كه نه‌ورۆز دێ …. عه‌لی حه‌مه‌ڕه‌شید به‌رزنجی
كه نه‌ورۆز دێ
له سیمای خه‌ڵكه‌وه هیوا و
له سیمای خاكه‌وه جوانی
له سیمای شاره‌وه شادی و
له سیمای گوند ئاوه‌دانی
له سیمای منداڵ پێكه‌نین
به‌دی ده‌كرێت به ئاسانی
كه نه‌ورۆز دێ
له ناخه‌وه فه‌رهه‌نگێكی
پڕ له وشه‌ی جوان و په‌سۆز
له دڵه‌وه خۆشه‌ویستی
بۆ یادی پڕ شكۆی نه‌ورۆز
تێكه‌ڵ به یه‌كتری ده‌بن
له په‌لكه‌زێڕینه ده‌چن
كه نه‌ورۆز دێ
له خوێنه‌وه خڕۆكه‌ی پڕ
ئه‌وینی خاك
زۆرتر گیانم ده‌گرێته‌وه
به بارانی به‌خته‌وه‌ری و
شنه‌ی شه‌ماڵی ئازادی
باخی دڵم ئه‌شنێته‌وه
كه نه‌ورۆز دێ
منداڵانی كوردستان‌م
هه‌موو كاوه‌ن
هێز و هیوا و توانا و تینی
زۆرلێكراو و چه‌وساوه‌ن
سرود بۆ نه‌ورۆز ده‌ڵێن و
وه‌كو گوڵ جوان و گه‌شاوه‌ن
كه نه‌ورۆز دێ
په‌یامێكی پڕ له عه‌شقه و
له ناو یادی راپه‌ڕین دا
خۆی ئه‌نوێنێ
ئه‌لبومێكی پڕ له یاده و
له ناخه‌وه ئه‌ماندوێنێ
ده‌نگێكه زۆر زوڵاڵ و خۆش
نه‌مری گیانی شه‌هیدان
بۆ گه‌لی كورد ده‌سه‌لمێنێ
كه نه‌ورۆز دێ
كچانی كورد
له ئاوێنه‌ی نه‌ورۆزه‌وه
له باڵای خۆیان ده‌ڕوانن
هه‌تا ئاسۆی
هیوا و خه‌ونه سه‌وزه‌كانیان
له ئه‌لبومی یادی راپه‌ڕین دا
باش بزانن
كه نه‌ورۆز دێ
شه‌نگتر ده‌بێ نیشتمانم
خۆشتر ده‌بێ كوردستان‌م
له شه‌نگی و خۆشی كوردستان
باڵا ده‌كه‌ن خه‌ونه‌كانم
كه نه‌ورۆز دێ
هه‌موو كوردێك تاسه‌ی سه‌دای
(نه‌ورۆز) ه كه‌ی (پیره‌مێرد) ه و
تامه‌زرۆیه
گوێی لێ بگرێ و بیڵێته‌وه
له‌گه‌ڵ هه‌موو هه‌نگاوێكدا
خۆشه‌ویستی كوردستان و
بڕوای به‌رزی كوردایه‌تی
له دڵیان‌دا
نه‌مامێكه و ده‌ڕوێته‌وه
كانییه‌كه و لێخن نابێ
تیشكێكه هه‌رگیز ون نابێ
ڕ استییه‌كه كه راپه‌ڕین
به پیرۆزی بۆی سه‌لماندین
ژێر ده‌ستی دوژمنان به‌سه
ئیتر ده‌بێ سه‌ربه‌ست بژین
***************