كتێبخانه‌ی منداڵان … عه‌لی حه‌مه‌ره‌شید به‌رزنجی
ئاشكرایه كه‌كتێبخانه سه‌رچاوه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ندو زیندوه كه‌مرۆڤی خوێنده‌وار ده‌توانێت به‌هۆیه‌وه له‌ڕێگای خوێندنه‌وه‌وه خودی خۆی پێ ڕۆشنبیربكات‌و ئاسۆی بیری پێ فراوان بكات‌و په‌ره به‌حه‌زو خولیاكانی بدات. كه‌واته كتێبخانه ڕۆڵێكی گرنگ ده‌بینێ له‌ژیانی مرۆڤدا‌و ڕێگایه‌كیشه بۆ به‌ره‌و پێش چوونی ئه‌ده‌ب‌و رۆشنبیری‌و هونه‌ریش..منداڵانیش به‌چكه مرۆڤێكی ساده‌و ساكارن‌و ئه‌وانیش پێویستیان به‌كتێبخانه‌ی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه، تائه‌وانیش گوڵی حه‌زو ئاره‌زووه‌كانیان به‌گه‌شاوه‌یی له‌وێ ببینن‌و به‌تامه‌زرۆوه بۆنی بكه‌ن، بێگومان كتێبخانه‌ش وه‌ك جۆرێكی تایبه‌تی قوتابخانه وایه كه كار ده‌كاته سه‌ر دروستبوونی منداڵ‌و بنیاتنانی كه‌سایه‌تی منداڵ به‌شێوه‌یه‌كی دروست هه‌روه‌ك چۆن خێزان‌و قوتابخانه‌و ده‌وروبه‌ر ڕۆڵیان هه‌یه له‌م بواره‌دا، هه‌رچه‌نده ته‌له‌فزیۆن‌و ڕادیۆش له‌میانه‌ی به‌رنامه‌ی منداڵانه‌وه رۆڵیان هه‌یه له‌م بواره‌دا، به‌ڵام رۆڵی كتێبخانه جیاوازتره چونكه منداڵ به‌پێی حه‌زو ئاره‌زووه‌كانی خۆی بابه‌ته‌كان هه‌ڵده‌بژێرێ‌و راسته‌وخۆ ده‌یخوێنێته‌وه نه‌ك بیبینێ یان بیبیستێ، هه‌روه‌ها ده‌توانێت چیرۆكێك یان شیعرێك یان كتێبێك یان گۆڤارێك كه‌زیاتر سه‌رنجی ڕاده‌كێشێ به‌لایه‌وه خۆشه، حه‌زو خۆزگه‌كانی خۆی تێدا ده‌بینێته‌وه، دووباره‌و سێ باره بیخوێنێته‌وه، به‌ڵام به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆن یان ڕادیۆ ناتوانێ به‌س یه‌ك جاره‌و ئه‌ویش زۆرجار له‌ئیشه‌كان باش حاڵی نابێت بێ گومان كتێبخانه‌ی منداڵان جا چ له‌كتێبخانه گشتی یه‌كاندا بێت یان له‌قوتابخانه‌كاندا یان له‌مه‌ڵبه‌نده ڕۆشنبیرییه‌كانی منداڵاندا بێت. وه‌ك ئاشكرایه پێویسته جیاوازبێت له‌ڕووی بابه‌ت‌و شوێن‌و كارمه‌ندو كتێب‌و گۆڤار‌و هۆیه‌كانی راگه‌یاندن‌و روونكردنه‌وه‌وه.ده‌بێت له‌شوێنێكی وادا بێت كه‌منداڵ به‌ئاسانی بیگاتێ‌و دوورنه‌بێ‌و شوێنه‌كه‌ی قه‌ره‌باڵغ نه‌بێت.
كتێبخانه ده‌توانێت رۆڵێكی گرنگ ببینێ له‌ژیانی منداڵ دا له‌به‌ره‌و پێش چوونی ئه‌ده‌بی منداڵانیشدا، هه‌روه‌ها ئه‌و منداڵانه‌ی هاتوچۆی ده‌كه‌ن زیاتر بابه‌ت‌و شیعر‌و چیرۆكه‌كانی ده‌یخوێننه‌وه له‌به‌ری ده‌كه‌ن‌و بۆ هاوڕێكانیشیانی ده‌گێڕنه‌وه تائه‌وانیش به‌په‌رۆشه‌وه رووی تێ بكه‌ن چونكه هاندانێكه بۆ ئه‌وانیش.
خوێندنه‌وه كاریگه‌ری خۆی هه‌یه له‌سه‌ر منداڵ به‌زوویی شته‌كان وه‌رده‌گرن ئه‌گه‌ر پرسیارێكی لێكرا به‌ڕوونی دێته وه‌ڵام ده‌رباره‌ی ئه‌وشته‌ی ئه‌و خوێندوویه‌تیه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا وه‌لامی چه‌ندان پرسیاری ناخی خۆی به‌هۆی خوێندنه‌وه وه ددۆزێته‌وه ده‌رباره‌ی دیارده سروشتییه‌كان‌و ژیان‌و ده‌وروبه‌ر.
جارێكیان له‌پۆلی چواره‌می بنه‌ڕه‌تی له‌وانه‌ی (سروود)دا دوای ئه‌وه‌ی كه‌ئه‌و گۆڤاره منداڵانه‌ی بۆم ئاماده‌كردبوون شیعر‌و چیرۆك‌و بابه‌ته‌كانیم بۆ خوێندنه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌ر شیعرێكدا ناوی شاعیره‌كه‌شم پێ ده‌وتن كه‌زیاتر مه‌به‌ستم بوو دوایی كه‌وتمه پرسیار له‌قوتابی یه‌كان یه‌كه‌م پرسیاریشم ئه‌وه‌بوو كێ ده‌توانێ ناوی شاعیرێكی ترم پێ بڵێ زۆریان یه‌كه‌م جار ده‌ستیان به‌رزكرده‌وه تادووجار پرسیاره‌كه‌م دووباره‌كرده‌وه كه‌وه‌ڵامی هه‌مووان له(كاكه‌ی فه‌للاح، زێوه‌ر، بێ كه‌س)تێپه‌ڕی نه‌كرد، به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌رنجی من‌و قوتابیه‌كانیشی راكێشا منداڵێك بوو كه‌ناوی زیاتر له‌ده شاعیری وت، كه‌لێم پرسی چۆن‌و له‌كوێوه ئه‌مانه فێربووی؟ به‌هێمنی‌و به‌زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی جوانه‌وه وتی له‌ماڵه‌وه هه‌رچی كتێب‌و گۆڤاری منداڵانه بۆم ده‌هێنن‌و هه‌مووی له‌وێوه فێربووم به‌هێواشی ناوی گۆڤار‌و كتێبه‌كانیشی بۆ وتم كه‌زیاتر ئه‌و منداڵه‌ش وای لێكردم ئه‌م بابه‌ته بنووسم، بۆیه ده‌ڵێم پێویسته وه‌ك هه‌موو پێویستییه‌كانی تر ده‌بێت كتێب‌و نامیلكه‌و گۆڤاری منداڵان بۆ منداڵه‌كانمان په‌یدابكه‌ین‌و پێویسته هانیان بده‌ین‌و یارمه‌تیان بده‌ین كه‌سه‌ر له‌كتێبخانه بده‌ن ئه‌وكاتانه‌ی له‌كۆڵان به‌سه‌ری ده‌به‌ن له‌وێ به‌سه‌ری ببه‌ن، چونكه سوودی زۆری لێ ده‌بینن، شایانی باسه كه‌له‌شاری سلێمانی خۆشه‌ویستدا دڵسۆزان‌و خه‌مخۆرانی دنیای بێ گه‌ردی منداڵ هۆڵی خوێندنه‌وه‌ی منداڵانیان كردۆته‌وه له‌كتێبخانه‌ی گشتی سلێمانی كه‌زۆربه‌ی زۆری پێداویستی یه‌كان‌و مه‌رجه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی كتێبخانه‌ی منداڵانی تێدایه‌و خزمه‌تێكی زۆر به‌منداڵانی كورد ده‌كات كه‌مایه‌ی دڵخۆشییه بۆیه پێویسته له‌سه‌ر باوكان‌و دایكان‌و مامۆستا به‌ڕێزه‌كانیش كه‌سودو قازانجی خوێندنه‌وه‌و ڕۆڵی كتێبخانه بۆ منداڵان روون بكه‌نه‌وه تائه‌وانیش به‌هۆی رێنمایی‌و ئامۆژگاریه‌كانی ئه‌وانه‌وه كاتی بێكارییان له‌كتێبخانه‌دا به‌سه‌ر ببه‌ن نه‌ك له‌كۆڵان‌و شوێنی تردا خۆیان خه‌ریك بكه‌ن به‌كاری بێ سووده‌وه‌و كاتی خۆیان به‌فیڕۆبده‌ن.
به‌پێویستی ده‌زانم لێره‌دا چه‌ند خاڵێكی گرنگ بخه‌مه‌ڕوو كه‌پێویسته له‌كتێبخانه‌ی منداڵاندا ئه‌نجام بدرێ بۆزیاتر سوود وه‌رگرتنی ئه‌و منداڵانه‌ی كه‌كاتی خۆیان له‌كتێبخانه‌دا به‌سه‌رده‌به‌ن.
1-به‌شی چیرۆك یان گۆشه‌ی چیرۆك، چونكه چیرۆك رۆڵێكی باش ده‌بینێ له‌گه‌شه‌سه‌ندنی تواناكانی منداڵدا، ده‌بێت له‌كتێبخانه‌ی منداڵاندا گرنگی یه‌كی زۆری پێبدرێت ته‌نانه‌ت له‌زۆر شوێندا كاتێكی تایبه‌تی بۆ دیاری ده‌كه‌ن كه‌له‌لایه‌ن كه‌سێكی به‌تواناو لێهاتووه‌و ئه‌نجام ده‌درێ كه‌سێك كه‌بتوانێ سه‌رنجی منداڵان بۆلای خۆی رابكێشێ‌و مه‌به‌ستی چیرۆكه‌كه‌ی به‌ته‌واوی بگه‌یه‌نێته منداڵ چونكه ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌چیرۆكه‌كه ده‌گێڕێته‌وه (Story Teller) ئه‌گه‌ر كارامه‌و لێهاتوونه‌بێت سه‌ركه‌وتوو نابێت. هه‌روه‌ها ده‌بێت چیرۆكی باش‌و گونجاو هه‌ڵبژێرێ‌و ره‌چاوی ته‌مه‌نی منداڵیش بكرێ له‌گه‌ڵ ره‌گه‌زه‌كه‌ی دا.
2-پێشانگا بێ گومان له‌كتێبخانه‌دا جۆره‌ها گۆڤار‌و كتێب هه‌یه، پێویسته له‌پێشانگایه‌كدا نیشانی منداڵان بدرێ دوای ئه‌وه‌ی كه‌ئاگاداری بۆكرا. ئه‌ویش هه‌فتانه یان مانگانه جۆره‌ها بۆنه‌ش هه‌یه كه‌پێویسته پێشانگای تێدابكرێته‌وه چونكه منداڵ گرنگی پێ ده‌دات ئه‌ویش بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌م وه‌ك رۆژی منداڵانی جیهان،یان نه‌ورۆز یان هه‌ر بۆنه‌یه‌كی تر.
پێویسته كتێب‌و گۆڤاره‌كانیش له‌شوێنی تایبه‌تدا دابنرێ یان له‌شوێنێكدا كه‌شاراوه نه‌بێت لای منداڵ هه‌رچه‌نده ئه‌مه‌ش ده‌كه‌وێته سه‌رقه‌باره‌ی پێشانگاكه نابێت پێشانگاكه‌ش هه‌ر كتێب‌و گۆڤاربێت به‌ڵكو چه‌ند تابلۆیه‌كیش كه‌په‌یوه‌ندی به‌بۆنه‌ی كردنه‌وه‌ی پێشانگاكه‌وه هه‌بێت.
3-وه‌ك چۆن له‌خاڵی یه‌كه‌مدا باسكرا ئه‌بێت منداڵان گوێ بیستی چیرۆك‌و مۆسیقابن له‌كتێبخانه‌دا به‌ئامانجی یارمه‌تی دانی منداڵ له‌سه‌ر دروستبوونی كه‌سایه‌تی منداڵ‌و جوڵاندنی هه‌ست‌و سۆزی منداڵ‌و نه‌شونماكردنی به‌هره‌و تواناكانیان‌و گه‌شه‌سه‌ندنی حه‌زو ئاره‌زووه‌كانیان.
4-وێنه، ئه‌مه‌یش جۆرێكی تره له‌و چالاكی یانه‌ی كه‌له‌كتێبخانه‌ی منداڵان ئه‌نجام ده‌درێ ده‌بێت پێویستیه‌كانی بۆ ئاماده‌بكرێ له‌كارمه‌ندو شوێن‌و كه‌ره‌سته‌كانی.
5-باسكردنی ئه‌وكتێبانه‌ی كه‌سه‌رنجی منداڵ زیاتر راده‌كێشن.
6-نیشاندانی فیلمی سینه‌مایی تایبه‌ت به‌منداڵ.
7-بانگ كردنی ئه‌و نووسه‌رانه‌ی كه‌بۆ منداڵان ده‌نووسن تا ده‌رباره‌ی به‌رهه‌مه‌كانی خۆیان قسه‌بكه‌ن‌و به‌زمانی خۆیان بۆ منداڵانی بخوێننه‌وه، له‌گه‌ڵ باسكردنی هه‌ر بابه‌تێك منداڵ زیاتر گرنگی پێ ده‌دات.
8-سازدانی چه‌ند یارییه‌ك بۆ منداڵان وه‌ك پێشبڕكێ‌و شتی‌تر.
9-بانگ كردنی چه‌ند منداڵێك بۆ خوێندنه‌وه‌و گێڕانه‌وه‌ی چیرۆك به‌زمانی تایبه‌تی خۆیان.
10-كاركردن بۆ گه‌یاندنی سوودی كتێبخانه به‌هه‌موو شوێنێك به‌وه‌رگرتنی كتێب له‌لایه‌ن منداڵانه‌وه یان هه‌وڵدان بۆ بنیاتنانی كتێبخانه‌ی گه‌ڕۆك بۆ شوێنی تر وه‌ك ئه‌و گه‌ڕه‌ك‌و گوند‌و شارۆچكانه‌ی كه‌منداڵانیان به‌ئاسانی ناگه‌نه كتێبخانه پێویسته منداڵ وافێربكرێ كه‌دوای خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر كتێب‌و گۆڤارێك له‌كاتی دیاریكراوی خۆیدا بیگێڕێته‌وه‌و بێده‌سكاری‌و لێ نووسین‌و دڕاندن.
بۆ ئه‌م باسه سوودم له‌م سه‌رچاوانه وه‌رگرتووه.
1-أدب الاگفال دراسه وتحقیق(عبدالفتاح ابو معال)
2-مكتبه الگفل خصائصها، تنڤیمها، مۆهلات العاملین فیها (منی محمد علی الشیخ ابراهیم)
له‌رۆژنامه‌ی(هه‌رێمی كوردستان) ژماره(151) 9/10/1999.