Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
كه لتووريكي نوێی كوردی — 1

كه لتووريكي نوێی كوردی — 1

Closed
by October 29, 2009 گشتی

دیاردە نێگەتیڤەكانی هەناوی راپەڕین یاخود حوكمڕانی كوردی

به‌شی یه‌که‌م
دیاردەی كۆمەڵایەتی، گۆڕانی كۆمەڵایەتی، گۆڕانی كەلتووری، پەیوەستن بە گۆڕانی سیاسییەوە. سیستەمی سیاسی وڵات یاخود شێوازی حوكمڕانی لە وڵات زۆرجار وەك لەمپەڕێك لە پێش ئەو جۆرە گۆڕانكاریانە دروست دەبێ! زۆر جار پرسیارێك لەهەمبەر ئەو جۆرە پرسانە دروست دەبێ، ئەویش ئەوەیە ئایا گۆڕانی كۆمەڵایەتی، یاخود گۆڕانی كەلتووری زەروورەتێكی حەتمییە یاخود گۆڕانی كۆمەڵایەتی هەر بە ئاقاری پۆزەتیڤیە؟!
ئەوەی گرنگە، جۆری پرسیارەكە نییە، بەڵكو كەسی پرسیاركار و ئایدۆلۆژیا و تێڕوانین و دنیادیتنی پرسیاركارە. مەرج نییە هەموو دیارەدەیەكی كۆمەڵایەتی نیگەتیڤ رێگر بێ لە بەردەم پێشڤەچوونی بزاڤی رزگاریخوازی لە بواری سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئابووریی، یاخود كەلتووریدا.
دوای راپەرین قۆناغێكی نوێ بوو لە ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و كەلتوروی كوردیدا. سەبارەت بە ژیانی سیاسی، لە مێژووی نوێدا كورد دوای ئەزموونی شێح مەحموود لە سلێمانی و ئەزموونی قازی محەمەد و حیزبی دیموكرات لە مهاباد و چەند شارۆچكەیەكی تری رۆژهەڵاتی كوردستان و ئەزموونی 1970-1974 ئەزموونی حوكمڕانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەشێكی باشووری كوردستان، ئەزموونێكی نوێی لە ژیانی حوكمڕانی هاتە پێش، كە زۆر بە تەمەنتر و "پێشكەوتووتر" بوو لەوانی تر، چونكە لەم ئەزموونەدا كورد خۆی دەسەڵاتی موتڵەقی بەسەر هەرێمی شاری هەولێر و سلێمانی و دهۆكدا هەیە، هەروەها دامودەزگای حوكمڕای زۆر بەفراوانترن لەوانی تر!
ئەو جۆرە ژیانە سیاسیەی كورد بە هۆی ململانێی كۆنیاری حیزبایەتی نێوان دوو دەسەڵاتی كورد نەیتوانیوە سیستەمی حوكم لە مۆتەكە و هەژموونی حیزب رزگار بكات، لەو هەژدە ساڵە دەسەڵاتی حیزب هەر بەسەر دەسەڵاتی حكوومەتەوە بووە، چونكە ئەوە حیزبە حكومەت ئاڕاستە دەكات نەك حكومەت، حكوومەتی مەدەنی بێ و دوور بێ لە دەسەڵاتی حیزبەوە. هەر ئەو دیاردەیەش چۆن دامودەزگای حیزبی وێرانكرد، بە هەمان شێوە خەتەرناكترین ڤایرۆسی نەك هەر لە جەستە، بەڵكو لە رۆحی حكوومەت چاند، ئەویش دیارەدەی گەندەڵییە!! زۆر دژوارە ئەوەی حەڤدە ساڵە بە پڕۆگرام لە هاردی حكومەت چاندرابێ بنەبڕ بكرێ، چونكە دیاردەكە هێندە تەشەنەی كردووە وەك ئەختەبوت بۆتە دامەزراوەیەك دەسەڵاتی بەسەر زۆربەی ژێدەرە رۆحییەكانی دەسەڵاتەوە هەیە. ئەم دیارەیە بە بڕیاری سیاسی چارەسەر ناكرێ، بەڵكو تەنها ئەو كاتە رادەكە كەمتر دەبێ، كە كەسانی تەكنۆكرات و خوداویست و گەل ویست و ئەوانەی لە ناو ژانی ئەو خەڵكەوە دەژین، قۆناغ بە قۆناغ ریفۆرم لە هەناوی دەسەڵات بەرپا بكەن!
بێگومان هەروەك چۆن ژیانی نوێی كورد لە حوكمڕانی لایەنی ئیجابی و سەلبی هەیە، بە هەمان شێوە بەڵكو زیاتریش ژیانی كۆمەڵایەتی كورد گۆڕانی تێكەوتووە!
هەرچەندە كورد ماوەیەكی زۆر لە ژێر ركێفی قامچی داگیركار ژیانی گوزەراندووە، بەڵام هەرگیز بەو رادەیەی ئێستا نەچۆتە ژێر باری ئەو گۆڕانكاریە لەناوبەرانە! لە ناو هەرسێ نەتەوەی داگیركاردا ساڵانێكە دوورە دیاردەی لەشفرۆشی لە پێناو لەشفرۆشی یاخود لەشفرۆشی لە پێناو قرۆش و قەلۆشی بوونی هەیە! ئەمە نەك هەر بەنهێنی نەبووە، بەڵكو بە ئاشكرا شوێنی دیاركراو و هەتا فلیمی لەوبارەیان هەبووە! ئەو دیاردەیە لەو وڵاتانە لە ژێر سایەی حوكمڕانی ناسیۆنالیزمی بەرپابووە، كەچی كۆمەڵگای كوردی هەرگیز قەبوڵی ئەو دیاردەیەی نەكردووە، چونكە تاكەكانی كۆمەڵگا چاك دەركیان بەوە كردووە، كە ئەمەش بەشێكە لە سیاسەت. ئەوەتە ئیسرائیل لە پێناو دەسەڵاتی داگیركارانەی خۆی، بە فتوای پیاوانی ئایینی خۆیەوە، ئافرەتانی ئیسرائیلی كردۆتە پارووە درۆزنەی راوكردنی گەنجانی فەڵەستینی و میسری!
بەڵێ لە سەردەمی دەسەڵاتی كوردیدا 1991-2009 زۆر گۆڕانی كۆمەڵایەتی ئیجابی سەریانهەڵداوە، ئافرەتی كورد هێندە ئازاد بووە و ئەوەندە دەسەڵاتەی وەرگرتووە، كە ببێتە وەزیر و ئەندام پەرلەمانیش، ئەو ئامادەگیەی ئافرەت لە دامودەزگا حكوومیەكان بە زانكۆكان، رێكخراوەكان، بە هەموو جۆرەكانیەوە دیاردەیەكی نوێیە! بەڵام هەندێ دیاردەی نامۆش لە هەناوی دەسەڵاتی كوردییەوە لە دایك بوون، خەریكە كۆمەڵگای كوردی وەك كۆمەڵگای داگیركارانی كوردستان ڤایرۆسی رۆژئاوابوون بگرێ و بەها پیرۆزەكانی مرۆڤانەی خۆی لەدەست بدات و ببێتە ئامرازێكی تێكدەری بنیاتی كۆمەڵگا (كە باس لە دیاردە نامۆییەكانی لەشفرۆشی، تەڵاق و تلیاكخواردن دەكەین، بە درێژی لە خەتەری بەكارهێنانی ئافرەت دەكەین…)
هەرچی ژیانی ئابووریە ئەوە ئەویش هەر رەنگدانەوەی حوكمڕانی كوردی پێوە دیارە، لەسەر ئاستی تاك، تاكو كورد لە پێش راپەڕین ئەوها لێراهاتبوو كە پاروێ نانی (حەڵاڵ!) لە قوڕگی شێریش بوایە هەر پەیدای دەكرد. ئێمە نامانەوێ دیاردەی جاشایەتی و پاشایەتی!! فەرامۆش بكەین، بەڵام زۆربەی ئەوانەی بە فیعلی جاشایەتیان دەكرد كەسانی گەندەخۆر و بێباوەڕ بوون بەرامبەر بە دۆزی میللەتەكەیان، بەشێكی تریان ململانێی حیزبەكانی ناوچیا دروستی كردبوون، چونكە ئەو حیزبانە لە سەرەتای شۆڕشی نوێوە (لە تەرەف یەكێتی) شۆڕشی گوڵانەوە لە پارتی، هەتا ساڵی 1987 هەر خەریكی كوشتنی یەكتر بوون. ئەوانە هاوپەیمانیان لەگەڵ هەموو داگیركارەكان دەكرد، تەنها لەگەڵ یەكتر نەبێ، بە تایبەتی یەكێتی و پارتی!!
بێگومان بەشێكی تریش لەو گەنجانە هەر بۆ پاراستنی گیانیان لە شەڕی قادسیەی سەدامدا بەو دیاردەیە موبتەلا ببوون، یان تێوەگڵابوون!!
لە دوای داگیركردنی كوێت و راپەڕین دیاردەی تاڵان و راوڕوتكردن جارێكی تر زیندووبۆوە، بێگومان ئەو دیاردەیە لە كۆندا لە ناو زۆربەی میللەتاندا هەبوو، بەڵام لە دوای راپەڕین ئەو دیاردەیە بە جۆرێك سەریهەڵداوە، هەر حیزبێك لە كوردستان لە بەرامبەر دژەكەی (هەڵاتبی!) ئەوا سەری بۆ دژەكە بووە و ماڵ و موڵكی بۆ هێزی ئاڕ ئاڕ! بووە.!
هەرچەندە دەسەڵاتی كوردی سوودێكی زۆری لە ژێدەری ئابووری كوردستان بینیوە، جا ئەو ژێدەرانە سروشتی بن وەك نەوت یان گومرگ بن، بەو ژێدەرانەش وێڕای ئەوەی دامودەزگای حكوومەتیان بەڕێوەبردووە، ئەوە خۆشیان هێندە دەوڵەمەند كردووە كە سەروەت و سامانیان بگاتە بەشێك لە زەنگینەكانی دنیا! ئەو دیارەدەی خۆ دەوڵەمەندكردنە بە گەندەڵی وەهمێكی لای بەشێك لە گەنجی كورد دروست كردووە، كە داوای شتی وابكات لە مێژووی گەنجی هیچ وڵاتێكدا نەبێت. ئەو جۆرە گەنجانە دەیانەوێ ببنە بەشێك لە دەسەڵات، ئەمە وەنەبێ ئەو گەنجانە ئەزموونێكی مەعریفیان هەبێ و بە عەقڵیەتێكی مەعریفی شەڕی دەسەڵاتی كوردی بكەن، بەڵكو ئەوانیش وەك ئەو بەشە گەندەڵەی ناو دەسەڵاتی كوردی دەیانەوێ دەسەڵات وەك ناوەندێكی ماددی بۆ خۆیان فەراهەم بكەن! ئەمڕۆ هەندێ لەو داوایانەی گەنجانی دوای راپەڕین تەواو موستەحیلن، چونكە ئەوە لە سیستەمی دیموكراتیك ئەو داوایانە جێبەجێ ناكرێت، جا چۆن لە سیستەمێكی حوكمڕانی كوردی چاوەڕێ دەكرێن؟!
 هەبوونی بێ ئیش unemployment لە ئەمەریكا و وڵاتانی ئەوروپا چی دەگەیەنێ؟! ئایا ئەوانەی بێ ئیشن یان دەرفەتی ئیشیان پێ نادرێ مرۆڤ نین؟! خۆبەستنەوەی بەشێك لەو گەنجانە بە دەسەڵاتەوە جگە لە خۆكوشتن و كەسایەتی كوشتنی گەنجی كورد هیچ ناگەیەنێ؟! بەڵام بێگومان ئەو دیاردەی بێئیشیەی لە كوردسان هەیە بە هۆی گەندەڵیەوەیە! هەموو دامودەزگاكانی حكومەت لە مەكتەب و خەستەخانە و هەتا مزگەوت پڕكراون لە كەسی ئیشنەكەر و موچەوەرگر!
هەروەها وەك چۆن ئیشكردنی ئافرەت گۆڕانێكی نەوعی لە ژیانی بەشێك لە خێزانی كورد دروست كردووە، بە هەمان شێوەش هەبوونی ئەو هەموو ئافرەتە لە دام و دەزگاكانی هەرێم دەرفەتی ئیشی بۆ گەنجی كورد كەمتر كردووە!!
لە لایەكی تر، ئەمەریكا بودجەی هەموو كوردستانی بە بەغدا بەستۆتەوە هەر كە كێشەیەك لە نێوان بەغدا و هەولێر دروست بێ، رەوشی ئابووری كوردستان زۆر خراپتر دەبێت! ئەوە جاران حكومەتی كوردستان بە گومرگ موچەی فەرمانبەرانی دەدا، ئەدی ئەگەر بەغدا بودجەی نەدا، حكومەتی كوردستان لە كوێ پارە پەیدا دەكات؟!
رەوشی فەرهەنگی رۆشنبیری كەلتووری!! لە رواڵەت بە هیچ جۆرێك بەراورد ناكرێ لەگەڵ سەردەمی پێش حوكمڕانی كورد، بەڵام ئایا لە ناوەڕۆكدا پەیامی رۆشنبیری كورد پەیامێكی پەیامدارە، ئامانجدارە؟ هەموو لە راژەی ستراتیژیەتی بەرنامەی كوردی دایە؟!
ئایا ئەو هەموو پارەی كورد كە لە راگەیاندن خەرج دەكرێ فاكتەرێك بووە بۆ بەرەوپێشبردنی دۆزی كورد؟! ئەو هەموو بوارەی راگەیاندن زۆربەی هەرە زۆری بە كوردییە! ئایا گوتاری كوردی هەر ئاڕاستەی تاكی كورد دەكرێ؟! زمان و شێوازی ئەو گوتارەی كورد لە راگەیاندنی حیزبی دەسەڵاتدار و حیزبی (موعارەزە) و میدیای ئازاد لە سنووری كۆمەڵگای كوردی دەربازی نابێت!! هەبوونی ئەو هەموو سەتەلایتەی كورد، كە لایەنی دڵخۆشكەری راگەیاندنی نوێی كوردییە، بەڵام ئەفسووس لە زۆربەیان هەست بە كوردێتی پڕۆگرام و ئامانجەكانی ئەو سەتەلایتانە ناكرێت، بەڵكو زۆربەیان لاساییكەرەوەیەكی بێ زەڵەتی كەناڵە عەرەبی، توركی و فارسیەكانن، هەر ئەوەش وایكردووە بەشێكی زۆر لە كۆمەڵگای كوردی كاتی خۆی (بۆ هەوەس نەبێ) لە بەرامبەر ئەو كەناڵانە بەسەر نەبات!
پاش ئەم سێرڤەیە دەخوازم بە چەند دیاردەیەكی نامۆ یاخود تەواو نێگەتیڤ لە ئەزموونی حوكمڕانی كورد بدوێم:

دیاردەی یەكەم
لەشفرۆشی

پێش راپەڕنی كۆمەڵێك فەرهەنگ، فرهەنگی كوردی- كوردی، كوردی- ئینگلیزی، كوردی- عەرەبی لە باشووری كوردستان و رۆژهەڵاتی كوردستان چاپكراون، شێخ موحەمەدی خاڵ، فەرهەنگێكی كورد- كوردی سێ بەرگی دەركردووە، لە پیتی (ل) و بە تایبەتی لە وشەی (لەش)ەوە ئاماژە بە وشەی لەشفرۆشی نەكردووە، گیو موكریانی لە فەرهەنگە ناسراوەكەی كوردستان بە هیچ جۆرێ باسی لە وشەی لەشفرۆشی نەكردووە. مامۆستا فازڵ نیزامەدین لە فەرهەنگی ئەستێرە گەشە بە هیچ جۆرێ باسی وشەی لەشفرۆشی نەكردووە.
مامۆستا هەژاری رەحمەتی بۆ نووسینی فەرهەنگی "هەنبانە بۆرینە" بە دەیان كوێستان و گەرمیانی بەشەكانی كوردستانی كردووە و لە هیچ كوردێك وشەی لەشفرۆشی گۆێ لێ نەبووە، بۆیە ئەویش ئەو وشەیەی لە فەرهەنگەكەدا راڤە نەكردووە! ئەمە ئەوە ناگەیەنێ كە لە كۆمەڵگای كوردیدا بە هیچ جۆرێ باسی سێكس و لەزەتی سێكس نەكراوە! یان وەك هەندێ باوەڕیان وایە، كە كورد كۆمەڵێكی داخراو بووە و لە رووی سێكسەوە تاكەكانی كپكراون!!
وێرای ئەوەی كورد شاعیر وەك ئەحمەدی ناڵبەندی و شێخ رەزhی هەبووە، كە بەشێكی زۆری ئەدەبەكەیان "ئەدەب" دەشكێنێ و زۆر بە رووتی و بەبێ پەردە نەك هەر ئاماژە بەڵكو وشەی ئاشكرا باس لە سێكس و تام و لەزەتی سێكس دەكەن. هەروەها فۆلكلۆری كوردی تژییە لە وروژاندنی سێكس و بە سەدان وشەی (تابوو Taboo) لەناو بەشێكی زۆری توێژ و هەتا چینی دیاریكراوی كۆمەڵی كوردەواری هەن!!
بەڵام هەبوونی ئەو كەلتوورە و هەتا ئەو ئەدەبەی كەسانی وەك شێخ رەزا و ئەحمەدی ناڵبەند بە هیچ شێوازێك لە قۆناغێك لە قۆناغەكانی ژیانی كورد لە پێش راپەڕین نەبۆتە هۆی ئەوەی بەئاشكرا لەشفرۆشی نەك بێتە دیاردە، بەڵكو نەبۆتە حاڵەتیش. كورد ئەوەندە پەیوەست بووە بە نامووسەوە، هەتا ئەو كەسانەی هەوەسی مێبازیشیان هەبووە، ناچاربوونە رووبكەنە موسڵ و بەغدا، یاخود باشووری عێراق، بە تایبەتی بەسرا و ناسریە و دیوانیە!! رژێمی بەعس بەو هەموو جەبەڕوتەی خۆیەوە نەیتوانی ئەو دیواری شەرمەی كۆمەڵگای كوردی بشكێنێ، بەڵام ئەفسوس لە ژێر دەسەڵاتی كوردیدا نەك لەشفرۆشی لە حاڵەت تێی پەڕاندووە، بەڵكو بۆتە دیاردە و یاسای بۆ داڕێژراوە، مژۆڵبوونی پیاو بە سێكسی دەرەوەی خێزان، دەبێتە هۆی شكاندنی شكۆی خێزان و داهێزرانی بنیاتی كۆمەڵگا. ئەو ساخڵەمییەی كورد لە چاو میللەتە هاوسێكانی شانازی پێوە دەكرد، خەریكە دەبێتە سەراب چونكە مژۆڵبوون بە سێكس بە تایبەتی بۆ ئەو میللەتانەی هێشتا دەوڵەتبوون بە قسەی سەركردەكانی خەونی شاعیرانەیە، جگە لە خاڵیكردنەوەی رۆحی پاك لە جەستە هیچی تری لێ نامێنێتەوە!!
سەیر لەوەدایە وەرە كورد ئەو هەموو دوژمنە دەرەكیەی هەبێ، دەسەڵاتی خۆیشی بە چەكێكی تر شەڕی لەگەڵ بكات!

 
* پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانكۆی سەلاحەدین، قوتابی دكتۆرا لە بەریتانیا
 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.