Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
كێشەی سەرەكی ئێستای نێوان بەغداو هەولێر،…….

كێشەی سەرەكی ئێستای نێوان بەغداو هەولێر،…….

Closed
by September 6, 2008 گشتی

 كێشەی سەرەكی ئێستای نێوان بەغداو هەولێر، دیالەو قەرەتەپەو كەركوك و خانەقین، نییە. 
  عبداللە مەحمود

 تەنگژەو ئاڵۆسكاویەكانی نێوان بەغداو هەولێر درێژەی هەیە، پێشبینی دەكرێت ئەگەر هێوربونەوەیەكیش بەخۆیەوە ببینێ هاوكات هەڵگری كێشەو تەنگژەوئالۆسكاوی تربێت، گرفتە بناغەیەكە چییە؟ بۆ بەم شوێنە گەیشت؟ چی ڕوویدا هاپەیمانەكانی یەكتر ببنە ڕەقیبی یەكتر؟ سەرۆك كۆمار كوردە، وەزیری خاریجی كوردە، سەرۆكی سوپای عێراق كوردە؟ …. كەچی كێشەو تەنگژە لەدژی خۆیان و برەو پەیدا ئەكات.
 وەڵامدانەوە بەم پرسە سەرەكیانەو خستنەڕووی لۆژیكی ڕووداوەكان و ڕیشەی ڕووداوەكان، دەتوانێ كۆمەك بكات بە ڕۆشنبوونەوەی زۆر مەسەلەی بناغەیی تر كە تا ئێستا ماسمیدیاو بەرپرسە حزبی و حكومیەكانی عێراق و كوردستان، و تەنانەت میدیای بەناو سەربەخۆو غەیرە حزبی و دوور لەدەستی دەسەڵاتیش خۆیانی لێنادەن.
 كەركوك و دیالەو قەرەتەپە، جەلاولاو جەبارەو… كێشەی بودجە، كێشەی سنور، كێشەی پێشمەرگە، كێشەی فیدرالی، كێشەی …… ئەمانە ئێستا سەردێری گرفتەكانن، هەندێكیان ئێستا لە ئارادان و هەندێكی تریان سەرەیان نەهاتووە، هەندێكیان قەدیمین و هەندێكیان تازەن.
 بێگومان ناوچە سنوریەكان، ناوچە دابراوەكان و جێگا مشتومرەكان، ئەو شوێنانەی لە باری میژوویەوە كێشەیان لەسەر هەیە، كەركوك، دیالە، قەرەتەپە، خانەقین، جەلەولا، زۆرشوێنی تری وەكو شەنگار، مەندەلی … ڕاستە ئەمانە هەموو جێگای مشتومڕو كێشەن. هاوكات زۆر كێشەی تر وەكو بودجەو پێشمەرگە، سنور، خودی فدرالی، داهاتی سامانە سروشتییەكان، پەیوەندی حكومەتی هەرێم و بەغدا، ئەمان هەمویان كێشەی واقعین، بەڵام هیچ كام لەوانە گرفتی بناغەیی نین، مەبنای كێشەی سەرەكی نێوان هەولێرو بەغدا نین، بەڵكە ئەمانە ئاكام و دەرئەنجامی گرفتێكی ڕیشەیی ترو بناغەیترن.
 كێشەی سەرەكی كە ئێستا لە ئارادایە، كێشەو بەیەكدادانی دوو بزوتنەوەی سیاسی یە. كێشەی نێوان ناسیونالیزمی عەرەب " بەسونی و شیعە" وە، لەگەڵ بزوتنەوەی ناسیونالیستی كوردە. لە چوارچێوەی بەیەكدادان و كێشمەكێشی ئەم دوو بزوتنەوەیەدا، ئەم گرفتانە هاتونەتە ئاراوە و دروستبوون. هەمیشە دیالەو قەرەتەپە، كەركوك و خانەقین، كێشەی كۆمەڵگای عێراق نەبوون، ئەم كێشانە دەرهاویشتەی شەڕ و پێكدادانی توندوتیژی ئەم دوو بزوتنەوەیە بوون لە مێژوویەكی دورودریژدا كە ڕیشەكەی دەگەرێتەوە بۆ پێكهاتنی دەوڵەتی عێراق لەسەربنەمای قەومیەتی عەرەبی. ئەم مەبنایە مۆی هەڵاواردنی دا لە ناوچەوانی خەڵكی عێراق. مێژووی بەیەكدادانی ئەم دوو بزوتنەوەیە لەدرێژەی خۆیدا سیاسەتی پاكتاوتەكردنی لەلایەن بەعسەوە كردە حالەتێكی نەخوازراو زوڵمی قەومی لەسەرخەلكی كوردستان كردە واقعیەتێك و پاشانیش دڕندەیی ڕژێمی بەعس كێشەی زوڵم و بێمافی خەلكی كوردستانی توندكردەوەو لەسەر ئەم بنەمایەش بزوتنەوەی ناسیونالیستی قەومی كورد، پێی گرتووەو ئەم مەسەلەیەی لە پیناو ئامانجەكانی خۆیدا بەدەستەوە گرتووە.  
 بەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسدا، ئەم دوو بزوتنەوەیە بزوتنەوەی ناسیونالیستی عەرەبی لەگەڵ بزوتنەوەی ناسیونالیستی كورد، جێگاو ڕێگایان گۆڕا. بزوتنەوەی ناسیونالیستی كورد لە بۆشایی و شكستی بزوتنەوەی ناسیونالیستی عەرەبیدا كە لەدەسەڵاتخرا، وە بەمەوقعیەتێكی سیاسی كە لەئاكامی جەنگی یەكەمی كەنداو لە كوردستان بۆی پێكهاتبوو وەدەسەڵاتی پێبرابوو، ئەم مەوقعیەتە وای كرد كە ڕەوت و لایەنە سیاسیەكانی عێراق، بزوتنەوەی ناسیونالیستی و دینی شیعەو بزوتنەوەی ناسیونالیستی عەرەبی سونە، لە هەلومەرجی دوای كەوتنی بەعسدا، ئاشتبونەوەیەكی كاتی قبوڵ بكەن لەگەڵ ناسیونالیزمی كوردو ئاگربەسێكیان لە ژێرناوی هاوپەیمانیەتیدا، ڕاگەیاند.
 ئێستا ئەم ئاشتبونەوەو لەڕاستیدا ئاگربەستە، توشی كێشەهاتووە، قڵشتی تێكەوتووە، هۆكارەكەیشی ئەوەیە كە ئەمریكا لە پرۆسە پێكهێنانەوەی حكومەتی عێراقدا ناكام ماوەتەوەو بەو مانایەش پرۆسەی فیدارلیزەكردنی عێراق توشی بنبەست بووە.
 تێكچونی ئەم هاوكێشانەو تێكچوونی باڵانسی هێزەكان لە عێراقدا، بۆتە مایەی سەرهەڵدانەوەی كێشە قەدیمەییەكان، ئەو كێشانەی لە بنەرەتدا میراتی، دەسەڵاتی بزوتنەوەی ناسیونالیستی بەعس و بزوتنەوەی ناسیونالیستی كورد بووەو ئەوان لە چواچێوەی كێشمەكێشی خۆیاندا خوڵقاندویانە.
 بەڵام خودی كێشمەكێشەكە، بۆ هێزەكانی ئێستا، كێشەی دیالەو قەرەتەپەو كەركوك و خانەقین، نییە. بەڵكە ئەمانە دەروازەیەكن بۆ كێشمەكێشێكی فراوانتر.  كێشەی بزوتنەوەی ناسیونالیزمی عەرەبە بە دینی و سونییەوە لەگەڵ بزوتنەوەی قەومی كورد كە ئێستا یەكێتی و پارتی هێزی سەرەكی ئەم بزوتنەوەیەن.
 بزوتنەوەی قەومی كورد خوازیاری بەشداربوونە لە دەسەڵاتی مەكەزیدا بەمەبەستی درێژەدان بەدەسەڵاتی نزیك بەدوو دەهەی خۆیان لەكوردستان، و بزوتنەوەی قەومی و دینی عەرەبیش لەژێرناوی یەكپارچەیی و عەزەمەت تەڵەبی قەومی عەرەبی و ئیسلامیدا، خوازیاری گێڕانەوەی كوردستانە بۆ ژێرسایەی دەسەڵاتی مەركەزی. ئەمە مەبنای واقعی كێشمەكێشەكانی ئێستاو ئاینندەیە.
 بەڵام پێچانەوەی ئەم فایلە، پێچانەوەی واقعیەتی دەسەڵاتدارێتی بزوتنەوەی قەومی كوردو دەسەڵاتی یەكێتی و پارتی و كە نزیك بەدوو دەهەیە لەكوردستان درێژەی هەیە، خەلق ساعە نییە. هەڵكوتانە سەر هەرێمی كوردستان و گێرانەوەی كوردستان بە زۆری هێز بۆ ناوقەڵەمڕەوی دەسەڵاتی مەركەزیدا بەهەمان شێوە كارێكی سادەو ئاسان نییە. بۆیە بە ئاقاری گێڕانەوەی كوردستان بۆ ناو قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی مەركەزیدا دەبێ لە شوێنێكەوە دەست پێبكرێت، لەوچوارچێوەیەدا كێشەی كەركوك و ناوچە جێناكۆك و سنوریەكان دەكرێنە دەسپێكی ئەم كێشمەكێشە. بەهەرئەندازە دەسەڵاتی مەركەز بەهێزتر ببێت و پشتی ڕاستتر بكاتەوە، هێزی خۆی زیاتر نیشان ئەدات و ممارەسەی دەسەڵاتدارتی خۆی لە عێراقدا دەكات.
 بۆ بزوتنەوەی قەومی كوردیش بەدیاریكراوی بۆ یەكێتی و پارتی، كە لە لایەكەوە ڕوبەڕووی ناڕەزایەتی جەماوەری خەڵكی كوردستانن، و لە لایەكی تریشەوە لە ماوەی كەوتنی بەعسەوە تائێستا نەیانتوانیووە زامنی بەشداربوونی خۆیان لەدەسەڵاتی مەركەزیدا زامن بكەن، بۆیە لاوازتر و سازشكارانەتر ڕوبەڕووی ڕِوداوو تەنگژەكان دەبنەوە. تا هاتوشە جێگاو ڕیگایان لە مەركەزدا بەرەو لاوازی براوە.
   دڵخۆشكردن بەوەی سەرۆك كۆمار كوردە، وەزیری خاریجی و كوردە، چەندین كوسی پەرلەمانیان!! هەیە، ناتوانێ ئەم ڕاستییە بشارێتەوە كە ناسیونالیزمی عەرەب بەپشتیوانی ئیقلیمی تەجروبەیەكی دورو درێژی دەسەڵاتدارێتی و ڕەوتگەلە قەومی و شیعیەكان بەهاوپشتی ڕژێمی جمهوری ئیسلامی، لە تواناو هێزی گەورەتر بەهرەمەندترن و لەوڵاتێكیشدا كە زۆری هێز بریار بدات، بوونی پەرلەمان و پۆستی جۆراوجۆری حكومی و ئیداری بۆ پێكهاتەكان جگە لە كارتۆن بوونی، تەنها دەتوانێ بە پشتیوانی هێز مەوقعیەت و قەڵەمرەوی دەسەڵات و توانایی نفوزی خۆی دیاریبكات، نەك بەدیبلۆماسیەت و كڕوزانەوە. 
 بزوتنەوەی ناسیونالیستی كورد بەپێی ماهیەتی خۆی، لەكاتێكدا لەناوخۆی كوردستان نەیتوانیوە سیمایەكی دیموكراسی و ئازادیخوازی نیشانبدات و نەیتوانیوە لە ئاست خواست و پێداویستیەكانی ژیان و گوزەرانی خەڵكیدا بێت و نەیتوانیوە ڕێز لە پێكهاتە نەتەوەییەكانی وەكو عەرەب و تورك و ئاشوری و كلدان بگرێت و لەكوردستان … وای كردووە چ لەناوخۆیدا "سەرباری بانگەشەكانی" متمانە لەدەست بدات، ڕوو بەڕای گشتی و ڕەسمی دنیای دەرەوەش نەیتوانیووە پشتیوانیەكی زامنكراوی نێوەدەوڵەتی بە تەعوداتی سیاسی یەوە، بەدەست بهێنێت.
 ئەمە ئەو مۆتەكەیەیە كە یەخەی دەسەڵاتی كوردی و گشت بزوتنەوەی ناسیونالیستی كوردی گرتووە. ئەوەی كە هێڵی شین لە لایەن هاوپەیمانیەكانیەوە بۆ هێزەكانی پێشمەرگە دەدەنرێت، و ڕاوەدودەنرێن. ئەوە كە وەزیری دەرەوە حسابێكی بۆناكرێت و ئەوە كە بەرپرسی سوپای عێراقی كورد، جێی پرس پێكردنیش نییە. تا دەگات بەوەی مالكی لە پاڵ دانانەوەی خەتە شینەكە" هێلی 36" كە هاوپەیمانەكان لەژێر ناوی پاراستنی خەڵكی كوردستان لە دەسەڵاتی بەعس داینا، باسی ئەوە بكات كە بودجەی هەرێم زیاد لە بودجەی ڕاستەقینەیەو…هتد، واتە ڕاگەیاندنی كۆتایهێنان بە هاوپەیمانیەتیەكانی پێشوو. واتە كۆتایهێنان بە ڕێكەوتننامەكان. واتە پێناسەكردنەوەی جێگاوڕێگای هێزەكان و مەوقعیەتی دەسەڵاتیان، واتە دەستپێكردنی فازێكی تر لە بەرەو پێشەوەبردنی گەمە سیاسیەكان لە عێراقدا.
 دەستپێكردنی تەجاوەزەكان، بەزاندنی هێڵە سورەكان، پشتكردن لە بریاری 140 و هێنانەوەی دەیان هەزار كەس لە فەرماندە و كادرانی عەسكەری سیاسی و بەعس بۆناوسوپا، هێنانی سوپا بۆناوچە جێناكۆكەكان و دەركردنی هێزی پێشمەرگەی لێیان، هێنانی یاسای 24 و،….. ئەمانە سەرەتای خۆنواندنی بزوتنەوەی ناسیونالیستی عەرەب وئیسلامی شیعی عێراقە. دوای تێكچوونی هاوپەیمانیەتیەكانە و سەرەتای دەورەیەكی نوێیە. ئەم دەورە تازەیە زۆر هەڵچون و داچون و تەنانەت ئەگەری بەیەكدادانی چەكداری لێرەو لەوێ و ڕێكەوتنەوەو تێكچونەوە بەخۆیەوە دەبینێ، بەڵام سەرئەنجام هەوڵی بزوتنەوەی ناسیونالیستی عەرەب و ئیسلامی عێراقە، بۆ ملكەچ پێكردنی دەسەڵاتی ناسیونالیستی كورد بە عێراقی عەرەبی و كورتكردنەوەی دەسەڵاتدارێتیەتی بەسەركوردستان و كۆتاییی هێنانە بە هەراوهۆریای هەرێمی فیدارڵی!! كوردستان و هەوڵێكە بۆ گێرانەوەی قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی مەكەزی بەسەر كوردستاندا.
 بۆ یەكێتی و پارتیش خستنەگەڕی هەوڵەكانیەتی بۆ هێشتنەوەی سەهمی دەسەڵات لە مەركەز لە پێناو درێژەدان بەدەسەڵاتدارێتی بەسەر هەرێمی كوردستاندا.
 بەدەستەوەگرتنی كەركوك، خانەقین و قەرەتەپەو جەلەولاو….. ئەو كارتانەن لە دڵی ئەو كێشمەكێشەدا. هیچ درۆیەك لەودرۆیە گەورەتر نییە كە چ یەكێتی و پارتی و چ بزوتنەوەی قەومی و ئیسلامی عەرەبی دەیكەن، سەبارەت بە دڵسۆزیان بۆ كەركوك و ئەم ناوچانەی تر. كەس دەستی یەكێتی و پارتی نەگرت لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكانی تردا، خزمەتگوزاری بكات. ئازادی سیاسی رێزلێبگرێت، سیماو كارنامەكانی بەعس تور بدات. ڕێز لە دانیشتوانەكەی بگرێت بێگویدان ناسنامەی قەومی و دینیان، و برینەكانی پێشووی دەستی بەعس سارێژ بكات.
 هەروەها كەس دەستی حكومەتەكەی مالكی و ناسیونالیستە عەرەبی و ئیسلامیەكانی نەگرت، بێن و ئاوڕێك لەوەزعی وێرانكاری كەركوك بدەنەوە، ژیان و ئاوەدانی و خزمەتی پێشكەش بكەن، ئەمە لەكاتێكدایەو كە بەملیونان دۆلار لەبەردەستی هەردوولادا بووە.
 ڕاستی ئەوەیە كە كەركوك و تەواوی ناوچە جێناكۆك و سنوریەكان، قوربانی سیاسەتی نائینسانی و دژی ئازادی هەردوو بەرەی كێشمەكێشەكانی ئێستان، و بۆیە هیچ چاوەروانییەك نەك نییە بۆئەوەی ئەم دوو بزوتنەوەیە كێشەی ئەم شوێن و ناوچانە بەقازانجی خەڵكدا چارەسەربكەن، بەڵكە ئەمانە بەو كارنامەو مێژووەی هەیانەو بەو پەیام وسیاسەتانەی بەدەستیانەوە گرتووە، سەرچاوەی بە قوربانی كردنی خەڵكی ئەم ناوچانەو كوردستانن لە كێشمەكێشی خۆیاندا و بۆ ئامانجی تر.
 بەڵام نابێ ئەوەمان لەبیر بچێت ئەم كێشمەكێشە بۆ ئەو ئامانجانەی كە بزوتنەوە قەومی ئیسلامی و عەرەبی بزوتنەوەی قەومی كورد لەگەڵ یەكتری هەیانە، مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر خەڵكی عێراق و كوردستان، بۆسەر خەڵكێك كە هیچ قازانج و بەژەوەندیەكیان لەگەڵ ئاسۆ ئامانجی ئەم بزوتنەوانەو سیاسەت و ڕێگاچارەكانیان نییە.
 هەوڵی بزوتنەوەی قەومی عەرەبی و ئیسلامی بۆ گێڕانەوەی كوردستان بۆ ژێر قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی خۆیان، بەمانای داسەپاندنەوەی زوڵمی قەومی و دینی بەسەر خەڵكی كوردستان و مۆری پلە دوودانەوەیە لە ناوچەوانی دانیشتوانەكەی و دەسپێكردنەوەی شەڕو كێشمەكێشە.
 هەوڵی بزوتنەوەی قەومی كوردیش بۆ بەشداری لەدەسەڵاتی مەركەزیداو درێژەدانی بەدەسەڵاتدارێتی ئێستای لە كوردستاندا، بەمانای درێژەكێشانی ئەم وەزعیەتە پڕگێژاو بێمافی و بێ خزمەتگوزاری و سەركوتی ئازادی و بێمافی فەردی و مەدەنی و پێشێلكردنی ئیرادەی سیاسی خەڵكی كوردستان لە دیاریكردنی چارەنووسی خۆیەتی بەدەستی خۆی و سەرئەنجامیش دوبارە تەسلیمكردنەوەی خەڵكی كوردستانە بە شێوەی ئاشتی بە دەسەڵاتی مەركەزیەوە، بەڵام بە بەشداری و ڕەزامەندی بزوتنەوەی قەومی كورد خۆی. یەكێتی و پارتی 5 ساڵە خەرێكی ئەم گەمەیەن كەچی ئەمەیان لێقبوڵنەكراو ئێستا بەزۆر ئەیانەوێ ملكەچیان بكەن.
 لەو نێوەدا هەڕەشەكە لەسەر خەڵكی كوردستانە و ئاینندە سیاسییەكەیەتی.
 خەڵكی كوردستان بە خوێن و ئێسك و پروسكەوە دەسەڵاتی ناسیونالیستی عەرەبییان تاقی كردۆتەوە، هاوكات نزیك بە دوودەهەیە زیاتر لەنیو ئەوەندەی دەسەڵاتی بزوتنەوەی قەومی كورد" یەكێتی و پارتی"یان تاقیكردۆتەوە. هەردوو ئەم دەسەڵاتە جگە لە موسیبەت و كوێرەوەری، جگە لەسەركوتی سیاسی و ڕۆژنامەگەری و بێمافی، جگە لە ژێرپێخستنی سەرەتایییترین مافە فەردی و مەدەنییەكان، كوشتاری ژنان و تیرۆر و… هیچ خێرو بەرەكەتێكی نەبینیووە. ئێستا كە ئەم تەنگژەو ئاڵۆسكاویانە سەریان بەرزكردۆتەوە، چارەنوسی خەڵكی كوردستان هەر بەدەستی ئەم هێزو بزوتنەوە كۆنەپەرست و دژی ئازادیانە نییە، ڕێگایەكی تر، ڕیگایەك كە خەڵكی كوردستان بە خۆجیاكردنەوەیان لە ئاسۆ ئامانجی بزوتنەوەی ناسیونالیستی كورد، وەڕێخستنی بزوتنەوەیەكی گەورەی كۆمەڵایەتی بۆ جیاكردنەوەی كوردستان لە عێراق و پێكهێنانی وڵاتێكی سەربەخۆی سكولارو غەیرە قەومی ڕێگاچارەیەكی ترە. ڕێگا چارەیەكە بە جێبەجێ بوونی دەتوانێ بۆهەمیشە دەسەڵاتی زۆرو بێمافی قەومیو پلە دوویی و كێشمەكێشی بزوتنەوەی ناسیونالیستی كوردو عەرەب كۆتایی پێبهێنێت.
 خەڵكی ناڕازی كوردستان لە دەسەڵاتی قەومی و ئیسلامی عێراق و، لەدەسەڵاتی یەكێتی و پارتی، كە هەموو ڕۆژێك لە كوردستان بەبەرچاوی خۆمان ئەیبینین، هێزێكی گەورەو بەرینە. هێزێكە بەدژی گەندەڵی و دزی و بەدژی پێشلكردنی ئازادی و تیرۆرو قەسابیكردنی ژنان، بەدژی بێمافی لاوان، بۆ خواستی خزمەتگوزاری و ئاسودەیی و ئازادی، بۆ چارەسەری كارسازی كێشەی خەڵكی كوردستان لە مەیداندایە. خواستی جیابوونەوەی كوردستان ئارەزویانەو لە هەڵبژاردنەكانی ڕابردوودا نیشانیاندا كە 98% خوازیاری سەربەخۆین، ئەم هێزە و ئەم جەماوەرە هێزی واقعییە بۆ جیاكردنەوەی كوردستان و پێكهێنانی وڵاتێكی سەربەخۆ، هەر خەڵكێكی ئاوا كە خوازیاری ئازادی و سەربەخۆییە دەتوانێ كێشە هەڵپەسێردراوەكانی داهاتووش بە شێوەیەكی شیاو بەچارەسەر بگەیەنێ.
 خەڵكی كوردستان، نابێ فریوی درۆو بەڵێن و سیاسەت و بانگەشەكانی یەكێتی و پارتی بخۆن و ببنە بەشێك لە هێزو قوربانی ئەوان. ئەگەر بڕیارە قوربانی بدرێت، ئەگەر بڕیارە ڕێگای سەخت و پڕكێشە تێپەڕێنرێ، ئەگەر بڕیارە وەستانەوە بەڕووی سیاسەتی دەوڵەتی مەركەزی و وڵاتە ئیقلیمەیەكان و دەستێوەردانیان لە كوردستان بكرێت، دەبێ ئەم قوربانیە بۆ جیاكردنەوەی كوردستان بێت. دەبێ  بۆسەربەخۆی بێت. دنیای شارستانی ئەم سەردەمە بە بینینی هێزێكی ئازادیخوازو پێشڕەو بۆ سەربەخۆی، پشتیوانی بێدریغی خۆیان ڕادەگەیەنن. هەرئەمەشە دەتوانێ دەستی دەوڵەتی مەركەزی و وڵاتانی ناوچەكە كورت بكاتەوە لە ملهوری نواندن .
 ئەگەر بڕیاربێت خۆپیشاندان بكەین، ئەگەر بڕیاربێت چەك هەڵگرین، كە بڕیار بێت هەموو شێوەكانی خەباتێكی ئازادیخوازانە بگرینە بەر، كە هەموویان بۆ ئێمە خەڵكی كوردستان پێویستن، ئەوا دەبێ لە پێش هەموو شتێكەوە لە پێناو جیابونەوەی كوردستان و پێكهێنانی وڵاتێكی سەربەخۆ بێت.
 وڵاتێكی سەربەخۆی پێشكەوتنخواز كە ئینسان تیایدا ئازادەو پێداویستیەكانی ئینسانەكان تیادا دابین و كە كار تیادا ئاوەڵایە، كە مافە فەردی و مەدەنییەكان ڕێزیان لێدەگیرێ. كە هەمووان مافی هاوڵاتی بوونی یەكسانیان بۆ پارێزراوە. دەتوانێ گەورەترین كۆمەك بكات بە چارەسەری ئەو ناوچانەی كێشەو ناكۆكی لەسەرە. خەڵكی كوردستان پێویستە لە ڕاستای جیابونەوەی كوردستان و پێكهێنانی وڵاتێكی سەربەخۆدا، ڕێگای جیابونەوەی یەكجاری لەئاسۆو ئامانجەكانی بزوتنەوەی ناسیونالیستی كورد بگرنە بەر، كە لەسایەیاندا دوو دەهەیە برسین، بێكارن، بیمافن، بئ ئاوو كارەباو خزمەتگوزارین، بی ئازادین، ئایندەی سیاسیشی كراوەتە كارتی سات و سەودا، لەگەڵ ڕژێمە چنگ بەخوێنەكان و هێزە تاسەرمۆخ دژە ئازادی و ئینسانیەكان.         
  
         abdulla.mahmud@gmail.com
 
 
      
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.