كتیبی (كۆمپیوته‌ر، مایكرۆسۆفت ئه‌كسس،…
كتیبی (كۆمپیوته‌ر، مایكرۆسۆفت ئه‌كسس، بۆ پۆلی یازده‌هه‌می ئاماده‌یی)
له نێوان هه‌ڵه‌ی زانستی و زمانه‌وانی دا
به‌شی یه‌كه‌م
كتێبی (كۆمپیوته‌ر، مایكرۆسۆفت ئه‌كسس، بۆ پۆلی یازده‌هه‌می ئاماده‌یی)، پرۆگرامی وانه‌ی كۆمپیوته‌ری، خوێندنگه ئاماده‌ییه‌كانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌یه، كه له دانانی به‌رێزان (سۆران نه‌ریمان حه‌مه‌ساڵح، ئومێد سادق عه‌بدولكه‌ریم، موحه‌مه‌د ئه‌بوبه‌كر تۆفیق، هادی حه‌مه ره‌زا عه‌زیز، روناك موحه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا و رێزان حه‌مه‌ره‌شید كه‌ریم)ـه، و پێداچونه‌وه‌ی زانستی و گونجاندنی بۆ كراوه له‌لایه‌ن به‌رێز (ئیبراهیم كه‌ریم سه‌عید).ئیستا چاپی پێنجه‌می ئه‌م كتیبه، كه له ساڵی (2010) چاپكراوه‌ته‌وه، له‌به‌ر ده‌ستی ئێمه‌دایه.
ئه‌م پرۆگرامه‌ی خوێندن وه‌ك زۆرێك له پرۆگرامه‌كانی تر، دووای هه‌وڵ و ماندووبونی لیژنه‌ی دانه‌ر و پێداچونه‌وه به‌رهه‌م هاتووه و، لای خۆمه‌وه ده‌ست خۆشییان لێده‌كه‌م و، پێموایه به‌هه‌موو هه‌ڵه و كه‌م و كورییه‌كانه‌وه كارێكی باشیان كردووه، هیچ به‌رهه‌مێكیش بێ هه‌ڵه و، كه‌م و كورتی نییه، وه‌لێ نیگه‌رانی له‌وه‌دایه كه لێوان لێوه له هه‌ڵه‌ی زانستی و زمانه‌وانی و دووای پێنج جار چاپكردنه‌وه، چاك نه‌كراوه و پێداچونه‌وه‌و راست كردنه‌وه‌ی بۆ نه‌كراوه، ئه‌مه‌ش جێگه‌ی سه‌رنجی ئێمه بوو، چونكه دزیوترین جۆری گه‌نده‌لی، گه‌نده‌ڵی زانستی یه و، زیان به میلله‌تێك ده‌گه‌یه‌نێت، زیانه‌كه‌ی له داهاتوودا زیاتر دیاری ده‌دات و، له ئێستا دا ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی به‌م هه‌ڵانه په‌روه‌رده بكرێت، به‌ته‌واوی و به‌وردی هه‌ست به هه‌ڵه‌كان ناكه‌ن و، ده‌بنه هه‌ڵگری هه‌ڵه، وه‌لێ له ئاینده‌دا هه‌ڵه‌كان ده‌بینن و، هه‌ست به له‌نگی و ناجۆری و نادروستی یه‌كان ده‌كه‌ن.
ئێمه لای خۆمانه‌وه و له روانگه‌ی هه‌ست كردن به به‌رپرسیارێتی ئه‌خلاقی پیشه‌یی و مێژووی، وه‌ك پسپۆرێكی بواره‌كه، ئه‌و هه‌لانه ده‌خه‌ینه روو، به‌و هیوایه‌ی له چاپی نوێ دا چاكبكرێت و، هه‌ڵه‌كان ئه‌گه‌ر بنه‌بریش نه‌كرێن، كه‌م بكرێنه‌وه. بۆیه هیوادارم پسپۆرانی هه‌موو بواره‌كان كه گه‌نده‌لی زانستی له بواری پسپۆری خۆیان دا ده‌بینن، بێده‌نگ نه‌بن و، هه‌ڵه و كه‌م و كورتییه‌كان بخه‌نه‌روو، به‌مه‌ش خۆیان له به‌رپرسیارێتی ئه‌خلاقی پیشه‌یی و، مێژووی رزگاربكه‌ن و، ده‌روونیان ئاسووده بكه‌ن. به‌و هیوایه‌ی سوودێك به كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بگه‌یه‌نن و، له‌بواره‌كه‌ی خۆیان دا خزمه‌تێك بكه‌ن.
ناوی كتێب
ناوی سه‌ره‌كی ئه‌م بابه‌ت و پرۆگرامه‌ی خوێندن، كۆمپیوته‌ره، وه‌ك هه‌ریه‌ك له فیزیا و، زینده‌وه‌رزانی و …..، بابه‌ته‌كانی تر. وه‌لێ ئه‌م بابه‌ت و پرۆگرامه دابه‌ش كراوه‌ته‌وه بۆ چه‌ند بابه‌تێكی تر بۆ قۆناغه‌كانی حه‌وت و هه‌شت وده‌و یانزه، و له‌هه‌ر قۆناغێك دا، كتیبێكی سه‌ربه‌خۆ ده‌خوێندرێت، ئه‌و كتیبه‌ی تایبه‌ته به قۆناغی یازده‌هه‌می ئاماده‌یی، ناونراوه (مایكرۆسۆفت ئه‌كسس)،له راستی دا، به‌رنامه‌ی مایكرۆسۆفت ئه‌كسێس یه‌كێكه له به‌رنامه‌كانی گورزه‌ی مایكرۆسۆفت ئۆفیس، كه گورزه به‌رنامه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاری یه بۆ چه‌ند بوارێكی دیاری كرا‌و ، و یه‌كێكه له گورزه زۆر بڵاو و به‌كارهاتووه‌كانی جیهان، بۆیه شیاو نییه ناوی كتیبێكی قۆناغێكی خوێندن به ناوی به‌رنامه‌یه‌كی كۆمپانیای مایكرۆسۆفته‌وه بێت، به‌ڵكو راستتر و زانستی تر ئه‌وه‌یه ناوی بابه‌ته‌كه بكرێته (به‌كارهێنانی بنچینه‌ی زانیاری Using Database ) یان (ناساندنی بنچینه‌ی زانیاری Introduction to Database)، خۆ ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌كه فراوانتر بێت و، بكریته (سیسته‌می به‌رێوه‌بردنی بنچینه‌ی زانیاری Database Management System (DMS)) ئه‌وا زۆر شیاوتر و باشتر ده‌بێت و، ناوی كتیبه‌كه ده‌بێته ناوێكی زانستی شیاو. بۆیه یه‌كه‌م ئه‌رك پێش له چاپدانه‌وه‌ی بابه‌ت و كتیبه‌كه، گۆرینی ناوه‌كه‌یه‌تی.
نه‌وه‌ی به‌رنامه
نه‌وه‌ی به‌رنامه كه The Version of Software ،كه له‌م كتیبه‌دا باسكراوه و شیكراوه‌ته‌وه به شێوه‌یه‌كی فێركاری، مایكرۆسۆفت ئه‌كسێس ی 2003 یه، له‌كاتێكدا گورزه به‌رنامه‌ی مایكرۆسۆفت ئۆفیس تا هه‌نووكه چه‌ند نه‌وه‌یه‌كی نوێ تری لێده‌رچووه، وه‌كو مایكرۆسۆفت ئۆفیسی 2007، مایكرۆسۆفت ئۆفیسی 2010 و مایكرۆسۆفت ئۆفیسی 2013، به پێی ژماره‌ی سپاردنی سه‌ر به‌رگی كتیبه‌كه بێت كه ژماره (1139)یه، ئه‌م كتیبه ساڵی 2008 یان دوواتر یه‌كه‌م جار چاپ كراوه، بۆیه نه‌ده‌بوو، ئه‌ونه‌وه كۆنه‌ی به‌رنامه‌كه دانرابا و شیكرابایه‌وه، به پێچه‌وانه‌وه ده‌بوو لانی كه‌م نه‌وه‌ی 2007 بووایه و، له چاپی پێنجه‌میش دا، كه‌ساڵی 2010 چاپراوه‌ته‌وه بكرایه به مایكرۆسۆفت ئه‌كسێسی 2010، چونكه هه‌م له رووی رووكار Interface و، هه‌م له رووی تایبه‌تمه‌ندی نوێ و رووخساره‌وه جیاوازی به‌چارویان هه‌یه، بۆیه هیوادارین له چاپی داهاتوودا، ئه‌م گرفته‌ش چاره‌سه‌ر بكرێت.
هه‌ڵه‌كان -1
به چاوپیاخشانێكی خیرا به كتێبه‌كه‌دا، ژماره‌یه‌كی زۆر هه‌ڵه‌ی زانستی و زمانه‌وانی ده‌كه‌ونه به‌ر چاو، كه زیانێكی زۆریان له كتیبه‌كه داوه‌و، له سه‌نگ و قورسای بابه‌ته‌كه‌یان كه‌مكردۆته‌وه، به‌جۆرێكه ناتوانین چاوپۆشی‌یان لیبكه‌ین و، له‌هه‌ر شوێنێكیشدا هه‌ڵه‌كه بچووك بێت یان زیانێكی ئه‌وتۆی نه‌بێت، چاوپۆشیملێكردووه و، باسیان ناكه‌م.
له لاپه‌ره ((5)) دا و، له پێناسه‌ی بنچینه (بنكه) ی زانیاری دا، سه‌ره‌تا وشه‌ی Database هاتووه و، پاشان به دووایدا و له‌نێوان دوو كه‌وانه‌دا نووسراوه (بنچینه‌ی زانیارییه‌كان)، كه ڕاست و دروست وایه له پێشدا، ناوه كوردییه‌كه بنووسرایه و، پاشان وشه ئینگلیزییه‌كه، هه‌رله‌هه‌مان لاپه‌ره‌و پێناسه‌دا، نووسراوه (كورتكراوه‌ی ئه‌و فایلانه‌ی كه به‌م به‌رنامه‌یه زه‌خیره ده‌كرێن (Save) هێماكه‌ی (db)یه.)و ئه‌م نووسینه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به پێناسه‌ی بنچینه(بنكه) ی زانیاری یه‌وه نییه و، لێره‌دا زیاده‌یه و، ده‌بوو له‌گه‌ڵ پێناسه و باسی (مایكرۆسۆفت ئه‌كسێس) دا، بنووسرایه، ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی دوو هه‌ڵه له‌م كورته نووسینه یه‌ك دیڕییه‌داهه‌یه،یه‌كه‌م: ئه‌و فایلانه درووست ده‌كرێت Create نه‌ك زه‌خیره ده‌كرێن Save، دووه‌م: هێماكه‌ی dbیه، هه‌ڵه‌یه‌كی دیكه‌یه،چونكه db هێمانییه و كورتكراوه‌یه، بۆ وشه‌ی database و، له‌لایه‌ن كۆمپانیای مایكرۆسۆفته‌وه وه‌كو ناوێكی جێگیری هه‌میشه‌یی دانراوه بۆ ئه‌و داتابه‌یسانه‌ی دروستی ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر ویستمان ده‌یگۆرین به ناوێكی تر، ئه‌گه‌ر نا، به‌هه‌مان ناوه‌وه دروست Create ی ده‌كه‌ین.
له لاپه‌ره ((7))دا، وێنه‌یه‌ك دانراوه و، له ژێر وینه‌كه‌دا نووسراوه(پێكهاته‌ی به‌رنامه‌ی ئه‌كسس) و، شه‌ش پێكهاته له 6 خاڵدا، به دووای یه‌ك دا نووسراوه، به‌م شێوه‌یه:
1. Title Bar.
2. Menu Bar.
3. Database.
4. Formating (Datasheet).
5. Task Pane.
6. Status Bar.
گوایه ئه‌م لاپه‌ره‌یه به‌شی پێكهێنه‌ری به‌رنامه‌ی مایكرۆسۆفت ئه‌كسێس روونده‌كاته‌وه، و ئه‌گه‌ر ئه‌م كتیبه بۆ من بووایه وه‌ك ئه‌كادیمی و پسپۆرێكی ئه‌م بوواره، ره‌نگه هیچم نه‌گوتایه، وه‌لێ ئه‌م كتێبه بۆ فێرخوازێكی یازده‌هه‌می ئاماده‌ییه، بۆیه ناكرێت به‌و جۆره بنووسرێت و، لانی كه‌م ده‌بوو ناوی هه‌ریه‌كێك له‌به‌شه پێكهێنه‌ره‌كان به كوردی بنووسرایه و، پاشان له ته‌نیشتیاندا، ناوه‌كه‌ی به زمانی ئینگلیزی بنووسرایه، هه‌ربه‌شه و كورته شه‌رحێكیش له‌باره‌یه‌وه بنووسرایه تا روونتر بێت و، شیاوتربوایه، ئه‌گه‌ر نا به‌و جۆره‌ی ئێستا ده‌پرسین (ئه‌مانه چین؟)،ئه‌مه پرسیارێكی ساده‌ی قوتابییه‌كه، له‌وانه‌یه هیچ له‌باره‌ی كۆمپیوته‌ره‌وه نه‌زانێت. بۆیه باسكردنی بابه‌تێك بێ ئه‌وه‌ی ماناكه‌ی بگه‌یه‌نیت و، زانیاری به به‌رامبه‌ر ببه‌خشیت كارێكی هه‌ڵه‌یه.ئه‌م باسه پر له كه‌م و كورییه و، مانابه‌خش نییه.
له لاپه‌ره ((8))دا، له ژێر ناونیشانی (له دووای كردنه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی مایكرۆسۆفت ئه‌كسس) بابه‌تێكی نوێ نووسراوه، تیایدا ئاماژه دراوه به به (كلیك كردن له‌سه‌ر Blank Database بۆ ئاماده‌كردن و درووستكردنی فایله‌كه‌مان)، كه درووست وایه بنووسرێت كلیك كردن له‌سه‌ر بنچینه‌ی زانیاری به‌تاڵ Blank Database بۆ دروست كردن Create ی بنچینه (بنكه) ی زانیاری ، پاشان ده‌ست ده‌كه‌ین به ئاماده‌كردنی بنچینه‌ی زانیارییه‌كه. چونكه هه‌ردوو كرداری ئاماده‌كردن و درووست كردن پێكه‌وه ئه‌نجام نادرێت و، سه‌ره‌تا بنچینه‌ی زانیارییه‌كه درووست ده‌كه‌ین و، پاشان پێكهاته و به‌شه‌كانی ئاماده ده‌كه‌ین و رێكی ده‌خه‌ین.
له بابه‌تی (به‌شه‌كانی داتابه‌یس)دا، كه له حه‌وت به‌ش دا روونكراوه‌ته‌وه و، دوو لاپه‌ره‌ی 10و11 ده‌گرێته‌وه، چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌كی دیار و به‌رچاو هه‌ن، لێره‌دا به‌وردی روونیان ده‌كه‌ینه‌وه:
یه‌كه‌م: له هه‌موو به‌شه‌كاندا، ژماره‌ی به‌شه‌كه به زمانی كوردی (وه‌كو: یه‌كه‌م، دووه‌م، سێهه‌م، چواره‌م، پێنجه‌م، شه‌شه‌م، حه‌وته‌م) نووسراوه و، پاشان ناوی به‌شه‌كه به زمانی ئینگلیزی (وه‌كو Tables و Queries و …….) نووسراوه، كه شیاوتروایه له پێشدا ناوه‌كه به كوردی بنووسرێت و له ته‌نیشتی دا، ناوه‌كه به ئینگلیزی، نه‌ك به‌و جۆره‌ی ئێستا.
دووه‌م: له خاڵی یه‌كه‌م و له باسی خشته‌دا نووسراوه: ( یه‌كه‌م: Tables خشته به بنچینه‌ی زانیاری Data base داده‌نرێت)، له راستی دا Tables خشته نییه و، خشته‌كانه، پاشان خشته به بنچینه‌ی زانیاری دانانرێت، به‌ڵكو به بنچینه‌ی بنچینه‌ی زانیاری Basic of Database، داده‌نرێت و، بۆ كۆگاكردن و رێكخستنی زانیارییه‌كان به‌كاردێت.
سێهه‌م:له خاڵی دووه‌مدا، پێناسه‌یه‌كی گونجاو و رێك بۆ پرسگه‌كان Queries خراوه‌ته روو، به‌ڵام ناوه كوردییه‌كه نه‌نووسراوه و، ئه‌گه‌ر له پێناسه‌كه‌دا ئاماژه به‌وه بدرایه كه (له وانه یه پرسگه‌كان یه‌كپێگرتنی خشته‌كان بێت و، زانیارییه‌كان له چه‌ند خشته‌یه‌كی جیاوازه‌وه كۆ بكاته‌وه)، ئه‌وا پێناسه‌كه وردتر و باشتر ده‌بوو.
چواره‌م: سه پێناسه‌ی سێهه‌میش دا ته‌نها وشه‌ی Forms نووسراوه و، مانا كوردییه‌كه فه‌رامۆش كراوه، هه‌روه‌ها له پێناسه‌كه‌دا له‌نگی ده‌بینرێت. چونكه له جیاتی (تۆماركردنی زانیاری) شیاوتربوو، بنووسرایه داغڵ كردن Enter ی زانیاری.
پێنجه‌م: له پێناسه‌ی لاپه‌ره‌كاندا و، له ته‌نیشت وشه‌ی مالپه‌ری تایبه‌تدا و، له نێوان كه‌وانه‌یه‌كدا نووسراوه (ئینته‌رنێت)، كه زیاده‌یه و پێویست نییه.
شه‌شه‌م: له پێناسه‌ی Macros و Modules دا، به هه‌مان شێوه مانای وشه‌كان به كوردی فه‌رامۆش كراوه و، له‌نگیش له پێناسه و شیكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه‌دا ده‌بینرێت.
له لاپه‌ره ((12))دا، و له ناونیشانی بابه‌ته‌كه‌دا، ناوی خشته‌كان Tables به خشته Table نووسراوه، واته ناوه‌كودییه‌كه تاكه و وشه ئینگلیزییه‌كه كۆیه، و گرفتی زمانه‌وانی دروست ده‌كات و ده‌بێته هه‌له‌ی زمانی، وه‌لێ هه‌ڵه‌ی زانستی له‌م باسه‌دا ئه‌وه‌یه كه دووای باسی خشته نه‌هاتووه پێكهاته‌ی خشته بۆ قوتابیان روونبكاته‌وه و، ئاماژه به وه‌بدات كه خشته له‌خانه و ریزه‌خانه‌ی ستوونی و ریزه‌خانه‌ی ئاسۆیی پێك دێت و، به شیكردنه‌وه‌ی نووسین و وێنه بیخاته به‌رده‌ست قوتابیان و پاشان باس له درووست كردنی خشته بكات.
له لاپه‌ره ((13)) و له هه‌ر دوو باسی ((دروست كردنی خشته)) و ((گۆرینی ئاراسته و شێوازی خشته))دا، چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌ك ده‌بینرێت، له وانه:
یه‌كه‌م: له سه‌ره‌تا دا، دانه‌رانی به‌رێز نووسیویانه كه ((پێش ئه‌وه‌ی باسی دروست كردنی خشته بكه‌ین به‌پێویستی ده‌زانین چۆنێتی گۆرینی ئاراسته‌ی خشته (راست و چه‌پ)؟ وه جۆره‌كانی (Data Type) رونبكه‌ینه‌وه)). له‌م به‌شه نووسینه‌دا، هه‌م له‌نگی هه‌یه و، هه‌م هه‌له‌ی زانستی و زمانه‌وانی، كاتێك له نیوان دوو كه‌وانه دا ده‌نووسن (راست و چه‌پ)، مانایه‌كی دروست نادات به‌ده‌سته‌وه‌و، ده‌بوو بنووسرێت (راست و چه‌پ كردن) یان بنووسرێت گۆرینی ئاراسته‌ی خشته (له چه‌پ بۆ راست و، له راست بۆ چه‌پ). له دوواتردا كه نووسیویانه جۆره‌كانی Data Type، له دوو روه‌وه هه‌ڵه‌یه، یه‌كه‌م: وشه‌ی (جۆره‌كان) له زمانی كوردیدا، له‌به‌رامبه‌ر وشه‌ی ئینگلیزی (Type) دانراوه، ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه. چونكه جۆره‌كان ده‌كاته Types له زمانی ئینگلیزی دا، نه‌ك Type. دووه‌م: وشه‌ی ئینگلیزی Data هیچ مانایه‌كی له زمانی كوردیدا بۆ دانه نراوه و، ده‌بوو وشه‌ی ((زانیاری)) له به‌رامبه‌ر دا دابنرایه.
دووه‌م: له باسی گۆرینی ئاراسته‌ی خشته‌دا، بابه‌ته‌كه كه‌م و كوری هه‌یه. چونكه نووسیویانه : ( دووای زه‌خیره كردنی داتابه‌یس و دروست كردنی خشته‌ی مه‌به‌ست له لیستی (Format) دا، (Datasheet) هه‌لده‌بژێرین )، له راستی دا،ده‌بوو به‌مجۆره بنووسرێت: دووای درووست كردنی بنچینه‌ی زانیاری Database و، درووست كردنی خشته‌كه The Tables، پێویسته خشته‌كه بكه‌ینه‌وه Open و، پاشان له لیستی Format دا، كلیك له‌سه‌ر Datasheet … بكه‌ین.
له درێژه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌دا، نووسیویانه كه بۆ خشته‌ی كوردی و عه‌ره‌بی ده‌بێت كلیك له‌سه‌ر Right to Left بكه‌ن و، بۆ خشته‌ی ئینگلیزیش كلیك له‌سه‌ر Left to Right ، لیره‌شدا، دیسانه‌وه زمانی كوردی فه‌رامۆش كراوه و، پێویستبوو بنووسرێت بۆ خشته‌ی كوردی و عه‌ره‌بی كلیك له‌سه‌ر (راست بۆ چه‌پ Right to Left ) و بۆ خشته‌ی ئینگلیزی كلیك له‌سه‌ر (چه‌پ بۆ راست Left to Right ) ده‌كه‌ین.
هێمن مه‌لا كه‌ریم به‌رزنجی