كــــات، له‌نێوان واقیــع و هونــه‌ردا
جوانیی و سیحری ئه‌ده‌ب و هونه‌ر له‌وه‌دایه، كه ده‌توانن كات ڕام بكه‌ن و ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ریدا بشكێت. كات له واقیعدا ده‌سه‌ڵات و هه‌ژموونی به‌سه‌ر هه‌موو شتێك‌دا هه‌یه، تێده‌په‌ڕێت، كه‌سه‌كان و شته‌كان له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌بات، هه‌ندێ جار به ئاڕاسته‌ی ونبووندا و هه‌ندێ جاری تریش به ئاڕاسته‌ی دۆزینه‌وه‌دا ده‌یانبات. شوێنه‌كان ده‌گۆڕێت و ده‌ستكاریی سیمای مرۆڤه‌كان ده‌كات، هیچ شتێك له جێی خۆیدا ناهێڵێته‌وه و ئاڕاسته‌یه‌ك له به‌رده‌وامبوون ده‌به‌خشێت، به‌رده‌وامییه‌كی نزیك له ناچاری. له واقیعدا كات بۆته‌یه‌كه، هه‌موو شته‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی له‌ناو خۆیدا جێ كردووه‌ته‌وه، به كورتی كات له واقیعدا باڵاده‌سته، به‌ڵام له ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا ئه‌و باڵاده‌ستییه‌ی نامێنێت و هێزی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات.
هه‌موو خۆشه‌ویسته‌كانمان، ئه‌وانه‌ی له واقیعدا له‌ده‌ستیان ده‌ده‌ین و لێمان ده‌ڕۆن و ده‌مرن، ته‌نیا برێتییه‌كمان بۆ هێنانه‌وه و زیندووكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌ده‌ب و هونه‌ر، كه له كاته هه‌ستیاره‌كاندا ده‌توانن به هانامان بێن و به كاری سه‌ره‌كیی خۆیان هه‌ستن، ئه‌ویش به گێڕانه‌وه‌ی زه‌مه‌ن، زه‌مه‌نێكی هونه‌ریی ناواقیعی، زه‌مه‌نێك، كه كه‌سه‌كان بوونی واقیعی خۆیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و ده‌بنه بوونێكی هونه‌ری. له ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا كات ئاره‌زوومه‌ندانه تێده‌په‌ڕێت، واتا چیتر كات ده‌سه‌ڵاتی نامێنێت و ده‌كه‌وێته ژێر ڕكێفی كه‌سه‌كانه‌وه، یان ڕاستتر بڵێم ده‌كه‌وێته ژێر ده‌سه‌ڵاتی دانه‌رانه‌وه (نووسه‌ران، ده‌رهێنه‌ران، نیگاركێشان و موزیكزانان.)
فیلمی (ئامێری كاته‌كه = the time machine ) گوزارشتی ده‌سه‌ڵاتی هونه‌ره به‌سه‌ر كاتدا.
كورته‌ی چیرۆكی فیلمه‌كه:
ساڵی (1899) مامۆستایه‌ك به ناوی (ئه‌لێكسانده‌ر هارتدیگن) له نیۆرك ده‌ژی و له زانكۆی كۆڵۆمبی مژووڵی وانه‌وتنه‌وه‌یه، ژیانێكی چالاك و خۆشبه‌ختانه‌ی هه‌یه. له یه‌كێك له ڕۆژه‌كانی ساڵی (1899)دا بڕیار ده‌دات له‌گه‌ڵ ده‌ستگیرانه‌كه‌ی، كه ناوی (ئیما)یه، بڕواته ده‌ره‌وه و پیاسه‌یه‌كی پڕ له خۆشه‌ویستیی بكه‌ن، پیاسه‌یه‌ك له پێناوی ئه‌وه‌دا بۆ یه‌كتری بسه‌لمێنن ئه‌وان چه‌ند شیاوی یه‌كترن، چه‌ند پێكه‌وه گونجاون و ده‌توانن داهاتوویه‌كی چه‌ند جوان دروست بكه‌ن. له‌ناو كه‌شێكی ڕۆمانسیدا به یه‌كێك له شه‌قامه‌كاندا ده‌ڕۆن. له‌وبه‌ری شه‌قامه‌كه دووكانێكی گوڵفرۆشیی هه‌یه، (ئه‌لێكسانده‌ر) ده‌چێته دووكانه‌كه‌وه و گوڵێك ده‌هێنێته‌وه، له پڕ گالیسه‌یه‌ك، وه‌ك هه‌وایه‌كی خێرا، شێت و تیژڕه‌و به لای (ئیما)دا ده‌ڕوات و له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌بات، كه‌شی ڕۆمانسییه‌ت به خێرایی بۆ كاره‌سات ده‌گۆڕێت. (ئه‌لێكسانده‌ر) بڕیار ده‌دات ئامێرێك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی (ئیما) دروست بكات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته چوار ساڵی ژیانی خۆی بۆ دروستكردنی ئه‌و ئامێره ته‌رخان ده‌كات، ئامێری كات، بۆ ئه‌وه‌ی كات بگه‌ڕێنێته‌وه ئه‌و كاته‌ی له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویسته‌كه‌یدا ده‌ستیان له‌ناو ده‌ستی یه‌كتریدا بوو، به‌و كاره‌ی ده‌یویست خۆشه‌ویسته‌كه‌ی له مردن بپارێزێت و بیگه‌ڕێنێته‌وه ناو ژیان. (ئه‌لێكسانده‌ر هارتدیگن) به‌ناو ڕابووردووه زۆر دووره‌كاندا ده‌ڕوات و (ئیما) نادۆزێته‌وه، ده‌چێته داهاتووه ته‌ماوییه‌كان و (ئیما) هه‌ر دیار نییه.
فیلمه‌كه درێژه و گێڕانه‌وه‌ی بۆ من كارێكی گران و وزه‌بڕه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به لای منه‌وه گرنگ بێت، قسه‌كردنه له‌سه‌ر تێما (بابه‌ت)ی فیلمه‌كه:
گالیسكه‌كه ئاماژه‌ی كاته و خۆشه‌ویسته‌كانمان له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌بات، هه‌وڵی (ئه‌لێكسانده‌ر)یش گه‌ڕانی سه‌رسه‌ختانه‌یه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ونبوویه‌كی ناو كات. لێره‌دا شتێكی سه‌یر ده‌بینین و ڕووبه‌ڕووی خاڵێكی سه‌رنجڕاكێش ده‌بینه‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه‌ی له‌ناو شتێك‌دا بۆ ونبوویه‌ك بگه‌ڕێین، كه ئه‌و شته بۆ خۆی ئه‌وه‌ی ون كردووه، كه ئێمه به دوایدا ده‌گه‌ڕێین، له‌ناو كاتدا بۆ كات ده‌گه‌ڕێین. ئه‌مه‌ش له مانا واقیعییه‌كه‌یدا كارێكه ئه‌سته‌م نه‌بێت، نزیك له ئه‌سته‌مه (له ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا شتێك نییه ناوی ئه‌سته‌می لێ بنرێت!)، چونكه وه‌ك (هایدیگه‌ر) ده‌ڵێت: ((مرۆڤ بوونێكی زه‌مه‌نییه.)) واتا مرۆڤ بۆ خۆی كاته، چونكه وه‌ك كات له حاڵه‌تی به‌رده‌وامیدایه و به‌ره‌و داهاتوو هه‌نگاو ده‌نێت، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی ده‌كات، به‌و مانایه‌ی نیگه‌رانیمان بۆ ئه‌وه‌یه، كه كات به‌ره‌و داهاتوو ئاڕاسته‌یه و داهاتووش نادیار و ته‌مومژاوییه.
بۆ من وه‌ك بینه‌رێك گرنگ نییه (ئه‌لێكسانده‌ر) خۆشه‌ویسته‌كه‌ی ده‌دۆزێته‌وه، یان نا، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی لای من جێی بایه‌خه ئه‌وه‌یه، كه هونه‌ر ده‌ستی مرۆڤ واڵا ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی به ئاره‌زووی خۆی یاریی به كات بكات، بیباته پێشه‌وه و بیهێنێته‌وه دواوه، ته‌نانه‌ت من كاتێك ته‌ماشای فیلمه‌كه‌م ده‌كرد، چاوه‌ڕێی ئه‌وه نه‌بووم (ئه‌لێكسانده‌ر) (ئیما) ببینێته‌وه، به‌ڵكو هه‌ستم به شتێكی گرنگتر له پشت گه‌ڕان بۆ دۆزینه‌وه‌ی (ئیما) ده‌كرد، ئه‌وه‌ی، كه ته‌نیا ئه‌ده‌ب و هونه‌ر ده‌توانن كات ڕام بكه‌ن و بیوه‌ستێنن، یان بیگۆڕن و یاریی پێ بكه‌ن، ئه‌ویش له پێناو ئێستاتیكا و جوانیدا و هیچی تر.
به باوه‌ڕی من ڕه‌هه‌ندێكی تری ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ی (ئه‌لێكسانده‌ر هارتدیگن) بۆ ڕابووردوویه‌كی زۆر دوور، بۆ ئه‌وه‌یه، كه خۆی جارێكی تر له ڕابووردوودا ده‌ستكاریی كات بكاته‌وه و كارێك بكات نه‌هێڵێت (ئیما)ی ده‌ستگیرانداری گالیسكه بیكوژێت و ئه‌و چاره‌نووسه شوومه‌ی له‌گه‌ڵ كاتدا هه‌بێت.
———————-
+ فیلمه‌كه له بنه‌ڕه‌تدا له ڕۆمانی خه‌یاڵی- the time machine) ئامێری كاته‌كه(ی نووسه‌ری ئینگلیزی (هێربێرت جۆرج وێڵز) وه‌رگیراوه و له ساڵی (2002)دا كراوه‌ته فیلم، هه‌رچه‌نده به‌شێكی زۆر له ڕۆمانه‌كه له فیلمه‌كه‌دا باس نه‌كراوه و گۆڕانكاریی تێدا كراوه.
+ له ژماره (43)ی هه‌فته‌نامه‌ی (نسێ)دا بڵاو بووه‌ته‌وه.
كاروان محه‌مه‌د فه‌تاح