Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
كام پەرلەمان كاراترە؟ …….سالار بابەشێخ

كام پەرلەمان كاراترە؟ …….سالار بابەشێخ

Closed
by May 14, 2009 گشتی

كام پەرلەمان كاراترە؟
سالار بابەشێخ

 ماوەیەكی زۆرە مقۆمقۆی ئەوە كەوتۆتە ناو ژمارەیەك لە خەڵكی دانیشتووی عێراق بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی، كە گوایە پەرلەمانی عێراق زۆر لە پەرلەمانی كوردستان كاراترە.
 لە راستیدا هیچ شتێك موتڵەق نییە و هیچ هاوكێشەیەكی سیاسی و بەراوردكارییەكیش، بە سلبیات و ئیجابییاتیەوە، ناتوانێت خاڵی تەواوكەر دابنێت، چونكە روانگەی جیاواز و بیروبۆچوونی جیا، ئاكامی جیایشی لێدەكەوێتەوە.
ئەگەر بەراوردی كار و ئەدای پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بكەین و بە شێوەیەكی بابەتییانە بە ناخیدا شۆڕ ببینەوە، ئەوە شیكارییەكی زۆری دەوێ، بەڵام دەكرێ لە نووسینێكی كورتدا باسی ئەوە بكەین كە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لایەن ژمارەیەكی زۆر لە پاشماوەكانی بەعس و ئایدیای مەزهەبی توندڕەوانەوە داڵدە دراوە، كە سەرەڕای كار كردنی كورد بۆ چەسپاندنی سیاسەتی تەوافقی، زۆر جار رۆحی شۆڤینی بە سەر پێشنیار و بڕیارەكانی پەرلەماندا زاڵ بووە، هاوپەیمانی و دۆستایەتییەكان تا سەر نەبوون و بەردەوام ئاڵۆزی لێكەتووەتەوە، شیعە و سوننەی ئەو ئەنجومەنە، زۆرینەیان تا هەنوكەش گەورەترین كۆسپی بەردەم جێبەجێكردنی ماددەی 140 دەستوورێكن كە خۆیان و زۆربەی گەلانی عێراق بە لایەنگرانی هەموو ئایین و ئایینزاكانیەوە، دەنگیان بۆ داوە، بە ئاشكرا كار بۆ كەمكردنی دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان دەكەن، ئەوەی وەزارەتی فاشلی نەوتی عێراق پێی نەكرا، كورد كردی و ئامادەی رەوانەكردنی نەوتە بۆ دەرەوە، لە زۆر بواردا دژایەتییەكی زەقی دەستكەوتەكانی كورد لە هەرێمی كوردستان دەكەن، بەڵام ئەو رۆحە شۆڤینییە لە پەرلەمانی كوردستاندا بەرامبەر بە نەتەوەكانی دیكە نابینرێ، تەنانەت بەكارهێنانی دەستەواژەی "كەمینە و كەمە نەتەوە"شیان قەدەغە كرد، خۆ ئەگەر پەرلەمانتارێك بۆ جارێك خەونووچكەیەك بردبێتیەوە، یان پەرلەمانتارێكی ئیسلامی توندڕەو لە بەرامبەر سروودی نەتەوەیی میللەتەكەیدا ئامادە نەبووبێت، چەند چركەیەك بە پێوە رابوەستێ، ئەوە بەسەر پەرلەماندا ناشكێتەوە. نموونەی سۆزان شەهاب و نازناز محەمەد و هەموو ئەو پەرلەمانتارانەی كە لە بەرامبەر دەستەبەركردنی مافی ئافرەتان و یاسای باری كەسێتی دەنگی خۆیان بەرز هەڵبڕی، زۆرن، ئەز مەبەستم داكۆكی كردن لە پەرلەمانی كوردستان نییە، پەرلەمانتاران خۆیان پێناسەی كارایی خۆیان دەكەن، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا پەرلەمانی كوردستان بێ كەموكوڕی نەبووە، واتە لە روانگەیەكی دیكەوە ئەو بوێری و رشادەت و جەسارەتە شۆڕشگێڕانەیە لە پەرلەمانی كوردستاندا ئامادەییەكی وای نەبووە كە تا ئێستا وەزیرێك لە سەر گەندەڵی خۆی و وەزارەتخانەكەی لابدات، بەڵام لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لە چەند رۆژی داهاتوودا ژمارەیەك لە وەزیرەكان بۆ لێپرسینەوە بانگ دەكرێن و بە وتەی جێگری سەرۆكی نەجومەنی نوێنەران ئەگەری لادانی وەزیری گواستنەوە، وەزیری نەوتی عێراقیش لە ئارادایە. كەواتە ناكرێ بڵێین كام پەرلەمان كاراترە، هەركامیان توانا و كەموكوڕی تایبەت بە خۆیان هەیە.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.