Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
قەیرانی سەرمایەداری و ئاسۆی سۆشیالیزم…موزەفەر عەبدوڵا

قەیرانی سەرمایەداری و ئاسۆی سۆشیالیزم…موزەفەر عەبدوڵا

Closed
by February 15, 2009 گشتی

 قەیرانی سەرمایەداری و ئاسۆی سۆشیالیزم
 (كورتە سەرنجێكی تر لەسەر قەیرانی سەرمایەداری)
 موزەفەر عەبدوڵا

 mozafar_as@yahoo.com

 ئەگەرچی لە نوسینەكانی پێشوترم بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان ناراستەوخۆ لەسەر ئەم قەیرانەی كە سیستەمی سەرمایەداری توشی هاتوە دواوم ،بەڵام لە ڕاستی دا لەم بارەیەوە هەرچەند بنوسرێت هەر كەمە .ڕەنگە بپرسرێت بۆچی وا پێویست دەكات ئەوەندە لەسەر ئەم بابەتە بنوسرێت و قسەو گفتوگۆ بكرێت؟؟!وەڵامەكە  بۆ ئەم پرسیارە بە سادەیی ئەوەیە كە سەڕەرای ئەوەی خودی چینی باڵادەست یانی بۆرژوازی و سیستەمە سەرمایەداری یەكەی كە ئەوانن هۆكاری ئەم قەیرانە ،كە تیایدا تەڕو ووشك پێوە دەسوتێت ،خۆشیان تا ئێستا جگە لەوەی مەشغەڵەی سەرەكیان گفتوگۆی ئەم باسەیە ،هاوكات هەمیشە خەریكی پیلان دارشتنن كە چۆن لەم قەیرانە بە كەمترین زیان بۆ خۆیانو زۆرترین زیان بۆ خەڵك لێی بێنە دەرەوە. بەڵام بۆ ئێمە كۆمۆنیستەكان و چینی كرێكار وەڵام ئەوەیە قەیرانی ئابوری سەرمایەداری دووڕێیانێكە یان بڵێین خاڵی پێكگەیشتنێكە كە دەبێت وەڵامی سۆشیالستی بەم قەیرانە بدرێتەوە. ئەمە سەرەڕای خەبات و تێكۆشانی ڕۆژانەمان بۆ كەم كردنەوەی زیانەكانی قەیران بەسەرماندا.بەڕای من بە پێچەوانەی ئەو تێروانینە  باوەی كە یەك لایەنە بۆ قەیران دەروانن وا دەزانن ئاكامەكی تەنها بە زیانی سەرمایەداری یە بەس و تەنها خۆشحاڵی دەردەبرن پێی و لە ڕوانگەی ئاسۆی سیاسی و عەمەلی  سۆشیالزمی كرێكاری و كۆمۆنیزمەوە بۆی ناڕوانن .بە رای من دەبێت لەم قەیرانانەدا كۆمۆنیستەكان زۆرترین هەوڵو خەبات بدەن تا قەیرانەكە وەرچەرخێنن بە قەیرانێكی شۆرشگیرانە.لە واقعدا مێژووی ڕابردوو پێمان دەڵێت و بۆمان دەسەلمێنێت كە هەمیشە دەسەڵاتی سەرماریەداری كە لە دەورانی قەیرانەكاندا تووشی قەیرانێكی تر هاتوە كە قەیرانی شۆرشگیرانەی چینی كرێكار و زەحمەتكێشان بووە،وە سەرجەم سیستەمی سەرمایەداریان خستۆتە ژێر فشارەوەو تەنانەت لە مێژوودا چەندین جار دەسەڵات و دەوڵەت و سەرجەم دامەزراوەكانی سەرمایەداریان هێناوەتە لەرزەو تەنانەت ڕوخاندویانەو دەسەڵاتی سۆشیالستیان دامەزراندووە.
 بۆ نمونە لە دەیەكانی كۆتایی سەدەی نۆزدەو لە دەورانی ماركس دا كرێكاران لە ئەوجی قەیرانی سەرمایەداری فەرەنسا كە زۆر دەمێك نەبوو خودی بۆرژوازی بە دەسەڵات گەیشتبو بەڵام چینی كریكاری تازە لاوی فەرەنسا توانی شۆڕش بەر پا بكات و كرێكاران دەسەڵاتی بۆرژوازی برووخێنن و خۆیان بە دەسەڵات بگەن كە لە مێژووماندا بە شۆرشی كۆمۆنارەكان ناسراوە لە ساڵی 1870 دا و نزیك بە دوو مانگ دەسەڵاتیان بە دەستەوە گرت. پاشان لە قەیرانی سەرمایەداری جهانی كە ئاكامەكەی بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی یەكەمی جهانی، كە بە یەكێك لە كوشندەترین قەیرانەكانی مێژووی دەسەڵاتی سەرمایەداری دادەنرێت. وە لە گەرمەی قەیرانی هەمە لایەنەو جەنگی جهانی كە لە ساڵی 1914- 1918 هەڵگیرسا چینی كرێكاری روسیا بە ڕابەری لینین و كۆمۆنیستە بۆلشەڤیكەكان،وە بە وشیاری  چینایەتی و ئیرادەی مرۆڤانەی خۆیان قەیران و شەڕی ئەمبریالی جهانیان گۆڕی بە قەیران و شەڕی شۆرشگێرانەی چینی كرێكار و زەحمەكێشان، لە ئاكامدا لە ئەپریلی 1917 حكومەتی تزاریان ،كە لایەنیكی سەرەكی جەنگی جهانی بوو، ڕوخاند .وە لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی تزار كرینسكی كە نوێنەرێكی تری بۆرژوازی بوو بەسەدەڵات گەیشت .بەڵام چینی كریكار لەسەر داوای لینین و حزبی بەلشەڤی بەردەوام بوون لە شۆرش و دوای زنجیرەیەك لە ڕوداو ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێرانەی تر كرێكاران و حزبی بۆلشەڤی لە 25-10-1917 شۆڕشی سۆشیالستیان بەرپا كردو حكومەتی سۆشیالیستی شوراكانیان دامەزراند.ئەمانە جگە لە دەیان شۆرش و ڕاپەرنی تر لە دەیەكانی سەدەی بیست.ئیتر هەر لە ئەڵمانیاوە بگرە تا ئیتالیاو ئیسپانیاو پورتوگال و فەرەنسای دەیەكانی شەستی سەدەی بیست و تەنانەن زۆرێك لە  ووڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات هەتا دەگاتە هەندێك لە ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتیش كە شۆڕش و ڕاپەڕینی ڕادیكالانەیان لە دەورانی قەیراندا بە خۆوە دیوە. ئەمانە هەموی لە گەرماو گەرمی قەیرانی سەرمایەداری دا ڕوویان داوە.لە مێژودا زۆر دەگمەن و بە دانسقەن ئەو ڕاپەرین و شۆڕشانەی كە لە دەورانی رەونەقی سەرمایەو نا قەیرانی دا ڕویان دابیت.ڕاپەرینەكانی ئەم چەند ساڵەی دوایی لە شیلی و ئەرجەنتین و بەشێك لە ووڵاتانی ئاسیای ڕۆژهەڵات لە سایەی ئەو قەیرانە مالی و ئابوریانەوە ڕوویان دا .تەنانەت خودی سەرانی بۆرژوازی ئەم تاقی كردنەوەیە مێژوویی یە سەلمێنەراوە باش دەزانن و دەرسو تاقی كردنەوەیان لێ وەرگرتوە كە هەمیشە سیستەمی سەرمایەداری و چینی بۆرژوا لە قەیرانە ئابوریو سیاسی یەكانیاندا زۆر زیاتر ڕوو بەڕووی شۆڕش و ڕاپەرنینی كرێكاران و توێژە بێ بەشەكانی كۆمەڵگا بونەوتەوەو دەبنەوە.وە لەم پێو دانگەشەیەوە كە تەنانەت خۆدی ئۆباما لە یەكەم ڕۆژی بە دەسەڵات گەیشتنی و ووتاری دا سەبارەت بە قەیران و ڕێگا چارەسەرەكانی هێرشی بردە سەر كۆمۆنیستەكان و بە فاشی و نازی وێنای دەكردن و لە هەمان كاتیشدا كۆمەڵێك وەعدەو وەعیدی درۆزنانەو تەفرەدەرانەی بە كرێكاران دەدا كە هەوڵ دەدات لەسەر كار دەر نەكرێن .وە داوای لە كریكارانیش دەكرد پیویستە پا بەند بن بە یاساو ڕێسای نەتەوەو نیشتمانی ئەمریكاوەو دەبێت هەست بە لێپرسراوی بكەن لە بەرانبەر بە بارودۆخێك كە لە ئاستی ناوەوەو دەرەوە گەل و نەتەوەو نیشتمانی ئەمریكا تێی كەتوەو توشی هاتووە.بی گومان ئۆباما كە بۆتە جیگەی ئومیدی بەشیكی زۆر لە بۆرژوازی ئەمریكاو جهان هەواڵی ئەوەی زۆر بە باشی دەزانی كە هەر لە یەكەم ڕۆژی تەقینەوەی قەیرانەوە چۆن كرێكارانی ئەمریكا دەستیان داوەتەوە ناڕەزایەتی و تەنانەت كرێكارانی كارگەیەك لە شاری شیكاگۆ بۆ چەندین ڕۆژ دەستیان گرت بەسەر كارگەكەدا و كۆنترۆلیان كرد تا ئەو كاتەی داواكانیان بەدیهێنان.
 لە واقعدا ئەوەی كە سەرمایە توشی قەیرانێك هاتوە وە ئەم قەیرانەش زیاتر لە ئەمریكا دا قوڵ بۆتەوەو پۆزی زلێهزی ئەمریكای شكاندوە، وەك ڕابەری یەكەمی سیستەمی سەرمایەداری  بازاری ئازاد و زلێهزی جهان ،بەڵام هاوكات ئەم قەیرانە بە هەموو جهاندا بڵاو بۆتەوەو دامەنەی هەموو ئەم سیستەمەكەی گرتۆتەوە، وە ئەمە خودی بیرمەندان و ئابوریناسان و سیاسەتمەدارانی بۆرژوازی بە ڕاست و چەپی یەوە درك  بەمە دەكەنو دان بەمەدا دەنێن. ئەگەرچی بڕێك جیاوازی لە بیروڕایاندا هەیە لە بارەی ئەوەی كە ئەمە تەنها قەیرانی مالی و بانكی و چی و چی یە، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی هەمویان لەسەر یەك ڕا كۆكن كە ئەم قەیرانە  ئەبعاد و مسارەكەی چەندو چۆن بێت یەكەمین ئاكامی ئەوەیە كە ئەمە لە زلهێزی ئەمریكا و بازاری ئازادی و تەواوی دروشم و ئامانجە سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆژی یەكانی ئەمریكا، بە تایبەتی باڵی ڕاستی سەرەڕۆی، داوە.بۆیە ئەگەر چینی بۆرژواو بیرمەندو ئابوریناس و سیاسەتمەدار و سەركردەكانیان خەریكی لێكۆڵینەوەو پلان دارشتنن بوَ ئێستاو ئایندەی ئەم قەیرانەو سەرجەم سیستەمەكەیان، وە هەموشی بۆ ئەوەی كە سیستەمەكەیان لە ڕوووخان و داروخانی هەمە لایەنە رزگار بكەن ،ئەوە بۆ ئێمە كۆمۆنیستەكان و كرێكاران و هەموو مرۆڤێكی ئازادیخوازو یەكسانیخواز پێویستە ڕاستی یەكانی پشتی ئەم قەیرانە ئابوری و سیاسی یەی سەرمایەداری بزانین و بناسین. وێرای لێكدانەوەو گفتوگۆو هێنانەوەی داتاو ئامارو بەڵگە لەسەر ئەم قەیرانە و مەنەتەكانی، هاوكات پێویستە لەم ڕێڕەوەدا ئاسۆی سیاسی و عەمەلی سۆشیالستی لێدەركێشین .وە بیسەلمینن و هەوڵی بە كردەوەی بۆ بدەین كە تاكە ڕێگای چارەسەر بۆ كۆتایی هێنان بەم قەیرانانەو هەمو ئەو تراژیدیایەی كە كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی توشی هاتووە لە سایەی ئەم سیستەمەدا تەنهاو تەنها ئەلتەرناتیڤی سۆشیالستی یە. ئەویش لە ڕێگای بەرپاكردنی ناڕەزایەتی و ڕاپەرین و شۆڕشی كرێكاری و ڕووخانی خودی ئەم سیستەمەوەیە كە كۆڵەگە سەرەكی یەكی لەسەر چەوسانەوەی كرێكاران لە ڕێگای بەدەستهێنانی زێدەبایی لە هێزی كاری كرێكارانەوە سەرچاوەی گرتوە.وە ئەمەش  بێگۆمان بەهۆی بە تایبەتی بوونی هۆیەكانی بەرهەمهێنانەوەیە. جا بۆ ئەوەی قەیرانی ئابوری و سیاسی و هەموو دەردو مەینەتێك كۆتایی بێت پێویستە كۆتایی بە موڵكداری تایبەتی بەسەر هۆیەكانی بەرهەمهێنادا بێت .ئەمەش بێگۆمان تەنها لە ڕێگای شۆڕشی سۆشیالستی كرێكاری یەوە دەبێت چونكە ئەوە چینی كرێكارە كە لە سایەی هێزی كاری دا و لە ئاكامی زیدەبایی یەوە كە خاوەنی هیچ هۆیەكی بەرهەم هینان نین هەموو بەرهەم و قازانج بە هەموو شێوەكانی یەوە لە سایەی ئەو زیدەبایی یەوەیەو ئەمەش بە لوبی ئیبتكارانی ماركس دادەنرێت كە تارمایی یەكەی  نەك هەر لە ئەوروپای قارەدا بەڵكو لە هەموو جهاندا جاریكی تر وا دەگەڕێت.
 نیوەی فیبریوەری 2009
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.