Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
كەركوك و یارى جوجەڵە…مەجید ساڵح

كەركوك و یارى جوجەڵە…مەجید ساڵح

Closed
by January 17, 2008 گشتی

 وەك زۆر شتى شێتانەى دیكەیان، لە ئەمریكا یارییەك هەیە پێى دەڵێن "یارى جوجەڵە"، لاوەكان زیاتر پێى هەڵدەستن. یاساى ئەو یارییە وایە هەركەسێك دۆڕاندى ناوبانگى "جوجەڵە یان جوجك"ى پێدەبەخشنو تا ماوە لە كۆڵى نابێتەوە. یاریەكەش یارییەكى زۆر شێتانەیە، دوو ئۆتۆمبیل لە سەر یەك جادە بە خێراییەكى زۆر زۆر بەرەو رووى یەك دێن، ئەوە شۆفێرەى لە پێشدا لاى دایەوە ئەوە بۆ هەتا هەتایە دەبێتە جوجەڵەو لە كۆڵى نابێتەوە ئەوى دیكەشیان براوە دەبێت. بەڵام ئەگەر هەردوكیان لە یەك ساتدا لایاندا ئەوە هەردوكیان ئەو سیفەتە وەردەگرن. ئەگەر هیچ كامیان ئەو كارە نەكەن ئەوا كارەسات روو دەدات. ئەو شۆفێرەى زوتر لادەداتەوە بە كەسێكى تەسلیمكارو بێ  ورە لە قەڵە دەدرێت. بۆ نەگبەتى لە دونیاى تێورییە سیاسیەكانیشدا ئەم یارییە جێگەى خۆى كردوەتەوەو لە چوارچێوەى ئەو یاریانەدا دانراوە كە "بەرهمى هیچ"و بەرهەمى گۆڕاو"یان پێ دەوترێت. لەم یارییەدا بردنەوە لە سەر گیان لەدەستدان مایەى داناوە، واتە یان مردن یان بردنەوە.
 گەر دوور نەڕۆینو وەك بەراوردێك ئەم یارییە وەك نمونەیەك بۆ كێشەى كەركوك لە پاش روخانى سەدام وەرگرینو واى دانێن شۆفێرى یەكێك لە ئۆتۆمبیلەكان كوردە (سەركردایەتى سیاسی) و ئەوى دیكەشیان حكومەتى عێراقیە، گومان لەوەدا نییە هەموومان ئەو بۆچونەمان لا دروست دەبێت كە هەموجارێك ئەوە سەركردایەتى كوردە بووە كە سیفەتى "جوجەڵە"ى وەرگرتوەو ، پێش ئەوەى بكێشن بە یەكدا لە بەرامبەركێكەدا خۆى لاداوە ئەوەش نەك لەبەر بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانى كورد، بەڵكو بۆ پاراستنو مانەوەى دەسەڵاتو ئیمتیازەكانى خۆی.
 وەك چۆن مادەى 58 لە كاتی خۆیدا جێبەجێنەكرا، وا بینیمان مادەى140یش بە هەمان دەرد چوو، ئەگەرچى ئەو كاتانە پێگەى كورد لە بەغدا هێندە بەهێز بوو دەیتوانی نەك مادەى 58 جێبەجێ بكات، بەڵكو دەسكەوتى گەورەتریش بە دەست بهێنێت، بەڵام  ئێستاكە خەریكە پێگەى كورد وردە وردە لە هەولێریش دەكەوێتە بەر هەڕەشەوە، كەچى تازە بە تازە سەركردەكانمان ئەیانەوێت دڵنیامان كەنەوە لەم جەولەیەدا كە دوا جەولەی پێكدادانەكەیە پاشەكشە ناكەن، یان ئەوەتا هەموو كورد دەدەن بە دۆڕاندندا یان ئەوەتا مادەى 140 جێبەجێدەكەن.
 بەراستى بۆ هەر دەبێت لەو پێكدادانەدا ئێمەى كورد جوجەڵەكە بین..؟ وەڵامدانەوەى پرسیارەكە زۆر ئاسانەو نامەوێت بەجێى بێڵم بۆ خوێنەران، چونكە هەموو جارێك ئەوان (كە دەكاتە عەرەبەكانو برا توركەكانیان لە توركیا)، لەوە دڵنیان كە كاتێك كار دەگاتە پلەوپایەو ئیمتیازەكانیان ئەوانەى لاى ئێمە جوجەڵەییان پێ باشترە لەوەى پێكدادان دروست بكەن.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.