كاری دیپلۆماسی یان مردنی مرۆڤه‌كان
ئه‌وه‌ی له سوریا روو ده‌دات كاره‌ساته. قڕكردنی خه‌ڵكه به هه‌موو پێوه‌ره‌كان. تهڤكوژی به به‌رنامه‌یه و رژێمی به‌عس له‌و وه‌ڵاته بێ هیچ سڵه‌مینه‌وه‌یه‌ك رۆژانه له جێبه‌جێ كردنی دایه.
ئه‌وه‌ی رژێمی به‌عس ده‌یكات هاودژ نییه له‌گه‌ڵ سروشتی سیسته‌مه‌كه‌یدا. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له هه‌ڵوێستی وه‌ڵاتانی تر و زلهێزاندا ده‌بیندرێت، ئه‌وه مایه‌ی ترسی گه‌وره و نائومێدی كه‌موێنه‌یه.
هه‌ڵوێستی وه‌ڵاتانی وه‌كو روسیا و چین، جگه له شه‌رم و بێ ده‌ربه‌ستی به‌رانبه‌ر به ژیانی خه‌ڵك، هه‌روه‌ها مایه‌ی ترسێكی گه‌وره‌یشه. ترس له هۆكاری نه‌بوونی دڵنیایی و پێكه‌وه‌ژیانی گه‌لاندا. له ئیمڕۆی ژیان و جیهاندا زۆرتر له دوێنی كاریگه‌ریی گه‌لان و ده‌وڵه‌تان به‌سه‌ر یه‌كه‌وه راسته‌وخۆیه. كردنه‌وه‌ی جیهان و پێشكه‌وتنی په‌یوه‌ندی ئه‌و كاریگه‌رییه ئه‌وه‌نده روون ده‌رده‌خه‌ن مرۆڤ به ئاسانی لێی حاڵی ده‌بێت. بۆیه وه‌ڵاتانی وه‌كو روسیا و چین كاتێك له پای به‌رژه‌وه‌ندی خۆیاندا ئاماده بن رژێمێكی وه‌كو به‌عس بپارێزن، ده‌بێت مایه‌ی ترسی ئه‌وانی تریش بێت.
ئێستا به روونی ده‌بینین له لای هه‌ندێ هێز و ده‌وڵه‌ت چۆن “به‌رژه‌وه‌ندی” له سه‌رووی هه‌موو پیرۆزی و نرخه‌كانی مرۆڤه‌وه‌ن. هێزگه‌ل و ده‌وڵه‌تانی وه‌ها بڕیار له چاره‌نووسی گه‌لان ده‌ده‌ن. بڕیاردانێك پڕه له گه‌مه‌كردن به‌و چاره‌نووسه.
“هه‌وڵه دیپلۆماسی”یه‌كانی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه چ به‌هایه‌كی هه‌یه؟ جگه له په‌رده‌پۆشین به‌سه‌ر تاوانی رۆژانه‌ی رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د و درێژه‌دان به كوشتنی خه‌ڵك چ شتێكی دیكه‌ی لێ به‌رهه‌م دێت؟ چ غه‌مگینه كاتێك هونه‌ری دیپلۆماسی ده‌بێت به هۆكاری كات به‌سه‌ر بردن. به‌ڵام كات به‌سه‌ر بردن له‌و رۆژانه‌دا كه به‌شێوه‌یه‌كی ترسناك و خێرا ژماره‌ی زۆتری مرۆڤه‌كان بێنه كوشتن.
ڤێرنه‌ر میچ (1936-2009) نووسه‌ر و بیرمه‌ندێكی ئه‌ڵه‌مان بوو ده‌یگوت:
“دیپلۆماسی شه‌ڕكردنه به كه‌ره‌سته‌ی ئاشتی”.
راسته، به‌ڵام ئایا له‌گه‌ڵ رژێمێكی وه‌كو به‌عسی سوریا و له‌گه‌ڵ چهوسێنهرێكی وه‌كو ئه‌سه‌ددا هونه‌ری دیپلۆماسی ده‌بێت بتوانێت چ بكات و چۆن بێته گۆ؟ رێگه‌چاره‌ی دیپلۆماسی له‌گه‌ڵ كه‌سانی وه‌كو ئه‌سه‌د هیچ نییه جگه له خۆخاپاندن. ئایا له ئاماده‌بوونی مرۆڤكوژی وه‌هادا زمانی دیپلۆماسی ده‌توانێت چی بلێت و بگات به چی؟
هه‌وڵه‌كانی كۆفی عه‌نان و دانیشته یه‌ك له دوای یه‌كه بێهودهكان، له‌سه‌ره‌تاوه تا دانیشتنی رۆژی 30.06.2012 له شاری جنێف-سویسرا، هیچ نیین و هیچیان لێ سه‌وز نابێت، جگه له به فیڕۆدانی كات و ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی زۆرتر تا بكوژانی به‌عس ژماره‌یه‌كی زۆرتر له مرۆڤی سڤیل و سه‌رهه‌ڵدێری سوریا بكوژین.
كارل كراوس (1874-1936) شاعیر، نووسه‌ر، ساتیرنووسی نه‌مسایی بوو زۆر باشی پێكاوه كاتێك له‌باره‌ی ساتی پوچچبوونی هه‌وڵی دیپلۆماسی ده‌نووسێت، ئه‌و نووسه‌ره پێیوایه:
” كاری دیپلۆماسی وه‌كو شهترهج وایه، تێیدا نه‌ته‌وه‌كان ده‌دۆڕێن یان مات ده‌بن”.
شتێكی به‌ڵگه‌نه‌ویسته له ره‌وشی ئێستای سوریادا، رێگه‌چاره‌ی دیپلۆماسی درێژه‌دانه به ته‌مه‌نی رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د و زه‌مینه‌خۆشكردنه بۆ كوشتنی ژماره‌ی زۆرتری هاووڵاتیانی وه‌ڵاته‌كه. هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی به‌و نێوه‌وه ده‌درێن، هۆكاری دۆڕاندن و “مات”كردنی نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌و وه‌ڵاته‌ن.
هونه‌ری دیپلۆماسی كه خۆی به‌رهه‌مێكی گرنگ و نایابی ئاوه‌زی مرۆڤی نوژه‌ن و كه‌ره‌سته‌ی لێكگه‌یشتنه، چه‌ند دزێو ده‌بێت ئه‌و ده‌مه‌ی ببێت به زه‌مینه‌خۆشكه‌ر و هۆی مردنی مرۆڤه‌كان.
سیروان ره‌حیم