Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
كورد و بازاڕی جیهانی نەوت……سالار بابەشێخ

كورد و بازاڕی جیهانی نەوت……سالار بابەشێخ

Closed
by June 15, 2009 گشتی

كورد و بازاڕی جیهانی نەوت
سالار بابەشێخ

 

كاتێك رۆشنبیر و رۆژنامەوان، دەچنە بواری ستایشكردن و لە گوتار و نووساری خۆیاندا، لە رەهەندی رەخنەی بونیاتنەر دوور دەكەنەوە، ئەوا رەوتی گەشە و دیموكراتیزەكردنی كۆمەڵگە دەكەوێتە مەترسییەوە. دەكرێ هۆزانەوانێك لە هۆنراوەیەكیدا تەنانەت ستایشی دەسەڵاتیش بكات، بەڵام ستایشی دەسەڵات لە لایەن رۆژنامەوانەوە شتێكی نەشیاو و ناڕەوایە، چونكە رۆژنامەوان عەوداڵی دۆزینەوەی كەموكورتییەكانە و بە ئاگاداركردنەوەی خەڵك و رای گشتی هەوڵی راستكردنەوەی چەوتییەكان دەدات، بەڵام ئاكامی كارێكیش كە دەستكەوتی نەتەوەیی لێبكەوێتەوە و رۆژێكی مێژوویی بخولقێنێ، ناتوانی سەرپێیی لێی بڕوانی و پشتگوێی بخەی.
دوابەدوای هەناردەكردنی نەوتی خاوی كوردستان بۆ دەرەوەی وڵات، لە رێوڕەسمێكی شایستەدا، جەژنی رۆژێكی مێژوویی بۆ كورد بەڕێوەچوو، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك كۆماری عێراق وەك دوو پێشەمەرگە و رێبەری ناسراوی كورد، توانییان بەری رەنجی حكومەتی هەرێم و وەزیری سامانەسروشتییەكانی كوردستان، بكەن بە میدالیایەكی ئابووری و لە بەرۆكی گەلی بەشمەینەتی كوردی بدەن. ئەمەش لە كاتێكدایە كە وەزیری نەوتی عێراق لە ژێرباری گەندەڵی و كەمكاری و كەمتەرخەمیدا مووچاوەتەوە و كەوتووەتە ژێر جڕومەنگەنەی لێپرسینەوە و متانەی لێ وەردەگرنەوە.
بۆ یەكەمجار لە مێژوودا، نەوتی خاوی كوردستان رەوانەی بازاڕی جیهانی كرا، ئەمە سەركەوتنێكی مێژوویی و حاشاهەڵنەگری كوردە كە بە كردنەوەی بۆرییەكانی نەوتی هەرێمی كوردستان، وەك سەرەتا رۆژانە (50) هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە چاڵە نەوتی (توتكی) سەربە پارێزگەی دهۆك و (40) هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە (تەق تەق) سەربە پارێزگەی هەولێری پایتەخت، رەوانەی (جیحان)ی توركیا دەكرێ، كە بڕیاڕە تا ساڵی داهاتووش، هەناردەكردنی نەوتی كوردی لە(90)هەزار بەرمیلەوە بگاتە (250) هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا. گەورەیی و بارتەقای ئەم پڕۆژەیە تەنانەت شۆڤینییە عەربەكانی ناو حكومەتی ناوەندی عێراقیشی والێكرد، بە خۆیاندا بێنەوە و ئەو هەموو سازشكردنەی سەركردایەتی سیاسی كورد (لە پێناوی ئاشتەوایی و پێكەوەژیان لە عێراقێكی فیدراڵ)، نەخەنە خانەی لاوازیی و بێدەسەڵاتی كورد، بەڵكو بزانن كوردستان لە رووی ئابووری و سامانە سروشتییەكانیەوە، سەنگی خۆی هەیە و تەنانەت هێزی وەرگرتنەوەی كەركویشی هەیە، بەڵام كە خۆی لە ئاڵۆزی و بارگرژی دوور دەخاتەوە، بە هۆی ئەوەیە كە نایهەوێت جارێكی دیكە و لەسەر دەستی دیكتاتۆریەتی عەرەبی، شەڕی كورد و عەرەب دروستبكرێتەوە. بێگومان كاڵفامترین نەیاری كوردیش ئێستا بۆی ئاشكرا بووە كە دەسەڵاتی كوردی زۆر زیاتر لە "برا عەرەبەكان"ی دەسەڵاتداری بەغدا بە پەرۆشە بۆ ئەوەی عێراقێكی نوێ و سەقامگیر لە سیستمی فیدراڵ و دیموكراتیكدا بچەسپێنێ، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە هەموو دانیشتوویەكی عێراق بزانێت، ئەوە ئاشتیخوازی و هێمنی و پاراستنی بواری ئاسایش و ئەمنییەتی هەرێمی كوردستانە كە وایكردووە كۆمپانیا بیانییەكان سەرمایەگوزاری تێیدا بكەن. كۆمپانیا بیانییەكان لە دوو چاڵە نەوتی(توتكی) و(تەق تەق)، تەنها(500) میلیۆن دۆلار سەرمایەگوزارییان كردووە و رێژەی دەرهێنانی نەوتی رۆژانەیان بە پێی گرێبەستەكە رۆژانە (180) هەزار بەرمیل بووە، ئەمە لە حاڵێكدایە كە كۆمپانیا(چینی)یەكان لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندی عێراقدا،(2) ملیارد دۆلاریان بۆ (100) هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژدا سەرمایەگوزاری كردووە، ئەمە فاشلبوونی وەزارەتی نەوتی عێراق دەسەلمینێ و پەردە لەسەر ئەوەش لادەبات كە بۆچی تەنانەت وڵاتێكی وەك توركیا كە دانی بە بوونی كوردو كوردستان و هەرێمی كوردستاندا نەدەنا، ئێستا چراسەوزەكانی بۆ هاوكاریكردن لە بواری هەنارەكردنی (گاز)یش، هەڵكردووە و بۆچی pkk)) ئاگربڕی خۆی راگەیاندووە و گەمە بە دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان ناكات.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.