ

15

لە ژێر سێبەری شۆڕەبی ئەم نیگایەما
دەواری کۆمەڵێ خۆزگە هەڵدراوەو
پریشکی تەزیوی خەون و
گڵۆڵەی ڕاز هەڵکراوەو
لە حزووری تۆدا کرنووش دەبەن ….ئارامی

  
مەدیحە سۆفی/ ئەڵمانیا

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.