كه‌ناڵی مه‌یموونه چه‌كداره‌كان، كه‌ناڵێك بۆ گومانكردن
مرۆڤه‌كان له هه‌وڵی به‌رده‌وامدان بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ن به یه‌قین، بۆ گه‌یشتن به‌م ئامانجه‌ش پێویستی زۆریان به گومان هه‌یه، چونكه گومان مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێته هه‌قیقه‌ت، واتا هه‌موو یه‌قینه‌كان زاده‌ی گومانگه‌لێكی زۆرن. مرۆڤی گومانكار مرۆڤێكه خۆی له چوارچێوه‌ی هیچ سنوورێك و پێناسه‌یه‌كی دیاریكراودا بۆ شته‌كان نابینێته‌وه و هیچ هێزێك ناتوانێت بیوه‌ستێنیت و به‌رده‌وام ده‌گه‌ڕێت.
گومان چه‌مكێكی فه‌لسه‌فییه و په‌یوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وخۆی به بیری تاكه‌كانه‌وه هه‌یه و ڕێگای بیركردنه‌وه‌یه‌كی فه‌لسه‌فیانه‌یه بۆ گه‌یشتن به یه‌قین، وته به ناوبانگه‌گه‌ی (ڕێنیه دیكارت) كه ده‌ڵێت: (من بیر ده‌كه‌مه‌وه، كه‌واته من هه‌م) واتا من گومان ده‌كه‌م، كه‌واته من هه‌م.
لێره‌دا ناتوانین به شێوه‌یه‌كی باش باس له گومان بكه‌ین له‌ڕووه فه‌لسه‌فییه‌كه‌وه، گه‌ر باس له میتۆدی گومانی فه‌لسه‌فه‌كار و ماتماتیكزانی فه‌ڕه‌نسی (ڕێنیه دیكارت) نه‌كه‌ین كه ناسراوه به ( باوكی فه‌لسه‌فه‌ی نوێ).
دیكارت میتۆدی گومانی به‌كار هێنا به ئامانجی گه‌یشتن به هه‌قیقه‌ت و ڕاستی كۆی زانسته مرۆڤایه‌تییه‌كان. دیكارت ده‌ڵێت:(مرۆڤ ده‌بێت گومان بكات ئه‌گه‌ر بۆ ته‌نیا جارێكیش بێت له ژیانیدا.) ئه‌مه نیشانه‌ی گرنگیدانی ئه‌م فه‌یله‌سووفه‌یه به چه‌مكی گومان، هه‌روه‌ها ئه‌م فه‌یله‌سووفه گومانی له جیهانی هه‌ستی كرد و دووباره پێیداچووه‌وه و تێگه‌یشتنێكی نوێی له باره‌وه ده‌ربڕی.
ئه‌م فه‌یله‌سووفه بۆچوونێكی ته‌واو جیاوازی له‌سه‌ر بابه‌تی گومان هێنایه ناو كایه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی ڕۆژئاوا و مانایه‌كی جیاوازی پێ به‌خشی و به پێچه‌وانه‌ی تێگه‌یشتنی باوی سه‌رده‌مانی پێشوو، هه‌تا سه‌رده‌می خۆشی له‌م بابه‌ته‌ی كۆڵییه‌وه، پێش دیكارت بۆچوونێكی كلاسیكی هه‌بوو كه كاریان له‌سه‌ر گومانی ڕه‌ها ده‌كرد، وه‌كو گومانه‌كانی (موته‌نه‌بی و فه‌لسه‌فه‌ی ئیتاڵیا له سه‌ده‌ی شانزه)دا كه ئه‌نجامه‌كه‌ی دووباره به زیندووكردنه‌وه‌ی میراتی سه‌رده‌می یونانییه‌كان ته‌واو بوو، به‌ڵام گومانی (ڕێنیه دیكارت) گومانێكی كاتی بوو، واته مرۆڤ هه‌ڵده‌ستێت به گومانكردن له هه‌موو ڕابوردووی خۆی و به بیروباوه‌ڕه‌كانیدا ده‌چێته‌وه، له پێناوی چاكسازی خود، بۆ ئه‌وه‌ی بگات به یه‌قین و هه‌قیقه‌تی ته‌واو. (1)
گومانی هه‌میشه‌یی تا گه‌یشتن به یه‌قین كاری ئه‌م فه‌یله‌سووفه نوێخوازه بووه، له شوێنێكدا بۆچوونی خۆی سه‌باره‌ت به هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه له ڕابوردوویدا به ڕاست و هه‌قیقه‌تی گومان هه‌ڵنه‌گری زانیون ده‌رده‌بڕێت و دووباره گومانیان لێ ده‌كات و پێیاندا ده‌چێته‌وه و ده‌ڵێت: ((زۆر له‌مه‌وبه‌ر، بۆ یه‌كه‌مین جار هه‌ستم به‌وه كرد كه گه‌لێك بیروباوه‌ڕی ناڕاستم له سه‌رده‌می منداڵی‌دا وه‌ك ڕای ڕاست وه‌رگرتووه. له‌وه‌یش گه‌یشتم كه بناغه‌ی ئه‌و هزرانه‌ی من كه ته‌واو له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی ناڕاست دروست ببوون، تا چ ڕاده‌یه‌ك پشتیان پێ نه‌ده‌به‌سترا، بۆیه له‌وه گه‌یشتم ئه‌گه‌ر بمه‌وێت له زانستا به ئه‌نجامی تۆكمه و ڕه‌سه‌ن بگه‌م، ده‌بێ ڕاسته‌وخۆ و بۆ هه‌میشه ده‌ستبه‌رداری ئه‌و ڕایانه بم كه پێشان هه‌مبوون و كاره‌كانیشم به ته‌واوی له‌سه‌ر بنه‌مای نوێ ده‌ست پێ بكه‌م.ل 66))
هه‌روه‌ها گومانی ئه‌م فه‌یله‌سووفه به‌رده‌وام ده‌بێت تا ده‌گاته ڕاستی، گومان له هه‌موو ئه‌و شتانه ده‌كات كه وه‌ری ده‌گرێت و خۆی له بڕیاری پێش وه‌خته ده‌پارێزێت و ده‌ڵێت:((من هه‌رگیز هه‌ر شتێك به ڕوونی و ئاشكرایی نه‌زانم ڕاسته به ڕاستی نه‌زانم، له هه‌موو جۆره حوكمێكی پێش وه‌خت و زه‌ینییه‌تێكی پێشینه دوور بم و هیچ شتێك بێجگه له‌وه‌ی له زه‌ینی مندا ڕوون و ئاشكرایه و به‌ڵگه‌یه‌كی دوو دڵیم له‌سه‌ری نیه بڕیاری به‌سه‌ردا نه‌ده‌م.لا 67)) (2)
دواتر چه‌مكی گومان گوزارایه‌وه نێو هه‌موو كایه‌كانی مه‌عریفه و زانسته مرۆڤایه‌تییه‌كان، ئه‌ده‌بیش وه‌كو زانستێك به‌شی خۆی سوودی له‌م گومانه وه‌رگرتووه، به‌و مانایه‌ی كه كاری ئه‌ده‌ب هه‌رچییه‌ك بێت بریتییه له دروستكردن و چاندنی تۆوی گومان له ناخی خوێنه‌ردا، ئه‌وه ئه‌ده‌به وا له خوێنه‌ر ده‌كات كه گومان له بیروباوه‌ڕه‌كانی خۆی و حه‌قیقه‌ته زاڵه‌كان بكات و هه‌موو پێكهاته‌كانی بیركرنه‌وه‌ی خۆی بخاته ژێر نه‌شته‌ری یه‌ككاڵاكردنه‌وه و گومان له هه‌موو ئه‌و شتانه بكات كه له ژیانیدا ڕووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه.
هه‌ر به‌رهه‌مێكی ئه‌ده‌بی به گومان بار نه‌كرا بێت و یه‌كێك نه‌بێت له ڕه‌گه‌زه پێكهێنه‌ره‌كانی، ئه‌وه له‌وه ده‌كه‌وێت ناوی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی به سه‌ردا ببڕێ، واتا نووسه‌ر له ڕێگه‌ی به‌رهه‌مه‌كه‌یه‌وه خوێنه‌ر ده‌خاته سه‌ر كه‌ڵكه‌ڵه‌ی تیامان و تێڕامان و گومانكردن، بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دی پێناسه‌ی هه‌موو شته‌كانی ده‌وروبه‌ری خۆی بكاته‌وه و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه تا ئێستا به هه‌قیقه‌تی ڕه‌هایانی زانیوه، نیشانه‌ی گومانیان له‌سه‌ر دابنێت.
( كاروان عومه‌ر كاكه‌سوور) یه‌كێكه له‌و نووسه‌رانه‌ی كه هه‌میشه به‌ردی گومانی خۆی فڕێ ده‌داته ناو گۆمی مه‌نگی یه‌قینه‌كانی خوێنه‌ر و وای لێ ده‌كات جارێكی دی به هه‌موو قه‌ناعه‌ته‌كانیدا بچێته‌وه، من بۆ خۆم تا ( كاروان)م نه‌خوێنده‌وه، توانای گومانكردنم له هه‌موو شتێكی خۆم بۆ دروست نه‌بوو، ئه‌م گومانه له كۆی به‌رهه‌مه‌كانی (كاكه‌سوور)دا به‌دی ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی (كاروان عومه‌ر كاكه‌سوور) له (ڕێنیه دیكارت) جیا ده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌یه كه (كاروان) به پێچه‌وانه‌ی (دیكارت)ه‌وه كار له‌سه‌ر گومان ده‌كات، به‌وه‌ی خۆی نایه‌وێت له ڕێگه‌ی گومانه‌وه خوێنه‌ر به هه‌قیقه‌ته‌كان بناسێنیت، كه (دیكارت) ئه‌م كاره‌ی ده‌كرد، دوای ئه‌وه‌ی ده‌گه‌یشته هه‌قیقه‌ت و یه‌قین دواتر ده‌ریده‌بڕی، به‌ڵكو (كاروان كاكه‌سوور) گومانه‌كه لای خوێنه‌ر ده‌وروژێنێت و وای لێ ده‌كات كه خۆی به دوای هه‌قیقه‌تی شته‌كاندا بچێت و بگات به یه‌قین، كاری ئه‌ده‌بیش هه‌ر ئه‌مه‌یه.
ڕۆمانی (كه‌ناڵی مه‌یموونه چه‌كداره‌كان) نوێترین به‌رهه‌می (كاروان عومه‌ر كاكه‌سوور)ه به قه‌باره‌یه‌كی گه‌وره‌وه، كه به بۆچوونی من ده‌قێكه كراوه‌ته‌وه به سه‌ر زۆر ڕه‌هه‌نددا و ده‌توانرێت له زۆر په‌نجه‌ره‌وه ببینرێت، چونكه له ده‌رگای زۆر بابه‌تی داوه، به‌ڵام ئێمه لێره نیازمان نییه لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ورد بۆ هه‌موو لایه‌نه‌كانی ئه‌م به‌رهه‌مه بكه‌ین و هه‌موو كۆده شاراوه‌كانی پشتی ئه‌م ڕۆمانه باس بكه‌ین، ته‌نیا له سه‌ر ڕه‌هه‌ندی ( گومانكردن) له‌م ده‌قه‌دا ئێستێك ده‌كه‌ین و كه‌مێك لێی قووڵ ده‌بینه‌وه، كه ڕه‌گه‌زێكی سه‌ره‌كی پێكهێنه‌ری ئه‌م ڕۆمانه‌یه، گه‌ر بڵێین ئه‌م ده‌قه له سه‌ر گومان بنیاتنراوه ڕه‌نگه به هه‌ڵه‌دا نه‌چووبێتین و زیاده‌ڕۆیمان نه‌كردبێت.
هه‌ر له ده‌سپێكی ڕۆمانه‌كه‌دا زۆر به تۆخی و خه‌ستی هه‌ست به بوونی گومانێكی قووڵ ده‌كه‌ین، كه ڕۆماننووس له یه‌كه‌م لاپه‌ڕه‌دا به گومان ده‌ستپێده‌كات، له رێگه‌ی ( ئامانج) كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی ڕۆمانه‌كه ئه‌م كاره ئه‌نجام ده‌دات، ئه‌ویش گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ره‌تاكانی دروستبوونی مرۆڤ، به ڕسته‌ی ((من له‌مڕۆوه مه‌یموونه‌كه‌ی جارانم. ل7)) نووسه‌ر ئه‌م كاره‌ی به گه‌ڕانه‌وه بۆ تێورێك ئه‌نجام داوه، ئه‌ویش تێوری (گه‌شه‌كردنی جۆره‌كان) ی (داروین) كه تێورێكی زینده‌وه‌رزانییه و باس له‌وه ده‌كات كه مرۆڤ له سه‌ره‌تادا مه‌یموون بووه و دواتر قۆناغ به قۆناغ و به پێی تێپه‌ڕینی كات بووه به‌م مرۆڤه‌ی ئێستا، (فردریك ئه‌نگڵس) له ڕاڤه‌ی تێۆره‌كه‌ی دارویندا باس له قۆناغه‌كانی گه‌شه‌كردنی مرۆڤ ده‌كات و ده‌ڵێت:(مرۆڤ له سه‌ره‌تادا كه مه‌یموون بووه، له ڕێگای كاركردن و قسه‌كردن كه دوو هانده‌ری سه‌ره‌كین بۆ هه‌نگاونان و گۆڕینی مه‌یموون به‌م مرۆڤه‌ی ئێستا، دواتر گۆشت خواردن و دروست كردنی ئاگر و ئاژه‌ڵداری و پاشان دروست بوونی كۆمه‌ڵگا بووه به‌م مرۆڤه پێشكه‌وتووه.)(3) له‌م ڕێگه‌یه‌وه نووسه‌ر خوێنه‌ری خستۆته‌وه به‌رده‌م بیركرنه‌وه‌یه‌كی قووڵ له خۆی كه پرسیار له خۆی بكات ئایا هه‌ر به ڕاست مرۆڤ له سه‌ره‌تادا مه‌یموون نه‌بووه؟
(كاروان) له شوێنێكی تردا گومان له كۆی مرۆڤایه‌تی ده‌كات به‌وه‌ی مرۆڤ هه‌موو ئه‌و كارانه‌ی ده‌یكات له پێناوی ئه‌وه‌دا ده‌یانكات كه هه‌ستی ترسی خۆی بشارێته‌وه، واتا مرۆڤی به بوونه‌وه‌رێكی ترسنۆك نیشان داوه، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی تێگه‌یشتن و ڕاستی باوه سه‌باره‌ت به مرۆڤ، له ڕێگه‌ی دیالۆگی نێوان ( هه‌تاو و ئامانج) كه (هه‌تاو) به (ئامانج) ده‌ڵێت:((هه‌موو منداڵێك وا ده‌زانێت، كاتێك گه‌وره ده‌بێت، ئیتر له هیچ شتێك ناترسێت، به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی گه‌وره‌كان بۆ ئه‌وه‌ی به سه‌ر ترسی خۆیاندا زاڵ ببن، ده‌یانه‌وێ خۆیان منداڵ بكه‌نه‌وه.ل89)).
له شوێنێكی تری ئه‌م ڕۆمانه‌دا دووباره گومان ده‌بێته‌وه میوانی خوێنه‌ر، به‌وه‌ی كه ڕۆماننووس گومان له هه‌موو ئازایه‌تییه‌كانی مرۆڤایه‌تی ده‌كات و پێمان ده‌ڵێت هه‌ر ئازایه‌تییه‌ك كه مرۆڤ ده‌ینوێنیت، به‌رئه‌نجامی ترسه، ئه‌مه وا له خوێنه‌ر ده‌كات كه گومان له سه‌ر هه‌موو ئه‌و كه‌سانه بكات كه تا ئێستا وایزانیوه پاڵه‌وان و ئازان، به‌وه‌ی ته‌نیا ترسنۆك ده‌توانێت له ترسی گیانی خۆیدا ئازایه‌تی گه‌وره نیشان بدات، له ڕێگه‌ی وته‌یه‌كی ( ئامانج )ه‌وه:((كه‌سی ئازا بوونی نییه، به‌ڵام دوو جۆر ترسنۆك هه‌ن: ئه‌و ترسنۆكه ئازایانه‌ی، كه ده‌وێرن به ئاشكرا بترسن و ئه‌و ترسنۆكانه‌ی جورئه‌ت ناكه‌ن له به‌ر چاوی ئه‌وانی دیكه‌دا بترسن، تا ده‌گاته ئه‌وه‌ی په‌نا بۆ سه‌رچڵی ده‌به‌ن…هه‌رچی ئازایه‌تییه له دنیا، مرۆڤه ترسنۆكه‌كان له ترسی گیانی خۆیان نواندوویانه، به ڕاده‌یه‌ك ترسنۆكه‌كان داهێنه‌ری گه‌وره‌ترین خه‌یاڵی پاڵه‌وانبازێتین.ل211)).
هه‌روه‌ها له جێگایه‌كی تردا دووباره ئه‌و گومانه خۆی قووت ده‌كاته‌وه له به‌رده‌م خوێنه‌ردا و به زه‌قی ده‌رده‌كه‌وێت، كه ڕۆماننوس له مرۆڤی ده‌كات، گومانكردن له‌و بۆچوونه‌ی كه پێی وایه مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی ( ئێستا) ییه، كه ئه‌م ئاراسته‌یه بۆی گرنگ نییه مرۆڤ له ڕابوردوودا چی به سه‌ر هاتووه و داهاتووش چی به سه‌ر دێت، به‌ڵكو ئێستای مرۆڤ جێی بایه‌خیانه، كه ئێستا چییه و چۆنه، ( كاروان كاكه‌سوور) زۆر جوان گومان له‌م بۆچوونه ده‌كات، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌م ئاراسته‌یه بۆچوونی خۆی ده‌رده‌برێت، كه پێی وایه مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی ڕابوردووخوازه و به هۆی ڕابوردووه‌وه ده‌توانێت ئێستا بژی، به تایبه‌تی كاتێك ئه‌و ڕابوردووه پڕ بێت له ڕووداو و تراژیدیا، له ڕێگه‌ی پرسیاری ( سۆزان) كه كاره‌كته‌رێكی ڕۆمانه‌كه‌یه ئه‌م گومانه‌ی خۆی به‌رجه‌سته ده‌كات:((ئایا مرۆڤ ده‌توانێت پێ بخاته ناو ( ئێستا) وه، له كاتێكدا (ڕابردوو) شه‌ته‌كی دابێت و نه‌هێڵێت یه‌ك هه‌نگاو لێی دوور بكه‌وێته‌وه…؟ ئایا تۆ ده‌توانیت باس له (ئێستا) بكه‌یت، مادام به هیچ شێوه‌یه‌ك (ڕابردوو)ت بیر نه‌چووبێته‌وه…؟من ده‌توانم به خۆم بڵێم ئه‌وه‌ی ژیان پێك ده‌هێنێت، ته‌نیا ڕه‌گه‌زی، یاخود مادده‌ی ترجیدیایه…به مانایه‌كی تر ته‌نیا ترجیدیا ده‌توانێت له خه‌یاڵدا بمێنیته‌وه، تاكو دواتر له گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆی، هه‌ست بكه‌ین ژیانامان هه‌بووه و له ده‌ستمان چووه… لێره‌وه‌یه چ(ئێستا) و چ (داهاتوو) یش وه‌همن، مادام هه‌رگیز پێیان ناگه‌ین… به‌كورتی هه‌ر سێ زه‌مه‌نه‌كه (ڕابردوو)ن …ئه‌و (ڕابردووه)ه‌یش ته‌نیا له ڕێگای تراجیدیاوه به‌رده‌وام ده‌بێت… خه‌ریكه ئێستا ئه‌و له گوته‌یه‌ی (نیتشه) فه‌یله‌سووف تێده‌گه‌م، كه ( ئازادی هه‌مین مامان) زوو زوو ده‌یگوته‌وه:( مرۆڤ به هۆی سه‌رجه‌م ئه‌و شتانه‌وه گه‌شه ده‌كات، كه له ڕابردوو گومارۆیان دابوو.) ل317)). لێره‌وه هه‌ست به فكرێكی قووڵی ڕۆماننووس ده‌كه‌ین، ده‌رباره‌ی چه‌مكی (ڕابوردوو، ئێستا، داهاتوو) كه به شێوه‌یه‌كی زۆر سه‌رنجراكێش ئه‌م بۆچوونه‌ی خۆی دیار خستووه، به‌وه‌ی وته‌یه‌كی (فردریك نیتشه)ی فه‌یله‌سووفی ئه‌ڵمانی كردووه‌ته پاڵپشتی ئه‌م بۆچوونه‌ی خۆی.
مرۆڤه‌كان به خۆیان بزانن یان نا هه‌میشه له گومانی به‌رده‌وام دان له هه‌مبه‌ر یه‌كدی، به هۆی ئه‌م گومانه‌وه ده‌توانن له خۆیان دڵنیا بن، (كاروان كاكه‌سوور) ده‌یه‌وێت ئه‌و په‌یامه به گوێماندا بچپێنێت كه مرۆڤ ته‌نیا له ڕێگای گومانه‌وه ژیان ده‌كات، ئه‌م گومانه زۆر زه‌ق له ڕۆمانی( كه‌ناڵی مه‌یموونه چه‌كداره‌كان) ده‌رده‌كه‌وێت، كه كاره‌كته‌ره‌كانی به‌رانبه‌ر به یه‌ك دڕدۆنگن، تا ده‌گاته ئاستی گومانكردنی كچ به‌رانبه‌ر باوك ، له ڕێگای گومانی (سۆزان) له به‌رانبه‌ر به باوكی( مام ئه‌نوه‌ری باخه‌وان) گومان له باوكی ده‌كات كه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك له هاوڕێ پێشمه‌رگه‌كانی هه‌ڵیكوتابێته سه‌ر ماڵی خاڵی سۆزان (ئه‌رده‌ڵان) به‌و نیازه‌ی كه دواتر ده‌ست به سه‌ر ماڵ و سامانی ماڵی ژنه‌كه‌یدا بگرێت، ئه‌وه‌تا له ڕێگه‌ی گومانی ( سۆزان) ه‌وه له سه‌ر تاڵانكردنی ماڵی خاڵییه‌وه‌ئه‌م گومانه به چڕی ده‌بینین:((به پێویستم نه‌ده‌زانی له‌وه زیاتر له‌وێ بمێنمه‌وه، بۆیه جانتام كرده شانم وجێم هێشت…ئه‌گه‌رچی هیچ به‌ڵگه‌یه‌كم به ده‌سته‌وه نه‌بوو، كه ئه‌وه‌ی ئه‌م كاره‌ی كردووه، باوكمه، به‌ڵام به دوورم نه‌ده‌بینی به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كانده‌ستی ئه‌وی تێدا بووبێت…گوتم:(به‌ڵێ، خۆیه‌تی و ویستوویه‌تی دوای مردنیان، هه‌رچی سامانیان هه‌یه بۆ ئێمه بمێنێته‌وه.ل396)) (4).
هه‌روه‌ها گومانی (سۆزان) به‌رانبه‌ر به هاوڕێكانی باوكی كه ڕۆژانه ده‌هاتن بۆ سه‌ردانی وه‌كو ( بورهانی ئامه گوپه، فیكری كۆپته‌ر، دكتۆر دارا، مامۆستا سه‌لام ئاشتی) كه وا گومانی ده‌برد هاوڕێكانی باوكی ته‌نیا بۆ كاری سیخوڕی سه‌ردانی ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت به فه‌تاره‌تێكیدا ببه‌ن.
( كاروان كاكه‌سوور) له هه‌موو به‌رهه‌مه‌كانی ڕابوردوویدا كاری له سه‌ر مێژووی مرۆڤێكی ترسنۆك و ته‌ریك و ته‌نیا و فه‌رامۆشكراو و یاخی كردووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ی پێ ده‌ناسرێته‌وه و جیاواز له هه‌موو به‌رهه‌مه‌كانی دی ده‌بینرێت، كاركردنی ئه‌م رۆماننووسه‌یه له سه‌ر مێژووی كۆ، دواتر گومانكردن له‌و مێژووه، ئه‌ویش مێژووی نه‌ته‌وه‌ی كورد له ساڵی حه‌فتاكان و هۆكاره‌كانی هه‌ره‌سهێنانی شۆڕش له ساڵی 1974 و دواتر ئاشبه‌تاڵكردنی شۆڕش له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورده‌وه، (كاروان) دێت گومانی به‌رجه‌سته له توانای سه‌ركردایه‌تی كورد ده‌كات، كه توانای به‌رده‌وامی دانیان نه‌بووه له سه‌ر شۆڕش و خه‌بات، ئه‌و هه‌ره‌سی شۆڕش وا ده‌بینێت كه هێنده‌ی په‌یوه‌ندی به ناوخۆی كۆمه‌ڵگای كورده‌واری هه‌یه، هێنده په‌یوه‌ندی به كاریگه‌ری هێزه ده‌ره‌كییه‌كان نییه بۆ كۆتایی هێنان به‌م شۆڕشه و ئاشبه‌تاڵپێكردنی، كۆمه‌ڵگایه‌ك خاوه‌نی مرۆڤی وه‌كو (ماجید هه‌مزه قه‌ڵاتێ و سابیر پووله‌كه) بێت كه له ڕۆمانه‌كه‌دا كاری سیخووڕیی بۆ حكوومه‌تی عێراقی ئه‌نجام ده‌ده‌ن و مرۆڤی ترسنۆكی وه‌كو (ئامانج)ی تێدا بێت، ئه‌وا له‌ناو خۆیدا تووشی پووكانه‌وه و داڕووخان دێت و دوژمن ئاسانتر ده‌توانێت به سه‌ریدا سه‌ر بكه‌وێت و هه‌ره‌س به شۆڕش و ڕاپه‌ڕینه‌كانی بێنێت.
سه‌رچاوه‌كان:
(1)الشك عند دیكارت، له ئینته‌ر نێته‌وه. http://majdah.maktoob.com/vb/majdah17919/
(2)دیكارت، پۆل ستراترن، وه‌رگێڕانی له فارسییه‌وه: ره‌ووف بێگه‌رد، ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م، سلێمانی، 2001.
(3)ڕۆڵی كاركردن له گۆڕینی مه‌یمون بۆ مرۆڤ، فردریك ئه‌نگڵس، وه‌رگێڕانی له ئه‌ڵمانییه‌وه: كه‌ریم مه‌لا ره‌شید، وه‌زاره‌تی رۆشنبیری.
(4) ( كه‌ناڵی مه‌یموونه چه‌كداره‌كان، كاروان عومه‌ر كاكه‌سوور، ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م، سلێمانی، 2011.
+ ئه‌م نووسینه له ژماره (55) ی گۆڤاری (گه‌لاوێژی نوێ) بڵاوبۆته‌وه.