Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
كارتە دەرەكییەكانی دەسەڵاتی كوردی

كارتە دەرەكییەكانی دەسەڵاتی كوردی

Closed
by April 12, 2011 گشتی

لە یەكەم رۆژی خۆپیشاندانەكانەوە، دەسەڵاتی یەكێتی‌و پارتی كەوتوونەتە دانانی پیلانی جۆراوجۆر، تا بەهەر بەقیمەتێك بووە كۆتایی بەم بزووتنەوە جەماوەرییە بهێنن. لەبارەی سیناریۆكانی ئەوان، هەر لەم رۆژنامەی رۆژانەی خۆپیشاندانەوە، بەشی پێویست شتمان وتووە. ئەمڕۆ دەمەوێت پەنجە بخەمە سەر پیلانێكی مەترسیدار ، ئەویش بەكارهێنانی كارتی دەوڵەتانی دەرەكییە بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكان‌و لەوانەیش پیلاندانان لەبەرامبەر ئەو خۆپیشاندەرانەی رۆژانەی دەرژێنە سەر شەقامەكان.
هەوڵی بەكارهێنانی كارتی دەرەكی، لەلایەن دەسەڵاتی یەكێتی‌و پارتی، یەك جۆر نییە. ئەوەندەی دەگەڕێتەوە بۆ كەمكردنەوەی رۆڵی وڵاتانی ئەوروپی‌و ئەمریكا لە بێدەنگ بوون لەو بێ‌ وەڵامی‌و سەركوتەی دەكرێتە سەر هاوڵاتیانی كوردستان، دەستیان بردووە بۆ شێواندنی داوا‌و ماهیەتی بزووتنەوەی جەماوەری‌و وەك یەكێك لە درێژەكێشانی پیلان‌و نەخشەی ئێران بۆ ئیسلامیزەكردنی ناوچەكە ناساندوویانە‌و لەم بارەیەوە درێغیان نەكردووە لەدروستكردن‌و دانی زانیاری ساختە. ئەوان دەیانەوێت بێدەنگبوونی ئەمریكا‌و ئەوروپا بەو شێوەیە بەدەست بهێنن، كە ئامانجی ئەم خۆپیشاندانانە دەبێتە مەترسی بۆ سەر ئەزموونی كوردستان‌و عێراق‌و زیاد لە ئەندازە وتاری چەند مەلایەكی بەشداری خۆپیشاندانەكانیان قەبە كردووە‌و وەك گوتاری رەسمی خۆپیشاندانەكان دەویانەتە دەست ئەمریكییەكان، بەبێ‌ ئەوەی باس لە لیستی ئەو داوا رەوایانە بكرێت، كە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە بەدەستیان گەیشتووە.
ئەوان بەمەیشەوە نەوەستاون، دەمەو بەیانی هەینی رابردوو چەندان لافیتە‌و نوسراویان لەمەیدانی ئازادی هەڵواسیبو و وێنەیان گرتووە، كە گوایە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە نوسراوە‌و داوای دەسەڵاتێكی ئایینی‌و جیهاد كراوە، ئەم پیلانەیان هەر زوو لەلایەن ئەنجومەنی كاتییەوە پوچەڵكرایەوە.
ئەگەر بۆ رۆژئاوا‌و ئەوروپا ئەم پیلانەیان هەیە، ئەوان پیلانەكە بۆ ئێران تەواو پێچەوانەیە. لای ئێرانییەكان نەك باس لە ئیسلامیزەكردنی خۆپیشاندەران ناكرێت‌و ئەوە نین بە ئێران بڵێن دەست لە كاروباری كوردستان وەرنەدەن، بەڵكو خەریكە لەگەڵ ئەواندا دەكەونە مەعامەلەی سەركوتی خۆپیشاندانەكان بەوەی كە ساقی‌و باقییەك بە ئێمە‌و پژاك‌و كۆمەڵ‌و دیموكرات بكرێت‌و بەو شێوەیە ئێران بكەنە هاوبەش لە سەركوتی ئەم بزووتنەوەیەدا.
بەڵام كە مەسەلە دێتە سەر توركیا، سەرجەم ئەجێنداكان دەگۆرێن‌و ئەم جارە باسی بوونی مەترسی لەسەر بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی توركیا لە كوردستان‌و مەترسییەكانی پەكەكە دێتە پیًشەوە. هەر لە شوێنە‌و بە جۆرێك باسمان دەكرێت
ئەم دەسەڵاتە بە خراپترین شێوە‌و بە هەر قیمەتێك بووە دەیەوێت جەماوەرەكەی خۆی سەركوت بكات. لەكاتێكدا خەڵك هێشتا داواكاری چاكسازیانەی هەیە‌و ئامانجی باشتركردنی ژیانە، خەریكە هێزی دەرەكیش بۆ سەركوتی ئەم خواستانە بەكار دەهێنێت. بەدڵنیاییەوە ئەم كارتەیش ناخوات چونكە بەرەی پشتیوانی لە بزووتنەوەی جەماوەری لەوە بەهێزترە بەم پیلانە بێ‌ پلانانە لەناو ببرێت.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.