Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
قەیرانی ریفۆرم لە یەکگرتوودا….2

قەیرانی ریفۆرم لە یەکگرتوودا….2

Closed
by September 17, 2012 گشتی

 

بەشدارییەک لەو گفتوگۆیانەی دەربارەی شەشەمین گۆنگرەی یەکگرتوو لە ئارادان

ئومێد قەرەداغی

بەشی دووەم و کۆتایی

 

دووەم: جەختکردنەوە لە بە کارهێنانی مەلاکان و بانگخوازان بۆ بەرژەوەندی سیاسی:

یەکێک لە گرفتە قووڵەکانی یەکگرتووی ئیسلامی و هێزە سیاسییە  ئیسلامییەکان بریتیی بوە لە بانگەشە بۆ سیاسەت بە ناوی ئایینەوە، بانگەواز بۆ قیامەت و ئەخلاقی ئیسلامەتی، لەوێوە کەمەندیشکردنیان بۆ حزبایەتی و  کاری سیاسی ، ئەمە کارێکی زۆر نا ئەخلاقی گەورەیەو ، بازرگانیکیردنێکی زۆر بێویژدانانەیە بە دینەوە، هەوڵدانێکی بێپەروایە بۆ ئەوەی ئایین بخرێتە خزمەت بەرژەوەندی و هەڵپە و تەماعی سیاسییەوە، ئەم حاڵەتە بەردەوام بوە بە جێگەی رەخنەلێگرتن هەم لە لایەن کادیرانی رۆشنفکر و ریفۆرمخوازی یەکگرتوو خۆیەوە و، هەمیش لەلایەن ئازادیخوازان و هەڵسوڕاوانی دیکەی کۆمەڵگای مەدەنی لە کوردستاندا، لە راپۆرتی بەرێز ئەمینداری پێشووی یەکگرتوودا بە روونی ستایشی رۆڵی مەلاکان کراوە لە فراوانکردنی نفوزی سیاسی یەکگرتوو و پەیداکردنی جەماوەر بۆی، لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت(( زانایانی ئایینی لە ناو یەکگرتوودا گەورەترین سەرەوەرییان تۆمارکردوە و جەماوەرێکی زۆریان بۆ کار و کاروانی یەکگرتوو پەیداکردوە)) ئەم تێزە داننانێکی راستەوخۆیە بەو رۆڵە سیاسییەی کە بە مەلای یەکگرتوو سپێردراوە، گۆڕینی مەلایە لە کارەکتەرێکی ئایینییەوە بۆ کارەکتەرێکی سیاسی، ئەوە کادرێکی حزبی پێی ناکرێت لەناو خەڵکدا بیکات بە حوکمی ئەوەی حزب وحزبایەتی ئەو بایەخ و گرنگییەی نەماوە، مەلایەکی ئایینی پێی ئەکرێت بە حوکمی ئەو پێگە تەقلیدییەی مەلا لە ناوەندی نەریتی کۆمەڵایەتی کوردیدا هەیەتی، ئیدی لێرەوە ئەم ئەرکە سیاسییە بە مەلا سپیردراوە.

ئەم دەستەواژەیەی ئەمینداری پێشووی یەکگرتوو کە بەشێکە لە راپۆرتەکەی بۆ شەشەمین بۆ کۆنگرەی یەکگرتوو ئاماژەیەکی روونە  بەو تەوزیفکردنە سیاسییەی بۆ ئایین ئەکرێت نەک بە تەنها لە رێگەی کادیرەکانی حزبەوە ، بەڵکو لە رێگەی مەلاکان و بەکارهێنانی ئەو پێگە ئایینییە کۆمەڵایەتییەی لە مێژوویەکی کەڵەکەبوودا بۆ مەلاکان دروست بوە، ئەمەش دوو ئاماژە بە دەستەوە ئەدات: یەکەمیان ئەوەیە بە هەموو توانایەکەوە ئایین بۆ ئامانجی سیاسی تەوزیف ئەکریت و سڵ لەوەش ناکەنەوە پێگەی مەلاش بۆ ئەم مەبەستە بەکار بێنن، دوەمیشیان : وەڵامدانەوەیە بەو بانگەشانەی  ناو یەکگرتوو کە نێگەرانبوون لەو مامەڵە سیاسییەی یەکگرتوو بەرابنەر ئایین و موقەدەساتی ئایینی ئەیکات. پێیان ئەڵێت بەسیاسیکردنی ئایین ئەرکێکی گرنگی هەموولایەکە بۆ پەیداکردنی جەماوەر بۆ ئەم کار و کاروانەی یەکگرتوو.

 سێیەم:   تەئکید کردنەوە لەسەر پابەندببون بە قوتابخانەی ئیخوانی عەرەبی لە کاری سیاسی ئیسلامیدا:

یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی رەوتی ریفۆرمخوازی یەکگرتوو  کە لەم کۆنگرەیەدا شکستی پێهێنرا، بریتی بوو لە تێپەراندنی شێوازە عەرەبییە ئیخوانییەکە لە کاری سیاسی ئیسلامیدا ،  ئەم کۆنگرەیە  لێدانێکی کوشندە بوو لە خەونەی کە دەیویست یەکگرتوو زیاترو زیاتر نزیک بکاتەوە لە شێوازی سیاسەتکردنی پارتی دادو و گەشەپێدانی تورکی ، یان نموونەی ئیسلامی لیبراڵ لە مالیزیا، بەشێکی بەرچاو لە سەرکردەکانی رەوتی ریفۆرمخوازی خەونی ئەوەیان هەبوو ئەم تایپە ئیخوانییە عەرەبییە کۆتایی پێ بهێنن وخۆیان لەسەر شێوازێکی نزیک لە مۆدێلی داد و گەشەپێدانی تورکی دابمەزرێننەوە، بەرێز هادی عەلی یەکێک لەوانەی ئەم بانگەشەیەی هەبوو،  بەرێز هادی عەلی (بەپرسی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکگرتوو)  یەکێک بوو لەو کەسانەی لە شەشەمین کۆنگرەی یەکگرتوودا  لەلایەن ئەمینداری پێشوەوە بە توندترن شێوە لێیدرا و خودی ئەمینداری پێشوو فەزایەکی وای بەسەر کەشی کۆنگرەدا دروست کرد کە هادی عەلی نەتوانێت  تەنانەت بچێتە سەرکردایەتیش، بەرێز هادی عەلی بەمشیوەیە لەبارەی پەککەوتوویی ئەم مۆدێلە عەرەبییە ئیخوانییە لە کاری سیاسی ئیسلامیدا رای خۆی دەر ئەبڕێت، ئەو نموونەی ئیخوانی عەرەبی بە نموونەیەکی سەرنەکەوتوو وپڕ کێشە و گرفت لەقەڵەم ئەدات، هادی عەلی کە پتر لە هەر کەسێکی دیکە لە شەشەمین کۆنگرەی یەکگرتوودا کەوتە بەر پەلاماری ئەمینداری پێشوو و بەتوندترین شێوە لێیدرا، ئەو بەمشیوەیە رای خۆی سەبارەت سەبارەت بە شێوازی کاری ئیخوانی و پەیوەندی بانگەواز و سیاسەت (( زۆربەی بزافە ئیسلامییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووبەڕوی ئەم کێشەیە بوونەتەوە، چونکە هەموویان یان زۆربەیان سەربەکۆمەڵی برایانی مسوڵمانن و تا ئێستا نەیانتوانیوە خۆیان لەو کێشەیە دەرباز بکەن و، بوارە جیا جیاکانی کارو چالاکیەکانیان بە دەزگایی بکەن. لەم بوارەدا ئەزموونی ئیسلامی لە تورکیان لە هەردوو رەهەندەکەیدا سەرکەوتوە))3  پاشان سەرسامی خۆی بە ئەزموونی دادوگەشەپێدانی تورکی ناشارێتەوە و دەڵێت(( ئەزموونی سیاسی ئیسلامی تورکیا سەرکەوتوترین ئەزموونی سیاسی ئیسلامییە لەم سەردەمەدا)) 4

هەموو ئەم بانگەشانەی رەوتی ریفۆرمخوازی نێو یەکگرتوو ئەنجامی  ئەنجامی هەستکردنیان بوە بە بەرپرسیاریتی مێژوویی، ئەنجامی  تێگەیشتنی بابەتی و راستەقینە بوە لە دۆخی سیاسی و فیکری بزووتنەوە ئیسلامییەکان و ئەو فۆرمە ئیخوانییە عەرەبییە بەدرێژایی چەندین دەیە بەسەر چالاکی بزووتنەوە ئیسلامییەکاندا باڵادەست بوە کە هۆکاری سەرەکی بوە بۆ داخران و، توندڕەوی تیۆری و پراکتیکی و ، پاشکەوتوویی هەمەلایەنە لە ژیانی سیاسی و فیکری حزبدا، ئەو بانگەشانە دەبوا بە جددی گوێی لێبگیرایە و ، وەک هەوڵێکی راستەقینە بۆ نوێکردنەوەی ژیانی فیکری و سیاسی حزب و ، وەک هەنگاوێک بۆ رزگاربوون لەو نەخوشییە خراپەی کە بزووتنەوە ئیسلامییەکان پێوەی گیرۆدەن ئەویش بەسیاسیکردنی ئیسلام و خەونی بە مسوڵمانکردنەوەی کۆمەڵگایە، دەبوو راکانیان بە جددی وەربگیرایە بۆ ئەوەی حزب لە جیاتی ئەوەی تەئکید لەسەر مەسەلەی ناسنامە ئایینییەکە بکاتەوە و پرۆژەی فێرکردنی نوێژو و رۆژووی هەبێت ، جەخت لەسەر ناسنامەیەکی نیشتیمانی گشتگیر بکاتەوە و پڕۆژەی خزمەتکردنی کۆمەڵگای هەبێت، بەڵام بەداخەوە کۆنگرەی یەکگرتوو بەتوندترین شێوە دژی ئەو هەوڵانە وەستایەوە، جەختی لەسەر فۆرمە ئیخوانییە عەرەبییەکە کردوە وەک  تاکە شێوازی کاری ئیسلامی ، جەختی لەسەر ناسنامە ئایینییەکە کردوە کە بەرهەمی سەردەمی شکست و، بەهەمهێنەری شکست و داخرانی گەورەی سیاسەتکردن و خزمەتکردنی کۆمەڵگایە،  بەرێز ئەمینداری پێشوو لە راپۆرتەکەیدا بۆ کۆنگرە ، لە باسی پابەندییەکانی یەکگرتوودا دەڵێت:((  شوناس و مەرجەعییەت و ئینتیمای فیکری یەکگرتوو، مەدرەسەی وەسەتییەت و  میانڕەوییە کە ئەمڕۆ برایان سەرقافڵەیی ئەکەن)) ، هەروەها دەڵێت(( رەسەنایەتی لە شوناس و مەرجەعییەت و ئینتیما و نەسەب و رەچەڵەکی مەدرەسەیی گرنگە و نابێت لەم بوارەدا ناڕوونی و تەمومژ هەبێت))  ئەمینداری پێشووی یەکگرتوو بەوە ناسراوە کە لە پەیامەکانیدا  قسەکانی ورد و مەبەستدارن، دەستەواژەی زیاد و بێ مەبەست بەکار ناهێنێت ، لێرەوەش بە وردی و بەمەبەست ئەو وشانەی بەدوای یەکدا هێناوە، وشەکانی( شوناس، مەرجەعییەت، ئینتیمای فیکری) ، ئەم دەستەواژەیە لێکۆڵینەوەی زۆر هەڵدەگرێت و دەکرێت بەوردی لەسەر هەریەک لە شوناسی ئیخوانی لەکاری سیاسیدا، مەرجەعییەتی  ئایینی و سیاسی ئیخوانی، هەروەها ئینتیمای فیکری ئیخوانی بدوێین، بەڵام لێرەدا رەنگە ئەوە پێویست نەبیت ، ئەگەر چی هەوڵ ئەدەین بە پێی پێویستی بابەتەکە و، ئەوە باسەی ئێمە لێرەدا لێی ئەدوێین ئاوڕ لەو خاڵانە بدەینەوە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی  ئەو جەختکردنەوە بەردەوامەی ئەمینداری پێشوو لەسەر شوناسی ئیخوانی و مەرجەعییەت و ئینتیمای فیکری ئیخوانی لە ناوەڕۆکدا رەتکردنەوەی هەموو هەوڵ و بانگەوازێکە بۆ تێپەڕاندنی ئەو فۆرمە عەرەبییە ئیخوانییە کە ساڵەهای ساڵە بەسەر کاری سیاسی یەکگرتوودا سەپاوە، لەباربردنی  خەونی  نزیک بوونەوەیە لە ئەزموونی ئیسلامی  تورکی بەتایبەت داد و گەشەپێدان، زیاتر لەوەش جەختکردنەوەیە لەسەر ئینتیمای فیکری قوتابخانەی ئیخوانی، کە ئەم جەختکردنەوەیە مانای  رەتکردنەوەی هەر ئەنجامێکی تازەی لێکۆڵینەوەیە لەبارەی ئیسلامەوە کە لەگەڵ پرەنسیپە پێشوەخت قبوڵکراوەکانی قوتابخانەی ئیخواندا نەگونجێت، ئەمەش نەک هەر لێدانێکی ئاشکرای ریفۆرم و خەونی تازەگەری بوو ، بەڵکو داخستنی دەرگای فیکر و بیری نوێ بوو ، کە دواتر لەمە ئەدوێیین.

قوتابخانەی ئیخوانی، یان تاک رەهەندی بیر و شوناس

 

 یەکگرتووی ئیسلامی وەک بزووتنەوەی ئیخوانی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا هەمیشە مەحکوم بوە بە گرفتێکی قووڵ و جددی ئەویش تاک رەهەندییە لە بیرکردنەوەدا، سەپاندنی یەکجۆر بیرکردنەوە و تێگەیشتنە دەربارەی قورئان و سووننەت و تەنانەت مێژووی ئیسلامیش، سەپاندنی یەک دیدی ستاندەرە بۆ ئایین و ژیان و رۆڵ و کاریگەری لە کۆمەڵگادا، ئەمەش وایکردوە کە  ئەو شتە دروست ببێت  کە زۆر جار ژمارەیەک لە سەرکردەکانی یەکگرتوو وەک شانازییەک باسی بکەن: ئەویش ئەوەیە ؛ ئەندامێکی یەکگرتوو لە زاخۆوە تا خانەقین بە یەک شیوە بیر ئەکەنەوە و لێدوان ئەدەن،  ئەمە لە راستیدا هێما نییە بۆ  توکمەیی ریکخستن و بەهێزی پەروەردەی تاک ، بەقەد ئەوەی گوزارشت لە سەرکوتگەراییەکی گەورەی فیکری و پەروەردەیی ئەکات کە بەدرێژایی چەندین دەیە لەناو قوتابخانەی ئیخوانیدا پیادە کراوە، سەرکوتگەرییەک کە رۆڵی عەقڵی تاکی لە قوتابخانەی ئیخوانیدا کردوە بە دەزگایەک بۆ قبوڵکردن و بۆ خەزنکردنی زانیاری، نەک دەزگایەک بۆ هەڵسەنگاندن و رەخنەگرتن و بیرکردنەوە، ئەمڕۆ لە دنیادا چەندین ئاڕاستەی جیاواز بۆ خوێندنەوەی قورئان و سووننەت و مێژوو کەلەپووری ئسلامی لە ئارادان، چەندین میتۆدی جیاواز لەم بارەیەوە لە کاردان و تێز بەرهەمدێنن، لە هەموو بوارەکانی فیقه و عەقیدە و شەریعەتدا، بۆ نموونە  میتۆدی خوێندنەوەی فەقیهی یاخی جەمال بەننا، فتوا و تێزەکانی تاریق رەمەزان بەتایبەت لەمەسەلەی دەوڵەتی بێلایەندا، خوێندنەوە و میتۆدی کارکردنی دکتۆر محمد شەحرور و خوێندنەوەی قورئان بە میتۆدی شەحروری ، تەنانەت تێروانینەکانی کەسانی وەک تورابی بۆ کۆمەڵێک مەسەلەی فیقهی و سیاسی و نیشتیمانی ، مەکتەبەی فیکری ئیخوان دەرگای بەرووی هەموو ئەم مەسەلە بنچینەییانەدا داخستوە، کۆمەڵێک تەفسیری دیاریکراوی بۆ هەموو مەسەلە بنچیینەییەکانی ئایین بە ئامادەکراوی لایە و هوشیاری و کەسایەتی تاکی ئیخوانی پێ پەروەردە ئەکات، ئیدی ئەم تاکە ئیخوانییە هەڵگری کۆمەڵێک سەوابیتی فیکرییە و، هەرگیز ئامادە نییە ئەنجامێکی نوێی توێژینەوەی زانستی و عەقلانی قبوڵ بکات کە لەگەڵ ئەو پێشینە فیکرییە دیاریکراوەی خویدا نەگونجێت، بەمەش لەلایەکەوە دەرگا دا ئەخات بەرووی هەموو دەسکەوتە نوێییەکانی زانست و توێژینەوەی عەقلانی لەبارەی ئایینەوە ، لەلایەکی دیکەشەوە ئەگەری کرانەوەی جددی ئەبێتە ئەگەرێکی لاواز و ئەو پەروەردەیەی ئیخوان بە خودی تاکەکانی بەخشیوە ئەبێتە فاکتێکی هەرە بەهێز کە یەکگرتوو نەتوانێت هیچ گۆرانێکی راستەقینە لە هزر و دنیابینی خۆیدا بە ئەنجام بگەیەنێت ، هەر ئەمەش وا ئەکات  ئەمێنداری پێشووی یەکگرتوو نیگەران بێت لەوەی کە باسی دەعوە و تەنزیم بۆ ئاستەکانی خوارەوە کراوەو بۆیان شیکراوەتەوە، چونکە کاتێک  تاکێکی پەروەردەکراو بەو ئەدەبیاتە ئیخوانییە دەکرێتەوە بەرووی کۆمەڵێک چەمکی نوێ بۆ خوێندنەوەی پەیوەندی نێوان دەعوە و سیاسەت ، یان دیین و سیاسەت ، ئەوا بێگومان ئەگەرێکی بەهێز لە گۆڕێیە توشی شۆک ببێت ، یان بکەوێتە گومانەوە و کاردانەوەی چاوەڕواننەکرا و کۆنترۆڵنەکراوی هەبێت.

ئەمە خاڵێک بوو پێویست بوو یەکگرتوو بەجددی لەسەری رابوەستایە و لە کۆنگرە کاری بۆ بکردایە ، بواری برەخسانایە بۆ سەرهەڵدان و دەرکەوتنی میتۆدی نوێ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قورئان و سوننەت و کەلەپووری ئیسلامیدا ، بەجۆرێک  لە سەرەنجامی ئەم میتۆد و تێگەیشتنە نوییانە ئەنجامی نوێ لەدایک ئەبێت و ، یەکگرتوو ئەتوانێت بە کردوە لەسەر ئاستی هوشیاری تاکەکان و لەوێشەوە لەسەر ئاستی پراکتیکی سیاسیدا هەنگاو بۆ ئەوە هەڵگرێت بە حزبێکی مەدەنی هاوچەرخ، حزبێک بنچینەیەکی نیشتیمانی هەبێت بۆ کارکردن نەک بنچینەیەکی ئایدۆلۆژی و ناسنامەیەکی تەسکی ئایینی.

 یەکگرتوو لەشەشەمین کۆنگرەی خویدا بەتوندی دەستی گرت بەو تەفسیرەوە کە قوتابخانەی ئیخوان خاوەنێتی و خویان بە وەسەتییەت و میانڕەوی دەیناسێنن، ئەم تەفسیرە  ریگر بوە لە لەدایکبوونی هیچ تەفسیری و تێزیکی دیکە بۆ تێگەیشتن لە ئایین ، هەر ئەمەش نهێنی نەگۆڕانی بزووتنەوە ئیخوانییەکانە بە درێژایی چەندین دەیە.هە ئەمەش وایکردوە هەموو ئەو  رۆشنبیر و  سیاسەتمەدارانەی کە خاوەنی دیدی جیاواز بوون لە مەکتەبەی فیکری ئیخوانی هەمیشە توشی دەکردن و راوەدونان و ناچار بە وازهێنان و پلانی جۆراوجۆر بوونەتەوە، هەر دەنگێک بەشێوەیە جیاواز لە قورئان تێگەیشتبێ، روانینێکی جیاوازی بۆ عەقیدەی ئیسلامی و شەریعەت و تەنانەت مێژووی ئیسلامی و مەسەلەی بە سیاسیکردنی ئیسلام هەبوبێت ئەوا بەوپەڕی توندی بەڕەنگاری بوونەتەوە، تا دوا سنوور نا ئومێد کراون و بواری ئەوەیان نەداون بە جیاوازییەکانیانەوە بونیان هەبێت،  ژمارەیەکی بەرچاو لە رۆشنبیران و سیاسەتمەداران لەبەر ئەم هۆکارە وازیان لە یەکگرتوو هێناوە، رەنگە دواترین سەرکردەشیان مامۆستا عەبدولرەحمان سدیق بیت کە لە بەیاننامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیدا دەستنیشانی هۆکاری بەسیاسیکردنی ئیسلامی کرد کە بەردەوام وەک ئامرازێک بەکاردێت و ئیسلام ئەخرێتە ناو بەرژەوەندی سیاسییەوە و هەر کەس بەرژەوەندی خۆی و حزب بە بەرژەوەندی ئیسلام لە قەڵەم ئەدات و ، لە رێگەی ریزکردنی کۆمەڵێک ئایەتەوە شەڕی بەرژەوەندی و خواستی دەروونی و تاکەکەسی و حزبی خۆی دەخاتە قاڵبی بەرژەوەندی ئیسلامەوە. بێگومان ئەم تەفسیر و ئاراستە جیاوازە فیکریانەش قابیلی قبوڵ نییە لە قوتابخانەی ئیخوانیدا و، هەر چەشنە تێگەیشتنێک بۆ قورئان و سوننە و ژیان و سیاسەت و کۆمەڵگا لەگەڵ مەکتەبەی فیکری ئیخوانیدا تەبا نەبێت ئەوان بە ناحاڵی لە ئیسلام و ، کەوتنە ژێرکاریگەری عەلمانییەت و خۆرئاوا و ، ناوی هاوشێوە ناوی ئەنێن.

بەرێز ئەمینداری پێشووی یەکگرتوو وەک پێشتر ئاماژەمان پێکرد جەختی توندی کردەوە پابەندبوون بە قوتابخانەی ئیخوان موسلمینەوە، بە دەق دەڵێت : ((شوناس و مەرجەعییەت و ئینتیمای فیکری یەکگرتوو، مەدرەسەی وەسەتییەت و  میانڕەوییە کە ئەمڕۆ برایان سەرقافڵەیی ئەکەن)) ، هەروەها دەڵێت(( رەسەنایەتی لە شوناس و مەرجەعییەت و ئینتیما و نەسەب و رەچەڵەکی مەدرەسەیی گرنگە و نابێت لەم بوارەدا ناڕوونی و تەمومژ هەبێت)) ئیتر ئەم تێکستە روونە  و رەنگە پێویست بە راڤەیەکی زۆر نەکات،  شوناس و مەرجەعییەت و ئینتیمای فیکری یەکگرتوو ئەو ئاراِستەیەیە کە سیاسەت و بیر و تەفسیکردنی ئایین و کۆمەڵگا کە ئیخوان موسلمین سەرقافڵەیی ئەکەن ، ئەم ئەم پابەندبوونەش نەک بەتەنها وەک رەوتێکی سیاسی کە لە چوارچێوەی ئیخوانی عیراقی و نێودەوڵەتیدا کار ئەکات، بەڵکو هەموو دنیابینی و تێگەیشتنی خۆی ئایین و سیاسەت و کۆمەڵگا و دەوربەر لەسەر ئەم بنچینەیە بونیاد ئەنێت و ، ناتوانێت دەرگای نوی نوێ بۆ بینینی تازەی دنیا بکاتەوە ، عەقڵی خۆیشی ئەکاتە بانکی زانیاری بۆ راڤەکاران و ئەندێشمەندانی قوتابخانەی ئیخوانی، لێرەوە ئەبینین بۆ یەکگرتوو بۆ سادەترین فتوا ئەگەڕێتەوە لای قەرەزاوی، دەگەڕێتەوە لای پیاوێکی ناسیۆنالیستی دواکەوتووی وەک محمد عەممارە،  یان بەردەوام بانگخوازە ئیخوانەکان یان ئەو بانگخوازانەی لای ئیخوان پەسەندکراون دەهێنێت و شەقامی کوردی پێ پڕ ئەکات، یان دەگەڕێتەوە لای بیرمەندان و سیاسەتمەدارنی دیکەی ئیخوانی.

         بەمشێوەیە بە شیکارکردنێکی خێرا بۆ شەشەمین  کۆنگرەی یەکگرتوو ئەگەینەوە ئەو باوەڕەی کە شەشەمین کۆنگرەی یەکگرتوو لە راستیدا کۆنگرەی شکستپێهێنانی ریفۆرم بوو نەک گەشەی ریفۆرم و نوێبوونەوە، کۆنگرەی جەختکردنەوە بوو لەسەر ناسنامەی ئایینی فەندەمینتال نەک ناسنامەی نیشتیمانی و مەدەنی، کۆنگرەی جەختکردنەوەبوو لەسەر هێڵ و پرەنسیپە  ئیخوانییە عەرەبییەکان نەک کردنەوەی دەرگا بەرووی هزری نوێ و پراکتیکی سیاسی نوێ بۆ ئایین و سیاسەت و کۆمەڵگا.

 

سەرچاوەکان:

3- هادی عەلی، هەڵسەنگاندنێک بۆ ئەزموونی یەکگرتوو چەند پێشنیاز و سەرنجێک بۆ چاکسازی لە ناو یەکگرتوودا، رۆژنامەی هاوڵاتی ، ژمارە 679،لا 158+

96

99-.5++

 

 

+++-+-

4) هەمان سەرچاوە و لاپەرە

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.