Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
كوردستان و لاوازی ئەگەرەكانی سەربەخۆبوون

كوردستان و لاوازی ئەگەرەكانی سەربەخۆبوون

Closed
by August 21, 2008 گشتی

 كوردستان و لاوازی ئەگەرەكانی سەربەخۆبوون
 (بەشی سێیەم و كۆتایی)
 سەنگەر زراری

 – مافەكانی هاووڵاتیبوون:
 هەندێ لە مافەكانی هاووڵاتیبوون بریتین لەمانە:
 – مافی ژیان.
 – مافی پاراستنی ئاسایشی تاكەكەسی و كۆمەڵی.
 – مافی یەكسانی لەبەرامبەر یاسا.
 – مافی كاركردن و دەستكەوتنی كرێیەكی گونجاو.
 – مافی موڵكایەتی.
 – مافی دابینكرن و پاراستنی تەندروستییەكی باش.
 – مافی دەستەبەری كۆمەڵایەتی.
 – مافی خوێندن و پەروەردەكردن.
 – مافی رادەربڕین.
 – مافی نیشتەجێبوون.
 ئەمانە بەشێكن لەو مافە سەرەتاییانەی كە هەر هاووڵاتییەك دەبێ لە وڵاتەكەیدا هەیبێت. بە نەبوونی ئەم مافانە هاووڵاتیان تووشی نائومێدی دەبن و هەست بەوە دەكەن كە وڵاتەكەیان بچووكترین مافەكانیان پێ نابەخشێت. با بپرسین ئایا تاچەند لە كوردستان ئەم مافانە دەستەبەرن؟
 ئەگەر بە سادەیی تەماشای واقیعی كوردستان بكەین دەتوانین بە سادەیی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە. بچووكترین مافی ژیان لەمڕۆدا دابینكردنی ئاو و كارەبا و چاككردنی رێگا و بانەكانە. تا ئێستا كارەبا یەكێكە لەو گرفتانەی چەند ساڵە بەبێ چارەسەر ماوەتەوە و بۆ هاووڵاتیان دابین نەكراوە، كێشەی نەبوونی ئاو و هەبوونی ئاوی پیس و تێكەڵبوونی ئاوی پیس و خاوێن بەیەكتر لە زۆر شوێندا هاووڵاتیانی گرفتار كردووە، ئەو كوچە و كۆڵانانەی كە چاك دەكرێن بەبەراورد لەگەڵ ئەو بودجە زەخمەی دێتە كوردستان هاوتا نییە، ئەمە جگە لەوەی كە هەندی شار و شارۆچكەی كوردستان لەوەندە قیرتاو و ستوونە كارەبایەش بێبەشن كە لە هەندێ شوێنی دیكەدا هەیە.
 ئایا تاچەند ئاسایشی خەڵكی كوردستان پارێزراوە؟ لەماوەی دوو سێ ساڵی رابردوو چەند تەقینەوەیەكی جەرگ هەژێن كوردستانیان هەژاندووە، لەوانەش "تەقینەوەكانی لقی دووی پارتی و مەڵبەندی هەولێری یەكێتی و بەردەم وەزارەتی ناوخۆ لە هەولێر و نوێترینیشیان تەقینەوەكەی بەردەم هوتێلی سلێمانی پاڵاسە… زۆربەی ئەو تەقینەوانەی ئەنجام دراون لە شوێنە هەستیارەكانی حزب و حكومەت بوونە، لەو شوێنانە بوونە كە هەم حزب و هەم حكومەت ئیمكانیاتێكی باش بۆ پاراستنیان سەرف دەكەن، كەواتە ئەم شوێنانە دەست پێ ڕاگەیشتنیان ئەوەندە ئاسان بێت، تێكدانی ئاسایشی هاووڵاتی ئاسایی زۆر ئاسانترە، جگە لەوە ئەم تەقینەوانە ئەوەمان بۆ دەردەخەن كە تیرۆرستان، ئەوانەی دژی ئێمە و بەرژەوەندییەكانمانن لەبەر هەر هۆیەك بێت خۆیان نایانەوێت بەرەی شەڕ لەگەڵ ئێمەدا هەڵگیرسێنن، ئەگەرنا تەقاندنەوەمان ئاسانە.
 ***   ****   ***
 بە ئاشكرا هاوولاتیان لەبەردەم یاسا یەكسان نین. سادەترین نموونە كە هەموو هاووڵاتییەك رۆژانە دەیبینێت (وەك لەسەرەوە باسمان كرد) یاساكانی هاتووچۆیە كە هاووڵاتیان لەبەرامبەریدا بە یەكسانی سەیر ناكرێن، راپۆرتەكانی ئەم دواییەی "هیومان رایتس وۆچ" و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا و راپۆرتەكانی وەزارەتی مافی مرۆڤی حكومەتی هەرێمی كوردستان و… چەند راپۆرتێكی تریش سەبارەت بە رەوشەكانی مافی مرۆڤ لە كوردستان و مافی بەندكراوەكان، تێكڕا خراپی بارودۆخی مافی مرۆڤمان لە كوردستان بۆ دەردەخەن. ئەم راپۆرتانە خەریكە زۆر بە خێرایی بڵاو دەبنەوە، بە جۆرێك كە لە ماوەی هەفتەیەكدا لە كوردستان سێ راپۆرتی نێودەوڵەتی رەخنەیان لە پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ گرت.(بڕوانە گۆڤاری لڤین ژمارە (64) ل32).
 ***   ****   ***
 كەم هاووڵاتی ئاسایی هەیە كە لە كوردستان كاربكات و دەسكەوتی كارەكەی بەشی پێداویستییەكانی رۆژانەی بكات، ئەویش بەهۆی گرانی بازاڕ و زۆری پێداویستییەكان و كەمی ئەو پارەیەی وەری دەگرێت و بەدەستی دەهێنێت، بۆ نموونە هیچ فەرمانبەرێك نییە كە مووچەكەی بەشی بكات بە تایبەتیش، ئەوانەی كرێچین. بۆیە زۆربەی فەرمانبەران لە كارێك زیاتر و لە دەوامێك زیاتر دەكەن.
 ***   ****   ***
 ئێستا چەند رۆژنامەیەكم لەبەردەستدایە، ئەم چەند رستەیان لێ دەردەهێنم كە سەبارەت بە بارودۆخی تەندروستین لە كوردستان. بابزانین بارودۆخی تەندروستی لە كوردستان لە چ ئاستێكدایە و هاووڵاتیانی كوردستان تا چەند لە رووی تەندروستییەوە پارێزراون؟
 – لەماوەی دووساڵدا (14) تەن دەرمانی ئێكسپایەر دەرخواردی هاووڵاتیانی كوردستان دراوە (رۆژنامەی هاوڵاتی ژمارە 409-ل6).
 – لە سلێمانی (155) ژن تووشی شێرپەنجەی مەمك دەبن. (چاودێر ژ 163-ل 1)
 – گەندەڵی، تەزویر، دیارنەمانی پارە، لە بەڕێوەبەرایەنی گشتی تەندروستی رانیە هەیە. (میدیا ژ 324-ل 3).
 – دوو ساڵە ئامێرێكی ئینعاش لە نەخۆشخانەی شەهید پێشڕەو لە چەمچەماڵ دیار نییە. (هاووڵاتی ژ367-ل 1).
 – لە سلێمانی (67) كەس بە شێرپەنجە گیان لەدەست دەدەن. (چاودێر ژ 161-ل 1).
 – (30) دكتۆر سزا دراون و 6 دكتۆریش دەركراون. (هاوڵاتی ژ 396-ل 1).
 – (4000) منداڵ تووشی نەخۆشی دڵ دەبن. (چاودێر ژ 166-ل 1). هەروەها (هەولێر ژ 253-ل 16).
 – لە هەولێر (128) هاووڵاتی تووشی نەخۆشی سیل دەبن. (ئاوێنە ژ 114-ل 1).
 ئەمە بەشێكە لەو زانیاریانەی كە لەم چەند رۆژنامەیەدا دەربارەی بارودۆخی تەندروستی لە كوردستان بڵاو كراونەتەوە. هەمووشمان (ئەوانەی لە كوردستان ژیابین) دەزانین كە نەخۆشخانەكان و عیادەكانی پزیشكان بەشێوەیەكی گشتی لەڕووی پاك و خاوێنی و خزمەتی نەخۆش و دابینكردنی داوودەرمان و نرخی داوودەرمان لە  ئاستێكی خراپ دان. سزا دانی (30) دكتۆر لەلایەن وەزارەتی تەندروستی بەدیاری دەخەن كە ئەم دكتۆرانە لە چ ئاستێكی هەستنەكردنن بە بەرپرسیارێتی.
 ***   ****   ***
 دەربارەی ئازادی رادەربڕین لە كوردستان، لێدانی رۆژنامەنووسان و تەهدیدكردن و دەسگیركردنی رۆژنامەنووسان. پێمان دەڵێن كە ئازادییەكان چەندە بەرتەسكن، لە ماوەكانی رابردوودا دەسگیركردن و لێدانی رۆژنامەنووسانمان بینی، ئەوەمان بینی كە چۆن رۆژنامەكان لەسەر هەواڵێك، وتارێك، ریپۆرتاژێك، رادەكێشرێنە بەردەم دادگا و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت، چۆن سەرنووسەرەكان ناچار دەكرێن واز لە رۆژنامەكانیان بێنن. نەوەكو بە هۆی ئەو داوایانەی لەسەر ئەوان هەیە رۆژنامەكانیش تیا بچن. یانیش لەسەر رەخنەگرتنێك رۆژنامەنووسان و نووسەران بەوە تاوانبار دەكرێن كە "دەستی بێگانە و ناحەزانیان لە پشتە!". جگە لەوە مانای ئازادی را دەربڕین تەنها ئەوە نییە كە بێڵن تۆ قسە بكەى، بەڵكو ئەوەشە كە وەڵامی رەخنە و داواكارییەكانت بدرێتەوە، وەڵام نەدانەوەی رەخنەی خەڵك و بایەخنەدان بە رەخنەكان گەورەترێن گرفتی ئازادی رادەربڕینە، چونكە وەڵام نەدانەوەی رەخنەكان نیشانەی فەرامۆشكردن و بە هیچ نەزانینە. ئێستاش زۆربەی ئەو قسانەی خەڵك دەیانكات بەداخەوە وەلا دەنرێن و گوێیان پێ نادرێت.
 ***   ****   ***
 ئایا كێشەی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیان لە چ ئاستێكدایە؟ لەگەڵ ئەوەی كە بێوچان زەوی لە لایەن حكومەتەوە دابەشكراوە، بەڵام ئەمە چارەسەری نیشتەجێبوونی هاووڵاتیانی نەكردووە، چونكە زەوی دابەشكردن گرفتەكان زیاتر دەكات نەك چارەسەر، لەبەرئەوەی رەنگە زۆربەی ئەو هاووڵاتیانەی زەوی وەردەگرن توانای دروستكردنی خانوویان نەبێت، یان دەكرا حكومەت لە جیاتی دابەشكردنی زەوی ئەگەر بە پەلەش نەبا، هەوڵی دروستكردنی رێژەی زۆری شوقەی بدابا، تا كێشەی نیشتەجێبوون چارەسەر ببا، بەڵام ئێستا دەبینین گرفتی زۆری نەبوونی خانوو و كرێی زۆر، خەڵكی بێزار كردووە، تەنانەت زۆر كەس لەبەر گرفتی نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوون، ژیانی هاوسەری پێك ناهێنن.
 ***   ****   ***
 بەهەرحاڵ.. بەشێوەیەكی گشتی و لە هەموو رووێكەوە ئەمە بارودۆخی خەڵكی كوردستانە، ئێمە باسی ئەگەرەكانی دروستبوونی (دەوڵەتی كوردستان) دەكەین و باسی ئەوە دەكەین كە ئەگەر ئەم دەوڵەتە دروستبوو، ئەمە حاڵی هاووڵاتییەكانیەتی.
 لێرەدا ئەو پرسیارە خۆی قوت دەكاتەوە ئەوەیە كە ئایا كێشەی ئێمە هاووڵاتیبوونە یان نیشتمان و دەوڵەت؟ لە راپۆرتێكی كەناڵی جەزیرە، چاوپێكەوتنی لەگەڵ چەند كوردێكی باكووری كوردستان (كوردستانی سەر بە توركیا) ئەنجام دا كە پرسیاری دروستبوونی دەوڵەتی كوردییان لێ كرابوو، ئەوان دەیانگوت: ئەگەر ئێمە نانمان نەبێ بیخۆین و ژیانمان خۆش نەبێت دەوڵەتمان بۆچییە؟! دەبێ تێبینی ئەوەش بكەین كە ئەوان، واتا كوردەكانی توركیا. زۆر لە ئێمە زیاتر تینووی ئازادی و سەربەخۆیین، چونكە ئەوان هەر ژێردەستەییان بینیوە و هیچ حوكمێكی خۆجێی كوردییان نەبینیوە، ئینجاش گرفتەكانی هاووڵاتیبوون و باشی گوزەران و ژیان لە پێش دەوڵەتەوە دادەنێن، هەر ئەمەش وایكرد كە نزیكەی 80% ی هاوولاتیانی توركیا لە كاتی هەڵبژاردنەكانی توركیادا، دەنگیان بە پارتە كوردییەكان نەدا و دەنگیان بە (پارتی دادوگەشەپێدان) دا، چونكە ئەم پارتە بۆ ژیانی ئەوان و خۆشگوزەرانیان باشتر بوو.
 بە دڵنیاییەوە لە ئێستادا خەڵكی باشووری كوردستان گرفتەكانی ژیان بێزاری كردوون و ئەگەر سەر پشك بكرێن لە نێوان بەدەوڵەتبوون و چارەسەر بوونی گرفتەكانیان، ئەوا سەرەتا چارەسەری گرفتەكانیان و خۆشگوزەرانی خۆیان هەڵدەبژێرن، كەواتە بەم حاڵەوە نەك هەوڵدان بۆ دروستبوونی دەوڵەتی كوردی، (یان راستتر دەوڵەتی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانییەوە)، بەڵكو تەنانەت دروسبوونی دەوڵەتەكەش دەوڵەتێكی تەندروست دەرناچێت، بۆیە پێویستە بەر لەوەی هەوڵی دەوڵەت بدەین، هەموو لایەك هەم هاووڵاتیان و هەم دەسەڵاتیش هەوڵی ئەوە بدەن بە ئەركەكانی خۆیان هەڵبستن و مافەكانیان بۆ بگەڕێنرێتەوە، تاكو كۆمەڵگاكەمان كۆمەڵگایەكی مەدەنی و سەردەمیانەی تەندروستی لێ دەربچێت و دواجاریش شایستەی ئەوە بین ببینە خاوەنی دەوڵەتێكی سەربەخۆی تەندروست.
 sangarzrary@gmail.com
 
 * سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە.
 – مەوسوعەی جودی بۆ چەمك و زاراوەكانی سەردەم- مەسعود عەبدولخالق. چ1. هەولێر- نووسینگەی تەفسیر 2008.
 – سایتی ویكیپیدیا لە ئینتەرنێت. www.wikipedia.org
 – المواگنە قیم وسلوك لە‌ سایتی.  www.jeeran.com
 – دولــە المواگنــە .. دولـە المدنیـە والقانــون- شمخی جبر. لە سایتی  www.alsabaah.com
 – هەندێ رۆژنامە و گۆڤار كە لە شوێنی خۆیاندا ئاماژەیان پێكراوە.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.